photo 2019 03 01 13 52 59

 

 
لاوان میدیا: لە بنکەی ئازادی مەراسمێک بۆ ٧٣ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئیران بەڕێوە چوو.
 
ڕۆژی هەینی ٣ی ڕەشەممە، لە بنکەی ئازادی مەراسمێک بەبۆنەی ٧٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداری ئەندامان و لایەنگرانی ئەم یەکیەتییە و بەشێک لە ڕێکخراو، حیزب و لایەن سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
 
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەیی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
 
پاشان پەیامی یەکیەتی لاوان بەم بۆنەوە لەلایەن هاوڕێ "عومەر فەخرەدینفەر" سکرتێری یەکیەتی لاوان خوێندرایەوە، هاوڕێ "عومەر فەخرەدین فەر" لە بەشێکی پەیامەکەیدا
ئاماژەی بە بارودۆخی ئێستای کوردستان و ئێرانی کرد و وتی: "لە ٧٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکیەتی لاواندا دەبینین کە دۆخی ئێستاکەی وڵاتی ئێران لەوپەڕی پشێویدایە و ڕای جیهانی زۆر زیاتر لە ڕابردوو بۆ بەرەنگاریکردن لە بەرانبەر ئەم ڕێژیمە کۆک و هاودەنگن و دەبینین کە وڵاتی ئێران بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئەگەری ئەوە زۆر نزیکە لە بەرەو گۆڕانی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێستای ئێران بەرەوپێش بچێت و قۆستنەوەی ئەم هەلە مێژوویەش کە بەدەگمەن هەڵدەکەوێت لەلایەن لاوانەوە پشتڕاستی ئەمە دەکاتەوە کە لە ڕابردوودا چەندەها جار دیتراوە دەسەڵاتە زۆردارەکان بەزەبری لاوان کۆتاییان پێ هاتووە و لەم گۆڕانی ڕێژیمی دیکتاتۆرییەی ئێرانیشدا لاوان بە ئیرادەی پۆڵاینیان دەبنە پێکهێنەری ئەو ئاڵوگۆڕە و دەبنە هێزی لەناوبردنی ئەم دەسەڵاتە خوێنمژە و بنیادنەری کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێموکرات".
 
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە چەپکە گوڵێکی پیرۆزبای لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە پێشکەشی یەکیەتی لاوان کرا و هاوڕێ "لوقمان مێهفەر" ئەندامی هەیئەتی ئیجرای ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکرات هەر بەمبۆنەیەوە پەیامێکی پێشكەش کرد و جەختی لە هێزی لاوان کردەوە و وتی: "بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە لاوان هێزی بزوێنەری کۆمەڵگا وداهاتووی نەتەوەن، ڕاست لەبەر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی سیاسەتە دژی مرۆییەکانیەوە بەرامبەر بە لاوانی کورد لە هیچ پلان و جینایەتێک بۆ بەلاڕێدابردن و پاسیڤ کردن و لەنێوبردنی داهاتووی لاوان دەستی نەپاراستووە".
 
پاشان گروپی سروودی "یەکیەتیی لاوان" سروودێکیان لە ژێر ناوی "لاوی کورد" پێشکەش کرد.
 
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا "ژینۆ حاجی ڕەسووڵی" هۆنراوەیەکی لە ژێر ناوی "لاو و ڕاسان" لە نووسینی "کۆچەر ڕۆژهەڵات" خوێندەوە.
 
پاشان بە وتنی گۆرانییەک لەلایەن هاوڕێ "کامەران سەرشین" بە هاوکاری هاوڕێیانی موزیک ژەن "سامان سەید ئەحمەدی و نیزام سەجادی" ڕێوڕەسمەکە زیاتر ڕازایەوە.
 
دواتر لەوحی ڕێزلێنان بەمەبەستی ڕێزگرتن لەو هاوڕێیانەی کە لە ماوەی ئەندامییەتییان لە یەکیەتیی لاواندا کار و چالاکیان ئەنجام داوە پێشکەش کرد، کە لە ئێستادا بەهۆی بەسەرچوونی تەمەنیان لەم یەکیەتییە ئەندام نەماون. ئەم هاوڕێیانە بریتی بوون لە: "کەیوان فەتحی، فواد خاکی بەیگی، مەسعود ئەفشاری، شەهرام حەمیدزادە، جاوید ئەسغەری، فەرزاد ڕەزای، کاروان شەرەفی، دارا ناتق، لوقمان ئەحمەدی، فاتمە عوسمانی، ستار ئیبراهیمی، حەلیم قادری، شەیدا یاری، بداغ بداغی و غالب حەبیبی".ئەم لەوحی ڕێزلێنانە لەلایەن " واحید ئەحمەدی و هێمن قادری" ئەندامانی دەستەی بەڕێوبەری یەکیەتیی لاوانەوە پێشکەش کران.
 
پاشان گروپی هەڵپەڕکێی "ڕۆژهەڵات" بە پێشکەشکردنی چەند تابلۆیەکی هەڵپەڕکێ ڕێوڕەسمەکەیان زیاتر ڕازاندەوە.
 
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمە لەلایەن یەکیەتی لاوانەوە سپاسی ئەو ڕێکخراو و لایەنانە کرا کە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ئەم یەکیەتییە بروسکەی پیرۆزباییان ناردبوو کرا.
ئەو ڕێکخراو و لایەنانە بریتی بوون لە: " یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێکخراوی گەشەی لاوانی کوردستان و ڕێکخراوی ئاشتی گەل ".
 
پاشان هاوڕێیان "بێریڤان عەزیمی و شەپۆل ڕەحیمی" گۆرانییەکی فۆلکلۆریان پێشکەش کرد و ڕێوڕەسمەکەیان ڕەنگین تر کرد.
 
ڕێوڕەسمەکە بە خۆشی و شادی وهەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.
 
سەرجەم وێنەکان دەتوانن لە لەم لینکە دا ببینن