20191022 212227

پێویستی یەکگرتوویی

 بۆ هەرکات گەلی کورد هێرشێکی دڕەندانەی دەکرێتە سەری ئەم بابەتە دێتە ناو بیر و هزری تاکی کورد ؟
 ئێمە چ ئاوێتە بوونێکمان لەگەڵیدا هەیە؟
 خۆشەویستی یەکگرتوویی لە کوێوە هاتووە و چۆنە کورد لە ڕۆژە ناخۆشەکان دا ئەم باسە دەورووژێنێت و داوای دەکات؟
 دوژمنان بۆ هەمووکات لەم خاڵە کەڵک وەردەگرن و بە هەموو شێوەیەک بۆ نەهێشتنی یەکڕیزی تێدەکۆشن ؟
 بۆ باسکردن لەم بابەتە پێویستە ئاوڕێک لە مێژووی گەلەکەمان بدەینەوە و بزانین گرینگی ئەم باسە چیە و بۆ کورد بە تێکڕایی لە سەر ئەم وشەیە یەک بیروباوەڕن.
 مێژوویەک لە سەر پێکهاتنی گەورە ئێمپراتۆریەتی مادەکان و شێوەی پێکهاتنی و لام وایە دوای زیاتر لە۳۰۰۰ ساڵ بۆ سەدان جار هەر ئەوە ڕێگای بەردەمی گەلی کوردە و پێویستە بکرێت و دەبێ یەکگرتوو بین تا سەردەکەوین. مێژوو وەها باس دەکات میتانییەکان لە (سەدەی ۱۲ بۆ ۱۳ـەی پێش.زائین )دا گەورە هێز و شەڕکەری ناوچەکە بوون و هەموو دەم وێڕای ئاشووریەکان وەک کۆنترین دووژمنیان کەوتوونەتە شەڕ و بە هۆی یەک نەبوونیان ناوچەی دەسەڵاتیان چووکەتر بۆتەوە و وەک دیارە داگیرکردنی وڵاتی میتانییەکان لە لایان ئاشووریەکان کارێکی ئاسان نەبووە ئەوەش لە باسی شەرەکانیان دا و بێ دەرەتانیان لە ئەم گەلە کە ناتوانن وڵاتیان داگیر بکەن و لە تێکستە دەست نووسەکانیان دا وا دەنووسن (خەڵکانی وڵاتی دوور یان خەڵکە شەڕکەرە کان)و دوای هەوڵێکی زۆری ئاشورێکان و بە هۆی یەکنەگرتوویی میتانییەکان توانیان بەشێکی زۆری وڵاتی میتانی داگیر بکەن و حوکمی تێدا بکەن . خەساری یەکنەگرتنی میتانییەکان دەبێت هۆی لە دەست چوونی دەسەڵاتداری بەهێزیان لە ناوچەکەدا.
 تا دەگەینە سەردەمی پێکهاتنی (گەورە ئیمپڕاتووری ماد) مادەکانیش بە شێوەی میتانییەکان و بە هۆی لێک تۆران و یەکنەگرتوویی ،لاواز دەبن لە بەرامبەر ئاشووریەکانی کۆنە دوژمنیان دا و ئاشووریەکان توانیان ئەم هەڵانە بقۆزنەوە و وڵاتی مادەکان داگیر بکەن، وەک هیرۆدۆت باس دەکات (لە سالی ۷۰۰ پ.ز) وڵاتی ماد کە پێکهاتووە لە سانتراڵ (پارێزگاکان یان میرنشینەکان)و هەر سانتراڵەی پاشای خۆی هەبووە کە ئەم شێوە دەسەڵات داریە زۆری کار پێکراوە و لە مێژووی کورد دا زۆر ئەم شێوە دەسەڵات دارییه دەبینین لە ناو ئەم میرنشینانە دا و لە یێکێک لەم سانتراڵانە دا دیاکۆ پاشایەتی کردوە لە باسی کەسایەتی دیاکۆ دا دڵێـن دیاکۆ کەسێکی زۆر باش و کردار و کردەوەی باش و هەوڵی چاکە و چاکەکاری داوە و لە وڵاتی ژێر ڕکێفی خۆی دا کەسێکی عادڵ بووە و هەر بەوەش نەوەستاوە و کێشەی بەشەکانی دیکەشی چارەسەر کردوە و ناوبانگی لە هەموو وڵاتی مادەکان دا وەک کەسێکی دادوەر و