photo 2019 03 22 19 57 04

 
نووسین: ئارێز شێخی
 
بە درێژای مێژووی کۆن و هاوچەرخ نەتەوەی کورد ڕۆژی نوێبوونەوەی ساڵ و دووبارە ژیانەوەی سروشت و لە دایک بوونەوەی سەرلەنوێی ژیانی جەژن گرتووە، کە بە جەژنی نەورۆز واتە نوێ "بوونەوەی ڕۆژ" دەناسرێت.
 
مێژووناسان بە پشت بەستن بەسەرچاوە مێژوویەکان، مێژووی نەورۆز بە هەندێک لە ڕووداوەکانی مێژووی مرۆڤایەتی کە لە ناوچەی "میزۆپۆتامیا" واتە کوردستانی گەورەی ئێستاوە گرێدەدەن، وەکوو شکست پێهێنانی "زوحاک" لەلایەن کاوەی ئاسنگەرەوە لەو ڕۆژە دا و ڕزگار بوون لە دەسەڵاتی ستەمکار.
 
بەڵام هەندێک مێژووناس و سەرچاوەی مێژووی تر سەرەتای جەژنی نەورۆز دەگەڕێننەوە بۆ ڕێکەوتی دامەزراندنی "ئیمپڕاتۆریەتی ماد" لەسەر دەستی ئیمپڕاتۆر "دیاکۆ"، کە دەکاتە یەکەم ڕۆژی بەهار واتە ١ی خاکەلێوەکە. 
هەڵبەتە ئەگەر بێین و چاوێک لە مێژووی ئەم ئیمپڕاتۆریەتە و لە ڕابردوو و پێش سەرهەڵدانی بکەین ، بۆمان دەردەکەوێت پێش ئەم ئیمپاتۆریەتیەش خەڵکی میزۆپۆتامیا و زاگرۆس نشینەکان  نەورۆزی جەژن گرتووە.
 
 بە بڕوای زۆرێک لە مێژوو ناسانی ئەم سەردەمە مێژووی جەژنی نەورۆز دەگەڕیتەوە بۆ ئایینی میترای یاخود کە ئەم ئاینە پێش دروستبوونی دەوڵەت و ئیمپراتۆرییەکان لە ناوچەکەدا هەبووە.
ئەم ئاینە فرە خواوەندی بووە، بە واتاییەکی دیکە چەندین خواوەندی جیاوازییان بۆ دیاردە سروشتی و ڕووداوکان هەبووە. یەکێک لە خواوەندەکانیان خواوەندی ڕووناکی بووە، هەر بۆیە میترایەکان باوەڕیان وابووە کاتێک دووبارە ڕووناکی بەسەر تاریکیدا سەردەکەوێت و سروشت لەدایک دەبێتەوە و ژیان بەرگێکی نوێ لەبەر دەکات و گژوگیا دووبارە سەرهەڵدێنن و باڵندە و پەلەوەرەکان دەکەونە سەما
 
لەو ڕۆژەدا لە تەواوی پەرەستگا و شوێنە پیرۆزەکانیان، ئاگریان بە هێمای ڕووناکی کردووەتەوە و خۆشی خۆیان بەو شێوەیە دەربڕیوە.
 
ئەم ڕێوڕەسمە نەتەوەییە دوای ئەو هەموو ساڵە، کە نەتەوەی کورد لە چەندین قۆناغی جیادا یادی ئەم جەژنە نەتەوەییان بەرز ڕاگرتووە، ئێستاش نەتەوەکەمان لە سەدەی بیست و یەکدا و دوای بڕینی زۆر کۆسپ و قوربانی دانێکی زۆر جەژنی نەورۆز یاد دەکەنەوە.
 
ئەم جەژنە ئێستاکە بووەتە هێمای بەرخۆدان و ژیانەوەی دوبارەی شۆڕش و شێوازێکی نوێ لە یەکگرتووی، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە توانیویانە بەشێوازێکی نوێ یادی نەورۆز و ئاهەنگی نوێ بوونەوەی ژیان و سروشت دەست لەناو دەستی یەک دا بکەنەوە و ئەمجارەیان هەڵپەڕکێ و شادیمان بۆ ئازادی دەبێت و ساماکەمان بۆ ئازادی دەکەین.
 
ئەم بابەتە هیچ پێوەندی بەماڵپەڕەوە نییە و بیر و ڕای نووسەر خۆیەتی