لاوان:     لوقمان سیوەیلی , مامۆستای بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سلێمانی و ماجستێر لە ماددە هۆشبەرەکانconversion

سەرەتا وەک کۆمسیۆنی ڕاگەیاندنی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران خۆشحاڵی خۆمان دەردەبڕین لە ووتوێژکردنی ئەمجارە لەگەڵ بەڕێز لوقمان سیوەیلی ، پرسیاری یەکەممان بریتیە لە پێناسەیەکی ئالودەبون ؟؟

سیوەیلی: پێش ئەوە دەبێت باس لەو قۆناغ و پێوەرانە بکەین ، کە ئالودەبون بەدوایان دا دێتە ئاراوە ، چونکە ئالودەبون addiction لە ئەنجامی کۆمەڵێک قۆناغە ، لە قۆناغی یەکەم دا مرۆڤ ئەم ماددانە نە بەکاردێنێ و نەسەری دێشێ و گرفتێکی نییە پێی ئەڵێن ئەبستێنشن  ، لە قۆناغی دووەمدا هەندێ کەس لە بۆنە و یادەکاندا کەم کەمە بەکاری دێنێ ، ئەوە پێێ دەوترێ خراپ بەکارهێنان لە بۆنەو ئاهەنگەکاندا ، قۆناغ یان پلەی سێیەم بریتییە لە خوگرتن ، خوگرتن بە ماددە هۆشبەرەکان ، لایەنی سایکۆلۆجی تاکەکەس داوای ئەو جۆرە ماددانە دەکات ، قۆناغی چوارەم پێی دەوترێ خراپ بەکارهێنان ، لێرەدا مرۆڤ سوردەبێ لەبەکارهێنانی ئەم ماددانە ، سەڕەڕای ئەوەی کە دەزانێ ، گرفتی شەخسی و خێزانی و یاسایی و خوێندن.. دروست دەکات ، لەدوای ئەم قۆناغەش ئەگەر هەر بەردەوام بوو پێێ دەوترێ ئالودەبون ، کە قۆناغێکە زەحمەتە وازلێهێنانی ، کەواتە  ئالودەبون بریتییە لە خوگرتنی لایەنی جەستەیی و دەرونی مرۆڤ ، کە ناتوانێ دەستبەرداری خراپ بەکارهێنانی ئەم ماددە هۆشبەرانە ببێت کە هەیە ، ئالودەبون چەمکێکی گشتیە لەهەموو بوارەکاندا بەکاردێت ، ئالودەبون بە سێکس ، ئالودەبون بە ئینتەرنێت یان تێلڤزۆن ..یانیش ماددە هۆشبەرەکان ، پێم وایە کە لەهەمووشیان خەتەرناکتر بریتییە لە ئالودەبون بە ماددە هۆشبەرەکان .

لە توشبوونی تاکەکانی کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا بە ماددە هۆشبەرەکان ، کێ لایەنی بەرپرسیاری یەکەمە ، بۆ نمونە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟؟

سیوەیلی: بە گشتی کۆمەڵگای ئێرانی گیرۆدەی توشبون بە ماددە هۆشبەرەکانن ، هاوکێشەی جوگرافی دەکرێت ڕێگا خۆشکەرێک بێت ، بەهۆی نزیکی وڵاتی ئێران لە ئەخڤانستان وای کردووە بە زەحمەت کۆنتڕۆڵ بکرێت ، بەڵام لە هاوکێشە سیاسیەکانیشدا بەکاردێت ، بۆنمونە لە جەنگە جیهانیەکاندا بڕێکی زۆر لە ماددە جیاوازەکان بەکاردەهێنران ، زۆرێک لە باندەکانی وڵاتانی کۆڵمبیا و سێگۆشەی ئاڵتونی و..ئەم ماددانە بەکاردەبەن ، بەهەر حاڵ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ مەرامی سیاسی ، دەگەڕێتەوە بۆ وەزیفەی گرنگی ئەم ماددانە ، کە بریتییە لە خەلساندنی ویست و ئیرادەی گەنجانە ، ئەوەمان لەبیر نەچێت ، کە ڕاپۆرەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە %٨٠ ی بەکارهێنەرانی ئەم ماددانە گەنجانن ، لەبەرئەوە شتێکی سەیر نییە ، کە دەسەڵاتێکی سیاسی بیەوێت چەکی خەباتکاران وەرگرێتەوە و بەجێی ئەوە تلیاک بەو مرۆڤانە بدات ، مرۆڤ کە کەوتە داوی ئەم ماددانەوە ، ئەوا بە پلەی یەکەم خەون و خولیاکانی دەبێتە چۆنیەتی دابینکردنی ئەم ماددانە ، کە خەونە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی وردەوردە بەرەو نەزۆکی و ساردبونەوە ئەچن ، ئەمجۆرە ماددانە وڵاتان یەکتری پێ تاوان بار دەکەن ، جگە لەوەش بەکارهێنانیان جەنگی سیاسی لێکەوتۆتەوە ، جەنگی ئەفیوم war Opium مان هەیە لەساڵانی ١٨٣٨-١٨٤٠ ز ، لەنێوان ئینگلیز و چینیەکاندا ، کە ٤٠،٠٠٠ سندوق تلیاک هەبوو ، کە بریتانیەکان دەیانەویست لەناو چیندا بڵاوی بکنەوە ، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بخەلسێندرێن و متمانەیان بە وڵات و کیان و نەتەوەی خۆی نەمێنێ . 

