media media

خوێنەری هێژا، بابەتی بەردەستت وتووێژێکی تایبەتی ژووری ڕۆژەڤ لە تێلێگرامە کە بە میوانداریی بەرێز ئەژین شێخی ، دەربارەیڕاگەیاندن و چونیەتی مامەڵەکردنی ئێمە لەگەڵیئەنجام دراوە.

دەقی وتووێژەکە لە ژووری رۆژەڤ کراوە و ماڵپەری لاوان لە هیچ وشەیەکی ناوەرۆکی وتووێژەکە بەرپرسیار نیە.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

wtwizh lagal zhin shixy

ڕۆژەڤ:کاکە گیان تکایە گەر کێشە نیە خۆتان بە هاوڕێیان بناسێنن

شێخی:من ئەژین شێخی ئەندامی بەڕێوەبەری یەکیەتیی خوێنداکارانی ذێموکراتی کوردستانی ئێرانم و بەرپرسی بەشی پەروەردەی رێکخراوەکەم، خۆشحاڵم کە لێرەدا لە خزمەت ئێوەی خۆشەویستم

رۆژەڤ .پرسیاری یەکەم ئاساییە راگەیاندن چیەو چۆن  پێناسەی دەکەن

شێخی:وشەی راگەیاندن لە زمانی کوردییدا بەواتای گەیاندنی بیرورا دێت بە کەسی بەرانبەر، واتا دوو کارێکتەر بوونی هەیە ئەویش کەسێک کە گەیەنەرە و راکەی خۆی دەگەیەنێ و کەسێکیش کە وەرگرە و راکە وەردەگرێت بەو پرۆسەیە دەوترێت راگەیاندن، بەڵام لە کوردیدا وشەکە زۆر گشتییە بەو واتایەیی کە ئەگەر لە کاتی گفتووگۆکردنیشدا بێت ئەوا کەسێک دەتوانێت هەواڵێک یان زانیارییەک ببەخشێت و ببێتە راگەیەنەر، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی گشتی وشەی راگەیاندن هاوواتا کراوە لەگەڵ وشەی mediaی ئینگلیزیی کە مێدیا هەموو ئەوشتانە دەگڕێتەوە کە سیستماتیک زانیاری دەگەیەنن بە وەرگر، وەکوو رۆژنامەکان، گۆڤارەکان، تی ڤی، رادیۆ، ئیمەیلی راستەوخۆ، هەتا فاکس و ئینتەرنێتیش. لەبەر ئەوەی هەرکامێک لەمانە لە جیاتی ژمارەیەکی کەمی وەرگر دەتوانن کاریگەریان لەسەر ژمارەیەکی زۆری کۆمەڵانی خەڵک ببێت، ئەوا سیاسەت و بەرنامە بۆ دارێژراو گرنگی بە راگەیاندن دەدرێت.

رۆژەڤ: دەکرێ باسێک لە سەر مێژووی راگەیاندن بفەرموون لە کەیەوە راگەیاندن هەیە و مێژووی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

شێخی:بەگشتی مێژووی راگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ کاتی فێربوونی پەیوەندی گرتن لە نێوان مرۆڤەکاندا، واتا ئەو کاتەی کە مرۆڤەکان بە ئێشارەت یەکترییان تێدەگەیاند، بەپێی تێپەڕ بوونی کات راگەیاندنیش گۆرانی بەسەردا هاتووە وەکوو وشەی راگەیاندن، دوای فێربوونی قسە و وتە، مرۆڤەکان بە زمان یەکتریان تێگەیاندووە، بەڵام وەکوو مێدیا دەگەڕێتەوە بۆ درووست بوونی یەکەم رۆژنامە و رادیۆکان کە لە رێگایانەوە مرۆڤەکان باشتر توانیوویانە را و بیروبۆچوونی جیاواز وەربگرن و کاریگەرییەکی باش و ئەرێنی هەبووە لەسەر بڵاو کردنەوەی بیروبۆچوون، ئەڵبەتە کتێب دەچیتە قاڵبی واتای وشەی راگەیاندن بەڵام ناچێتە قاڵبی وشەی میدیا، بۆیە ئەگەر بڵێین راگەیاندن دەبێ رۆڵی کتێبیش لە بیر نەکەین کە لە میسرەکۆنییەکانەوە بگرە هەتا ئێستا کتێب هەبووە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر لایەنەکانی کۆمەڵگای بەشەری داناوە.

رۆژەڤ: ئامرازەکانی راگەیاندن چین و چۆن پێناسە دەکرێن؟ ئەگەر دەکرێ باسێک لە سەر ئامرازەکانی راگەیاندن بکەن بۆمان .

