the national interest logo

خوێنەری هێژا، بابەتی بەردەستت وتووێژێکی تایبەتی ژووری ڕۆژەڤ لە تێلێگرامە کە بە میوانداریی بەرێز هووشیار ئەحمەدی  ، بەپێشكەشکاریی ژینۆ هەولێری، ڕۆژنامەنووس ، دەربارەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەنجام دراوە.

دەقی وتووێژەکە لە ژووری رۆژەڤ کراوە و ماڵپەری لاوان لە هیچ وشەیەکی ناوەرۆکی وتووێژەکە بەرپرسیار نیە.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

wtwizh lagal hoshyar ahmady

رۆژەرف : کاک وشیار لەلایەن خۆم و ژووری ڕۆژەڤەوە بەخێرهاتنتان دەکەم و داوادەکەم سەرەتا خۆتان بە ئێمە و ڕۆژەڤییەکان بناسێنن.

ئەحمەدی: سڵاو و ڕێز بۆ ئێوە و ئەندامانی بەڕێزی گرووپی ڕۆژەڤ.

من ھوشیار ئەحمەدی ،  لە ڕابردوودا کادر و پێشمەرگەی  حدکا و ئێستا ئەندام و ڕۆژنامەنوس.

ڕۆژەڤ: مەبەستی سەرەکیی لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی چییە؟چ کۆمەڵە سوودێکی لێ دەکەوێتەوە ڕچاوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی؟ بە واتایەکی دیکە، بەرژەوەندیی نەتەوەیی وەکوو خۆی لە بەرانبەر چیدا جێ دەگرێت؟

ئەحمەدی: بەرژەوەندی یان قازانجی نەتەوەیی یانێ ئەو کۆمەڵە کارو بەرکارە کە نەتەوە بە ئەنجامدانیان سوودمەند دەبێ ، زۆرێ لە خاوەن ڕا سیاسیەکان پێیانوایە ئەو چەمکە ناتوانێ بۆ میلەتی بێ دەوڵەت بەکاربێ ، واتە بەڕای ئەوان ئەو چەمکە بەستراوەیە بە چەمکەکانی دەوڵەت نەتەوەوە.

بەڵام ڕای گشتی و گونجەوتر ئەوەیە کە بەرژەوەندی نەتەوەییش وەک فاکتۆری نەتەوە و خاک پێویستە گرینگی پێ بدرێ. ئەم ڕستەیەش یانێ تا ئێستا گرینگی پێ نەدراوە. ئەمەش بۆچی دەگەڕێتەوە؟

 پرسیارەکە ڕوونە و وەڵامەکەش ھەروەھا، تەنیا کێشە ئەوەیە کە وەک ئەشێ، گرینگی پێ نەدراوە.

بۆچی؟ ئەوەش ڕوونە، بەڵام کێشە لێرەشدا ھەر ھەمان کێشەی گرینگی پێ نەدانە. دیسان پرسیارەکە لێرەشدا بۆچیە؟  ئەی وەڵام دەبێ حی بێ؟

کاکڵی باسەکەمان لێرەوە دەستپێ دەکات. لەوەتەی مرۆڤ خوڵقاوە، بەرژەوەندیش ھەبووە، یانێ بابەی بەرژەوەندی، ھاوپاو ھاوتەریبە لەگەڵ تەمەنی مرۆڤ و ھیواو خولیاو ئاوات و ئامانجەکانی ، واتە سەرجەم کێشەو پێکدادانەکان و کوشتارو خوێنڕشتنەکان و ئاشتبوونەوەودانووستان و پێکھاتنەکان، سەرپاکی سەرچاوە لە بەرژەوەندییەوە دەگرێ.

بەڵام لێرەدا ئێمە ھەوڵدەدەین لە بازنەی چەمکی بەرژەوەندی نەتەوەیی نیشتمانی دا بدوێین. وەک لە نەوەرۆکی ئەو وەڵامەم دا دیارە، پێچەوانەی بەرژەوەندی نەتەوەیی ، دژبەرایەتی ئەو چەمکەیە کە ئێمەی کورد زۆرمان خەسار لێ دیتووە و پێوئست ناکات با نمونە زۆر ئەزیەت بکێشین، چەمکی جەشایەتی و کەوتنە خزمەت دوژمنەوە، ڕوونترین دیاردەی بەرەی دژە بەرژەوەندی نەتەوەییە.