 مرۆڤ چ کاتێک پەنا دەباتە بەر ئالودەبون ، یان ڕێخۆشکەرەکانی تووش بوون چین ؟؟

سیوەیلی: هەندێک دۆخ هەن پەیوەست بە تاک خۆیەوە ، هەندێکیش پەیوەستە بە لایەنی خێزانی و بەشێکیش لایەنی ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی ، ئەوەی پەیوەستن بە تاک خۆیەوە بریتین لەبوونی دۆخێکی جەستەیی نالەبار و نەخۆشیەکی زۆر یان ئازاری زۆر و نەبونی وشیاریەکی ئەوتۆ وائەکات ، هەندێک لەم کەسانە بچنە لای دکتۆر و دەرمانە ئازارشکێنەکان بەکاربێنن ، بەشی زۆری ڕێ خۆشکەرەکان ئەمانە نین ، بەڵکو دۆخی سایکۆلۆجی مرۆڤە ، ئەم دۆخە وادەبینێ ئەم ماددانە جۆرێک لە فریادڕەسی مرۆڤن ، بوونی جۆرێک لە ووشیاری ساختە بەوەی ، کە لەخەمەکانی تاک کەم دەکاتەوە ، بەهەر کەسێک کە جگەرە ئەکێشی بڵێی بۆ ئەیکێشی ، ئەڵێ لە خەمەکانم کەم دەکاتەوە ، کە ئەمە حاڵەتێکی سروشتیە بە حساب ، بەڵام ئەم دۆخە سایکۆلۆجیانە وادەکات مرۆڤ بگاتە بن بەست ، ناتوانێ کێشە و گرفتەکانی ڕۆژانەی بە مەنتیقی حەل بکات ، لێرەدا پەنا بۆ ماددە هۆشەبەرەکان ئەبا ، مرۆڤ کاتێک دۆخی سایکۆلۆجی دووچاری بەرزی و نزمی و شڵەژان ئەبێت ، ئەم شڵەژانە بۆ ئەوەی بیگەێةێتەوە بۆ دۆخی جارانی ، پیویستی بە ئازار شکێنەکان هەیە ، ئازار شکێنەکانیش یا ئەوەتا کۆمەڵێک باوەڕی یەزدانی و ئاینین ، کە دەکرێ مرۆڤ لە دۆخە قورسەکاندا پەنا بۆ ئایین بەرێ ، یان دەکرێ پەنا بۆ مەنتیق و ئەقڵ و لۆژیک بەرێ گرفتەکانی خۆی پێ چارەسەر بکات ، ئەوانەی لەم دوو دۆخەدا سەرکەوتو نەبن ڕێگای شیەم هەڵ ئەبژێرن ، پەنا دەباتە بەر ماددە هۆشەبەرەکان ، کەسانێک پێیان وایە بەختەوەرییە و کەسانیکیش پێیان وایە دەمان گەیەنێتە وەهمی بەختەوەری ، بەختەوەری بکەن بە دەنکە حەبێک و ڕۆژانە بەکاریبێنن .. ، بەڵام هۆکاری خێزانیشمان هەیە ، بۆ نمونە هەر لەهەرێمی کوردستاندا باس لەوئەکەن ، کەسانێک لە خێزانەکەیاندا لە باوکیانەوە فێربونە ، بوونی کێشەکانی خێزان وەک جیابونەوە و چاودێری نەکردنی منداڵ دەکرێت هۆکار بن ، خێزانیش دەتوانن منداڵەکانیان وشایر بکەنەوە و سنوریان بۆدانێن و لە نیشانەکانی توشبونی مندالەکانیان تێبگەن ، بەڵام کاتێک خێزان شیرازەی تێکەوت ئەوا منداڵەکانیان پەنا بۆ گروپە بازاڕیەکان و منداڵانی