شێخی:وەکوو پێشتریش وتم، ئەو واتایەی کە ئێستا وشەی راگەیاندن دەی گەیەنێت هاو واتای وشەی مێدیایە و هەموو تی ڤی و رادیۆ و رۆژنامە و گۆڤار و تەلەفۆن و فاکس و ئینەتەرنێت دەگرێتەوە، واتا بەواتا نوێکەی پێویستیمان بە گرووپێک هەیە هەتا بتوانن سیستماتیک کاربکەن لە رۆژنامەنووسەوە بگرە هەتا هەواڵنێرە و نووسەر و بێژەر و لە کۆتاییدا هۆکاری گەیاندن جا چ تیڤی بێت یان گۆڤار یان ئینتەرنێت و هەر هۆکارێکی تر و خوێنەر و وەرگریش بەشێکی لە بیر نەکراوی مێدیان.

رۆژەڤ:بە گشتی زیان و سوودی راگەیاندن چیە؟ دەکرێ لایەنە باش و خرابەکانی باس بکەن؟

شێخی:راگەیاندن وەکوو خۆی زیانی نیە، بەڵام ئەوەی کە وەرگر چۆن وەری دەگرێت ئەوە زیان و سوودەکانی دیاری دەکا، بەگشتی لەوانەیە هەندێک شت من پێم زیان بێت و تۆ پێت سوود بێت بۆیە ناتوانین موشەخەسەن بڵێین ئەمە زیانی راگەیاندنە چوونکە تەئسیری مەنفی لەسەر من هەیە، پێویستە وەرگر  دوای وەرگرتنی زانیاری لە ناوەندەکانی راگەیاندن لە درووستی و هەڵە بوونی زانیارییەکانی بکۆڵێتەوە و کوێرانە نەکەوێتە شوێن زانیارییەکان و بیانکاتە باکگراوەندی فکری خۆی.

رۆژەڤ:ئایا هیچ رێکارێک بۆ ئاگاداری لە راستی و ناڕاستی بەرهەمی دەزگایەکی راگەیاندن بەردەستە یا نە؟

شێخی:بەڵێ بەردەستە، ئێمە وەکوو وەرگر دەبێ بە دوای سەرچاوەی زانیارییەکاندا بچین، واتا لە راگەیاندنێکەوە هەواڵێک لەسەر یەکیەتیی خوێندکاران بڵاو بوەتەوە، پێشەوەی ئێمە بڕیار لەسەر راستی و درووستی هەواڵەکە بدەین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەی هەواڵەکە کە یەکیەتیی خوێندکاران بووە، بەو شێوەیە دەتوانین بزانین ئەو ناوەندی راگەیاندنەی کە هەواڵەکەی بلاو کردوەتەوە تا چەند راستگۆ بووە، ئەوە ئەرکی وەرگرە کە بە دوای بابەتەکەدا بچێت و لێی بکۆڵێتەوە، ئەرکی راگەیەنەر تەنیا راگەیاندنە  و ئاگادارکردنەوەی خوێنەرە یان وەرگرە لە بوونی هەواڵەکە، ئیتر قۆناغەکانی دوای ئەوە و سەلماندنی دەکەوێتە سەر شانی وەرگر.

رۆژەڤ: لە پرسیاری پێشووتر دا باسی زیانی راگەیاندنم کرد مەبەست لە زیانی راگەیاندن ئەو راگەیاندنانەیە کە بە دیاری و بۆ مەبەستی تایبەت زانیاری هەڵە دەبەخشن چۆن دەکرێ رێگری بکرێت لە کەم کردنەوەی زیانی راگەیاندنی چەواشەو ئاراستەکراو؟

شێخی:لە راستیدا ناتوانرێت رێگری بکریت لە راگەیەندکار، ئەبێ راگەیەندکار ئازاد بێت کە چۆن و چی دەوێت بی لێت، وەکوو وتم ئێمەی وەرگر دەبێ توانای ئەوەمان هەبێ لە راستی و درووستی بابەتەکان تێبگەین و لێکدانەوەیان بۆ بکەین، بۆ نموونە کۆمەڵە کەسێک بۆ مەبەستی پشتیوانی دینی دێن کۆمەڵێک درۆ بە ناوی زانستەوە دەکەن و لە ناوەندە راگەیەندنەکاندا بلاو دەکرێتەوە، هەر ئەوەندەی کە لە ناوەندە راگەیەندنەکاندا بڵاو بوونە نیشانەی ئەوە نیە کە راست و درووست بن، لەو کاتەدا ئێمە پێویستە بگەڕێینەوە سەر زانست بنەما زانستییەکان یان ئەو سەرچاوە سەرەکییەی کە هەواڵەکەیان لە دەمییەوە بڵاو کردووەتەوە، بەوشێوەیە دەتوانین لانی کەم خۆمان فریوی راگەیاندنەکان نەخۆین.

ڕۆژەڤ: هەواڵ چیە؟

شێخی:هەواڵ بیرییتە لە بڵاو کردنی رووداوێک کە پێش بڵاو بوونەوەی روویداوە. بەبێ شرۆڤە و تەحلیل کردن، تەنیا رووداوەکە دەگوازرێتەوە.

