jalal rawangard 94به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی لاوانه‌وه‌ ده‌رفه‌تێك ده‌ستی دا تا له‌گه‌ڵ جه‌لال ڕه‌وانگه‌رد سكرتێری گشتیی یه‌كیه‌تیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پرس و باسه‌كانی هه‌شته‌مین كونگره‌ی یەکیەتیی لاوان كه‌ له‌ هاوینی ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌ چوو، وتووێژێك ساز بكه‌ین.

 

جەلال رەوانگەرد لەدایکبووی ١٠ی بەفرانباری ١٣٦٥ی هەتاوی لە شاری مەریوان، ئاستی خوێندەواری دیپلۆم رەدی، بە ماوەی ١٢ساڵە پێشمەرگە حیزبی دێموکراتە و هەر لە ١٦ ساڵەییەوە ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.


تێکۆشانی رێکخراوەیی لە کونگرەی ٢ەوە وەک ئەندام لە یەکیەتیی لاواندا و لە کۆنگرەی سێهەمەوە بە وەئەستۆگرتنی ئەرک لە بەڕێوەبەری کومیتەوە دەستی پێکردووە و دواتر لە کۆنگرەی ٤ بەرپرسایەتی کومیتەی ناوەندی ٢ی کوردستانی وەئەستۆ گرتووە و پاشان وەکوو موشاوێری کومیتەی بەڕێوەبەری گشتی دیاریکراوە و لە کۆنگرەی دواتر وەکوو بەڕێوەبەری ئەسڵی هەڵبژێردراوە و پاشان وەکوو هەیئەتیی ئیجرایی دیاری کراوە و لە کۆنگرەی ٧یش بە جێگری سکرتێری گشتی هەڵبژێردراوە و لەو ماوەی کار کردنی لە یەکیەتیی لاواندا لەسەرجەم بەش و ناوەندەکانی تێکۆشانی ئەو رێکخراوەیەدا چالاکیی هەبووە و لە دوایین کۆنگرەی رێکخراوەکەیاندا وەکوو سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان، هەڵبژێردراوە.

 

١/ دەکرێ کورتەیەک لەو باسانەی لە کۆنگرە هاتوونەتە بەرباس،بخەنەروو؟


کۆنگرە بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردانە لە هەر رێکخراوێکدا و لە کۆنگرەدا پێداچوونەوە بە کار و تێکۆشان و دارشتنەوەی سیاسەتێکی نوێی رێکخراوەیی، دەکرێت و دواتر دەستەیەکی بەڕێوەبەری بۆ ئەو پڕۆژە و بەرنامەکارییانە کە لەو کۆنگرەیەدا دێنە بەرباس، هەڵدەبژێرێت، کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانیش لەو چوار چێوەیەدا بەڕێوەدەچێ، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی تایبەت بۆ رەخنە لە رابردوو و پێشنیار بۆ داهاتوو کرایەوە کە لەو بەشەدا کۆمەڵێک پرۆژە و پێشنیاری گرینگ هاتنە بەرباس کە هەر لە یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری نوێ کرانە بەرنامەی کاری داهاتوومان و یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کە لەکۆنگرەی ٨دا پەسەند کرا زیادکردنی ماوەی تەمەنی ئەندامیەتیی بوو لە رێکخراودا کە ئێستا تەمەنی ئەندام لە ١٥ساڵ بۆ ٣٥ ساڵ زیاد کراوە، هەروەها بۆ گرنگیدانی زیاتر بە پەروەردەکردنی مێرمنداڵان، کۆنگرە بڕیاریدا کە تازە لاوانی ١٣ و ١٤ ساڵان وەکوو لایەنگری تەشکیلاتی یەکیەتیی لاوان وەربگیردرێن و لەو چوار چێوەیەشدا ئەرکی پەروەردەکردنیان دەکەوێتە سەرشانی یەکیەتیی لاوان، هەروەکوو لە راپۆرتی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کۆنگرەی ٨دا هاتووە، کۆنگرە ئاوڕێکی تایبەتیی لە کرماشان و ئیلام دایەوە و باسگەلێکی وەکوو بارودۆخی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران و ئاوڕدانەوەیەک لە مژاردە ئەورۆییەکانی جیلی لاو لە ئێران و کوردستان و منداڵان و ئەرکی یەکیەتیی لاوان و ئیسلامی سیاسی و توشبوون بە ماددە سڕکەرەکان، لەو تەوەرانە بوون کە لە کۆنگرەدا گرنگیان پێدراوە.

