IMG 20191012 111541 617

 

دێمواسی و دەسەڵات
کاتی ئەوە هاتوو کە بابەتەکانی وەک ئازادی و  دیموکراسی و بەرابەری کە ئامانجگەلێکن بەدرێژایی مێژوو خەڵک قوربانی بۆ داون، لە گەڵ پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدار لە ناو کۆمەڵگا بە تەواوەتی بکەوێتە بەر دەستی خەڵک و بە ڕوونی باسی لەسەر بکرێت بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری و دیموکراسی ڕاستەقینەی نێوان مرۆڤەکان، پێویستە کە دۆخی کۆمەڵگا و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدار لە ناو کۆمەڵگا گۆڕانکاری بەسەڕ دا بێت، ئەگەر چاو لە سەدەی ڕابردوو لە ئێران بکەین دەتوانین ئەو ڕاستییە ببینین کە زۆرینەی خەڵک لە نەبوونی ئەڵترناتیوێکی یەکگرتوو، خەبات و لەخۆبوردوویان لە پێناو کەمینەی دەسەڵاتداری وڵات قوربانی بووە. 
فرتوفێڵی ڕێژیمی دەسەڵاتدار ھەمووکات و بەدرێژای مێژوو سەلماندوویەتی کە بەرژەوەندی و ئیدیئۆلۆژیەکەیان لەبەرچاوو سەرترە تاکوو بەرژەوەندی گشتیی خەڵک و ھەوڵیان داوە کە درزگەڵێکی قووڵی چیینایەتی ناو کۆمەڵگا لە پشتەوەی پەردەی ئایین بشارنەوە. شەپۆڵی گرێدایی بە دیموکراسی و دیموکراسی کردنی سیستمی سیاسی وڵاتەکان بەبیانووی نیزامێکی ڕێدراو، ھەمەلایەنە و بڕوایی لە لایەن خەڵک و خەڵکسالاران و دیموکراتەکانی مێژووی لە چەن دەیەی رابردوو پەرەی سەندووە و ھەوڵ و تێکۆشانی وڵاتان و کەسایەتیە سیاسیە جۆراوجۆرەکان ئەوە بووە کە هەنگاوێکی بەھێز بۆ دیموکراسی و دیموکراتیزە کردنی سیستمی بەڕێوبەری وڵاتان ھەڵبگرن، لەبەر ئەوەی وڵاتی ئێرانیش بە بۆنەی تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و ئابووری کە ھەیەتی، یەکێک لە ئەو وڵاتانەیە کە لە ناو دەیەی دیموکراسی دایە و ھەروەھا وەکوو وڵاتێک کە لە پێناوی پڕۆژەی بەرینی دیموکراتیزایشن یا درووست بوونی خەڵکسالاری جێیگرتووە، بەڵام بەداخەوە وڵاتی ئێران تا ئەورۆ نەیتوانیوە لەم بارەوە پێشڕەوی بکات و یا ئەزموونێک بەدەس بێنێ. درووست کردنی دیموکراسی لە وڵاتێکی وەکوو ئێران بە بۆنەی قۆناغی ھەستیاری ئێستا و پێکھاتەی کۆمەڵایەتی و چیینەکانی کۆمەڵایەتی و کەمیی فەرھەنگی و دواکەوتووی ئابووری کارێکی سادە و ساکار نیە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەرفەتی ھەمبەرو دەروەستی کۆمەڵگای جیھانی لەم بوارەدا ناتوانین لەبەرچاو نەگرین، ئەگەر چی دیموکراتیک کردنی سیستمی سیاسی ئێران لە ناو دەستووری کاری مسۆگەر کردنی ئاسایش و ململانێ لە گەڵ تێرۆریسم ئەنجامدەگرێ. ھەروەھا لەم پێناوەدا تواناییەکان و چەمەوازیەکانی ناوخۆی وڵات لە ناو چەرخەی سیستمی نادیموکراتیک و دیکتاتۆر و تۆتالیتر بە سیستمێکی ھاوبەشی_کێبەرکێیی سیاسی و کۆمەڵایەتی جێگیر بووە. 
