IMAG0702وتوێژێک لەگەڵ شەریف هەژاری ، مامۆستا لە بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی کە تیایدا کۆمەڵێک پرسیاری پەیوەست بە زانستی مێژوو بە تایبەت گرنگی ئەو زانستە و بنەما زانستیەکانی نوسینەوەی مێژوو و هەروەها دۆخی مێژوو لە کوردستان ئاراستەکرا و پاشان بەڕێزیان بە پوختی ئاخاوتنیان لەسەر هەریەکێک لەم پرسانە کرد .

شەریف هەژاری:   بە داخەوە دۆخی ئێستای نووسینەوەی مێژووی کورد بیریی ( خێڵایەتیی، ئاینیی و، حیزبایەتیی'' بەسەردا زاڵە!“  

دیمانە : عومەر ایزدخواە

 

گرنگی زانستی مێژوو بۆ گەلان و بۆ کورد چییە ؟ پێگەی لەنێو زانستە مرۆییەکاندا ؟

هەژاری : ئەگەر لەسەر بایەخی زانستی مێژوو قسە بکەین ، مێژوو لەلای گەلان، لەلای نەتەوەکان تر و وڵاتانی جیاواز، بە زانستی زانستەکان دادەنرێت، نەک هەر پێگەی لە نێو زانستە مرۆییەکان بگرە پێگەیەکی کاریگەری لە نێو زانستەکانیش دا بەگشتیی هەیە، واتە لە هەموو زانستەکاندا مێژوو بوونیەتێکی ئەکتیڤی هەیە و بۆ زانینی ڕووداوەکانی ناو زانستەکان و چۆنیەتی خۆپارێزی لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوە شوومەکان هەمیشە دەچنەوە سەر مێژووی خودی زانستەکە، بەمپێیە: زانستی میژوو لای ئەوان زیندووە و بە شێوەی دینامیکیش سودبەخشە و ئەوان ئەزموونی لێ وەرئەگرن!! بۆ نموونە:  ''مێژووی زانستی پزیشکیی، مێژووی کیمیا ، مێژووی فیزیا و مێژووی زانستە مرۆڤایەتییەکان و مێژووی سارستانییەتی مرۆڤایەتیی و زیندەوەرانی جۆربەجۆر و تا دوای''، دەخوێنرێ و کەڵکی لێ وەردەگیردرێ. بەڵام لای خۆمان تەنها زیاتر گرنگی بە مێژووی سیاسیی دەدرێت، بۆ نمونە: ئەوان دێن گرنگی بە مێژووی زانستی پزیشکی و جۆرەکانی دەرمان و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان بە ڕێگا جۆراوجۆرەکان دەدەن لە ناو مێژوو دا ، کە بەجۆرێ بەر لە ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەڕێگەی کەرەستەی سروشتیەوە چۆن چارەسەری هەندێ نەخۆشی کراوە!؟ چۆن بتوانن سودی لێ وەربگرن بۆ کۆمەڵگایەکی مۆدێرنی وەکو ئێستا!؟ هەروەها لە زانکۆی لەندەن دەمبینی خوێندکارانی بەشەکانی ئەندازیاری دەبرێن بۆ شوێنەوارە قەدیمییەکان و  ورد دەبنەوە بۆ مێژووی بەر لە ٣٠٠٠ ساڵی ئەندازیاری بیناکان، بۆ نمونە: بۆچی ئەو بینایانە تاکو ئێستا نەڕووخاون و نەکەوتونەتە سەر زەوی و خۆیان ڕاگرتووە !؟، مرۆڤە قەدیمییەکان چۆن و بە چ شێوەیەک پلان و نەخشەی بیناسازی و میعماری ئەو بینایانەیان کێشاوە !؟

writen history logoبەڵام گەللی کورد کە زیاتر بە تەنهاش گرنگی بە ''مێژووی سیاسی'یش دەدا کەچی لەم بوارەش دا هەر سەرکەوتوو نەبووە، چونکە ئەزموون لە هەڵە و ڕووداوەکانی ناو مێژووی سیاسیی خۆی و گەلانی دیکە وەرناگرێت!! ئەمە سەرەڕای ئەوەی نووسینەوەی مێژووی سیاسیش لای کورد لایەنگیریکردن و ئینتیمای حیزبیایەتیی و بیریی خێڵایەتیی و ناوچەیی بەسەریدا زاڵە!!

