KORDI I RAPORT 768x567لە ساڵی ڕابردووی زایینی مانگانە  کوژرانی ٥ کۆڵبەر و بریندار بوونی ٤ کۆڵبەر لە کوردستان تۆمار کراوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، لەماوی ساڵی رابردوودا ٤٩ کۆڵبەری کورد کوژراون و ٤٧ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ٤١ حاڵەتی کوژرانی کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران تۆمار کراوە، ٤ حاڵەت بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ، ٣ حاڵەت بەهۆی نوقمبوون لەئاودا و حاڵەتێکیش بەهۆی جەڵتەی دڵەوە تۆمار کراوە.

بە پشت بەستن بە ئامارەکانی هەنگاو  ٢٩ کۆڵبەر لە سنووری پارێزگای ئورمیە، ١٧ کۆڵبەر لە سنووری پارێزگای سنە و ٣ کۆڵبەریش لە سنووری پارێزگای کرماشان گیانیان لە دەست داوە.

مەریوان بە ١٠ حاڵەت کوژرانی کۆڵبەران، ئورمیە و سەردەشت بە ٧ حاڵەت و بانە و پیرانشار بە ٦ حاڵەت زیاترین ئاماری کوژرانی کۆڵبەرانیان تێدا تۆمار کراوە. لە حاڵەتێکدا کۆڵبەریکی خەڵکی پێنجوێنی باشووری کوردستان لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە کۆی ئەو ٤٧ کۆڵبەرەی کە بریندار بوون، ٣٥ حاڵەت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم، ٩ حاڵەت بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، ٢ حاڵەت ە هۆی تەقینەوەی مین و حاڵەتێکیش بە هۆی کەوتنەخوارەوە لەشاخ تۆمار کراوە.

 

لەو ڕێژەیە ٢٤ حاڵەت لەپارێزگای ئورمیە، ١٧ حاڵەت لەپارێزگای سنە و ٦ حاڵەت لەپارێزگای کرماشان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بەم ڕاپۆرتە، زیاترین ڕێژەی کوژران و برینداربونی کۆڵبەران لە پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە کە ٥٣ حاڵەت بووە و دەکاتە ٥٥%ی کۆی گشتی ئامارەکە.

 

وێنە:  بەشیک لەو کۆڵبەرانەی کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون و یان بریندار بوون.