میرخاس گێراوە و هەموو کات دیوەخانی بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەی خەڵکی دەوروبەر و نێو چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆی دا هەر جمەی هاتووە، دوایی دیاکۆ کە لەم ئەرکە قورسە جا بە هەر هۆکارێک بێت کە وەک باسی لێوە دەکرێت بە هۆی بنبڕ نەبوونی دژایەتی ھۆزێکی سەردەمی خۆی بووە بڕیار دەدات کە کاری بە کێشەی بەشەکانی تر دا نەبێت و ئەو هەڵوێستەی دیاکۆ دەبێتە هۆی قووڵ بوونەوەی کێشەکان بۆ خەڵک و سانتڕاڵەکانی تر و بۆیە بە کۆدەنگی هەموو سانتڕاڵەکان کۆبونەوەیێکی گەورە ساز دەکرێت بە مەبەستی هەڵبژاردنی کەسێکی باش بۆ پاشایەتی مادەکان (ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی کوردە کە لە مێژوو دا تۆمار کراوە یان لە بوارەیەوە دا نووسراوە)و لەم کۆبوونەوەیە دا بە زۆرینەی دەنگ داوا لە دیاکۆ دەکرێت کە ببێت بە گەورەی هەموو ئەم مێرنشینانەی کە ئەوکات کە لا چوارچێوەی وڵاتی ماد دا دەژیان و بە تێکڕایی وەک پاشا هەڵیدەبژێرن و لە بەرامبەریش دا دیاکۆی پاشا بڕیار دەدات وەک پێویستی پێک هێنانی وڵات شارێک ساز بکرێت و وەک پێتەختی پاشایەتێکەی شارێک دەستنیشان بکات، دیاکۆ بۆ ئەم مەبەستە هەگمەتانە یان (هەمەدانی) ئێستای بۆ ناوەندی بڕیاری خۆی هەڵدەبژێریت و لەم شارە دا بە ئەمری پاشا قەڵایەک ساز دەکرێت کە حەوت شوورەی(دیوار) بە دەوری دا کراوە و هەر شوورەی لە ڕەنگێک بووە و کۆشکی دیاکۆی پاشا لە ناو شوورەی حەوتەم دا دەبێت و پاسەوان و وەزیر لە هەموو سانتڕاڵەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی هەڵدەبژێرێت و یەکەمین ئێمپراتۆری ناوچەکە کە ئێمپراتۆری مادەکانە پێک دەهێنێت. 
دیاکۆ هەر لە یەکەم هەنگاو دا دوای ئەم سەرکەوتنە و یەک گرتنەوەی گەلی کورد هێزێکی گەورە و بەهێز و تۆکمە کە پێکهاتوە لە هەموو سانتڕاڵەکان پێک دەهێنێت و هاوکات یەکگرتووی مادەکان و بەهێزیان بووە هۆی ئەوەی کە بتوانن بە یارمەتی بابلییەکان کۆتاییان بە پاشایەتی ئاشوور هێنا. 
بەڵام بە داخەوە لە دەورانی ئاستییاک یا ئیژدیهاکی پاشا دا بە هۆی یەکتر قەبوول نەکردن و خۆ بەزلزانی هیندێک لە میرەکانی کورد لێکترازان و خۆخۆری و خیانەت کردن لە ئیمپراتووریت ماد دەبێتە هۆی ئەوەی ھۆزێک بە ناوی ئەخامنە (هخامنش) خۆی بەهێز کرد و بە سەرکردایەتی کۆرش لە سالی ٥٥۰ پ.ز دا ئاستییاکی دوا پاشای مادیان شکاند و دەسەڵات گەورە پاشایەتی لە دەستی مادەکان دەردێنن و دەکەوێتە دەست خێلی ئەخامنەی پارتەکان و کورد هەموو ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە دەست دەدات و وەک موسای خورین باس دەکات جگە لە ئەو ناوچانەی کە کورد لێی نیشتەجێن.
