لاوان: ووتوێژێک لەگەڵ بەکر بایز عەلی شارەزای بواری ماددە هۆشبەرەکان و کەسایەتێکی بەئەزموون لەو بوارە و خەڵکی شاری قەڵادزەی ناوچەی پشدەر ، هەروەها هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان ، تیایدا چەند پرسیار و وڵامێکی 10584111 10202658876651427 341989588 nتایبەت بە ماددە هۆشبەرەکانی لەخۆ گرتووە .


سەرەتا وەک کۆمسیۆنی ڕاگەیاندنی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران خۆشحاڵی خۆمان دەڕدەبڕین لە ووتوێژکردنی ئەمجارە لەگەڵ بەڕێز بەکر بایز عەلی ، پرسیاری یەکەممان ئەوەیە کە باس لە مێژوویەکی ئالودەبوون بکەن ، لە ناوچە ؟؟
و// موادی موخەدیر مێژووەکی دوورودرێژی هەیە ، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٧٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا ، کە لە میسری کۆن و یۆناندا بەکارهاتووە و پێی ووتراوە " گیای شیفا بەخش و شادی هێن " بەڵگەی ئەو مێژووەش دۆزینەوەی وێنەی گوڵی خەش خاشە کە هەڵکێندراون لە سەر بەردەکان ، ٣٠٠٠ ساڵیش پێش ئێستا ، کلدانیەکان ، بابلیەکان ، ئاشووریەکان ، ئاشنایەتیان لەگەڵ موادی موخەدیردا هەبووە ، ١٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا لە نێو عەرەبدا بەهۆی فتوحاتی ئیسلامی و بازرگانیەوە ، بەنێویاندا بڵاوبۆتەوە ، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە تاریخی نزیکەوە هەیە ، ئێمە[1] لەبەر ئەوەی هاوسنورین لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ، ئەگەر یەکێک بیەوێت شارەزایی پەیدا بکات لەو موادە و ئالودەبون و ئیحتیاد ، ڕاستیەکەی دەبێت بە تاریخی ئێراندا بچێتەوە ، کە سەرەتای سەرهەڵدانی بەشێوەیەکی هەستپێکراو بۆ سەردەمی سەفەویەکان دەگەڕێتەوە ، ئەوکاتە بەڕیتانیەکان زیاتر دەیانویست بەمەبەست بڵاوی بکەنەوە ، لە ڕێگای سەفیرەکانیانەوە لە تاران ، هەوڵیان دەدا شازادە و فەرماندە و بەرپرسەکان .. وردە وردە ئاشنایەتیان لەگەڵ ئەو موادانە پەیدا بکەن ، تەنانەت کەرەستەی کێشانیشیان بۆ دەهێنان ، بۆ ئەوەی ئاڵودەیان بکەن و دەست بخەنە نێو کاروباری وڵاتەوە ، بۆ ئەم مەبەستە شا عەباسی سەفەوی هەوڵێکی زۆریدا بۆ رێگری و کاربەدەستانێکی زۆری لەسەر کار لادا ، بەڵام نەیتوانی پێشی پێبگرێ ، لە دوایدا وایلێهات شاکانیش خۆیان ئالودەبون ، لەوانە شا حوسێنی سەفەوی .. لەدوای ئەوەش لەسەردەمی قاجاریەکانیش ، کە هەر بریتانیەکان باڵادەست بوونە ، ئەمجارە هاتن بە کۆمەڵێک ڕێگای تر ئەو موادانە بڵاوبکەنەوە ، یەکێک لەو ڕێگایانە ئەوەبووە ، کاتێک سیمی تەلەگرافیان ڕادەکێشا لە لەندەنەوە بۆ وڵاتی هند ، ئەوکاتە کۆمپانیای " هیندی ڕۆژهەڵاتی " سەرپرشتیان دەکرد ، عەدەدێکی زۆری کرێکاری هیندی دەهاتن لەبەیانی تا ئێوارە ئەرزیان هەڵدەقەند ، خەڵکەکەی تەماشای دەکرد ئەوانە لە بەیانی تا ئێوارە