ڕاگه‌یه‌ندراو

IMG 20191014 WA0002

ڕاگەیەندراوی لیژنەی هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات 

لاوانی مافخواز و بە هەڵوێستی کوردستان 
لایەنگرانی ئازادی و دادپەروەری
دوابەدوای ڕاگەیاندنی گرانبوونی نرخی بێنزین بە ڕێژەی ٣٠٠% لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران، ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی خەڵکی سەرانسەری ئێران و زیاتر لە ١٤ شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە. 
شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە کە لە وڵاتێکی دیکتاتۆری لێدراو و لە سێبەری ڕێژیمێکی گەندەڵی وەک کۆماری ئیسلامیدا نرخی پێداویستی خەڵکی هەڵکشانێکی خەیاڵی بەخۆیەوە ببینێت و لە ڕابردووشدا هەرکاتێک نرخی بێنزین لەلایەن حکومەتەوە زیادیکردبێت بەدوای ئەودا نرخی سەرجەم خۆراک و پێداویستییەکانی ژیان هەڵکشاوە هەربۆیەش نرخی بێنزین بۆتە بناغەیەک بۆ گرانی لە ئێراندا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەوشی ژیانی خەڵک لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە و زیاتر لە ٦٠% خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەردەبەن و گرانتربوونی نرخی بێنزین ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی دەخاتە ژێر هێڵی هەژارییەوە و بێ توانایان دەکات لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان. 
لەو خۆپێشاندانانەدا بەداخەوە چەندین خۆپێشاندەر لە شارەکان بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان خۆپێشاندەری دیکە لە شارەکانی مەریوان،کرماشان و سنە و شارەکانی تر برینداربوون، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە وەڵامی خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتووی بە گولە و باتووم و تووندوتیژی دایەوە. 
ئێمە وەکوو ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات، پشتگیری خۆمان لە خۆپێشاندانی ڕەوا و بەرهەقی خەڵکی مافخوراوی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕادەگەیێنین و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەمبەر نادادپەروەری بە مافی خەڵک دەزانین و هەروەها داواکارین لە لاوانی ڕۆژهەڵات وەکوو فاکتەرێکی کاریگەر و سەرەکی لە بزوتنەوەی یەکسانیخوازیی گەلەکەمان لەسەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە شارەکانی تر خاوەن هەڵوێست بن و لە بەرامبەر کوشتن و بریندارکردنی خۆپێشاندەران ناڕەزاییەتی دەرببڕن و بە پێێ هەڵسووکەوتی هێزە داگیرکەرەکانی ئێران بەرگری لە خۆیان بکەن تا گەیشتن بە خواستەکانیان و شکست هێنان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری دژەخەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بن. 
ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات :
- ڕێکخراوی لاوانی پێشڕەو 
- ڕێکخراوی کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات
-رێکخراوی لاوانی ئازادیی کوردستان_RAK
- ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران 
- یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 
 -یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

IMG 20191014 WA0002 ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات

، خەڵکی نیشتمانپه‌روه‌ری کوردستان

 لاوانی ئازا و به‌هه‌ڵوێست کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ مرۆڤدۆسته‌کانی کوردستان و جیهان
 هەر وەک هەمووان ئاگادارن، دەوڵەتی تورکیا و میلیشیا ئیسلامییەکانی گرێدراو بەم وڵاتەوە لە ڕێکەوتی09/10/2019 هێرشێکی بەربڵاویان لە ئاسمان و زەوییەوە بۆسەر کوردستانی ڕۆژائاوا دەستپێکردووە. لەم ماوەدا بەسەدان کەس لە خەڵکانی سڤیل شه‌هید و بە هەزاران کەس برینداربوون هەروەها تا ئێستاکە نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەسیش ئاوارە بوون. جێگای ئاماژەیە کە ئەم هێرشە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێمۆکرات لە کاتێکدایە کە هیچ چەشنە هەڕەشە و مەترسییەک لە لایەن ئەم هێزەی ڕۆژئاواوە بەرەوڕووی تورکیا نەبووەتەوە. هاوکات زۆربەی وڵاتان و کەسایەتییەکانی بەناوبانگ لە ئاستی جیهانیدا ئەم هێرشە وەکوو هەوڵێک بۆ پاکتاوکردنی نەتەوەیی و ژینۆساید ناو دەبەن کە یەکێکە لە تاوانە کانی دژ بە مرۆڤایەتی، لەم ماوەدا کۆمەڵانێکی بەرچاو لە نه‌ته‌وه‌ی کورد، کەسایەتی و ناوداران و ڕێکخراوە بیانییەکان سەبارەت بەم مەترسییە هەڵوێستیان دەربڕیو.
 جێگای ئاماژەیە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە لەلایەن تورکیاوە، لەژێر ناوی کانیاوی ئاشتیی و وەکوو هەوڵێک بەدژی تێرۆریزم ناودەبرێت و بەڕێوەدەچیت، ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا دەرەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاگرباران و خوێنڕێژییە و هەوڵێکی بەرچاوە بۆ گۆڕینی دێمۆگرافی ناوچەکە و هاوکات کوردەکان وەکوو فاکتەری سەرەکی بۆ لەناوبردنی داعش و تێرۆریزم لە ناوچەکەدا ناسراون
. هەر لەم پەیوەندیەدا، ئێمە وەکوو لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پڕۆتستۆ کردنی ئەم هێرشە ناڕەوایە، داوا لە ڕێکخراوە مەدەنی و نێونەتەوەییەکان دەکەین تاکوو درێژه‌ به‌ هه‌وڵه‌کانیان بده‌ن بۆ ڕاوەستاندنی هێرشی تورکیا و کۆتایی هێنان بەو هەموو ئازار و کوشتارە کە داوێنی گەلی کوردی گرتووه‌ته‌وە. هاوکات داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین تاکوو بە هاوهەڵوێستی و پاڵپشتیی یەکتر، بەدوور لە بەرژەوەندیخوازی حیزبی و تاک لایەنە، ئەرکی مرۆڤانە و نەتەوایەتی خۆیان بەجێ بهێنن. ئێمە لاوانی شۆڕشگێر و خەباتکاری ڕۆژهەڵات خۆمان بە هاوخەم و هاودۆزی ڕۆژئاوای وڵات دەزانین.
 ڕێکخراوه‌کانی لاوانی ڕۆژهه‌ڵات: 
-ڕێکخراوی کۆمه‌ڵه‌ی لاوانی رۆژهه‌ڵات
 _یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
 _رێكخراوی لاوانی ئازادیی كوردستان-
PAK -ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
 -یه‌کیه‌تی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان
 -ڕێکخراوی لاوانی پێشڕه‌و 