 بەڵام هەر وەک (سترابۆ) لە سەدەی یەکەمی زاینی دا بە واتە دوای ٦۰۰ ساڵ لە سەرکەوتنی پارتەکان دا دەڵێت (هخامنش بوو بە پاشای پاشاکان و مادەکان بوون بە پاشای بچووکتر و بەڵام مادەکان هێشتا حوکمی وڵاتی خۆیان دەکرد وگرینگی دەسەڵاتی خۆیان هیشتەوە و هەر خۆیان حوکمڕانی وڵاتی خۆیان بوون و هێشتا یەکێک لە پاشا گرینگەکانی ناوچەکە بوون)هەر بویە لە شەری وڵاتی بابێل پاشای پارتەکان داوای لە گۆبریاسی پاشای ماد دەکات کە خۆی بچێتە نێو بابێل و شارەکە بگرێت و هۆکاریشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە بەشی زۆری خەڵکی بابێل کورد بوون و زۆر باشتر بوو پاشایەکی کورد بچێتە نێو ئەم شارە هەتا پاشایەکی پارت کە کورد نیە و ئەمە بە خەڵکی بابێل قەبول نەدەکرا. دوای دەسەڵاتی فارسەکان مادەکان هەر وا دەستە وەستان نەبوون و هەموو دەم هەولی ئەوەیان داوە گەورە پاشایەتی ناوچەکە وەرگرنەوە جا زۆر جار لە ڕێگای کاریگەری پیاوانی ئائینی زەردەشتی کە ئەو سەردەمە بە ناوی مۆغەکان ناوداربوون لەهەمان کات دا دەسەڵاتێکی زۆریان هەبوو. تا دەگەینە هێرشی ئەسکەندەری گەورە و دۆستی کورد و هاوپیمانی کورد و لە سەردەمی .
ئەشکانێکان دا دیسان پاشای ماد پاشایەتی لە ئەشکانێکان وەردەگرێتەوە سترابۆی مێژوو نوس لە سالی ٥٥۰ پ.ز وا دەیگێرێتەوە کە گاوماتا گەورە مۆغی ماد دەست بە ڕێکخستنەوەی مادەکان دەکات و یەکگرتوویێک پێک دەهێنێت و دەبێتە بە پاشای سەربەخۆ و حوکمڕانی دەکات بەڵام دیسان فارسەکان بە یارمەتی شەش خێڵی تر لە ۲۲؍۹؍٥۲۲ پ.ز دا بە پێی (مێژووی هێرۆدۆت ) هێرش دەکەن بۆ وڵاتی مادەکان و لە شەرێک دا گاوماتا دەکوژرێت و ئەمە دەکەن بە جێژن و هەموو سالێک جێژنی بۆ دەگرن مێژوو نووس وا باس دەکات کە دوای سەرکەوتنی فارسەکان و کوژرانی گاوماتا کە پیاوێکی خۆشەویست بووە لە هەموو ئاسیا دا و لەم ناوچانەی ئائینی زەردەشتی بەهێز بووە خەڵک خەمبار بوون ، جگە لە فارسەکان و ئەمە دەردەخات کە فارس و ماد یەک ئائین و کەلتوور نین و کورد ئائینی تایبەت بە خۆی هەبوو.
 وە دە دیسان لە سالی ٥۲۲ پ.ز یەکێک لە پاشا مادەکان بە ناوی فەروەرتیش ڕایگەیاند کە من لە نەوەکانی کەیخسرەوم و بڕیار دەدات ناو و ناوبانگی بنەماڵەیە زیندوو بکاتەوە و هەموو (ئەشکانی و ئەرکانی و ئەرمنێکان) پشتیوانی لێدەکەن و زۆر بەهێز دەبێت و بەرامبەر سپای فارسەکان دەوستێت لە شەرێک دا لە نێزیک شاری ڕێی نێزیک تاران فەروەرتیش لەگەل داریوش دەکەوێتە شەڕ و بە داخەوە دەگێرێت و هەر وەک داریوش لە تێکستێک دا باس دەکات و دەلێت فەروەرتیشم بە دیل گرت و (لووت و گوێی و زمانیم بڕی و چاویشیم دەرهێنا)و بە دەروازەکانم هەڵواسی و هاورێ و یاریدەدەرەکانیشیم لە قەڵای هەگمەتانە دا سووتاند .(ئەوە بۆ مێژووی چەواشەکراو کە باسی مافی مرۆڤ و مەنشوری درۆئینی هەخامنش دەکەن و جێگای فەخریانە.