ئیش دەکەن و ماندو نابن ، دەهاتن لێیان دەپرسین بۆ ماند و نابن ، وڵامیان دەدانەوە ، کە ئەوان بەیانیان پێش کارکردن تلیاکیان دەدرێتێ بۆ ئەوەی زۆرترین ئیش بکەین ، فیعلەن ئەوە تەئسیری خۆی دانا ، بێجگە لەوەی ، کە پەرلەمانی ئەوکاتەی قاجارییەکان لائحەیەکی قانونی دەرکردبوو ، سوتوی تلیاک مسقاڵێکی بە ٣ عەباسی دەفرۆشرا ، بەڵام تلیاک بۆخۆی بە ١ عەباسی ، بەمەبەستی ئەوەی کابرا زۆرترین تلیاک بخوا ، هەر لەو سەردەمە ١٨ لە کۆی ٢٢ ئوستان خەشخاشی لێ دەچێنرا .. لەسەردەمی پەهلەویەکاندا ، کە ئەمریکاییەکان باڵا دەست بوون لە ئێراندا ، دۆزرایەوە ، کە دوو باشترین شوێن لەسەر ئەرز بریتین لە " کرمان و شنۆ " ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ چاندنی خەشخاش ، ئەوکاتە باشترین تلیاک پێی دەوترا " سیناتۆری " کە زۆرترین ڕێژەی " مۆڕفین "ی تێدایە ، دیارە سێ شوێن لە دونیادا زەمینەکەیان زۆر لەبارە بۆ چاندنی خەشخاش ، ئەو دووشوێنەی کە باسکران لەگەڵ ئەزمیری تورکان ، دیارە لەو سەردەمە لە نێو پیر و لاواندا پەرەی سەندبوو ، ئەو پیرانەی لە نەخۆشخانەکاندا پەکیان دەکەوت ، تلیاکیان بۆ دەنوسرا ، دیارە لەمەرکەزەکانی پۆلیس ، بە کۆبون دەیاندایە بە زیادیشەوە ، بۆ lawan_mwxederatئەوەی هەندێکیشی بفرۆشێتەوە ، لاوانیان دابەش کردبوون بۆ چەند جۆرێک ، لەوانە خوێندکاران ، وەرزشکار ، " کدرهای محل " کە لەکوردیدا شەقاوەی پێ دەوترێ ، پۆلیس هەوڵیدەدا لاوانی جۆری سێهەم کۆنتڕۆڵ بکات ، لەڕێگای پێدانی تلیاکەوە ، کە ئەشرەف پەهلەوی یەکێک بووە لە قاچاغ چیە بەناوبانگەکانی تلیاک ، تەنانەت لەسەر ئاستی دونیاش ، لە فەڕەنسا باندێکی موادی موخەدیر تەقەیان لێکرد و پاسەوانێکیان لێی کوشت .. لە ئێستادا سەردەمی حوکمی کۆماری ئیسلامی گرنگە ، کە لەگەڵ هاتنیدا ئەو دیاریدەیە وەک میراتێک بۆی بەجێمابوو ، ڕژێمی تازە حەملەیەکی گەورەی کرد بۆ بنبڕکردنی ، بەشۆفڵ مەزراکانی گوڵی خەش خاش تێکدران ، یاسای تازە دەرکرا بۆ قەدەغەکردنی ، دادگای تایبەتیان بۆ کردەوە ، بۆ داگایی کردنی ئەوانەی دەیخۆن و بازرگانی پێوەدەکەن و دەیچێنن ، کە ئەم دادگایە هەستا بە ناونوسکردنی هەموو ئەو خەڵکانەی کە موعتاد بوونە و فۆڕمی تایبەتیان پێ دەدان ، کە لەسەر فۆرمەکە وێنەیەکی فیشەکی کڵاشینکۆفی لەسەربوو ، ئەمەش بەمانای ئەوەی کە خۆی بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر هەر ئیجرائاتێک کە دەوڵەت لەگەڵیدا بکات ، سەرجەمی ئەو هەوڵانەی رژێمی تازە کێشەی کۆمەڵایەتی گەورەی دروستکرد ، کە دەیان کەس بەهۆی دەست نەکەوتنی ماددەکانەوە لە کاتێکدا موحتادبووبوون ، خۆیان لەناوبرد ، بە کورتی ئەوەیە ، کە ڕژێمی تازە لە سەرەتادا مبارزەی توندی کرد دژی ماددە هۆشبەرەکان ، ئەوەی کە پەیوەندی بە تاریخەوە هەیە ، ئەوە بوو کە باسم لێوە کرد لەسەرەتاوە.