دیکەی کۆڵانی دەبات ، کە بەشێکی زۆری ئەو منداڵانەی کە جگەرەکێشن بازاڕی و ئەوانەن کەکارئەکەن ، بۆ نمونە لە هەریمی کوردستان ١٥،٠٠٠ منداڵی کارکەرمان هەیە ، کە بەشیکی زۆری جگەرەفرۆشن ، وەختێک جگەرە بفرۆشین ئەشیخۆین ، لە جگەرەوە ئەچینە بیرە ، لە بیرەشەوە ئەچینە عارەق ، لە عارەقیشەوە ئەچینە حەشیش و تا دەگاتە هێرۆین ، بە قەناعەتی من وەک پەیژەیەک وایە ، دیراسەی مەیدانیم کردووە لە %٩٠ ئەوانە لە جگەرە خواردنەوە دەستیان پێکردووە ، وردەوردە قۆناغەکانیان تێپەڕاندووە .. ، هۆکار گەلی ئابووریامن هەیە ، مەسەلە داهاتی بەبڕشتی ئەم ماددانە وا لەهەندێ دەوڵەمەندی چاو چنۆک دەکات بۆ قازانج و بەرژەوەندی خۆی بەکاریان بێنێ ، مەسەلەن گرامێک لە ئەغڤانستانەوە تا دەگاتە مەریوان ، ئەگەر لە ئەغڤان بە ١٠٠٠ تمەن بێت ، ئەوا لە جێگای مەبەست دەبێتە سێ چوار هەزار ، قازانجێکی خەیاڵی هەیە ، واتە فاکتەری ئابووری بزوێنەریکی سەرەکیە .. ، فاکتەری سیاسیش وەکو باسمان کرد لە هاوکێشە سیاسیەکاندا بەکاردێت .. ، فاکتەری کلتوری و فەرهەنگی کۆمەڵگای ئێمە ، لەهەندێ ناوچەی ئێران من ئەوەم بیستووە ، دەڵێن لە هەندێ شوێن کە میوانێکیان زۆر ڕێزلێنا تلیاک و باکۆرەی بۆ دادەنێن ، هاوڕێی خۆم هەبووە ئەوەی بینیوە و بۆیان داناوە ، ئەمە بەشێکە لە ئەتەکیەتی میوانداری لەناو کلتوری ئێراندا ئەگەر بڵێم ، ئێمە خۆمان لەساڵانی حەفتا و هەشتا و نەوەدەکانیشدا لە هەرێمی کوردستان ، جەژنان لەگەڵ نوقڵ و چوکلێتا پاکەتی جگەرەمان دادەنا ، من یەکێک بووم لەوانە و کێشاویشمە ، واتە بۆتە بەشێک لە نەریت ، سەیری یەمەنیەکان کە ، تاکی ئەو وڵاتە کە ئەچێتە مزگەوت پایپەکەی یان حەشیشەکەی ئەخاتە ناو پێڵاوەکەیەوە و دوای نوێژکردنی دەستی پێ ئەکاتەوە ، هۆکارێکی تریش دەکرێ بەدحاڵی بونی ئایینی بێت ، کە بەڕای زۆرێک لەوانەی کە مونتەدەیین و پێنج فەڕزە لە مزگەوتدان ئەو ماددانە حەرام نین ، بەڵکو هەر مەشڕوب و بیرە و کۆمەڵێک لەوانە و پێیان وایە ئەوانەی کە ناویان نەهاتووە حەرام نین ، ئێمە لایەنە ئابووری و سیاسیەکەی زاڵ ئەکەین بەسەر لایەنەکانی تردا ، هەموو ئەو هۆکارانەی کە باسیان لێ وەکرا یارمەتیدەرن ، بەڵام دەگونجێ کەسانێک هەبن نەکەونە ژێر تەئسیریانەوە .