ڕۆژەڤ: ئەگەر کتێب ئەچێتە خانەی راگەیاندن ،

بۆ لە نووسراوەکانی میسر نموونە ئەهێنرێ  ؟

خۆ نووسراوەکوردیەکان لە سەر تاش و بەرد  لە کوردستان ، ئەگەڕێتەوە بۆ زۆر پێشتر لە میسر

شێخی:هاوڕێ، هەر نووسراێک دەچێتە قاڵبی راگەیاندنەوە، بەڵام ئایا دەچێتە قاڵبی کتێبەوە بێگومان نەخێر، کتێب کۆمەڵێک پێناسە و تایبەت مەندی خۆی هەیە، کە دەڵێین کتێب ئەوا باسی نووسراوەکانی میسرەکۆنەکان دەکەین بەڵام ئەگەر باسی نووسین بکەین، دەبێ بچینەوە بۆ سەردەمی ئەشکەوت و لە و هەڵکەندن و وێنانە بدوێین کە مرۆڤە پێشینەکان لە سەر دیوارەکانی ئەشکەوتەکان هەڵیان کەندوون.

ڕۆژەڤ:ئایا راگیاندن و کۆمونیکەیشن پەیوەندیان هەیە ، ئەگەر هەیانە ئەو پێوەندییە چییە ؟

شێخی:بەڵێ پەیوەندییان هەیە، خودی وشەی راگەیاندن واتا گەیاندنی زانیاری، را واتە بۆچوون، راگەیاندن دە بێتە بۆچوون گەیاندن، بۆیە لەهەر رێگایەکەوە بۆچوون بگەیەندرێت دەچێتە قاڵبی راگەیاندنەوە.

رۆژەڤ: رۆڵی راگەیاندن لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگا ، سیاسەت ، کلتوور و ژیانی مرۆڤ چۆن دەبینن؟

شێخی:راگەیاندن رۆڵی یەکلاکەروەی لە پرسەکانی ئەم سەردەمەدا هەیە، واتا راگەیندکار دەتوانێت پرسێک زیاد لە پێوسیت گەورەبکات و لە هەمان کاتیشدا ئەگەر راگەیندکاری سەربەخۆ نەبێت دەتوانێت گرنگی بە پرسێکی هاوشێوە نەدات.

ئێمە لێرە باسی راگەینکاری سەربەخۆ دەکەین، راگەیاندن گواستنەوەی زانیارییەکانی زۆر ئاسان کردووە بەو شێوەیەش ئاستی رۆشنبیری تاکەکانی کۆمەڵگا دەچێتە سەرەوە و کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر هەموو بوارەکانی سیاسەت و کلتوور و ژیانی مرۆڤ هەیە هەتا کاریگەریشی لە سەر زانست و هونەر هەیە، واتا بوونی راگەیاندنی سەربەخۆ دەبێتە هۆی پێشخستنی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی خێراتر. راگەیاندن تاک زۆرزانتر دەکا و مرۆڤی زۆرزانیش باشتر دەتوانێت بیربکاتەوە و لە کۆتاییدا کۆمەڵگایەکی زۆرزان و تێگەیشتوو بەرهەم دێنێت.

رۆژەڤ: مەبەست لە ئەخلاقی راگەیاندن چیە و چۆن پێناسە دەکرێت ئەخلاق لە راگەیاندن دا؟

شێخی:ئەخلاق بە گشتی واتا ئەو ئاداب و رسوومانەی کە زۆرینەی کۆمەڵگا بە درووستی دەزانن.

بەڵام ئەخلاق لە راگەیاندن واتا راستگۆیی بێلایەنی لە بڵاو کردنەوەی زانیارییەکاندا.

رۆژەڤ: زۆرتر بۆ لێکدانەوە و زانینی راستی و ناراستی سرنجتان لە سەر وەرگرە ئەمە جۆرێک دەست بڵاوی ناداتە دەست راگەیاندن بۆ بڵاو کردنەوەی ناراستی؟ ئەی ئەرکی راگەیاندن چیە تەنیا لە بڵاو کردنەوەدایە؟

شێخی:هاوڕی راگەیندکار ئازادە چی دەڵێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو شتانەی کە ووتوویە بڕیار لەسەر متمانەی دەدەن، واتا ئەگەر راگەیەندکارێکی ناراستگۆ بێت وەرگر لەدەست دەدات و چیتر کەس بە دوای هەواڵ و زانیارییەکانی ناکەوێت، بۆیە ئەوە وەرگرە کە یاسایەک بۆ راگەیەندکار دادەنێ و ئەویش ئەخلاق لە راگەیاندنە، واتا راگەیەندکار بۆ بەدەست هێنانی خوێنەر و وەرگری زیاتر دەبێ راگەیەندکارێکی تێگەیشتوو و  راستگۆ و خاوەن زانیاریی بێت.