ھەروەھا کە دەزانین دیموکراسی سیستمێکە کە لە ویست و ڕەزامەندی خەڵک دروست بووە و ڕەوایی حکومەتیش لە خواست و رەزامەندی شارۆمەندان سەرچاوە دەگرێ، هەرکات لە بیرمان بێ کە کۆمەڵگا لە نەتەوەی جیاواز پێکھاتووە کە ویست و داواکاری جیاوازیان ھەیە بەم ئاکامە دەگەین کە بەڕێوەبردنی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئێمە لەگەڵ داواکاری جۆراوجۆر ڕووبەڕوو دەکاتەوە کە لە لایەکەوە دیموکراسی ئەبێ بۆ ھەموو خواستەکان سەرنج بدات و لە لایەکی دیکەشەوە ئەبێ بۆ ئەم داواکاریانە بە شێوازێک ھاوسەنگی پێک بێنێ کە داواکاریەکان لە بەرامبەر داواکاریەکانی دیکە سەرکۆت نەبێت و یا لەبیر نەکرێ، لە لایەکی دیکەوە دێموکراسی سیستمێکە کە تەئکییدی لەسەر ماف و ئازادی خەڵک ھەیە. 
ڕوونە کە مەبەست لە ماف و ئازادی خەڵک، ماف و ئازادی تاک بەتاکی خەڵکە، بەڵام پرسیار ئەمەیە، کە چۆناوچۆن دەتوانین ماف و ئازادی خەڵک بپاڕێزین و پاڵپشتی بکەین کە نەبێتە ھۆی تێک چوونی ئۆتۆریتەی سیستم؟ خاڵی دژوازی لەوە دایە کە ئەگەر بنەمای حکومەت لەسەر داواکاری تاکبەتاکی خەڵک دابنێرێت و حکوومەتیش شوێنکەوتووی بەئەژمار بێنین، سەقامگیری و ئۆتۆریتەی سیاسی لەلایەن داواکاری زۆر و ھەندێ جار جیاوازی تاکەکان، بە سنووردارێتی و کێشەگەلی زۆر ڕووبەڕوو دەبێتەوە، چوون ویستی خەڵک، پاشڕەوی دۆخ و لە بەرژەوەندی کەسێنی دایە و ئۆتۆڕیتەی حکوومەت لە گۆێڕایەڵی خەڵک و سەقامگیری ڕێژەی دایە. دیموکراسی بە ھیچ جۆرێک سیستمێک نیە کە پێویستی ئۆتۆریتەی سیاسی بۆ حکوومەت رەت بکاتەوە بەڵکوو ئەیھەوێ لە سەر بنەمای دیموکراتیک ڕەوایی پێببەخشێ، گڕینگی پێ دان بەسەقامگیریش بەشێک لە پێداویستییەکانی دیموکراسیە. 
بەڵام گرێوی دیموکراسی لەوەدایە کە ئۆتۆریتەی سیاسی نابێ سەرکۆتکەری ویستی ئازادی خەڵک بێ. ڕەنگە فۆڕمی قسەیەکی لەم شێوە نەسازاو بێت و لە ناو هزری مرۆڤ نەگونجێر چوون بەوجۆرە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد ئۆتۆریتە لە گەڵ ئازادی و ویستی تاک بە سادەو ساکاری یەک ناگرێتەوە، چوون ئۆتۆریتەو سەقامگیری فرەتر لە گەڵ دەسڵاتو ھێز تەبایی زیاتری ھەیە، بڵام ھێز و دەسڵات، ئەم سەقامگیریە بە سەرکۆت کردنی ویستو ئازادی تاکەکەسی بەدەس دێنێ، ڕەوتێک کە لە ناو سیستمە دیکتاتۆرەکان برەوپێدەرە.
