لاوان: وتوێژێک لەگەڵ بەڕێز ئارام جەمال ، یەکێک لە کەسایەتیە دیار و چالاکەکانی بواری چالاکی ڕێکخراوەیی کۆمەڵگای مەدەنی باشوری کوردستان ، کە تیایدا کۆمەڵیک پرسیاری بابەتی پەیوەست دۆخی سیاسی لاوان و پەیوەستکردنەوەی بە بیروبۆچون و کاری ڕێکخراوەییان ئاراستە کراوە .IMG 060611

 

سەرەتا وەک کۆمسیۆنی ڕاگەیاندنی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران خۆشحاڵی خۆمان دەردەبڕین لە ووتوێژکردنی ئەمجارە لەگەڵ بەڕێز تان .

تایبەتمەندیەکانی باشترین سیستەمی حوکمڕانى لای بەرێزتان چییە ؟؟
و// بەلای منەوە سیستمى نوێنەرایەتی پەرلەمانی گونجاوترین سیستەمی حوکمڕانییە بۆ ئەو دەوڵەتانەى لە میراتییەکى دیکتاتۆرى و ستەمکارییەوە هاتوونەتە دەر، ئەویش لەو روانگەیەوە کە سیستمی پەرلەمانی ڕەنگدانەوەیبەرژەوەندییەکان و جیهانبینى زۆربەی چین و توێژەکانە و تێیدا گروپ و پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینییەکان دەتوانن لە رێى پەرلەمانەوە بەڕەنگ و شێوەو کێشی دیموگرافى و سیاسی خۆیانەوە دەربکەون. واتە مەبەستمە بڵێم بوونی

سیستمێک کە سەرۆکى وڵات لەژێر چاودێر دامەزراوەى پەرلەماندا بێت و مافى لابردنیشى هەبێت

، بەو پێیەى سەرۆکى وڵات لەلایەن خودى پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و ڕۆڵێکى سیمبولیکى و تەشریفاتى هەبێت. ئەو ئەزموونانەى لە خەباتى چەکداریی و شۆڕشگێڕییەوە هاتونەدەر، بەشێکى زۆر لە سەرکردەکانى دەیانەوێت کار لەسەر هێشتنەوەى میراتى شەرعیەتى شۆڕشگێڕى بکەن و دامەزراوەى حوکمڕانى مۆدێرن ئیفلیج یان لاواز بکەن بەجۆرێک بیانکەنە پاشکەوتەى خۆیان ، ئەمەش گەورەترین گرفتى حوکمڕانێتییە لە دنیاى ئێمەدا.

گرنگی هەڵبژاردنن چۆن دەبینن لە چوارچێوەی سیستەمێکی سیاسی سیکۆلار و دێموکراسی و بەهادار و نمونەیی ؟؟
و// تەبیعی ناتوانین باس لە دێموکراسی بکەین و باسی هەڵبژاردن نەکەین ، بەڵام مەرجیش نییە کە هەڵبژاردن کرا بەمانای ئەوە بێت سیستەمەکە دێموکراسیە ، هەڵبژاردن یەکێکە لەپایەکانی دێموکراسی، لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵبژاردنیش دەکرێت و دیکتاتۆری لە فۆڕمی جیاواز جیاوازدا نیشان دەدرێت ، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەو هەڵبژاردنەی کە دەکرێت پاک و بێگەرد و هەڵبژاردنێکی دێموکراسی نییە ، بەڵکو پێشوەخت ڕێکخراوە و تاڕاددەیەکی زۆر ئەنجامەکانیشی دەزانرێت ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی گشتی لەسەرەتای قۆناغی بەرەوپێشچون بەرەو هەڵبژاردنێکی دیموکراسیدایە جارێ زۆری ماوە بۆ قۆناغی پێویستی ، تاوەکو هەڵبژاردنەکانیش پاک و بێگەرد نەبن بەمانای ئەویە کە سیستەمە سیاسیەکان دێموکراسیەت تێیاندا کامڵ نەبووە و لەسەر پێی خۆی ناوەستێ .

