IMAGE 2018 08 30 210716


لاوان میدیا: ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ئەپڵیکەیشێنێکی گوماناوی تایبەت بە مۆبایل بە ناوی ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" دروست کراوە و لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاو کراوەتە.

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"دا هاتووە، کاتێک کەسێک ئەو جۆرە ئەپڵیکەیشنە دادەبەزێنێت سەر مۆبایلەکەی، هەموو زانیاری سەر مۆبایلەکە وەردەگرێت و خاوەن مۆبایلەکەش لەو ڕێگایەوە دەخرێتە ژێر چاوەدێری.

 

حیزبی دێموکرات ڕایدەگەیەنێت، ئەو جۆرە ئەپڵیکەیشێنە گوماناوییانە لە لایەن دەزگا سیخوڕییەکان و ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دروست دەکرێن و بە مەبەستی کاری سیخوڕی لە نێو خەڵکدا بڵاو دەکرێنەوە.

 

کەریم پەرویزی بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندنی گشتی حدکا لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "ئێمە دەزانین کە کۆماری ئیسلامی لە دونیای مەجازی و بەرنامەکانی تایبەت بە مۆبایل و لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە هەموو شێوەیەک خەریکی کاری سیخوڕی و فریوکارییە و ئەوجۆرە ئەپڵیکەیشێنانە دروست دەکات، هەر بۆیە ئێمە هیچ جۆرە ئەپڵیکەیشێنێکمان دیزاین نەکردووە و بە کەسیشمان نەوتووە کە شتی لەو بابەتەمان بۆ دیزاین بکات تاکوو ڕێگە بە کەڵکی نابەجێی دەزگاکانی ڕێژیم نەدەین بە ناوی ئێمەوە ئەپڵیکەیشێن دروست بکەن و لایەنگران و هوگرانی خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەداو بخەن".

 

بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندنی گشتی حدکا، داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، نەکەونە داوی دەزگا سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەر جۆرە زانیارییەکیشیان لەو پەیوەندییەدا هەبوو بە دەزگای ڕاگەیاندنی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ڕابگەیەنن.