photo 2019 01 16 20 36 47

 

 
دوای بڕیاری تڕەمپ بۆ کشانەوە لە سووریا و هێنانەوەی هێزەکانی بۆ ئەمریکا، بەدەرفەت زانینی تورکیا بۆ هێرش کردنە سەر هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان وەکوو یەپەگە و هەسەدە و پەلاماردانی خەڵکی کوردی ناوچەکە بۆ لە ناوبردنیان بە تەواوەتی کە سیاسەتی سەرەکی تورکیا بووە بۆ نەهێشتنی دژبەرانی خۆی لە ناوچەکە وەکوو پەکەکە و باڵەکانی سەر بە پەکەکە لەو ناوچانە، بەتایبەتی لە باکووری کوردستان 
 
 هێشتاکە ئەمریکا نەکشاوەتەوە و، نیگەرانی تورکیای لێکەوتووەتەوە و گوشاری زیاتری بۆ ئەمریکا هێناوە کە هەرچی زووترە دەبێت بکشێتەوە دواوە، ئەمەش لەکاتێک دایە کە دۆناڵد تڕەمپ سەرکۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەبێت دوای کشانەوەی ئێمە لە سووریا کوردەکان پارێزراو بن، هەروەها لە تویتێک دا کە دۆناڵد تڕەمپ لەسەر لاپەڕەی تویتەری خۆی دا کردبووی تیایدا هاتبوو کە ئەگەر بێت و تورکیا هێرش بکاتە سەر کوردەکان ئەوە ئابووری تورکیا وێران دەکەین
 
کاتێک تورکیا هێرشی کردە سەر شاری عەفرین و تیایدا چەندین کاری نامرۆڤانە و و قێزەونیان ئەنجام داوە هەر لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و بێسەر و شوێن کردنیان و هەروەها گۆڕینی دێموگرافیای شارەکە و هینانی عەرب بۆ سەر خاکی کوردان و گۆڕینی ناوەکانی کۆڵان و گەڕەکەکان بۆ زمانی تورکی کاریگەریەکی یەکجار زۆری لەسەر کوردی ڕۆژئاوای کوردستان داناوە
 
بەڵام تورکیا تەنها پیلانی گرتنی عەفرینی نەبوو بەڵکو پیلانی گرتنی چەندین شوێنی دیکە وەکوو مونبج و چەندین ناوچەی دیکە هەبوو، بەهۆی هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لەم ناوچانە نەیتوانی کە پیلانەکانی بخاتەگەڕ، ئێستاش کە ئەمریکا دەیهەوێت لە سووریا بکشێتەوە، تورکیا دەیهەوێت دووبارە پیلانەکەی خۆی جێبەجێ بکات
 
ئەم ڕووداوانەی ئەمریکا و تورکیا کاریگەریەکی زۆری لەسەر وڵاتانی ناوچەکە هەبووە و تەنانەت بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە دراوی وڵاتەکانیش لەوانە تورکیا خۆی، بەتایبەتی دوای وەڵامە تونەکەی ئەمریکا بۆ تورکیا کە باسی لە وێرانکردنی ئابووری تورکیا کربوو.
 
دیارە ئێستاکە ئەمریکا گرێنتی پاراستنی کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی دەوێت لە تورکیا و دەیهەوێت ناوچەیەکی ئارام لە سووریا بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بکات.
 
ئامادەکار: ئارێز شێخی
 
ئەم بابەتە بیر و ڕای نووسەرە و هیچ پێوەندی بە ماڵپەڕەوە نییە