ڕۆژەڤ: لە بەرچاو گرتنی بەرژەوەندی نەتەوەیی چ کاریگەری دەبێت لە سەر دوزی ڕەوای کورد؟

ئەحمەدی: خودی دۆزئ کورد کاتێ ڕەوایە کە پیناسەی چەمکە پێوەندیدارەکانی لەگەڵ بکرێ، وانەبێ، چەمکی ڕەواییەت ناڕوون و بەتاڵە لە مانا. بەرژەوەندی نەتەوەیی یان نیشتمانی، یانێ بیرکردنەوە و کارکردن و چالاک بوون بە ئاراستەیەک و لە بازنەیەک دا کە بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و نیشتمانێ دەستەبەر بکات.

وەک چۆن دەوترێ خاکی ھاوبەش، زمانی ھاوبەش، کولتووری ھاوبەش، مێژووی ھاوبەش، خواست یان ئامانجی ھاوبەش، دەبێ ھەروەھا بشگوترێ بەرژەوەندی ھاوبەش. واتە  دەکرێ بێژین نەتەوە، خاک و بەرژەوندی سێ فاکتۆری ژیانین کە ئەتوانن پانتایی گرینگی دۆزی نەتەوەیەک بگەیەنن و ئەگەر دووانی یەکەم ھەبن و سێھەم لەبەرچاونەگیرێ، وەک ئەوەیە ھیچ نەکرابێ. چونکی میللەتێک  بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە بەرژەوەندییەکانی خۆی فۆرموڵە نەکردبێ و داواکانی خۆی و ئامانجەکانی لە چوارچێوەی قازانج ۆ بەرژەوەندی نەتەوەکەیدا دەستنیشان نەکردبێ، وەک ئەوەیە ھەر بوونی نەبێ. چونکی واش نەبێ، وەک ئەو  ھەزاران نەتەوەیە کە لە ڕەوڕەوەی ڕەوتی مێژوودا ھەر شوێنەواریشیان نەماوە، ئەویش دەبێ بە بەشێک لە مێژوو و شوێنەوارەکان با لێکۆڵینەوەی داھاتووەکان. بۆیە جەخت دەکەمەوە کە بەرژەوەندی نەتەوەیی نیشتمانی ڕاستەوخۆ و بەشێوەی دڵ و ھەناسە، پێوەندییان پێکەوە ھەیە.

ڕۆژەڤ: حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەموو کوردستان، چەندە بەرژەوەندیی نەتەوەییان پاراستووە ؟!

چەندە توانیومانە لە سوودەکانی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کەڵک وەربگرین؟

ئەحمەدی: ھەر نەتەوەیەک بۆ گەیشتن بە خواستەکانی خۆی، پێویستە دوو خاڵ دەستنیشان بکات؛١_ئامانجی باڵا و ٢_ قازانجی باڵا.

کە دەڵێین ھەر نەتەوەیەک، با تێکەڵ نەبێ، مەبەستمان ئەو نەتەوانەیە کە ھێشتا خاوەنی دەوڵەت نین یان وەکوو ئێمەی کورد لە حاڵی خەباتی بەردەوام دان بۆ گەیشتن بە ئامانج.

پرسیارەکە زۆر ھەڵدەگرێ و وەڵامەکەی پڕە  لە لق و پۆ، بەڵام ناتوەنین لێرە بە تێر و تەسەلی وەڵامی بدەینەوە، چونکی خوێنەرانی باسەکەمان جارێکیتر سەردانتان ناکەنەوە!

