IMG 20181214 221245 578

 
 
لاوان میدیا: ئابوورییناسانی ئێرانی خەریکی فیل شووشتنن و ئاکامی ئابووری ئێرانیش بەرەو داڕمان دەچێت.
 
 پرۆژە ئابوورییەکانی ئێران لە سەرجەم ئاستەکانی پێناسە، دارشتن، شوێنگیر بوون و ڕەوتی جێبەجێکردن لە داوی تێبینییەکان و پەیوەندییە سیاسییەکاندان تا بتوانن خۆشەویستی سیاسی  بەرعۆدەکانی پرۆژە مسۆگەر بکەن. ئەم کارەش کەمتر دەبێتە هۆی پێکانی ئامانجی پرۆژە ئابوورییەکان کە دەبێ ئاکامێکی پۆزەتیڤی هەبێت.
 
زۆربەی پرۆژە ئابوورییەکانی ئێران کە لە لایەن ئابوورییناسان دەبێ بە پێی لێکدانەوەی ڕەوشی داهاتوو و سەرجەم تێبینییەکانی ئابوورییناسیی دابڕێژرێن و بەڕێوەبچن، بە پێچەوانە دەبێت لە کاتێک و بەشێوەیەک کە لایەنی سیاسی دەسەڵات بەدەست دەخوازێ بێ و کاتەکەشی گونجاو لەگەڵ کاتێکی سیاسی پەسەندکراو لە لایەن سیاسەتبەدەستان بێ ئەمەش ڕەوتی ئابووریی بەرەو خراپی و ڕووخانی ژێرخانی ئابووریی بردووە.

دەستێوەردانە سیاسییەکان لە پرۆژە ئابوورییەکاندا کە زیاتر بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک کەڵکی لێوەردەگیرێت، بووەتە هۆی نیوەچڵ مانەوەی سەدان پرۆژەی ئابووری و بە سەرنجدان بە ڕێژەی خەڵک لە پارێزگایەک، زمان و ڕادەی مەقبوولییەتی حکوومەت لە لای دانیشتوانی بووەتە هۆکاری ئەوەی کە زۆربەی پرۆژە ئابوورییەکان لە چەند پارێزگایەکدا کۆببنەوە و بەبێ لێکدانەوەی فاکتەرەکانی وەکوو سەرچاوە خاوەکان بۆ پرۆژە یان تێچووی هێنان و گواستنەوەی پێداویستییەکان و دەیان فاکتەری دیکە کە دەبێ لێکدانەوەی ئابووریی بۆ بکرێت، کۆی ئەم کێشانە و بێ پلانی و بەرنامەیی بەشی ئابووریی بووەتە هۆکارێک کە ئاکامێکی نێگەتیڤ لە بواری ئابووری لە ئێراندا بەرهەم بێت.
 
لە دەسپێکی زۆربەی پرۆژەکانیش کە زیاتر بۆ هەڵخەلەتاندنی خەڵکە باس لە گرینگی و پێویستی پرۆژەگەلێکی گەورە و زۆر تایبەت دەکەن کە ڕادەی تێچووی وەگەڕکەوتن و بەردەوام بوونی کاری پرۆژەکە تا ڕادەیەک بەرزە کە توانایی ئاکام و بەرهەمدانی سفر دەبێت.
 
 یەکێک لە پرتێچووترین پرۆژەکانی وڵاتی ئێران کە هیچ ئاکامێکی بە سوودی نەبووە بەرهەمهێنانی وزەی ناوەکییە کە کاریگەری زۆر نێگەتیڤی لە سەر هەموو پێکهاتەکانی ئێران داناوە و تێچوویەکی سەرسووڕهێنەری هەبووە، هاوشێوەی ئەم پرۆژانە کە پشتبەستووە بە ئامانجگەلێکی دوور لە خزمەت بە خەڵک و پێکهاتەکانن، زۆرن کە بەم پرۆژانە لە جیهانی ئابووریی سیاسییدا دەگوترێ فیلی سپی.
 
فیلی سپی: ئەم ناوە وەرگیراوە لە چیرۆکی پاشای وڵاتی سیامە کە دەگوترێت یەکێک لە فیلە پیرۆزەکانی کە ڕەنگی موو و ڕەنگی پێستی سپی بووە، بەخشیوەتە خانەدانێک کە لە چاوی کەوتووە لەگەڵ ئەوەی کە ئەم دیارییە بە ڕوالەت جێگەی شانازی بوو بەڵام تێچووی بەخێوکردنی بە ڕادەیەک زۆر بوو کە زیاتر دەبوو بە هۆی تێداچوون و نەداری خاوەنەکەی.