 

 

٢/ بەشداری لاوان لە بەڕێوەچوونی بەرنامەکارییەکانی کۆنگرە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟


ئەگەر بە واقعبینییەوە چاو لێبکەین و تەنیا لایەنی پۆزەتیڤی باسەکان نەبینین دەتوانین بڵێین لە هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەک و کۆنگرەیەک ١٠٠%ی بەشداربووان بەشداریان لە باسەکاندا نابێ و بەشێکی دیار را و رەخنە و تێبینیان هەیە، بەڵام لەسەر بابەتە چارەنووسازەکان و زۆر پلانی کاری دیکە، باس و موناقشەیەکی زۆر کراوە و رۆڵی نوێنەرانیش زۆر بەرچاو بووە کە ئەکرێ بڵێین زۆرینەیان بەشداری باسەکانیان کردووە.

 

٣/ بە باوەڕی جەنابت ئەو کۆنگرەیە چ جیاوازییەکی لەگەڵ کۆنگرەکانی دیکە هەبوو؟
زۆربەی بەرنامە و دەستووری کاری سەرجەم کۆنگرەکانی یەکیەتیی لاوان بە هندێک جیاوازی قۆناغی کاری رێکخراوەیی وەک یەک بوون، بەڵام دەکرێ بڵێن ئەو پرسەی کە پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو هەر هاوڕێیەک بۆ هەر بەش و بەرپرسیاریەتییەک خۆی کاندیدا دەکات دەکرێ بە ئازادانە و بە پڕۆژەی تایبەتی خۆییەوە و هەر بابەتێک کە پێوەندی بە کاری رێکخراوەییمان هەبێت، بیهێنێتە بەرباس، هەر وەکوو پێشتریش باسم کرد زیاد کردنی ماوەی تەمەنی ئەندامیەتیی یەکێک لە جیاوازیەکان بوو لەگەڵ کۆنگرەکانی دیکە و ئاوڕدانەوەیەک لە شارەکانی ئیلام و کرماشان و گرنگیدان بە منداڵان وەکوو رێکخراوی یەکیەتیی لاوان و هەروەها هەڵسەنگاندنی شێوە خەباتی نوێی حدکاو ئەرک دیاری کردن بۆ ئەو رێکخراوە لەو خاڵانەبوون کە لەکۆنگرەی ٨ بەچڕی باسیان لەسەر کرا.



٤/ رێکخراوەکەتان تا چەندە توانیویەتی سەرنجی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات و بە گشتی لاوانی کورد بۆ لای خۆی رابکێشێت؟
لەم بەشە لە کاری رێکخراوەییمان دەکرێ بڵێین کەمووکووڕیمان هەیە و دەبێت هەنگاوی جیدیی بۆهەڵبگرین بە تایبەت پردی پێوەندیمان لەگەڵ لاوانی ناوخۆ کە ئەم پڕۆژەیەش لە ئەولەویەتی کاری رێکخراوەییمان دایە، بەڵام لە کۆی گشتییدا رۆڵگێڕانی لاوان لە ئاست پرسەکانی لاوانی چوارپارچە و کوردستانی رۆژهەڵات بەرچاوە و توانیویەتی تا رادەیەک کاریگەری درووست بکات بەڵام هێشتا زۆر هەنگاومان ماوە تاکوو بتوانین کاریگەری جیدیی لەسەر پرسی لاوان و کێشە و داخوازییەکانیان لە ناوخۆی کوردستانی رۆژهەڵات، دابنێین.

 

٥/ پێوەندیی رێکخراوی لاوان لەگەڵ رێکخراوەکانی لاوانی بەشەکانی دیکەی کوردستان چۆنە؟
لەو ڕووەوە دەکرێ بڵێم زۆر لە پێشین و ماوەی سالانێکە لەو پێوەندییەدا هەنگاوی زۆر جیدی و کاریگەرمان ناوە. پەیوەندیمان لەگەڵ رێکخراوەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان زۆر ئەرێنییە، بە تایبەت رۆڵی هاوڕێی بەڕێزم کاک فواد خاکیبەیگی لەو بەشەدا زۆر بەرچاو بووە، بەو هیوایە بتوانین لە داهاتووشدا کاریگەرتر و بەرچاوتر ئەو رۆڵانە بگێڕین و پەیوەندییەکان چڕ و پڕتر بکەین.