بەڵام ھەموو حیزب و لایەنە کوردیەکان خۆیان بە وەکیلی تام الاختیاری خواست و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان دەزانن لە حاڵێک دا ئەگەر ئەرشیڤی میدیا و پەروەردەکانیان بکۆڵیتەوە، ڕەنگە بابەتێکی قووڵ و تایبەت لە سەر ئەو چەمکی تێدا نەدۆزیەوە. ئەوە کارکردن لە سەر چەمکی بەرژەوەندی نەتەوەیی نیە ئەگەر لە لێدوان یەن بابەتێک دا ئامەژەیەکی ڕواڵەتی پێ کرابێ. ئەمەش ناڕوونە ئایە کارەکە بە ئەنقەست بووە یان ھەر بەڕاستی لە ھەژاری پەروەردەیی دایە!؟

ئاخر ڕاھێنان و باسکردن و پەروەردەی فێرگەیی چڕ لەسەر تەوەری ئەو بابەتە، ئەتوانێ دژ بە زۆر خاڵی لەوازبێ کە بەرژەوەندی کەس، گروپ یان تاقمێک دابین بکات و ئەوەش شاراوە نیە، بۆ وێنە چەمکی ناوچەگەرایی لە خەبات و حیزبە نەتەوەیی و تەنانەت ئینترناسیۆناڵەکانیشدا، شایەتی زیندووی ئەو گرینگی ئەو بابەتەیە...

ڕۆژەڤ: بوچی هندئ کەس و لایەنی سیاسی بەرژەوەندی گشتی لە بەرچاو ناگرن وێڵن بە دوای بەرژەوەندیە تایبەتی دا؟

ئەحمەدی: باش بوو ئەم پرسیارەتان زۆر ئاڵۆز نیە. وەڵامەکەی زۆر ڕوونە. قازانج و بەرژەوەندی نانەتەوەیی و نانیشتمانی، واتە سوود و بەرژەوەندی تاکەکەسی و گرووپی و دەستەیی و بەگشتی بەرژەوەندی تەیبەتی. ئەوەی کە ساڵانێکە بەدەستیەوە دەناڵێنین. ئەوەی کە بەردەوام و تائێستایش و ئەم دووسێ ڕۆژەی پێشتریش ھە ڕوویداوە.

لای ھێندی کەس و لایەن، ھەموو شت لە بازنەی بەرژەوەندی نەتەوەییەوە دەبینرێ، لای ھێندێکیش سۆنگەی بینینی بەرژەوەندی، دلەقەیەکی تەسک و باریکی کەسیی، گرووپی و حیزبییە و دواتریش دێن و فوو لە زۆڕنە دەکەن و منەت دەنێنە سەر خەڵک، کە گوایە ھەمووشتیەن فیدای بەرژەوەندی وان کردووە.

ڕۆژەڤ: تاچەند دەستوەرانی دەوڵەتانی هاوسنورمان کاریگەریان هەبووە لە لاواز کردنی چەمکی بەرژەوەندی نەتەوەیی  لە کوردستاندا؟

ئەحمەدی: دەوڵەتانی دراوسێ لە بەرژەوەندی خۆیان بەرپرسیارن. ئەوان بەھەقی خۆیان ئەزانن لە کوێ بەرژەوەندییان ھەبێ، لەوێ لە سەربنەمای سیاسەتی ماکیاڤیلی کاری بۆ بکەن. بیرم نەچێ، لای من سیاسەت ھونەری دابینکردنی بەرژەوەندییە. ئەمە زۆرجار دەڵێین ئەخلاق لە سیاسەتدا، بەڵام ئەوە مومکێن نیە، ھەر بە ڕاستیش ئەوە بەرژەوەندییە کە ھێنێ دەست و باڵی ھێزەکانی لە بێ ئەخلاقی سیاسی دەبەستێ. ئەوان تا بۆیان کرابێ ھەوڵیەن داوە لە کرچوکاڵی سیاسیەکانی کورد بۆ بەرژەوەندی خۆیان کەڵک  وەرگرن. زۆر کەم دەکرێ حیزبێ کوردی لە گەڵ دەوڵەتێ پێوەندی ھەبووبێ و فەڵتەی مێژوویی نەدابێ. بۆ وێنە، لە باشوور یەکییەتی دەچوو ئێرانی دەھێنا بۆ دەرکردنی پارتی و پاشەکشەپێ کردنی ، لەولاشەوە پارتی دەچوو تورکیا و بەعسی دەھێنا، ئەمەش لە حاڵێکدا بوو کە ئاخرەکەشی ھەر دادەنیشتن و بە دانوستانی سیاسی پێک دەھاتن.