گرنگترین کاریگەریە نەرێنیەکانی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر کۆمەڵگایەک ، کە حەسارێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەسەر بێت چین ؟؟

سیوەیلی: دەرەنجامەکان لە جەستە و دەرونی مرۆڤەوە دەستپێدەکەن تا دەگاتە سەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و.. ، یەکەمین زیان ئەوەیە کە مرۆڤ متمانەی بەخۆی نامێنێ ، چەمکی ئالودەبون بە یۆنانی واتای کۆیلەبون دەگەیەنێ ، واتە مرۆڤ سەرەتا ڕاوچی بووە ئەو ماددانەی ڕاوکردووە لێرە و لەوێ کڕیوەیەتی ، بەڵام دواجار بۆتە نێچیر و کۆیلەی ئەو ماددانە ، دووەم زیان بۆ تاک ئەوەیە کە خێزان متمانەی پێ لەدەست دەدات ، سێیەم زیان کۆمەڵگا متمانەی پێ لەدەست دەدات ، دەبینین لەسەر ئاستی سیاسی هەموو ئەو نەتەوانەی کە موادی موخەدەریان تێدا بڵاوە ڕۆحیەتی بەرەنگاربوونەوەیان لاوازە ، خەون و خولیای نیشتیمانیان دەگۆڕێت بۆ خەون و خولیای شەخسی بۆنمونە بۆ دابینکردنی پارچە حەبێک یان دەرمانێک ، ئەوە جگە لە زیانی ئابووری ، کە بۆ نمونە لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق ، ساڵانی ٢٠٠٨ز ، خەرجی مانگی تاکێکی بەکاربەر نزیکەی ١٥٠،٠٠٠ دینار بووە و تێدابووە ٨٠،٠٠٠ دیناری واریدات بووە ، ئەی چۆن بتوانێ ئەو خەرجیە دابین بکات ، یان پەنای بۆ دزیکردن بردووە یانیش شتی ناوماڵەکەی فرۆشتووە یان پەنابردنی ئافرەتان بۆ لەشفرۆشی و تاوانە کانی کردووە ، کەواتە یەکەمجار جەستەمان پاشان سایکۆلۆجیەت و ڕۆحیەتمان ئەڕوخێنێ ، ئەو کەسانە بەگشتی ژیانێکی خێزانی جێگیریان نییە و پەروەردەی منداڵەکانیان نا تەندروستە ، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە ئەم ماددانە تەنیا خەم و خەفەتن ، ئەگەر ساتێک دڵخۆشمان کەن ، ئەوا بەردەوام تووشی خەمۆکیمان ئەکەن ، ئەگەر ساتێک هێزی جنسیمان بەهێز بکەن ، ئەوا لە قۆناغەکانی داهاتوودا تووشی لاوازی جنسیمان کەن ، ئەگەر ساتێکیش جەستەمان بەهێز کەن ئەوا دواجار زۆر لاوازن ، من بۆخۆم لە کۆچە و کۆڵانەکانی تارانا خەڵکم بینیوە لە ناو زبڵ و خاشاکا گەڕاون .

لە دۆخێکی وەک ئێستای کۆمەڵگای ئێران ، ئەرکی کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکان چییە ، کە وەک دیاریدەیەکی بەربڵاو خۆی نیشان دەدات ؟؟

سیوەیلی: بەڕاستی من دەڵێم ئەگەر ئێمە سنورەکانی مێشکمان ، سنورەکانی وشیاریمان بەرەوڕووی ئەو ماددانە دابخەین ، هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی و ئابووری وهیچ دۆست و دوژمنێک ناتوانێ بێتە ناو خەیاڵدانی ئێمەوە و فێری بەکارهێنانی ئەو ماددانەی بکات ، ئێمە دەبێت سەرەتا بزانین لە باگردانەوە درز هەیە و لە درزیش دڵۆپە هەیە و لە سیستەمی پەروەردەییمان کەلێنی گەورە گەورە هەیە ، لەوێ وە هەندێ ماددە دێنە ژوورێ ، لە دۆخی دەرونی و سایکۆلۆجی خۆمان کەلێنی گەورە گەورە هەیە ، هەموو ئەو لایەنانە ، هەروەکو شاعر دەڵێ : مەی بۆ نەڕژێ شوشە لەسەد لاوە شکاوە ، کە سیاسەتێکی تەندروست و سەلیم نەبوو ئاساییە ئەم شوشانە بشکێن و ئەم زیانە گەورانە بکەین ، کەواتە کاری سەرەکی ئێمە لەسەر ئاستی تاک و خێزان و کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکان ، ئەوەیە کە کێرڤەکانی ووشیاری بەرزکەینەوە ، بەردەوام بەشێکی ئەو ماددانە فریودەرن لەژێر ناوی شیفاوە ، بەڵام ئەگەر خۆمان زانیمان ئەو ماددانە سەرەقۆزی بن ئاڵۆزن ئەوا بەئاسانی خۆمانیان تەسلیم ناکەین ، ئەوکاتە بەرلەوەی سنوری جوگراوفی و سیاسی خۆمان داخەین ، سنورەکانی مێشکمان داخەین ، بۆ نمونە لەزۆر کوچە و کۆڵانی شارەکاندا نوسراوە بیرەمان هەیە بەنرخی ناوشار ، ئەوە تەئسیر لە من ناکات یانیش جگەرە ، ئێمە دەتوانین ڕێگری لێبکەین لەڕێگەی ناسین و کۆڕ و کۆبونەوەکان و سیمینارەکان و ڕۆژی جیهانی ماددەی موخەدەر یانیش لەڕێگەی ئەو پەیام و بابەتانەی کە بەڕێزتان لە بڵاوکراوەکانتاندا هەیە یان لەڕێگەی مێزگردەوە ، وازهێنان لە موادی موخەدەر مەحاڵ نییە هەرچەندە کارێکی زەحمەتە ، بەپلەی یەکەم  پێویستمان بە متمانە و ئیرادەیەک هەیە و لە قۆناغی دواتردا ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگا دەتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن ، بەوەی کە ئەمانە قوربانین ئەمانە ووشیارییان کەم بووە و نەخۆشن ، ئەمانە بەبڕوای ئێمە لە جیاتی زیندان و کوشتن و گرتن ، جێگەی بەزەیین ، هەڵبەتە قسەی ئێمە لەسەر بەکارهێنەرانە نەک کەسێک کە بازرگانی بکات .