پ/ دەتوانین بڵێین کە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکەوتوو نەبوو لە پێش پێگرتنی ، یان بە واقیعی میکانیزمی گونجاوی بۆ دابنێ ، نەک بڕیارێک دەرکەی کە خەڵک تەحەمولی نەبێت ؟؟

و// میکانیزمەکە وەکو باسم کرد ، یاسای تایبەتی بۆ دەرکرا ، دادگای تایبەت کرایەوە ، مەزراکان تێکدران ، بەڵام لە ڕاستیدا ئیجرائاتەکان زۆر خێرا و توند بوون ، کە لەجیاتی ئەو ڕێگا نەڕێنیە ، ڕێکاری زانستی و مەعریفی هەیە ، یان بە کردنەوەی دەوراتەکان ، ئەلموهیم ئەوە یەک ساڵ بوو کە ڕژێمی تازە هاتبووە سەر کار ، بەڵام بە هەڵگیرسانی جەنگی ئێران عێڕاق ، ئێران زیاتر مەشغوڵ بوو بە شەڕەوە ، ئەمەش وایکرد هەرچی مەرزی ئەغڤانستان پاکستان ، کە مەرزێکی دوورودرێژە هەمووی ئاوەڵا بێت ، ماددەکان زۆر بڵاوببونەوە و پەرەی زیاتری سەند ، کە تەنانەت ئەوکات کەسێک هەبوو بەناوی " حاجی بەلوچ " لەمەرزی ئەغڤانستان ، فەرماندەیەکی باڵای بازرگانە تلیاکیەکان بوو ، جیهازی " ڕازید " ی هەبوو ، کە دروستکراوی فەرەنسایە ، چاودێری هەموو حەرەکاتێکی جەیشی ئێرانی دەکرد ، لە سوپای پاسداران و بەسیج و ئەرتەش و نیروی ئینتیزامی تاساڵی ٢٠٠١ی زاینی زیاتر لە ٤٠٠٠ کەسیان لێ کوژراوە لە مبارزەکردن لەگەڵ ئەو گروپانە ، جا ئەوانە لە مەعرەزیک لە تاران ناویان تۆمارکراوە ، .. دوای جەنگی هەش ساڵە هێزە سەربازیەکانی ئێران عەمالیاتیکی موشتەرەکیان پێکهێنا و حاجی بەلوجیان کوشت ، بە جۆرێک توانیان سەیتەرەی موادی موخەدیر بکەن ، بەڵام نەیانتوانی بنبڕی بکەن .. ئێستا ئێران نەک هەر نەیتوانیوە ئەم دیاریدەیە لەناوبەرێ ، بەڵکو زۆر پەرەی سەندووە ، بەپێی ئامارێکی فەرمی ساڵی ٢٠٠٦ ی زاینی زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس ناوی تۆامر کراوە ، کە تلیاک کێشن ، ئەی دەبێ چەند ملیۆن کەس موعتاد بێت و ناوی نەنوسرابێ ، تەنانەت وا بەربڵاوە ، کە بۆتە عورف و عادات.

پ// وەک دەبینن لە هەرێمی کوردستاندا ڕێگرییەکی زۆر کراوە و دەتوانین بڵێین تاڕادەیەکی باش ڕووبەڕووی بونەتەوە ، بەڵام بەداخەوە خەڵکانێک هەن مامەڵەی پێوەدەکەن ، ڕۆڵی ئێران یان ئەو کەسانەی کە بازرگانی پێوە دەکەن لە سەر سنورەکان چۆن دەبینن ؟؟