ھەڵبەت ئەوەش شتێکی نوێ نیە،گەر ئاوڕێکی ڕواڵەتی و سەرپایی لە مێژووی ڕاپەڕینەکانی گەلی کورد لە سەدەی نۆزدەھەم و بیستەم بدەینەوە، بە سەنایی تێدەگەین کە خەباتەکان زۆربەی ھەرەزۆریان ئایینی بوون و فڕیشیان بەسەر نەتەوەو نیشتمانەوە نەبووە، ھەڵبەت گەر بمانھەوێ لەگەڵ خۆمان ڕووڕاست بین و خۆ فریو نەدەین. کەوابوو ، ھەر لەو سۆنگەیەشەوە، سادە ئەتوانین لە ھۆکاری شکەستھێنانەکان بگەین. واتە ھۆکاری شکەستەکانیش ھەر ئەوەبوو کە خواستەکان زۆر کەم ڕەنگی نەتەوەیی و نیشتمانییان پێوە دیارە و زۆرتر بیرکەردنەوە و ئامانجەکان لە بازنەی دین و خێڵ و عەشیرەدا خولاونەتەوە. بۆ وێنە لە شەڕەکانی نێوان سەفەوە و عوسمانی ، نێوان روسیە و عوسمانی، لە نێوان تورکە لاوەکەن و بریتانیا، لە نێوان سوریە و فەرانسە ھەر ھەمووی ، ڕیزی پێشەوەی شەڕکەران کوردە ئیماندارەکان بوون و تەیاربوون بە باوڕی ئیسلامی سوننە و لە سونگەی ئیسلام و کوفارەوە شەڕیان بۆ پەرەستنی مەمالکی ئیسلامی دەکرد! پاشان لەگەڵ شەپۆلی فێودالیتە و  زەخت و زۆری خاوەن زەوی و ھاتنەگۆڕی دەرەبەگایەتی و بیچم و شکڵ گرتنی سیستمی چینایەتی، خەباتی بەناو مۆدێڕنیش ھاتەکایەوە کە ئەویش زۆر پێکەنیناوی بوو، کابرای وەرزێری فەقیر خۆی پێ کۆمۆنیست(شیوعی) بوو و تەواوی فەریزەکانی دینیشی بەباشی بەجێ ئەھێنا!

 ئەو مۆدێلە تا ئێستاش بەردەوامە، واتە کورد بوو بە خاوەنی قەوارەی مۆدێڕنی سیاسی، کەچی ھەر خاوەنی بیرکردنەوەی خێڵەکی و عەشیرەیی و دینی و ناوچەیی بوو. بۆیە بە سانایی دەبینرێ و بە زقی ھەستی پێ ئەکەین کە حیزبە مۆدێڕنەکانیشمان لەو پێوەندییەدا ئەزمونێکی خاوێنیان پێشکەش نەکردووە.

لە شەڕی ناوخۆی حیزبەکەنەوە بگرە تا دەگاتە ھێندێ کار و کردەوە کە بیرەوەری تاڵیان بۆ نەتەوە خوڵقاندووە، ھەموو ئەو نیشانانەن کە گوزارش لە نەبوون یان لاوازبوونی باوڕ و بیردۆزی بەرژەوەندی نەتەوەیی دەکەن. گەر بمانەوێ لە کورتی ئەم بابەتە ببڕینەوە، ئێکتفا بە خەڵێک دەکەین کە بڕبڕەی پشتی بەرژەوەندی نەتەوەییە لە دیپلۆماسی دا. کاتی خۆی حیزبی بەعس و حکومەتی عیراق زەخت دەخاتە