ڕۆژەڤ: تکایە رۆژنامەنووس کێیە و ئیتیکی رۆژنامەنووس چییە ؟

شێخی:رۆژنامەنووس کەسێک دەگرێتەوە کە نووسەرە و سەر بە هیچ لایەنێک و دەزگایەکی راگەیاندن نیە، واتا بۆ خۆی دەنووسێ و دواتر لەهەرکام لە ناوەندەکانی گەیاندندا  نووسینەکانی بڵاو دەبێتەوە، بەڵام رۆژنامەوان کەسێکە کە سەر بە دەزگایەکی راگەیاندن بێت وەکوو ئەوانەی رووداو کە ناتوانن بە ئازادانە لە هیچکام لە راگەیەندنەکانی دیکەدا کار بکەن.

کەسی رۆژنامە نووس دەبێ شارەزایی تەواوی لەو بوارەی خۆیدا هەبێ کە تێیدا دەنووسێ، واتا دەبێ تەخەسووسی بابەتییانەی هەبێ، بەڵام رۆژنامەوان پێویست ناکات شارەزایی تەواوی هەبێ.

رۆژەڤ:بە رای ئیوە لەم چەن سالەی رابردو و تەنانەت لە م کاتەی وا چەخماخەی ڕاسان لی دراوە پیتان وانیە لە راگەیانەکان کەم کاری کراوە

شێخی:پێشەوەی باسی راگەیاندنی کوردی بکەین لە دوای راسانەوە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ راگەیاندنی کوردی بە گشتی بزانین پێش راسان ئایا راگەیاندنی کوردی لەو ئاستەی خۆیدا بووە کە دەبێ ببێ

شەوی پێشوو یەکێک لە بەشداربووان داوای کردبوو کە ئەتێکیەتی رۆژنامەنووس چییە، خۆی لە راستییدا بە پێی شوێن و ناوچە و کلتووری کۆمەڵگا ئەتەکیەتی رۆژنامە وانی گۆرانکاری بەسەردا دێت، بە شێوەیەکی گشتی ٧ خاڵ هەن کە رۆژنامەنووسێک دەبێ پەیرەویان بکات

راستگۆبوون و پێدانی متمانە بە وەرگر

رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و بەرپرسیار بوون بە یاساکانی

لە واقعدا بژیت

قبوڵکردنی بەرپرسیاریەتی

سوکایەتی بە پیرۆزی نەکرێت

گەیاندنی هەوال وەک خۆی

لە خزمەتی نیشتمان و جیهان بێت

ئایا ئێمە رۆژنامە نووسی بەوشێوەمان هەبووە لە پێشودا هەتا ئێستا بتوانین بڵێین کە راگەیاندنمان لە ئاستێکی باشدا بووە؟

بێگوومان راگەیاندنی کوردی لە ئاستی پێویستدا نەبووە و نیە، ئێستاشی لەگەڵ بێت.

بەڵام بێجگە لە کەمبوونی راگەیندکاری شارەزا لایەنی ماددیش هۆکارێکی سەرەکیی بووە، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر راگەیاندنی کورد داناوە، خاوەن سەرمایەکان راگەیاندن بە دڵی خۆیان بەکار دەهێنن و بێلایەنی لە راگەیاندندا دەکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، کەواتە بۆ درووستکردنی راگیاندنێکی خەڵکی پێویستیت بە راگەیاندکاری لێهاتوو و پاڵپشتی ماددی بەهێز، هەیە.

راگەیەندنە حیزبییەکان وەکوو پێویست لە خزمەت حیزبەکانی خۆیاندا بوون و دەتوانین بڵێین تارادەیەک باش توانیویانە کە رای حیزبەکانی خۆیان بگەیەنن، بەڵام ئەوانیش وەکوو پێوسیت نین دەتوانین بڵێین توانیوویانە گۆشەیەکی بچووکی راگەیاندنی سەربەخۆ پر بکەنەوە.

رۆژەڤ: رگەیاندن چەندە لە سەر خەباتی چەکداری کاریگەری هەێە؟

شێخی:سەرەتا پێشەوەی باسی خەباتی چەکداری بکەم، پێوسیتە روونکردنەوەیەک بدەم، ئێمە ناڵێین خەباتی چەکداری، دەڵێین خەباتی پێشمەرگانە، ئەگەر ناچار بین دەست بۆ چەک دەبەین. ئایا مەبەستت خەباتی پێشمەرگانەیە؟