 بەم جۆرە بەربەرەکانی و شەڕی نێوان کوردەکان و فارس بەردەوام دەبێت تا ڕووخانی ئەخامەنەکان یان فارسەکان بە دەستی موبارەکی یۆنانییەکان وەک هیرۆدۆت دەڵێت کامبیاسیسی پاشای فارس لە سەرە مەرگ دا وەسیەتێک بۆ دەور و بەری دەکات و دەڵێت (داواتان لێدەکەم بە تایبەت ئەوانەی لە خێلی ئەخامنەن نەکەن بترسن و بهێلن پاشایەتی بگەرێتەوە بۆ مادەکان یا خۆ کورد ) کە ئێستاش بە تێپەڕ بوونی ۲٥۰۰ سال ئەو نسحەتەیان هەر لەلا پیرۆزە و وازیان هەر لێنەهێنا.
 دەڵێن [[هەر گەلێک مێژووی خۆی نەزانێت لێی دووپاتە دەبێتە ]]بەڵام بە داخەوە بۆ گەلی ئێمە کە قەت بۆخۆمان مێژوومان نەنوسیوە نوسەری نەتەوەی خۆمان مێژووی نەنوسیوە و هەر بۆیان نوسیوینەتەوە [هەڵبەت وەک مێژوو نوسینەوە لە سەردەمی دەسەڵاتداری کوردا ] و ئەوی کە نوسراویشە لە بەردەنووسەکاندا لە لایەن نەیارانی گەلی کورد تێکدراوە یان زۆربەی کاتەکان بەهۆی بەرژەوەندی بێت یان وەک ماموستا هەژار دەفەرمووێت کە مێژوونووسان لە برسان یان لە ترسان کەم وا هەبووە ڕاستییەکانی مێژوو وەک خۆی باسی لێوە بکەن.
 ئەوە تێپەڕ بوون بە سەر دڵۆپێک لە دەریای بێ بن و باسنەکراوی مێژووی کورد بوو کە تۆی خوێنەری بەرێز خوێندتەوەو مەبەست لە گێـڕانەوەی ئەو مێژوو پچر پچرە یەک شت بوو ئەویش باسی یەکگرتن و زەقکردنەوەی ئەو بابەتە کە هەردەم کورد خاوەنی هاودەنگی بووە هاوکاتیش خاوەنی وڵات و کیانی خۆی بووە و خاوەن دەسەڵات بووە و بۆخۆی بڕ یاری بۆ چارەنووسی خۆی داوە هەر کاتێش پشتی تێکردوە خۆشی و ئاسوودەیی پشتی لە کورد کردوە ئەو دووپات بوونەوەی مێژوو بەداخەو هەموو سالێک لە ناو گەلی کورد دا ڕوو دەدات و هۆکاری بنچینەیی ئەم ماڵ وێرانیە نەبوونی یەک هەڵوێستی کوردە بەداخەوە دەسهەڵات داری کورد هێشاش ناخوازێت لە لای لەم بابەتە هەستیارە و سەرەکێی گەلەکەمان تێپەر بێت و بەهۆی بەرتەسکی بیرکردنەوەیان و گورینەوەی بەرژەوەندیێە تاکە کەسێکانیان بەرژەوەندی گشتی گەلی کوردیان پشت گۆێ خستوە و هەر کات ڕێبەرێکی کوردیش دەست بۆ ئەم بابەتە جەوهەریە دەبات خۆ لەبەر دەم کۆمەڵێک ڕەخنە و دژکردەوەی دەبینێتەوە لێکتڕازانی ئێمە وەک پەندێکی پێشینیانمان کە دەڵێن ((گەورە ئاوی ڕشت چووکە پێی تێخست )) هەر لە باسی بەشەکانی کوردستان دا کە پێشتر وە ک سانتراڵ بوون و لە سەرکردەکان کە لە پێشدا میرنشینەکان بوونە هەر وەک خۆی ماوەتەوە و کەم پێش دێت کە یەکوتاری لە سیاسیەکانی کورد ببیسین ئەوەش تەنانەت لەبەر نەبوون یا خۆ هەستپێنەکردی ئەو ڕاستیەی کە یەک ڕێگامان لەبەر دەم دایە کە ئەویش یەکریزیە لە مێژووی گەلی کورد دا هەموو کات کەسانێکی خائین و فێر کراوی دەسهەڵاتداری ناوەند لە هەوڵدا بوونە بۆ تێکدانی ئەم یەکڕیزیە جا هیندێک جار ئەو کەسانە.