سەر حیزبی دیمۆکرات و دەڵێ یان دبێ لە عیراق بڕۆن، یان دەبێ لە ڕۆژنامەکەتاندا بارزانی و شۆڕشەکەی بە خائێن ناوببەن و وتاری لەسەر بنووسن، د.قاسملو وەک حیزب دەڵێ، بارزانی دوژمنی ئێوەیە بەڵام دۆستی ئێمەیە و کوردە، ئێمە لە گەڵ ئێوە لەسەر دوژمنی ھاوبەش پیکدێین و کار دەکەین نەک دوژمنی ئێوە و دۆستی ئێمە، ئەم خاڵە، تەوەری دییپلۆماسی حیزب بوو لە گەڵ دونیادا و سەرکەوتوو بوو و بۆ نمونە کەسێک وەکوو د.مەحمود عوسمان بەشانازیەوە ئەیگێڕایەوە کە لە ڕوخەنە بەعس دا ھەموان چاوەڕێ بوون کە خاڵێک لە خەیانەتی نیشتمانی حدکا ببیننەوە، بەڵام ڕۆژانە فایلی سەرکەردەی کورد دەردەکەوت و حیزبی دیمۆکرات لە جەران پتر گەورەیی خۆی سەلماند.

ڕۆژەڤ: با باسی ئێستا بکەین، نەچینە ناو دیرۆک،

بەڕێز مسعود بارزانی،سەرۆکی هەرێمی کوردستان پڕوژەی سەربەخۆیی کوردستان هەوڵی سەرخستنی بو دەدات کە ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو کوردێکە بوچی هندێ کەس و لایەن دژایەتی دەکەن و ئەجیندای دوژمنانی کوردستان جێبەجێ دەکەن؟

ئەحمەدی: وەک دەڵێن، مێژوو ، چرای ڕێگای داھەتوویە. باسی دەوڵەتی سەربەخۆ شتێکی ساددە نیە، ناکرێ بە بنەغەیەکی فش و خشتی پوکاو و دارو پردووی کرمۆڵەوە بینایەکی قورس و گران و باڵەخانەیەکی بەشکۆ بونیەت بنێی. من بڕوام وایە بۆ بونیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دەبێ نێوماڵێکی خاوێنمان ھەبێ، دەبێ متمانەی گەلمان ھەبێ، بەڵام گەر خۆفریو نەدەین جارێ ئەوانە نین. خەڵک بە ڕوونی دەناڵێنێ بە دەست گەندەڵی ئیداری و دارایی و سیاسی و ...وە، لە نێو سەرکردایەتی و ڕێبەرایەتی حیزبەکاندا تەنیا کوڕی کاکە حەمە لای باوکی لە سەنگەری پێشەوە بوو و شەھیدیش بوو، ناکرێ چاو بنوقێنین و نەبینین. گەر نێوماڵی کورد خەوێن و ڕێک  و پتەو بێ، ئەوانەی دژەیەتی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن دەبێ کوردستان جێ بھێڵن. بەڵام خەڵکی کوردستان دەبینین، دەزانین چۆن دەژین و وەزعی مەعیشەتییان دیارە، ژیانی بەرپرسانی باڵا نە بەڵکوو کادرە سادەکان ببینە زۆر جیەوازە لە گەڵ خەڵکی ئاسایی لە کوردستان.

من و تۆ کە باسی ئەو بابەتە گرینگە دەکەین نابێ ویژدانمان نەکەینە قازی، گەر ڕاستی باس نەکەین ئۆتۆماتیک خەیانەتمانملە بەرژەوەندی نەتەوەیی کردووە. ھۆکاری سەرەکی ھەر دیسان زاڵبوونی بەرژەوەندی حیزبییە. پارتی ھەرچەندە دڵسۆز بێ و بە پلانەوە کار بکات، ناتوانێ بەبی لەبەرچاوگرتنی لایەنەکانیتر بەو ئامەنجە بگات، لە گەڵ ئەوەشدا حەشاھەڵنەگرە کە ئێستا پارتی وەک نوێنگەی نەتەوەیی زق ناسراوە و حیسابیشی لەسەر دەکرێ بەڵام ئەوە ھیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە گەرچی دەوڵەتی نەتەوەیی خولیای ھەموومانە، بەڵام لە ئێستادا کورد لە باشوور نەتوانێ لەو بڕیارەدا سەرکەوتووبێ. ڕەنگە بڵێن بۆچی باسی حیزب و حیزبایەتی دەکەی!؟