وەکوو پێشتریش باسم کرد راگەیاندن دەتوانێت رووداوەکان زۆر لە رادەبەدەر گەورەبکاتەوە، پێشمەرگەیەک یان گریلایەک لە شوێنێک کە ناچار دەبێ دیفاع لە خۆی بکات، یان نا پێویستە دژکردەوەیەک لە خۆی نیشان بدات و هەڵوێستی هەبێ بەرانبەر بە پاوانخوازییەکانی داگیرکەر، لە دنیای ئەمرۆدا راگەیاندن رۆلی یەکلاکەرەوە دەبینێت، چالاکی رۆڵەکانی کورد بۆ ئەوەیە کە بوونی خۆیان بە دنیای دەرەوە و نەتەوەکەی خۆیان بناسێنن، ئەگەر راگەیاندن بوونی نەبێ تەنیا خەڵکی ناوچەیەکی کەم دەتوانن پەیوەست بن بە ریزەکانی خەباتگێرانەو ە و لە بوونی راگەیاندندا کۆمەڵێکی ئێجگار زیاتری خەلک ئاشنا دەبن بە رەوتەکە و چ وەکوو رەخنەگر و چ وەکوو پشتیوان کاریگەری یەکلا کەروەیان دەبێ لە سەر رەوتەکە، بۆیە دەتوانین بڵێین بوونی پێشمەرگە و گریلا ئەگەر پێویستی یەکەم بێت بوونی راگەیاندنیش پێوسیتی دووەمە.

ڕۆژەڤ:

بۆچی ڕاگەیاندنەکوردیەکان  ، بتایبەت کاناڵە ئاسمانیەکانی ڕۆژ هەڵات  ،

بە زۆری  ، هەواڵی کوشتن و دەسبەسرکردنی خەڵک بڵاو ئەکەنەوە  ،

بۆ لە پاڵ ئەو هەواڵانە  ، لە سەر ڕۆشنبیری و وریاکردنەوەی خەڵک کار ناکەن ؟؟؟

شێخی:کاری راگەیەندکار بڵاو کردنەوەی واقعی کۆمەڵگایە، ناتوانین رەخنە بگرین بڵێین بۆچی هەواڵی کوشتن  و دەستگیرکردن بڵاو دەکەنەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو هەواڵانە بلاو نەکەنەوە ئەوکات دەبێ رەخنەیان لێبگرین، مەبەست لە بڵاو کردنەوەی ئەو هەواڵانە ئاگادار کردنەوەی کۆمەڵگای کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە

بەڵام دەتوانین رەخنەشیان لێبگرین بڵێین کە نەیانتوانیوە وەکوو پێویست کار لەسەر رۆشنبیرکردنی خەڵک بکەن، هۆکارەکەی زۆر روونە کاری پەروەردەیی بە حزوورت لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا دەکرێت و کاری ئاگادار کردنەوە لە رێی راگەیاندنەوە، واتا رۆشکردنەوەی کۆمەڵگا کاری زانکۆ و ناوەندەکانی فێرکردن و فێربوونە، ئەوەندەی دەبێ لەو ناوەندانەدا گۆرانکاری ئەساسی بکرێت، ئەو کارە بە راگەیاندن و راگەیەندکار ناکرێت، نموونەیەک بهێنمەوە، ئێمە لە خوێندنگاکانمان منداڵان هەر لە تەمەنێکی کەمەوە ئاشنا دەکرێت بە دین و  دینەکانی لە لا شیرین و جوان دەکریت، مندالێک کە لە منداڵیەوە بەلای دینەوە رابکێشرێت لە گەورەبوونیدا نەک تەنها بە راگەیاندن بەڵکوو زۆر قورس دەتوانی لە واقع نزیکی بکەیتەوە، پێوسیتە سیستمی فێربوون و فێرکردنمان هاوشان لەگەڵ راگەیاندندا بگۆڕذرێت و خەڵک بەرەو پێشبروات، بوونی پێشمەرگەش لە ناو خەڵکدا دەتوانین هاوشانی بکەین لەگەڵ بوونی راگەیاندنێکی بەهێز.

وەکوو وتم کاری پەروەردە تەنها بە راگەیاندن ناکرێت.

رۆژەڤ : کام یەک لە پارچەکانی کوردستان ئاستی راستی راگەیاندن لە سەرەوەیە؟ دەکرێ شرۆڤەیەکی کورت لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان لە بواری راگەیاندنەوە بفەرموون ؟

شێخی:کوردستانی باشوور لەم چەند ساڵەی دواییدا، لە بواری راگەیاندندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینییەوە، پێشکەوتنەکەی بەشێوەیەک بووە کە دەتوانین بڵێین راستەوخۆ لە قاڵبی کوردستانی باشوردا چووەتە دەرێ و لە ئاستی کوردستانی گەورەدا راگەیاندنی کوردی پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینییوە، راگەیاندنەکانی وەکوو رووداو ،کوردستان ٢٤ و nrt و  کۆمەڵێک راگەیاندنی حیزبی کاریگەری باشیان هەبووە، دەتوانم بڵێم کە دەزگایەکی راگەیاندن بە تەنیا ناتوانێت راگەیاندنی کوردی بەرەو پێشەوە ببات بەڵکوو فرەیی لە راگەیەندکارەکان و ناوەندەکانی راگەیاندن، ئەو پێشکەوتنە فەراهەم دەکات.

لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دەتوانین کاریگەری راستەوخۆی ئەو کەناڵانەی کە باسم کرد ببینین کەواتە بەهۆی بوونی ئەو دەزگایی راگەیاندنانەوە راگەیاندنی کورد تا رادەیەک هاو ئاست چووەتە پێش، بەڵام پێش بوونی ئەو کەناڵانە. راگەیاندن تەنیا سێرف حیزبی بووە و لە سوودی حیزبەکاندا چووتە پێشێ بۆیە هەندێک لە پرنسیپەکانی راگەیاندکار و رۆژنامەنووس چووتە ژێر پرسیار.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاندن تا ئاستێکی زۆر لاواز بووە بەڵام هەمە چەشن بووە بەهۆی بوونی رای جیاواز لە نێوان راگەیاندنە حیزبییەکاندا بەڵام سەرەرای ئەوەش راگەیاندنی سەربەخۆ کەم بووە، لە ناویاندا دەتوانین ئیشارە بە کوردپا و رۆژی کورد بکەین کە ئەمانە تا ئاستێک سەربەخۆن..

لە باکووری کوردستانیش راگەیاندنی حیزبەکان باڵییان بەسەر راگەیاندی سەربەخۆ دا کێشاوە، دەتوانین بڵێین رایەکەی سەربەخۆ لە باکوور و رۆژئاوا لە نێو راگەیاندندا بوونی نیە، کە بتوانین خاڵ بخەینە سەری.

رۆژەڤ:کاک ئەژین با باسێک لە شەڕی ڕەوانیی حکوومەتی تاران بکەین لە دنیای ڕاگەیاندندا.

ئێوە ئەو شەڕە ڕەوانییە چۆن پێناسە دەکەن؟!

ئامانجی حکوومەت لێی چییە؟

تاچەندە ئامانجەکانی پێکاوە ؟!

لەم شەڕەدا ئەرکی هەموو تاکێکی کورد بەتایبەتی ڕاگەیاندکارانی کورد چییە؟

شێخی:زۆر روون دیارە ئێمە رووبەرووی رێژیمێک خەبات دەکەین لە گرنگی بە هیچکام لە پرنسیپ و ئەتەکیێتی راگەیاندن راگەیاندکار نادات، بەڵام هەموو جۆرە وەسیلە و  گیانێکی لەبەردەستدایە کە بتوانێت کاریگەرییەکی ئێجگار زۆری هەبێ لەسەر رای گشتی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان. هەر لایەنێک هەوڵی ئەوەیە کە رایگشتی خەڵک لەگەڵ خۆیدا بگوونجێنێت، رایگشتی بەو واتایە نا کە خەڵک ببنە لایەنگری رێژیم بەڵکوو بەو واتایەی کە باوەرییان بەو هەواڵ و زانیارییانە هەبێ کە رێژیم پێیان دەگەیەنێت، ئەوەندەی کە ئێستا رێژیمی هێشتووەتەوە، رای گشتی خەڵک بووە، خەڵک رێژیم بە دەزگایەکی بەهێزی بێکێشە دەبینن، بۆیە ئەویش هەوڵدەدات ئەو رایە بهێڵێتەوە، کاریگەرترین رێگاش بۆ هێشتنەوەی ئەو رایە بەکار هێنانی راگەیاندنە، پێم خۆشە روونی بکەمەوە بڵێم کە رێژیم چۆن ئەو کارە دەکات.

لە رووی دەروونییەوە مرۆڤ دەتوانێ باوەر بە بە هەواڵێک یان زانیارییەک بکات کە لەچەند لایەکەوە دووبارە و چەند بارە هەمان زانیاری بەهەمان شێوە بگاتەوە گوێێ و بیبینێ، بۆ نموونە چەند کەسێک دەگەن بەمن هەموویان دەڵێن ئەژین تۆ چاوت سوور بووە، یەک لە دوای یەک هەموویان ئەوەم پێ دەڵێن بەبێ ئەوەی یەکێکیان شتێکی جیاواز بڵێت، ئیتر من بەراستی دەکەومە ئەو گومانەوە کە چاوم سوور بووە ئەگەر چەند کەسێکی دیکەش هەمان شتم پێ بڵێن ئەوا ئیتر تەواو باوەر بەوە دەکەم و لێم دەبێتە راستی بەڵام ئەگەر ئەو کەسانە هەردانەیان شتێکی جیاوازیان بووتایە ئەوا من باوەرم بە هیچکام لە قسەی ئەوان نەدەکرد، رێژیمیش هەمان سیاسەت بەکار دەهێنێ، ژمارەیەکی ئێجگار زۆر ماڵپەڕ و تی ڤی و ناوەندی راگەیاندن هەیە، هەندێکیان راستەوخۆ سەر بە رێژیمن و هەندێکیشیان ناراستەوخۆ، سەبارەت بە هەواڵەکان و پرسەکانیش هەموو ماڵپەرەکانی رێژیم یەکجۆر هەواڵ بڵاو دەکەنەوە بۆ نموونە لە رووبەرووبوونەوەی پێشمەرگەکانماندا لە کۆساڵان هەموو راگەیاندنەکانی رێژیم دەیان وت هەموو پێشمەرگەکان شەهید بوون بەبێ ئەوەی یەکێک لە راگەیاندنەکان شتێکی جیاواز بنووسێت، کاتێک تاک دەبینێت لەیەک شوێن نا لە دووشوێن نەخێر لە ١٥ شوێن یەکجۆر زانیاری بڵاو کراوەتەوە هەرهیچی بۆ درووست نەبێ گومانێکی لەلا درووست دەکا کە دەکرێ ئەوەی ئەمانە دەیڵێن راست بێت بۆیە رێژیم بەو شێوەیە مەبەستی سەرەکی خۆی دەپێکێ کە زاڵ و بەهێز هێشتنەوە خۆیە لە رای خەڵکدا.