 چاڕەسەر کردنی ئەم دژوازیە ساددە نیە، بەڵام بۆ ئەوەی کە چارەنووسی خەڵک بەدەستی تاکەکان نەکەوێت و ھەم لە دیموکراسی سیستمێکی سەقامگیرتر و ئۆتۆریتەتر دروست بکەن، زیاتر حکوومەتەکان لەسەر بنەمای یاسا و شوێنکەوتووی یاسا پێک دێنن، یاسایش لە بیروبۆچوونی خەڵک سەرچاوە دەگرێت، بەڵام بەھیچ شێوازێک شوێنکەوتووی بەرژەوەندی تاکەکان نیە و لەسەر بەرژەوەندی گشتییە، یانی یاسا، بەرژەوەندی تاکەکانی کۆمەڵگا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی پێناسە دەکات، لەم بوارەدا یاسا تەنیا چوارچێوەیەک دەخاتە بەردەست کە ماف و ئیمتیازەکانی خەڵکی ژێردەسەڵاتی خۆی، تووشی ھەڕەشەو دەستدرێژی نەبێت، حکوومەت ھەرچەن ئەو یاسانە ئیجرا دەکات بەڵام خودی حکوومەتیش شوێنکەوتووی ئەو یاسایە، لەبەر ئەوەیە یاسا ھەوڵ دەدات کە بۆ ڕاگرتنی دیسیپلین و سەقامگیری کۆمەڵگا "ھێز" و دەسەڵات لە چوارچێوە دابینکراوەکان ئیجرا بکات، بە لێکدوانێکی دیکە دیموکراسی، دەسەڵات لە حکوومەت ناستێنێ بەڵکوو رێز لە دەسڵاتی حکوومەت دەگڕێ و حکوومەت شوێنکەوتووی یاسا دەکات و لەم ڕێگاوە ئۆتۆریتەی حکومەت بە "ئۆتۆریتەیەکی یاسایی" پێناسە دەکات، بڵام ڕەچاوکردنو ھاواھەنگی یاسا، پێویستی بە بارودۆخ و بەستێنەکانی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی ناو کۆمەڵگا ھەیە، یانی هەرکات کۆمەڵگا بە ئاستێکی بانتر لە پێشکەوتنی خۆی گەیشتەبێ، یاسایش باشتر وەردەگرێت، بەم بۆنەیەوە، دیموکراسی ھەوڵ دەدات کە پڕۆسەی گووران، سەقامگیر و ئۆتۆڕیتە لە گەڵ ڕاگرتنی ماڤ و ئازادی تاکەکەسیەکان بە دەس بێنێ، ڕوونە کە کاتێک دەتوانین "دیموکراسیەکی سەقامگیر و ئۆتۆڕیتە" پێک بێنین کە بیروبۆچوونی خەڵک پشتیوانی بێت، گەیشتن بەم قۆناغە پێویستی بە پێشکەوتنی مەدەنی و سیاسی کۆمەڵگا ھەیە، کەواتە دیموکراسی، حکوومەت، ئۆتۆریتەو سەقامگیریەکی لە ھەلسووکەوتی مرۆڤەکان دەزانێ و ئەوەش بەتووندی بەبەستێنەکانی کۆمەڵایەتی و فەڕھەنگی بەستراوە، ئەم بارودۆخەو بەستێنانە ئەبێ دابین بکڕێت و خەڵکیش ئەبێ بەو ئاستەی لە بواری سیاسی و گەشەی فکری بگەیەن کە بۆ پاڵپشتی لە سەقامگیری دیموکراسی و ڕاگڕتنی ئۆتۆڕیتەی دیموکراسی ھەوڵ بدەن، دەزانین کە دەسڵاتی دیموکراسی، لە پاڵپشتی خەڵک سەرچاوە دەگرێ.
 بەڵام تا گەیشتن بەم قۆناغە، دیموکراسی مەترسی زۆری لەسەرە؛ وەکوو کەڵکاوەژووی کەسایەتیە سیاسیەکان لە نەرمی دیموکراسی یا درووست بوونی بێ سەرەوبەرەی لە ناو کۆمەڵگا، زاڵ بوون لەسەر چارەنووسی خەڵک یا کەوتنە ژێر دەسڵاتی گروپێکی خەڵک خەڵەتێن. ئەم مەترسیانە کاتێک بوونیان ھەیە کە خەڵک بەپێوانەی شیاو، بەرۆڵی ھەستیاری خۆی لە داھێنان و چاودێری سیستمی سیاسی ئاگادار نەکرا بن و لە ئاستێکی هەرە نزمی شعووری سیاسی دا بوون و یا لە بەرامبەر چارەنووسی خۆیان پەرچەکردارێکی ئاگاھانە نیشان نەدەن، بەخۆشحاڵیەوە کە ئەم بەشە لە تێگەیاندنە لەباڕەی پێشوازی و داکۆکی لە دیموکراسی لە گەڵ پێوانە و بایەخە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای ئێمە هاوئاهەنگی ھەیە، بەتایبەت ئەوەی کە خەڵکی ئێمە لە ساڵانی رابردوو بە ھۆی قەیران و شەر وھەروەھا رێژیمی دەسڵاتدار و سەرەڕۆ، تووشی خەساری زۆر و گەورە بوونە، کەواتە پاساوەکان کە بۆ کۆمەڵگای ئێمەلەبەردەست دایە بۆ بەدەسھێنان و جێگیری سیستمی دیموکراتیک، ھۆکار و بنەمایەکی ڕوونی ھەیە، جێگای ئاماژەیە کە لێکدانەوەی نادروست یا ڕەقاوی کە کە لە چەمکی دیموکراسی دەگوترێ و یا ماناکانی ھەڵە کە لە ئازادی دەربڕاوە ھیچ پەیوەندیەکی لە گەل دیموکراسی و سیستمی دیموکراتیک نیە. 
نووسین : ڕێبوار مەسعوودی