هەڵبەتە وەک وتم لە ڕوانگە سیاسیەکەیەوە کە گەلی کورد زیاتر گرنگی پێداوە و سودی لەو بوارەش نەدیوە، بەڵام بۆ نەتەوەکانی تر مێژووی سیاسی چەند گرنگیەکی هەیە :

یەکەم // سود لەهەڵەکانی ڕابردووی خۆیان وەردەگرن ( ئەزمونی لێ وەرئەگرن ) ، کە ئەزمونیشیان لێ وەرگرت ئەوکات دووبارەی ناکەنەوە .

دووەم //  ئەزمون لە سەرکەوتنی پلان و ستراتیژی ئیمپراتۆریەتەکانی ناو مێژوو وەرئەگرن، لە چۆنیەتی سیاسەتکردنیان لە ڕووداوە یەکلاکەرەوەکاندا دەکۆڵنەوە و، خۆشیان پراکتیزەی دەکەن بۆ ئێستا و ستراتیژیی داهاتووی پێ دادەڕێژن!

سێیەم // ئەزمون لە بەریەک کەوتنە ئایینی و باوەڕیی و مەزهەبیەکانی ناو مێژووی گەلان وەردەگرن و کارێک دەکەن بیریی فرەیی ئاینیی و بیروباوەڕ لە کۆمەڵگاکانیان دا سالار بێ و، بە یاسا ڕێ لە بیریی تاقانەیی تاک ئاینیی یان تاک مەزهەبی نەهێڵن، بەمەش مێژوو فێریان دەکا کە بەریەککەوتنی ئاینیی و بیروباوەڕ زۆر خوێنینە و کۆتایی نایەت گەر بە یاسایی بیری ڕێزلێگرتن و فرەپەسەندییەوە نەبێت.

چوارەم // ئەزمون لە بەرەوپێشوونە کلتوریی و تەکنەلۆجییەکانی ناو مێژووی کۆمەڵگاکانی تر وەرئەگرن.

بۆچی گەلان ئەزموون و سود وەرئەگرن!!؟  بۆ نمونە: ئەزمون لە ئیمراتۆریەتەکان وەردەگرن کە چۆن جەنگاون و شەڕیان کردووە !؟ یان ولاتانی پێشکەوتوو بە کام ڕێگوزەری مێژوویاندا ئەم پلۆڕاڵیزم و فرەییەی ئێستای کۆمەڵگاکانیان لە سیستمی سیاسیاندا هێناوەتە بوون!؟ هەروەها ولاتان ئەزمون لە مێژووی کلتوری پێشکەوتووی گەلانی تر وەردەگرن!! بەڵام ئایا ئێمە چۆن بتوانین لە مێژوویی پێشکەوتنە ژیاریی و سیاسییەکانی وڵاتان  سود وەرگرین!؟ لەگەل  کلتورە جوانەکانی کۆمەڵگاکەمان یەکانگیریان کەین و درێژەی پێ بەین و بەهەموو ئەمانەوە: پاشخانێکی شارستانی گرنگ بۆ کۆمەڵگای داهاتوومان بنیاد بنێین.

 بەداخەوە بۆ کورد مێژوو ئەو ئەهمیەتەی نییە، جا هۆکارەکانی چین! ڕەنگە بەشێکی ئەوەبێت کە بیریی خێڵەکیی-ناوچەیی-حیزبیی و مەزهەبییەکانی کورد لە پێش بەرژەوەندی نەتەوەوە دابنرێ لای تاکەکانی کورد بۆیە لە مێژووەوە ئەزموون وەرناگرن!! بەشێکیشی هۆکارەکانی سیاسەتیی نەگریسانەی داگیرکەرانە!

من پێم وایە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان بریتیە لە نا هۆشیاری کۆمەڵگا و تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی، کە تا ئێستا ئەخولێنەوە بە دەوری خێڵ-عەشیرەت-ناوچەگەریی-حیزبایەتییدا،  تەنانەت دەتوانم بڵێم حیزبایەتیش لە کۆمەڵگای کوردیدا بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەو حیزبایەتیە مۆدیرنە نیە کەلە کۆمەڵگای ڕۆژئاوا و کۆمەڵگاکانی دیکە هاتۆتە کایەوە، بۆ نمونە: هەرچەندە لە پاش ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیستەوە توێژیی نوخبەی کوردی بەشێکیان بوونە سەرکردە لە ناو کورد دا، ئەمانە بە باشی ئاگاداری مێژووی نەتەوەی کوردبوون، باش هۆشیاربوون لە ڕووداوە خیانەتکاریی و یەکترخۆرییەکانی ناو مێژوو کورد، کەچی جگە لە قاسملوو ئەوا لە ساتە سەختەکان و بگرە کاتە ئاساییەکانیش دا تەواوی سەرکردە دیارەکانی حیزبەکانی هەر چوارپارچە بە ''خیانەتیی نەتەوەی''یەوە دەگلێن!! بەڵام شیاوی ستایشی ناو مێژووی کوردە کە قاسملوو هاتووە حیزبایەتی لە دەرەوەی خێڵ بونیاد ناوە، هەروەها لە کاتە تەواو سەخت و نالەبارەکانیش دا بە هیچ خیانەتێکی نەتەوەییەوە نەگلاوە کە ئەمەش دەیسەلمێنێت ئەزموونی لە مێژووی کورد و گەلانی تری جیهان وەرگرتووە!!