و// ڕاستیەکەی هەرێمی کوردستان تا ساڵی ١٩٩١ی زاینی ناوچەیەکی زۆر داخراو بوو لە ڕووی موادی موخەدیرەوە ، لەبەرئەوە بەشێک بووە لە عێڕاق ، تەنانەت ئەگەر ماڵێک هەبووبێت لە هەرێمی کوردستان و کەسێکیان حەشیشی کێشابا ، ئەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە زۆر تەئسیری مەنفی لەسەر بووە ، کە دەروجیرانەکانی ئامادەنەبوونە پەیوەندی لەگەڵ ببەستن ، بەم شێویە تاک تاک وجودی هەبووە ، بەڵام بەداخەوە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ سنورەکان ، بەڕاددەیەکی زۆر ئاوەڵا بوون ، یەکیک لەوانە مەرزەکانی ئێرانە ، جگە لە مەرزە یاساییەکان سنورەکە هەمووی ئاوەڵایە ، لەبەرئەوە قاچاخچیەکانی موادی موخەدیر بە ئارەزووی خۆیان دەتوانن بێن ، خۆتان دەزانن ئەگەر دوو وڵات هاوسنور بن بە چاک یان بەخراپ کاریگەریان لەسەر یەکتری دەبێت ، ڕاستیەکەی هەتاوەکو ڕۆژهەڵاتی کوردستان پارێزراو بوو ، بۆ باشوریش زۆر ئیجابی بوو ، بەڵام ئێستا ئینسان ئەوەی دەیبیستێ و دەیبینێ کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش ئەو دیاریدەیەی تێدا تەشەنەی کردووە بەداخەوە ، جگە لەوەی ئێمە هاومەرزین و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و کلتوری و نەتەوەیی پتەومان هەیە ، خەڵکێکی زۆریش هەیە لەگەڵ نیشتەجیبوونی لێرە پیشەکەی دەگوازێتەوە بۆ ئێرە ، یان کۆمەڵە خەڵکێک کە پێشوتر ئاوارەبونە و یانیش بەمەبەستی کارگەری ڕوویان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران کردووە ، کە دەگەرێنەوە لەگەڵ خۆیان پیشەکە دێنن بۆ ئێرە ، جا ئەوانە تەئسیراتی زۆر مەنفیان هەیە ، بێجگە لەوەش ئێستا ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای ئێرانی لێرەیە ، مەبەستی من لە ئەفرادەکانیەتی زیاتر ، جا لەبەرئەوە دەتوانم بڵێم ئێستا هەریمی کوردستان لە چوارچێوەی ئالودەبون دایە ، جیا لە وڵاتی ئێران ئێستا لە ناوجەکانی ناوەڕاستی عێڕاو و بەتایبەت پارێزگای دیالە گوڵی خەش خاشی لێ دەچێنری ، کە ئەمەش حەتمەن کاریەگەری زۆری هەیە ، بۆیە ئەو ئالودەبونەی هەریمی کوردستان هەرچەن لە قۆناغی سەرەتایی دایە ، بەڵام ئەگەر پێشی پێ نەگیرێ ، دڵنیام بەرەو خراپتر دەچێت .

پ// کاتێک بەرێزتان ئەو شارەزاییە باشەی کە لەم بوارتاندا هەیە ، بە حوکمی ئەو ئەزمونە زۆرەی هەتانە و بەشداری زۆر پێشانگات کردووە و ئەوەندەی ئاگادار بم لێکۆڵینەوەی زانکۆشتان هەر لەسەر ئەو موادانەیە ، ئەو کەسانەی کە بینوتن و ئالودەبوونە ، ئەو کەسانە تاچەن ئاسودەبونە لە ژیان و زیاتر لە چ توێژێک بوونە ؟؟

و// ڕاستیەکەی ئەوە بابەتیکی ئاڵۆزە ، چونکە مەترسی موادی موخەدیر تەنها لەوەدانییە کە ویست و ئیرادەی مرۆڤ لاواز دەکات و جەستەش گیرۆدە دەکات ، مەترسی گەورە ئەوەیە کە بە سەرجەم کۆمەڵگا جیاوازەکاندا بڵاو دەبێتەوە ، ئاسایی و ئەفریقایی و ئەوروپی و خۆشگوزەران و فەقیر و بەکاربەر و بەرهەمهێن و .. ، لەڕووی تەمەنەوە زیاتر ١٥-١٦ تا دەگاتە ٢٨-٣٠ ئەوانە توشی ئەو دیاریدەیە دەبن ، وەک دەزانن ئەوانەی لە هەرزەکاریدان زیاتر دەیانەوێ بە رۆڵی جیاواز هەڵسن و چێژ وەرگرن ، دواتر ئەگەر تووشی قەیرانی ژیانی و دارایی دەبێت ئەوەس کاریگەری زۆری هەیە ، پێی وایە جۆرێکە لە دەربازبون بەڵام لە ئەسڵدا خۆ هەڵخەڵەتاندنە و دواکەوتنە .

پ// گرنگترین هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو دیاریدەیە چییە ؟؟