لەکۆتاییدا ڕێنمایی بەڕێزتان بۆ کۆمەڵگای کوردستان و بەتایبەت چینی لاوان چییە ؟؟

سیوەیلی: بەگشتی ئەمانەی چینی لاوان کە توشی ئەم گرفتانە ئەبن دەرەنجامی ئەوەیە کە خەون و ئامانج و ستراتیژیان بۆ جیهان کەمە ، ئەگەر من ئامانجێکم هەبێت ئەو تولە ڕێگایانە یان ئەو شتە فەرحیانەی کە لەژیاندا توشم دەبێت ، هەرگیز لە ڕێگا نام وەستێنێ ، لەبەر ئەوە بوونی ئامانج و ستراتیژ و ڕۆحیەتێکی نەتەوەیی ڕەسەن لە ژیانا ، کە بوونی ئەم ماددە هۆشەبەرانە لە جەستەی مێژووی گەلی کوردا شتێکی نەخوازراوە ، مێژووەکەیان ناگاتە سەدەیەک ، لەهەندێ وڵات دوو تا چوار هەزار ساڵە ڕیشەیان داکوتاوە ، بەڵام بۆ ئێمە کە گەنجەکانمان والێدەکات بۆ نمونە لە دۆخی بێکاریدابن ، دۆخێکی سیاسی نالەبار ، یان لەدۆخێکی دی ، چەمکی گەنج هەر خۆی لە گەنجینەوە هاتووە لە زمانی فارسیدا ، گەنجان ئەگەر سەرمایەی ئابووری یان ماددیان نییە ، ئەوا سەرمایەی تەمەنیان هەیە ، دەکرێ تەمەن بنچینە بێت بۆ هەموو سەرمایەکان ، ئەوان هێشتا لە بناری شاخێکدان ، ئەگەر هەر لەوێ کۆڵبدەن ناگەن بە لوتکە ، ئێمە بۆ خۆمان بخەینە دەستەچی داویلکەی ئەو ماددانەوە ، کە ڕەنگە کەسانێک بیانەوێ ویست و ئیرادەی ئێمە لەبار بەرن ، ئێمە و خۆشم بەتایبەتی دیمەنی زۆرێکم بینیوە لە توشبوان و هەموو ئەوانەی کە ئەزانن چی هەیە ، ئەوا بۆی زەحمەتە کە تووشی ئەو حاقیبەتە بکات ، ئێمە ئایین و ڕۆحیەتی نەتەوە و مەرکەزی عەقڵ و ئامانج لەژیانا  هەیە پەنای بۆ بۆ بەرین ، ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە لەڕووی کتێب و فەرهەنگەوە گەنجان پەنای بۆ بەرن و سود لەکاتەکانی بێکاری وەرگرن ، ئەتوانی بە خوێندنەوەی کتێبگەلێکەوە خۆمان و کۆمەڵگای پێ زیندووبکەینەوە ، دەیان کەناڵ لەبەردەمانن دەتوانین پەنەیان بۆ بەرین ڕاستە هەندێکیان پێویستیان بە پارەوپولە ، بەڵام هەندێکیان تەنها پێویستیان بە متمانە و ئیرادە و بوێریە اینشااللە .

لەکۆتاییدا سپاسی بەڕێزتان دەکەین بۆ ئەو دەرفەتە .