ئایا تاچەند ئامانجەکەی پێکاوە یان نا، ئەوە ئەکرێت ئەو پرسیارە لە کۆمەڵانی خەڵک لە ناوخۆ بکرێت بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە ئێمە گەیشتووە تا حەدێک توانیویە گومان لە ناو خەڵکدا درووست بکات، بە تایبەتی لە ناو بنەماڵەی پێشمەرگەکان، بەڵام روونکردنەوەی ئێمە بۆ خەڵک و ناساندنی ماڵپەرەکانی سەر بە رێژیم ئەو گومانانە کەم دەکاتەوە و چیتر خەڵک باوەر بە بلاو کراوەکانی ئەو راگەیاندنانە ناکەن.

زۆر رێگە هەیە کە ئێمە دەتوانین بۆ لە قاو دانی ئەو هەوڵانەی رێژیم بیکەین، ئەویش بەبڵاو کردنەوەی هەواڵی و زانیاری راست لە ناو خەڵکدا بۆ ئەوەی هەواڵەکانی رێژیم تاک رەهەند نەبن و خەڵک توانای هەڵبژاردنیان هەبێ لە نێوان هەواڵەکان و زانیارییەکاندا.

ڕۆژەڤ:جۆوابێکی باش نەبوو بەداخەوە . خۆ ڕخنە لەوە ناگیرێ بڵێین بۆ ئەو هەواڵانە بڵاو ئەکاتەوە  مەبەست ئەوەیە بۆ لە پاڵ ئەو هەواڵانە  لە سەر ڕۆشنبیری و وریایی خەڵک هەواڵێ نادرێ .

وەکوو ...بەتاڵان بردنی ئاو و کانگا ژێر زەویەکان و ئاسەوارە کەوناراکان ..چۆن ئەو ئاسەوارانە هەمووی ناسنامەی کوردە

شێخی:

مەبەستی پرسیاری پێشوو ئەوەی نەدەگەیان

بە پێچەوانەوە راگەیاندنە کوردییەکان بەپێی پێویست توانیویانە ئاور لەو لایەنانە بدەنەوە، بەڵام ئایا تاچەند راگەیاندنەکە بەهێزە و توانیویەتی لەناو خەڵکدا خۆی جێبکاتەوە ئەوە شتێکی دیکەیە، نموونەش با هەر ماڵپەری کوردپا بیت یان ماڵپەری ژینگەوان کە بەم دوایانە زۆر چالاکانە لەسەر هەندیک بابەتی تایبەت بە ژینگە روونکردنەوە دەدات و بەرچاوی تاکی کورد رۆشن دەکاتەوە، لە لایەکی ترەوە لەناو خەڵکدا نەبوونی راگەیەندنەکان هۆکارێکی دیکەیە کە کاریگەرییان بەو شێوەیە نیە، چوونکە ئێمە لەگەڵ رێژیمێکدا بەرەو رووین کە بەهیچ شێوەیەک گرنگی بە رای خەڵک نادات، راگەیاندن کاتێک دەتوانێت رۆڵەکەی خۆی تەواو بکات کەلەگەڵ حکوومەتێکی دێموکراتیک بەرەو روو بێت، نموونەیەکی زۆر سادە ئایا راگەیاندکاری کورد دەتوانێت کاریگەری لەسەر پەشیمان کردنەوەی رێژیم بکات لەسەر لە ناو بردنی کانیاوەکاندا؟

بێگومان ناتوانێ،تەنیا ئەوەی کە دەتوانێ و کردووشیەتی ئاگادارکردنەوەی تاکەکانی کوردە و ئەگەر تاکەکانی کوردیش پشتیوانیەکی بەهێزیان هەبێ ئەوا دەتوانن رێگر بن لە هەوڵەکانی رێژیم بۆ لە ناوبردنی ئاسەوار و ژینگە و زمان و کلتووری کورد.