و// لە ڕاستیدا هۆکارەکان هەمە چەشنن ، لە شوێنێک بۆ شوێنێک دەگۆرێت ، کۆمەڵایەتی ، ئابووری ، سیاسی ، جوغرافیایی و کلتوریش .. هەمووشیان کاریگەریان لەسەر یەکتری هەیە ، لە پەیوەندی لەگەڵ هۆکاری کۆمەڵایەتی ،بۆ نمونە کاتێک ئەندامیکی خێزان ئالودە دەبێت ، یان جیابوونەوەی هاوسەرەکان لە یەکتری و پەروەردەی نا تەندروست و تێکەڵبوونی منداڵ لەگەڵ هاورێی ناشیا و ، هاوکاری نەکردنی منداڵ و سەرزنشتکردنی لەلایەن باوک و دایکانەوە بەبی هۆ ، یان جیایی کردن لە نێوان منداڵەکان ، نەبوونی پەیوەندی ئاسایی نێوان ئەندامانی خێزان ، فەراهەم کردنی کاتی پشوی پێویست بۆ مناڵان ، ئەمانە هەمووی کاریگەری مەنفیان هەیە و دیارە لە نیزامێکی پێشکەوتوودا ئەمانە هەمووی فەراهەم دەکرێن ، بەڵام لە نیزامیکی نا پێشکەوتووی و نا دێموکراتی و نا مەدەنیدا ئەو دەستەبەریە کۆمەڵایەتیە نییە ، قەیرانی ئابووری بە پلەی یەکی زۆر کاریگەری هەیە ، مەسەلەن بیکاری ، لە ڕووی جوغرافیەوە باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەردووکیان کەوتونەتە سەر خەتی تەڕانزێتی هێنان و بردنی موادی موخەدیر لە ناوچەی " کەوانی زێڕینی تلیاک " ەوە ( ئەفغانستان و ئێران و پاکستان ) ە کە لەم ناوچانەوە بەرەو سەنتەری جیهانی تلیاکەوە تێ دەپەڕێ ، کە " ئەستەنبوڵە " بە هەردووک بەش باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێدەپەڕێ ، کە بۆرما و لاوس و تایلاند سێگۆشەی زێڕینی تلیاکیان پێ دەوترێ و کۆکاش وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی ئەو موادانە لە فەنزوێلا و کۆڵمبیا و ئیکوادۆر و دەوروبەری دەچێنرێ .

پ// ئەگەر لەسەر هۆکارە سیاسیەکەی زیاتر جەخت بکەینەوە ، ئایا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیاریکراودا ، چ لایەنێک بەرپرسیاری یەکەمە ، لە بڵاوبوونەوەی ؟؟

و// ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی سیاسیەوە هەیە ، لە دونیادا ئەو موادانە وە چەکێکی موخابەراتی بەکاردێن ، وڵاتان دەتوانن دژایەتی یەکتری پێبکەن ، چونکە وڵاتی بەرامبەر ئەگەر زیاد لە سنور تووش بوو ، ئەوا سەربازەکانی و پۆلیس و ئاسایشەکەی ناتوانێت پارێزگاری بکات ، وە نە خودی کۆمەڵگاکەش دەتوانێ کۆمەڵگایەکی تەندروستی هەبێت ، هەندێ نیزامی سیاسی لە وڵاتەکەیاندا بەکاری دێنن بۆ خەڵکەکانیان بۆ ئەوەی بێ ئاگا بن لە بڕیار و کێشە سیاسیەکان ، جا من پێم وایە بەسێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، لەبەرئەوەی سیستەمێکی نادیموکراسین پەنا بۆ ئەوە دەبەن تا لاوان موداخەلەی سیاسی نەکەن .

لەکۆتاییدا ڕێنمایی بەڕێزتان بۆ کۆمەڵگای کوردستان و بەتایبەت چینی لاوان چییە ؟؟

و// ڕاستیەکەی مباریزەکردن و بنبڕکردن و لەناوبردنی ئەم دیاریدەیە بەدەنەیەکی ئاڵۆزە ، پێویستی بە هەماهەنگی دام و دەزگاکانی دەوڵەت و پەروەردە و میدیا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەیە ، ئەوەی کە پەیوەندی بە لاوی کوردەوە هەیە ، هیوادارم بخوێننەوە و بکۆڵنەوە و وشیار تربن و باشتر بیر بکەنەوە ، بزانن ئەو وڵاتانەی کە تووشی مودای موخەدیر دەبن لە کۆتاییدا بەرە و لێک هەڵوەشان و نا سەقامگیری سیاسی دەچن ، لاوی کورد حەقە زۆر لەوە گەورەتر بیر بکاتەوە ، هیوادارم هەموو مەرکەزەکانی ڕۆشنبیری وکۆمەڵایەتی کوردی کە لاوی کوردی تێیدا کار دەکات ، ببن بە سەنتەرێکی باش بۆ ئەوەی بەتەواوی زەرەد و زیانەکانی موادی موخەدیر بۆ لاوی کورد ڕوونبکرێتەوە و بەهیچ شێوەیەک دەست بۆ ئەو مودانە نەبەن .


[1] مەبەستی بەڕێزیان هەرێمی کوردستانی عێڕاقە