 

٦/ ئێوە بەرەو ٧٠ ساڵەی تێکۆشانتان دەڕۆن، بۆچی تا ئێستا تەنیا ٨ کۆنگرەتان بەستووە؟
قۆناغە مێژوویەکانی خەباتی یەکیەتیی لاوان کە دابەش دەبیت بەسەر ٣ قۆناغدا هەرکام بە پێی هەلومەرج و شەرایەتی زەمانی و مەکانی، یەکیەتیی لاوان توانیوویەتی تێکۆشانەکانی خۆی بەرەو پێش ببات،
بۆ نموونە لەسەردەمی کۆماری کوردستان و دامەزراندنی ئەو رێکخراوەیە ئەرکی کۆکردنەوەی توێژی لاو لە دەوری کۆمار و پەروردە و بارهێنانیان بە زمان و داب و نەریتی کوردەواری و ئاشنا کردنیان بە مافەکانیان، وەئەستۆ گرت، لە قۆناغی دووهەم و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەشێکی بەرچاو لە لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات روویان لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات دەکرد بەڵام تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بوو ئەو کاتە بنکەکانی یەکیەتیی لاوان دامەزرانەوە و ئەو لاوە کەمتەمەنانەیان لە دەوری خۆ کۆ دەکردەوە، بەڵام بەگشتی بە دوای ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی سەرلەنوێ بنکەکانی یەکیەتیی لاوان بوژانەوە و هێڵە گشتییەکان و ستراتیژییەکی نوێ و بەرنامە و پێڕەو داڕێژرانەوە و لەو کاتە بەدواوە هەر ٢ ساڵ جارێک رێکخراوەکەمان کۆنگرەکانی خۆی بەستووە.

 

٧/ ئاکامی کۆنگرەی ٨ی لاوان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
ئەوە دەگەرێتەوە بۆ دەستەی بەڕێوەبەری نوێ و تاچەند بتوانین پلان و پرۆژەکاریەکانی کۆنگرەی ٨ کە بە بەڕێوەبەری نوێی سپاردووە، بەڕێوەببەین. ئەو کارەش لە کۆتاییەکانی تێکۆشانی ئەو ماوە کارییەدا دەر دەکەوێت، گەشبینم و هەنگاوەکانمان بۆ بە ئاکامگەیشتنی پلان و پرۆژەکارییەکانمانە و ئاواتەکانیشمان هەنگاونانە لە راستای خواست و چاوەڕوانییەکانی توێژی لاو بە گشتی و بەتایبەتیی ئەندامەکانی رێکخراوەکەمان.

 

٨/ ئەرکی یەکیەتیی لاوان لەگەڵ هەلوومەرجی ئێستای خەباتی نەتەوەی کورد، چۆن دەبینن؟
ئێمە چ وەک توێژی لاو و چ وەک یەکیەتیی لاوان لەهەمبەر ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان خۆمان بە ئەرکدار دەزانین لەگەڵ ئەوەشدا وەک یەکیەتیی لاوان بەرامبەر ئەندامەکانمان و توێژی لاوی کوردستانی رۆژهەڵات بەرپرسیارەتیمان لەسەر شانە کە لە راستای خواست و چاوەڕوانییەکانی ئەوان هەنگاو هەڵبگرین و لەهەمبەر بەرنگاربوونەوە لەگەڵ کێشە و گرفتەکان و کەم کردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان خۆ بەئەرکدار دەزانین و دەبێت هەنگاوی جیددی بۆ هەڵبگرین.

 

٩/ لە کۆتاییدا چ وتەیەکت بە گشتیی بۆ لاوان و بە تایبەت بۆ لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات هەیە؟
خۆ بەئەرکدار زانین لەهەمبەر توێژی لاو و ئەندامانی یەکیەتیی لاوان لە هێڵە گشتییەکانی رێکخراوەی یەکیەتیی لاوانە و ئێمە هەوڵەکانمان لە راستای وەدیهێنانی خواستەکانی توێژی لاوە، و گرینگی دان بە پرسی لاو لە هەر چواربەشی نیشتمان و بەتایبەت لە کوردستانی رۆژهەڵات ئەرکی رێکخراوەیی ئێمەیە.


داواکارین لەسەرجەم لاوانی کورد بەتایبەت ئەندامانی یەکیەتیی لاوان لەراستای بەرەوپیشچوون و وەدیهێنانی خواستەکانیان، هاوکار و رێنمامان بن و چۆن لە پێشتر سەلماندوویانە کە پشتیوانی بزووتنەوەی خەباتی رزگاری خوازانەی نەتەوەکەیان بوون، ئێستاش پشتیوانی دووبارە بوژانەوەی خەباتی نوێی حدکا و یەکیەتیی لاوان بۆ بەرگری کردن لە ئامانج و دەستەکەوتەکانمان بن.

 

 

هەڤپەیڤین: ئیدریس ستوەت