بەڵام ئایا تا چەند کردەوەکانی قاسملوو لە ناو مێژووی کورد دا بووەتە ئامانج وڕەفتارگەلێکی دانسقەیە کە تاکەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان بیگرنەبەر و ئەزموونی لێ وەرگرن و ئەمە ببێتە شوناسی کوردی!!؟ ڕەنگە لای چینێکی نوخبە وابێت، کە خیانەت دووبارە نەکردنەوە شکۆ و شوناسی ڕێبەر و سەرکردە و تەنانەت ''خود-تاک''یش بێت، بەڵام بەگشتی لای تاکەکانی کورد خیانەتیی نەتەوەیی بڤە نییە و بەداخەوە تائێستاش هەندێ لە حیزبەکان و کادیرانیان دەیگرنەبەر لە پێناو ئامانجی حیزبیی و پارەدا!!

تایبەتمەندی مێژوونوسی ئەکادیمی و سەرکەوتوو چییە ؟ مێژوونوس کێیە ؟

IMAG0704هەژاری : چەند تایبەتمەندییەک هەیە کە لە زانکۆکانی ئەوروپا دامێژوونووسی هاوچەرخی پێ دەناسرێت، دەبێت کەسەکە هەڵگری بڕوانامەی زانستیی بێت لە مێژوودا، دەبێت بێ-لایەنی ''unbiased''بە توێژینەوە زانستتیەکانیدا ڕەنگی دابێتەوە، دەبێت بە هیچ جۆرێک هەوڵ نەدات زانیارییەکانی ناو دۆکیۆمێنت وسەرچاوەکان بۆ مەبەست و ئایدیای شەخسی بەکاربهێنێت کە زیادەڕۆیی و قرتاندنی تێدابەکاربهێنێت. بەکورتییەکەی: دەبێت مێژوونووس بێلایەنیی بە توێژینەوەکانیدا ڕەنگی دابێتەوە و پڕاوپڕ لە ڕووداوەکان بکۆڵێتەوە بە بێ زیاد و کەم. نابێت بیریی ''لایەنگیرخوازیی و ئایدۆلۆژیی و دینیی و مەزهەبیی و نەتەوە''یی بە توێژینەوەکانیەوە دیاربێت.

هەمیشە پڕۆفیسۆرەکانمان لە زانکۆی لەندەن بە وردی مەشقیان لە ڕێی توێژینەوە و مشتومڕی زارەکی پێ دەکردین بۆ ئەوەی تەواو ئامادەمان کەن وەک مێژوونووسێکی سەرکەوتوو بێینە بوون، واتە شێوازێکی وا وەربگریت کە تەواو بێ لایەن بیت ، بۆ ئەوەی مێژوو نوسێکی سەرکەوتووبی ئەبێ تەواو بەبێ لایەنانە لێکۆڵینەوە بکەیت و، لەدەرەوەی هەموو فکرێکی ناوچەیی و حیزبی و بنەماڵەیی و مەزهەبیدا توێژنەوەکانت بخەیتەڕوو .

دۆخی ئێستای نوسینیەوەی مێژوو چیە لە کوردستان ؟ بەراورد لەگەڵ ڕابردوو کورد توانیویەتی مێژووی خۆی بنوسێتەوە !؟

هەژاری : بە داخەوە دۆخی ئێستای نووسینەوەی مێژووی کورد زۆربەی هەرە زۆری هەر لە ''نووسینی بیرەوەرییەکان تا دەگات تەنانەت بە توێژینەوە مێژوویەکانی ناو زانکۆکان''یش ئەوا بیریی ''خێڵایەتیی، ناوچەیی، ئاینیی و مەزهەبیی، حیزبایەتیی'' بەسەردا زاڵە!! شەهادەداری بواری مێژوو هەیە لە کوردستان دا لە نووسینەکانیدا بۆ نموونە ''سەلاحەدینیی ئەیوبی'' ئەکاتە خیانەتکار، هەشە ''سەلاحەدینی ئەیوب''ی دەکاتە پاڵەوان و سیمبوول، واتە سۆز بە ڕوونی بەسەر نووسین و توێژینەوەکانیاندا زاڵە و بەمەش لە واقیعگەرایی ڕووداوەکە و وردبوونەوە لە دۆخی ڕاستەقینەی ڕووداوەکە بەدوردەکەونەوە!