 وەک عاشیرەتێک دەردەکەون و زۆر جار وەک کەسایەتی کە مێژووی گەلمان پڕیەتی لەم کەسانە ئەوە لە حاڵێک دایە کە وەک هەموومان دەزانین داگیرکەرانی وڵات وێرای جیاوازی نەتەوەیی و دینی و کولتووری و دوژمنایەتی لە نێوانیاندا بە درێژایی مێژوو هەتا ئێستاش ، بەڵام هەمووکات سوورن لە سەر دژایەتی گەلی کورد و بە هاودەنگی و بەستنی پەیمان نامەی جۆراوجۆر وەک سەعداباد و لۆزان و سەدان هاوپەیمانیەتیی تر بۆ دژایەتی گەلی کورد و سەرکوتی هەر شێوە جوڵانەوەیەکی ڕزگاریخوازی بۆ وەدی هێنانی ئاواتی لەمێژینەی گەلی کورد جا لە هەر بەشێکی کوردستاندا سەرهەڵدانێک بکرێت هەموو دوژمنان بە یەکدەنگی لە هەمبەر ئەم سەرهەڵدانە هەڵوێست دەگرن و بە تووندترین شێوە دژایەتی دەکەن بۆ نموونە دوای ڕاگەیاندنی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان بینیمان دوژمنان چۆن لە هەموو لاوە پەلاماری باشووریاندا و سنووریان بەسەر کوردستاندا داخست و فرۆکەخانەکان نەتوانرا هاتووچۆی لێبکرێت هەر بەمەش ڕانەوستان و بە هێرش و پەلاماری کوردی ژێر دەستی خۆیان دژکردەوەیان لە هەمبەر ئەم بابەتە دەربڕی، هاوڕێیان داگیرکاران وێرای جیاوازی و دووژمنایەتی بەردەوامیان لەگەڵ یەکدا بە یەکدەنگی و یەک وتاری لە ئاستی گەلی کوردا هەڵوێست دەگرن لە بەرامبەریشدا کورد لەمێژساڵە بە یەکدەنگی نەبیندراوە و پشتی لە برایەتی کردووە ئەوە کارەساتێکە کە وەک خۆرکە کەوتووتە گیانی کورد لە حاڵێکدا کە ئێمە خاوەنی زۆرشتی پیرۆزین کە بتوانێت لێکمان کۆ بکاتەوە وەک وڵاتەکەمان ،ئاڵامان ،سروودی نەتەوەیمان ، زمانمان ، کلتوورمان ، ژیانە هاوبەشەکانمان و سەدان پیرۆزی تر کە دەتوانێت ببێتە خالی لێککۆبوونەوەمان و بۆ ئەم پیرۆزیە لێککۆبینەوە پشت پێکببەستین و ببین بە خاوەن بڕیار بۆ چارەنووسی خۆمان. لێرەدا دەبێت وەرچەرخانێک لە ئاستی بیرکردنەوەی لاوان دا بێتەدی و لاوان تێبکۆشن بۆ ئەم خالە گرینگە و دەستی برایەتی بدەن بە یەک.
 لەم کاتە دا ئەرک دەکەوێتە سەر ئەستۆی ئێمەی لاو وەک سیاسەتوانی دواڕۆژی وڵات پرسیار لێرە دا ئەوەیە ئاخۆ ئێمەش هەر دەبێت بە شوێن ئەم ناتەبایەتیانە دا بڕۆین یان ڕێگا جیا کەینەوە ؟بێگومان دەبێ ڕێگا بگۆڕین و بە ڕێگای برایەتیدا بڕۆین و دەست بە دەستی یەک بدەین و بە کردەوە یەکبوون بچەسپێنین و خۆمان بەدووربگرین لە عەشیرەتگەری و بەرژەوەندی ناوچەیی کە هەمووکات بوونەتە مایەی نەگبەتی گەلی کورد، لە هەمان کات دا کەسایەتی خۆمان وەک کورد بخوڵقێنین تا بتوانین لە دواڕۆژێکی نە زۆر دوور کاریگەریمان هەبێت لە ئاست وەدیهێنانی خەونەکانمان و لەم ڕێگایە دا سڵ لە هیچ شتێک نەکەین و بڕوامان وەها قاییم بێت هیچ شتێک و لایەنێک لە بەرانبەی یەکگرتن دا نابێتە کۆسپی بەردەم ڕێگای پیرۆزمان بە هیوای وەدیهاتنی ئەم خەونە گرینگەی کورد لە سەر دەستی ئێوە لاوانی خۆشەویست.
نووسین : کامیل ئازەریوون
 ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و بۆچوونی نووسەرە و ماڵپەری لاوان لێی بەرپرسیار نییە.