ڕۆژەڤ:چەن لە سەدی ڕۆژنامەوانان کوردستان ژنن و چەنیان پیاون کامیان باشترکار بۆ هەواڵەکان دەکەن؟؟؟

شێخی:سەر ژمێریم بۆیان نەکردووە، بەڵام بە داخەوە رێژەی ژنان کەمە...

ئایا رێژەی کەمی ژنان کاریگەری نەرێنی لە راگەیاندندا هەیە نەخێر کاریگەری نەرێنی نیە، بەڵام ژنیش هاوشانی پیاو مافی ئەوەی هەیە کە ببێتە راگەیەندکار و لە رووی توانایی و لێهاتوویشەوە جیاوازی لە نێوانیاندا نیە، هەردووکیان بەهەمان شێوە دەتوانن کار بکەن و کاریگەرییان هەبێ.

رۆژەڤ: پيشەی بوون و پيشەیی نەبوون چیە لە راگەیاندن دا چ رۆڵێکی دەبێت لە سەر راگەیاندن ئەگەر پيشەیی بێت یا نەبێت؟  پیشەیی= حرفەای

شێخی:بێگومان کاریگەری زۆری هەیە، کەسێک کە کاری هەمیشەیی خۆی راگەیاندن بێت جیاواز و باشتر دەتوانێت کار لە بوارەکەی خۆیدا بکات، بەوا واتایەی کە زۆربەی کاتی خۆی و بژێوی ژیانی لەسەر راگەیاندنە و پیشەکەی بووەتە راگەیاندن، بەڵام کەسێک کە پیشەی خۆی راگەیاندن نیە و  لە کاتە بەتاڵەکانیدا کاری راگەیاندن دەکات ناتوانێت هاوشێوەی کەسی یەکەم کار بکات و خزمەت بە راگەیاندن، بکات، بۆیە بە پیشەییکردنی راگەیاندن و راگەیندکارەکان پێشکەوتنی بەرچاو لە راگەیاندندا بەدی دێنێت هەر وەکوو ئەوەی ئێستا لە باشووردا کراوە.

ڕۆژڤ:ئاخر پرسیار تلگرام کە لە ڕۆژهەڵات  زۆر دەوری هەیە توانیویە خزمەت بە ڕۆژهەڵات بکات لە بواری سیاسی و.....

شێخی:بێگومان تۆرە کۆمەڵایەتییەکان سوودی زۆریان هەیە، بۆ زیاتر ئاشناکردنی بابەت و پرسەکانی رۆژ، لەگەڵ بوونی سوودەکانیشیان زیانی زۆریشیان هەیە، دەتوانین بڵێین کە زیان و سوودەکانی هاوشانی یەکترن، بەڵام تاکی وشیار  دەبێت بتوانێت خاوەنی بیرکردنەوەی خۆی بێت و بەدوای راستی و درووستی بابەتەکاندا بگەڕێت، واتا نابێ هەر هەواڵ و زانیارییەکی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بیست و بینی بە راست و درووست وەربگرێت بەڵکوو ئەگەر زانیارییەکە بۆ ئەو جێگای بایەخ بوو، لێکۆڵینەوەی وردتری بۆ بکات و بەدوای سەرچاوەی راستی زنیارییەکەدا بگەڕێت.

تێلێگرامیش بە تایبەتی و بە تایبەتیی تر ئەم وتووێژەی کە لەم ژورەدا و ژووری هاوشێوەدا دەکریت کاریگەری باشی هەیە و ئێمە وەکوو خوێنەر و وەرگر، دەبێ بتوانین راستی و درووستی باسەکان لێکبدەینەوە و دوای ئاشنابوونمان بە باسەکان، خۆمان بەدواداچوونیان بۆ بکەین و ئەمکارە تەنیا وەکوو سەردێرێکی زانیاریەکانمان دابنێین و بۆ خۆمان بە دوای باکگراوەندی فکری خۆماندا بگەڕێین.

ڕۆژەڤ:ئەگەر خۆتان شتێکتان هەیە بۆ باس کردن فەرموون ئەگینا دەست خۆش و بژین

شێخی:تەنیا وەکوو زیاد کردنێک دەمەوێ ئامژە بەوە بکەم کە لە رێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەرکامێک لە ئێمە دەتوانین رۆڵێکی باشمان هەبێ لە بەرەو پێشبردن و بڵاو کردنەوەی راو  زانیارییەکانی راگەیاندنە کوردییەکان بۆیە ئەرکی هەریەک لە ئێمە لەقاو دان و بەرپەرچی دانەوەی هەواڵە ناراست و چەواشەکارییانەکانی رێژیمەوە، هەوڵمان بۆ درووستکردنی تاکی هۆشیار و ئاگا بێت، لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانمان لە داهاتوودا.