لە وڵاتی خاوەن دەوڵەت دا، دەوڵەت نوێنەری دابینکردن و دەستنیاشنکردنی بەرژەوەندی نەتەوەییە، بەڵام لە قۆناغی بێدەوڵەتی دا، حیزب یان قەوارە سیاسیەکان نوینەرایەتی ئەو چەمکە دەکەن. نەتوانین باس لەو بابەتە بکەین و بە سەر خەیانەتی عەشیرە جۆرەوجۆرەکان بە کۆماری کوردستان و سەرۆکەکەی و حیزبی دیمۆکرات نەکەین. ناکرێ ، ئەو خەیانەتەی خێڵ و عەشیرەکان لە قۆناغەدا کردیان، سەدان لێکۆڵینەوەی ئاکادێمی دەوێ. ئەتوانین وەک نمونەی زقی ژێرپێ نانی بەرژەوەندی نەتەوەیی لە لایەن کەس و خێڵ و عەشیرە بەرژەوەنیخوازەکانەوە باسی لێوە بکەین. حکومەتی ھەرێم گەرچی تەمەنی زیاترە لە دوو دەھە، بەڵام بەداخەوە ئەزموونی باشی حوکمداری وەرنەگرت و نەیتوانی سەرنجی لایەنی پارچەکانیتر بە کردەوە بۆ لای دۆزێ بە ناو دەوڵەتی نیشتمانی و بەرژەوەندی نیشتمانی راکێشێ.

با دوور نەڕۆین، پێکنەھاتنی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەم دواییانە ھۆکارەکەی چی بوو؟ ئایا ئەویش ھەر ھۆکارەکەی بەرژەوەندی حیزبی و لایەنی نەبوو!؟ ڕاشکاوانە بڵێین تا ئێستاشی لەگەڵدابێ، بەرژەوەندی نەتەوەیی لای ئێمەی کورد نەبووەتە کاکڵی خواست و ئامانج و بەو ھەرێمەشەوە کە لە باشوور ھەیە.

ڕۆژەڤ: کۆمەڵێک لە ئەندامان و لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەنیسبەت هەموو کردەوەکانی حکوومەتی ئێران بێدەنگن کەچی لەدژی هەموو کردەوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن.

ئەم جۆرە چالاکییانەی ئەو کەسانە کە کوردایەتی دەفرۆشن بە خۆیان بە نەتەوەیی دەزانن چەندە لە پارادۆکسدان لەگەڵ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان؟ ئەو کەسانە خوازراو یا نەخوازراو نەکەوتوونەتە داوی حکوومەتی ئێران و وەکوو دارەدەست و ئەهرۆمی گوشار کەڵکیان لێ وەبگریردرێت؟

تا چەندە ڕەوتی باکوورتەوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەکەکە بەگشتی لە دژی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانە و بۆچی؟

ئەحمەدی: بەداخەوە پ.ک.ک نەخۆشی و دەردی "من تەوەری"یان"خود تەوەری" ھەیە. لە مەکتەبی پ.ک.ک و ئاپۆئیسم دا تاک وەکوو ڕۆبۆتە و مێشکیشیان وەکوو گرامافۆنە ، واتە ئێرادەیان لەخۆوە نیە. کەسێ و لایەنێ لاگەڵ وان نەبێ، دژی وانە، ڕاست وەکوو ئیسلامە دوای ھیجرەت بۆ مەدینە کە چۆن ئەوەی لە گەڵ واندا نەبوو بە ئایاتی مەدەنی حوکم دران. واتە جیاوازی نیە، مەکتەبی ئاپۆ یان پ.ک.ک لەە گەڵ مەکتەبی پەروەردەی ئیسلامی توندڕەو. چونکی ھەردوو لایان پێیانوایە کەس و لایەنێکی کوردی لەگەڵ ئەوان نەبێ، بێ ئەملاو ئەولا دژی ئەوانە. ئەوان بە نیسبەت ھەموو پارچەکان وا سیاسەت دەکەن بۆ وێنە ، ئەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، چەتری پاراستنی ئینجەرلیکی بۆ ھەرێمی کوردستان داناوە، کەچی پ.ک.ک ئێژێ: ئەو حکومەتەی لە باشوورە، داردەستی ئامپریالیزمی غەربە! ئەوە ھیچ پێوەندی بە کوردی باشوورەوە نیە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کوردی بەشوور بە پیش چاوی جیھانەوە، بەس لە سەردەمی بەعس و سەدام دا نزیکەی نیو ملیۆن شەھیدی داوە.