نووسەر هەیە هەڵگری بڕوانامەی پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە ''مێژوو'' دا و خاوەنی چەندان کتێبی مێژووگۆڕییە!! کە هەوڵ دەدا ڕووداوەکانی ناو مێژووی کورد بگۆڕێت، بۆ نموونە: هەوڵ دەدا بۆ ساڵانی شەستەکان کەسێکی هەڵەوەڕ بکاتە ڕێبەری کوردانی خۆرهەلات و دەستکاری بەڵگەنامە و زانییارییەکانی ناو سەرچاوە مێژوویەکان دەکا و بە مەبەستی خۆی بەکاریان دێنێت!! ئەمە دەبوو وەک ئەوروپا بڕوانامەی لێ بسەنرێتەوە و دادگایی بکرێت بەڵام لەبەر بوونیەتی زاڵی شەڕەقۆچی حیزبایەتیی و کاریگەریی گوتاری داگیرکەران ئەوا شاباشیش دەکرێ!!

هەربۆیە بەداخەوە کاتێک تاکی کۆمەڵگا هوشیارنەبوو و کۆمەڵگاش پێشکەوتوو نەبوو، ئەوا ئەگەر ئەو تاکانە بڕوانامەی مێژووش بەدەست بێنن ناتوانن سۆز و لایەنگیریی کردنیان لە توێژینەوەکانیاندا نەهێڵن. نموونەیەکی دیکەت بۆ دەهێنمەوە: ئایا تا ئێستا کەسێک هەیە لە کوردستان کە سەر بە حیزبێکیی سیاسیی باشوری کوردستان بێت و هەڵگری بڕوانامەی بواری مێژوو بێت و بەزانستییانە و نەترسانە خیانەتە نەتەوەییەکانی حیزبەکەی بخاتەڕوو و زاڵ بێت بەسەر سۆز و لایەنگیریی کردنی دا !؟ بێ گوومان نەخێر!! دەی کەواتە ئێمە کەسانێکی زۆرمان هەیە کە هەڵگری بڕوانامەی بەرزی بواری مێژوون بەڵام مێژوونووسی ڕاستەقینەمان دەگمەنە کە خاوەن خەسڵەتی تەواوی مێژوونووس بێت، چونکە کلتورە حیزبیی و ناوچەیی و خێڵەکیی و دینییەکە وای کردووە تاکی وا پڕۆفیشناڵ و کارامە نەیەتەبوون!! وەک دەزانرێت زۆربەی هەڵگرانی بڕوانامەی خویندنی باڵا لە کوردستان بە ئیعازی حیزبەکان کاندید دەکرێن، ئەی ئیدی چۆن دەبنە پڕۆفیشناڵ و مێژوونووسی ئەکادیمیی!!؟ هەر بۆیە بەداخەوە دۆخی نووسینەوەی مێژوو لە کوردستان دا ئەستەمە بە پڕۆفیشناڵی بەڕێوەبچێت، بۆیە دەتوانم بڵێم کورد تاکە گەلە کە سود لە مێژووی وەرناگرێ، چونکە وەک خۆی لە مێژووەکەی ڕانامیت و ناینووسێتەوە کە خیانەتکار بۆ ئەبەد بخرێتە زبڵدانەوە و شکۆش بۆ نەتەوەپەروەرە ڕاستەقینەکان بگێڕدرێتەوە! هەر گەلێکیش ئەزمونی لە مێژووی خۆی وەرنەگرت هەمیشە هەڵە و تاوانەکانی دووبارە دەکاتەوە . لە کۆتاییدا بەڕێزتان گەر چیتان هەبێ و مابێ سەبارەت بەو پرسەی کە باسمان لەبارەیەوە کرد دەتوانن باسی لێ وە بکەن ؟

هەژاری : زۆر سپاس ماندوو بوون ئەزیەتتان کێشا، هیوادارم کوردیش وەک گەلانی تر ڕۆبچێتە ناو مێژووی ''مێژووی کلتوری، ئایینی، شارستانی ، سیاسیی و ..'' ئەزمون لە هەموو هەڵە و بەریەک کەوتنەکانی وەرگرێ، بتوانێ کۆمەڵگایەکی تەندروست و شارستانی وا پێک بێنێ هەر هیچ نەبێ هێندەی ئەو شارستانیە بێ کە باوباپیرانمان لە سەر خاکەکەمان بۆیان بنیاد ناوین .

زۆر سپاس بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەتان دا .