IMG 20181231 200854

 
ساڵی ۲۰۱٨ زایینی بۆ دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی داهات و توانای کڕینەوە ساڵی نەهاتە، لەو ساڵەدا ئەمەریکا لە ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی کشایەوەو گەمارۆکان لەسەر ئێران دانرانەوە، بەو هۆیەوە تمەن بەهای خۆی بە ڕێژەیەکی زۆر لە دەست دا، سەرەتای ساڵ نرخی هەر دۆلارێکی ئەمەریکی بەرامبەر بە ۳٥۰۰ تمەن بوو، بەڵام لەسەرەتای مانگی ئادارەوە دابەزینی تمەن دەستی پێ کرد، نرخی هەر دۆلارێک تاوەکوو نزیکەی ۲۰۰۰۰ هەزار تمەن بەرز بووەوە.
 
بەرزی و نزمی دراو بازارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نا سەقامگیر کرد، نرخی شتوومەک و پێداویستیەکانی ڕۆژانەی خەڵک زیاتر لە سەدا سەد بەرز بووەوە لە بەرامبەردا داهاتی خەڵکیش بەهۆی ئەو دۆخەوە کەمی کرد، توانای کڕینی خەڵک دابەزیوە گرانیەکان تەنگیان بە خەڵک چنیوە.
ئەم ساڵ بەهۆی داخستنی سنوورە کۆڵبەریەکان داهاتی هاونیشتمانیان لە ناوچە سنووریەکان زۆر کەمی کردووە و بە داخرانی سنوورەکان و دابەزینی بەهای تمەن بازاڕچەکانی کەلووپەلی بیانی کە ناوەندێکی گرینگی بازرگانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو پەکیان کەوت .
 
ساڵی ۲۰۱٨ هەروەها بۆ کۆڵبەرەکانیش ساڵێکی پڕ نەهامەتی بووە، هێزەکانی سوپای ترۆریستی پاسداران و پاسەوانی سنوور فەرمانیان پێ کراوە بە تووندی ڕووبەڕووی کۆڵبەران ببنەوە بە پێی ئامارەکان لەم ساڵە تاوەکوو ئێستا لانیکەم ٥۹ کۆڵبەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون یان بە تەقینەوەی مین و کەوتنە خوارەوەی گیانیان لەدەست داوە، بە سەدان کەسیش بریندار و کەم ئەندام بوون.
 
لە ڕووی سیاسییەوە ساڵی ۲۰۱٨ هەوڵی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکخستنی هەوڵەکانیان سەری گرت، بەمەش بووە هۆی هاوئاهەنگی و یەکڕیزی نێوانیان.
 
حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ۲۰ کانوونی دووەمی ساڵی ۲۰۱٨ ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێرانیان دامەزراند.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەت کێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەت کێشانی  کوردستانی ئێران و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ئەو سازمانەیان دامەزراند، بەڵام لە کۆتایی ساڵدا سازمانی خەبات لە ناوەندی هاوکاری کشایەوە.
ئێران کە پێشتر هەڕەشەی کردبوو ئەگەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکیەکانیان لە ناو خۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕانەگرن هێرش دەکاتە سەر بنکەو بارەگاکانیان لە باشووری کوردستان دەکاتە ئامانج.
 
 ڕێکەوتی ٨ ئەیلوولی ۲۰۱٨ کاتژمێر ۱۰:٤۲ سەر لەبەیانی کە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حدک لە قەڵای دێموکرات نزیک شاری کۆیەی کردە ئامانج و مووشەکبارانی کرد، کە بە هۆیەوە ۱٦ ئەندامی سەرکردایەتی و کادرو پێشمەرگەی حدک و ۲ پێشمەرگەی حدکا شەهید بوون و زیاتر لە ٤۰ کەس بریندار بوون.
 
هەر لەو ڕۆژە دا لە گرتووخانەی ڕەجایی کەرەج ۳ بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی: لوقمان مورادی، زانیار مورادی و ڕامین حوسێن پەناهی لە سێدارە دران،
دوو ڕۆژ دواتر بەندکراوێکی سیاسی دیکە بە ناوی: کەماڵ موحەمەد نژاد  لە گرتووخانەی شاری میاندواو لە سێدارە درا.
لەم ساڵەدا لانیکەم ٦٨ بەندکراوی کورد لە گرتووخانەکان لە سێدارە دراون.
 
۱۲ ئیلوولی ۲۰۱٨ بۆ ئیدانەکردنی هێرشی مووشەکباران کردنی بنکەو بارەگاکانی دێموکرات و هەروەها لە سێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی، خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووکان و بازاڕچەکانیان داخست و مانیان گرت.
 
مانگرتنەکە لە ئاستێکی فراواندا بەڕێوە چوو و زۆربەی شارو شارۆچکەکانی لە پارێزگای ورمێ و سنە و کرماشانی گرتەوە.
ئەم ساڵ بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانیان بوونە قوربانی هاتووچۆ  لە ۱۰ تەمووزی ۲۰۱٨ بە هۆی پێکدادانی پاس و تەنکەرێکی نەوتی نزیک ترمیناڵی سنە پاسەکە ئاگری گرت و بە هۆیەوە ۱۳ هاونیشتمانی گیانیان لە دەستدا.
 
لە ۲۰۱٨ دا ژینگە پارێزان و خۆبەخشەکانی کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان لە کۆنترۆڵ کردنی دارستانەکان هەبووە کە سپای پاسداران هۆکاری ئاگر دانی دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
 
بەڵام لە ۲٥ ئابدا ئاگر گیانی ٤ ژینگە پارێزی مەریوانی ئەستاند، 
بەناوەکانی: شەریف باجوەر، ئۆمێد کۆنەپۆش، ڕەحمەت حەکیم نیا و موحەمەد پژویی لە ناوچە سنوریەکانی نێوان پپێنجوێن و مەریوان لە کاتی کوژاندنەوەی دارستانەکان گیانیان لە دەستدا.
 
و شایەنی باسە کە "شەریف باجوەر" ئەندامی نهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.
 
 
ئامادەکار: هاوڕێ حەیدەری