ئەو ڕێکخراوەی کە بەڕێزتان لێی بەرپرسی گشتین مەبەستم لە ( پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن ) ە ، لەماوەی مانگی ڕابردوودا سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی حیزبێکی سیاسی باشووری کوردستانی کرد کە ( بزوتنەوەی گۆڕان بوو ) ، کەواتە بە گرنگیەوە دەڕواننە پرۆسەی هەڵبژاردن لەنێوخۆی حیزبەکانیشدا ؟؟
و// تەبیعی تەجروبەیەکی زۆر تازەیە کە ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی لەگەڵ پارتی سیاسیدا لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەیەک بگەن ، وە حیزبی سیاسی جەرائەتی ئەوە بکات ڕێکخراوێک لە دەرەوەی خۆی بهێنێت و بیکات بە چاودێر بەسەر هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانیەوە ، تا ئێستا ئێمە چوارەمین جارە بەشدار دەبین لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ، زۆر بەلامانەوە گرنگە ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی چاودێری حیزبی سیاسی بکات ، چونکە حیزبی سیاسی لە دونیای ئێمەدا زیاتر حیزبی داخراون و شەفافیەتیان کەمە ، لەبەر ئەوە حیزبە کوردیەکان جەرائاتێکی لەو شێوەیان کەمە ئەگەر باسی وڵاتانی عەرەبی و فارسیەکان و دەوروبەرمان هەر نەکەین ، بەگشتی ڕێگە نادەن دونیای دەرەوە ئاگای لە ڕەوتی پرۆسەیەکی گرنگی وەک هەڵبژرادنەکان بێت لەناوەوە ، ئێمە قەناعەتێکمان هەیە کە نابێت دێموکراسی تەنها کوردت بکرێتەوە لە هەڵبژاردنە گشتیەکانی وڵاتددا وەک هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنەکانی تر ، بەڵکو بەپێویستی دەزانین دابەزێتە خوارەوە بۆ ئاستی پارێزگاکان و بەڕێوەبەریە خۆجێییە بچوکەکان و دەزگاکان تەنانەت زانکۆ و خوێندگاکانیش و هەروەها پارتەکانیش وەک باسمان لێیەوە کرد ، ئەبێ لەوێ وە هاوڵاتی فێری دێموکراسی بکرێت ، چونکە ناببێت بە کەلتور ئەگەر بێت و هاولاتی لە مناڵیەوە فێر نەکرێت و نەیبینێت ، فێرکردنیش بە دروشم نابێت ، بە شیعاری سیاسی نابێت ، بەڵکو بە پراکتیک دێتە ئاراوە .. بە حوکمی ئەوەی حیزبی سیاسی لە واقیعی ئێمەدا بەگشتی مەوقعێکی سەنتەر ئامێزانە و چەقی هەیە ، هەر ئەو کەسانەی کە پێشوتر لەو حیزبانەدا بوونە ئەچنە ناو پۆستە گشتیەکانی حکومەت و پەرلەمانەوانێ ، بۆیە ئەگەر لەوێ دێموکراسی نەبێت ناتوانین چاوەڕێی ئەوە بکەین پەرلەمانێک و حکومەتێکی دێموکراسیمان هەبێت ، بۆیە زۆر گرنگە هەوڵبدرێ هانی پارتەکان بدرێت کە ژیانی ناوخۆی پارتە سیاسیەکان دێموکراتیزە بکرێت ، چونکە ئەگەر ئەوە نەکرێت وەکو باسمان کرد دەسەڵاتێکی دێموکراسی نابێت ، لێرەوە وەکو ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی داوا لە پارتە سیاسیەکانی تریش دەکەین کە هەنگاوی لەو شێوەیە بنێن و داواشمان لێکردون .

گرنگی رێکخراوە سێنفیەکانی وەک لاوان چۆن هەڵدەسەنگینن وابەستە بە کۆمەڵگایەکی دێموکراسی ؟؟
و// ئاساییە پارتی سیاسی ڕێکخراوی تایبەت بە لاوان و قوتابیان و چینە جیاوازەکانی هەبێت ، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە ئەو حیزبە سیاسیانە ڕێگە بدەن بە لاوەکانیان کە تیایا فێری پەروەردەی مەدەنی و پەروەردەی سیاسی و پەروەردەی دێموکراسی بکرێن ، لەوە زیاتر پێویستە لاوان مەقعەدی تایبەتیان هەبێت لەناو موئتەمەراتەکاندا و بەهەڵبژاردن نەک مەکتەبی سیاسی لەسەرەوە کەسێک دیاری بکات و بیکاتە سەرۆکی ڕێکخراوەکان، بەڵکو دەبێت خۆیان لە خوارەوە هەڵبژاردن بکەن و سەرۆک و دەستەکانی سەرەوە دیاری بکەن ، کاتێک دێین سەیری مێژووی بەشیکی زۆری سەرۆکە گەورەکانی دونیا دەکەین ، دەبینین لە رێگای ئەم ڕێکخراوە مەدەنى و کۆمەڵایەتیانەى لاوان و گەنجان و خوێندکارانەوە چونەتە ناو پارتی سیاسی و دواتریش بەشداریان کردووە لە بەڕێوەبردنی پۆستە گشتیەکانی وەک سەرۆکی وڵاتیش ، بۆیە ڕێکخراوەکانی وەک لاوان ناوەندی گرنگن تاوەکو لاوان باربێنن بە کەلتور و ژیانی دێموکراسی ، ئەوەش لەسەرئەوە کەوتووە کە ئایا پارتەکە تاچەند بۆخۆى ژیانى دیموکراسی لەناو خودى خۆیدا پیادە دەکات و تاچەند دەخالەت لە کاروباری ناوخۆی ئەو ڕیکخراوانە دەکات ، بەڵکو لەسەر پارتەکان پێویستە ڕێکخراوەکان تا ڕادەیەکی باش بەسەربەخۆ بهێڵنەوە و ئەو ڕێکخراوانە بتوانن ببنە ناوەندێکی ڕاهێنان و پێگەیاندنی چینی لاوان .

لەکۆتاییدا سپاسی بەڕێزتان دەکەین بۆ ئەو دەرفەتە .ش