ڕۆژەڤ: پرسیاری هاوڕێیەک :لە روانگەی سیاسەتی جەنابت کە سیاسەت هۆنەری بەرژەوەندی یە ، ولاتانی دوژمن بە هەمو شێوەیەک حزبەکانی بەکار هێناوە بو ئەوەی دژایەتی سەربەخۆیی بکەن ئەوانەی کە تو دەکەی کامەیان گرنگترە لە سەربەخۆیی، سەربەخۆییەک کە هەزاران شەهیدی دراوە، بەڵام دەبینین کە هەندێک لایەن لە ئێرانەوە ئاراستە دەکرین بۆ دژایەتی سەربەخۆیی، برینی بودجەی لەلایەن بەغداوە و پلانی هاوبەشی حزبی یەکێتی و مالکی و ئێرانە بۆ وەستاندنی سەربەخۆیی تو باسی بناغەی فش و پوکاو دەکەی ئایا باسی ئەزمونەک ناکەی؟ کە ـ ۲۳ساڵە بە هەموو کەم و کوریەکانیەوە ئارام ترین و باشترین سیستمی هەلە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست؟

ئەحمەدی: ئەو ئەزمونەی بەڕێزت بە بەشترین نمونەی ئەزانی، لە ڕاستی دا دەکرا باشترین نمونە بێ، بەڵام ئەویش بەشی خۆی ڕۆژنمەنووسی لێ کوژراوە، بەشی خۆی بگرە و سجن بکەی تێدا بووە، بەشی خۆی ھەڵەواردنی تێدا بووە، نەدادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و بەزقی ئابووری تێدا بووە، دەکرا ئەو ئەزموونە سەدان قات باشتربێ، ئەو ھەرێمەی کە لە سەر زێڕ نووستووە، دەکرا سەرمایەکانی و داھات و سامانەکەی بەشێکی بەرچاوی با خەڵک سەرف بکرێ تاکوو ئەمڕۆ ئەزموونەکە بە قاێیمە پشتگیری کرابا. گەندەڵی دارایی پشتی ئەزمونەکەی شکاندووە.

بە نمونەیەک کۆتایی پێ بێنم

کاتێ خۆی بەرپرسێکی کۆمار دزی لە سندۆقی دارایی کردبوو، پێشەوە فەرمان دەکا لە کارەکەی لاببەن و پارەکەی لێ بستێننەوە و ناویشە وەکوو دزێکی گەندەڵ لە ڕۆژنامەی کوردستانە ئەوکات بڵاو کرایەوە تا ببێتە پەند.

پێویستە پێش ھەر شتێک گەندەڵی ئیداری و دارایی چارەسەر بکرێ ، لەسەرەوە بۆ خوارەوە.

ڕۆژەڤ: لە کۆتایی ئەم وتووێژەدا، زۆر سوپاسی بەڕێز ئەحمەدی دەکەین کە کاتی خۆیان بۆمان تەرخان کرد.

ئاواتەخوازین کە ڕۆژێک بێت کە هەموو کوردستان بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکان بپارێزن و بە ڕچاوی ئەو چەمکە لە کردەوەدا هەنگاوێک بەرەو سەرکەوتنی یەکجاری هەڵبگرین.

هەر بژین و بمێنن

بەدی بێت سەربەخۆیی کوردستان                       

نەمان بۆ نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان

نەمان بۆ داگیرکەرانی کوردستان

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلی کورد.