rasani demukrat 95شۆکی نەریت شکێنی
راسان یەکەم هەنگاوی مێژوویی کوردە لە رۆژهەڵات کە ئێرادەی گۆڕاندن کەوتۆتە پێش شڵەژانی ناوەند. ئەم نەریت شکێنییەتی دێمۆکرات، هەم کۆمەڵگای رۆژهەڵات و هەم داگرکەریشی شۆک کردووە.

تێزی هەمیشەیی داگیرکەر ئەوە بووگە: هەر کات ناوەند شڵەژاوە، پەراوێز خرۆشاوە. بۆیە، بۆ پێشگرتن لە خرۆشانی پەرواێز، پێویستە ناوەند سەقامگیر بێ و سفت سۆڵ رایبگرین. هەر وا کە چەندین جار ئاماژەم پێکردووە، ئەم تێزە لە ئاسمانەوە دا نەبزیوە، بەڵکو پاشخانێکی مێژوویی هەیە. جگە لە راپەڕینی مەلا ئاوارەو هاوڕێیانی، کورد لە رۆژهەڵات تەنیا دوو جار هاتۆتە گۆڕەپانی خەباتەوە؛ کە هەردوو جارەکەش ئاکامی شڵەژانی ناوەند بووگە.

خودی ئەم نەریتە، لە بیرەوەری جەمعی کوردی رۆژهەڵاتیش نەهادینەوە بووەتەوە. تەنانەت حزبەکانی رۆژهەڵاتیش وەک بەشێک لە بیرەوەری جەمعی کۆمەڵگای رۆژهەڵات، چاوەڕوانی رووداوێکی دەرەکی یان ناوەکی بوون تا بەشکەم کۆڵەکەکانی دەسەڵات بڕووخێ و دووبارە دەرفەتێ بۆ کورد بێتە ئاراواە. لە ئاکام دا دێمۆکرات بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەفتاد ساڵەی رۆژهەڵات و لە ژێر ناوی راسان، هەستاوە بە شکاندنی ئەو نەریتە. بێ ئەوەی تۆزقاڵێ گومانمان لا دروست بێ، راسان قۆناخی وەرچەرخانە لە مێژووی نەریتی چاوەڕوانیی. ئەمەش هەم داگیرکەری تووشی شۆک کردووە و هەم کۆمەڵگای رۆژهەڵات. داگیرکەر تووشی شۆک بووگە، چونکە تێزی شڵەژانی ناوەند و خرۆشانی پەراوێز، بە راسان فەشەل دێنێ. کۆمەڵگاش تووشی شۆک بووگە، چونکە نەریتێ شکاوە کە لە ماوەی هەفتاد ساڵ ببووە بەشێک لە ئەقڵانییەتی جەمعی کۆمەڵگا. ئەوە قاعێدەی مێژووشە کە نەریت شکێنەکان ئەکەونە بەر دژایەتی و قەشمەریکردن. ئەمەش سروشتییە: تۆ نەریتێکت شکاندووە کە بەشێکە لە مێژووی ئەو کۆمەڵگایە؛ جا چ داگیرکەر بێ یان کۆمەڵگاکەی خۆت. ئەم دوو لایەنە هەوڵ ئەدەن نەریت شکێنان سزا بدەن و تووشی شکستیان بکەن؛ چونکە جیهانی هەردوو لایەنی رووخاندووە. ئێتسا راسان و پێشمەرگە بیرەوەری زڕەدەشت-مان بۆ زیندوو دەکەنەوە کە لەلایەن خودی کۆمەڵگای میتراییەوە وەکوو دێوانە سەیریان دەکرد. ئێوەش چاوڕوان مەبن گوڵ و شیرینی بە سەرتاندا ببارێنن. بە پێچەوانە گاڵتەتان پێدەکەن، بەردتان تێدەگرن، هەرکامتان بکوژرێ ئەوان قاقا پیدەکەنن. ئێوە نەریتێکی هەفتاد ساڵەتان شکاندووە، چ گوناهێ لەوە گەورەتر؟! هەندێ جاریش وەکوو مرۆڤی گەمژە سەیرتان دەکەن و هەڵدەستن بە ئامۆژگاری کردنتان.

 

ئەگەرچی کۆڵەکەی راسان بەندە بە باوەڕ و ئێرادە، ئەمما گرنگە راسان لە راپەڕینەوە ببێ بە شۆرش و پاڕادایم؛ دووانەیێک کە تەواوکەری یەکترن و نەبوونی هەریەکیان شکستی نەریت شکێنان ئاکامەکەیەتی.

 

دوكتور مه‌سعوود ڕۆسته‌می