IMG 20190901 183943 186


٢١ی خەرمانان ڕۆژی پێکەوە بوون و بەرخۆدانی نەتەوەیی گەلی کورد بە درێژایی مێژووی بوونی خۆی لەلایەن داگیرکەران و ستەمکارانەوە دراوەتە بەر هێرش و هەزاران تراژیدیای خەمناک و دڵتەزێن لە مێژووی دوور و نێزیکیدا ڕووی داوە.

ئێمەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە مێژوویەکی نە چەندان دووردا و لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی زامێکی هاوبەشمان هەڵگرت و لە بەرانبەردا خەڵکی خۆڕاگر و مافخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ٢١ی خەرمانانی هەمان ساڵدا حەماسەیەکی نەتەوەییان خولقاند و بوون بە هێمای پێکەوەبوون و بەرخۆدانی نەتەوەیی و داخداریی خۆیانیان دەربڕی و تەواو کوردستان، بەپێوە ڕاوەستا.

ناوەندی هاوئاهەنگی رێکخراوە دیموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران، لە هەوڵدایە تا ٢١ی خەرمانان وەک ڕۆژی "پێکەوە بوون و بەرخۆدانی نەتەوەیی" پێشنیار بکاتە خەڵکی نیشتمان پەروەری کوردستان بە بێ جیاوازیی بیرکردنەوە.
لەم کەمپەینەدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەڵمەتێکی نەتەوەییدا بە ئەنجامدانی هێماکانی پێکەوە بوون و ناردنی وێنە و ویدیۆ، بۆ جارێکیتر حەماسە دەخولقێنن و دەیسەلمێنن کە پێکەوە بوون دەبێتە هۆی سەرکەوتن.

هێماکان دەتواندرێ بە شێوەی تاک یان کۆ ئەنجام بدرێت بۆ هێماکان لەو وێنانە کە بڵاو دەکرێتەوە کەڵک وەربگرن ناوی شار و ڕێکەوت بنووسرێت لە سەر دەست کەمپەینەکە بە ماوەی ١٢ ڕۆژ بەڕێوە دەچێت.


ناوەندی هاوئاهەنگی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران
 Adobe Post 20190811 194852
لاوانی کوردستان 
 
ڕۆژی ١٢ ئاگۆستی ١٩٩٩ زایینی بۆ یەکەمین جار لەلایەن سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ڕۆژی جیهانی لاوان دیاری کراوە و ساڵانە لەلایەن لاوان یادی دەکرێتەوە و، هەموو ساڵێک درووشمێک بۆ ئەم ڕۆژە دیاری دەکەن بۆ ئەوەی لە ژێر ئەم درووشمە لاوانی جیهان چالاکی بکەن و ئاڵوگۆڕ پێکبێنن و کێشەکانی لاوان بە گوێی جیهانیان بگەیێنن.
 
درووشمی ئەمساڵ گۆڕینی پەروەردەیە کە یەکێک لە خاڵەکانی پڕۆژەی ٢٠٣٠ سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو توانای پێشکەوتنێکی خێراتری هەبێت.
 
بنەمای درووشمی ئەمساڵ لەوەوە سەرچاوە دەگرێت لە ئێستادا ۱.٨ میلیارد گەنجی نێوان ١٠ بۆ ٢٤ ساڵ لە جیهاندا هەن و ئەمەش بەرزترین ئاستی ڕێژەی لاوانە لە جیهاندا بەڵام ڕێژەی پێشکەوتن لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نییە و بە پێی لێکۆڵینەوەکان سەرچاوەی کێشەکان دەگاتەوە پەروەردە و فێرکردنی منداڵان و مێرمنداڵان لە تەمەنی ٦ بۆ ١٤ ساڵ کە سەرەڕای چوونە قوتابخانە بەڵام خوێندن بە گشتی و بیرکارییان بە تایبەتی زۆر باش نیە و ئەم کێشە جیهانییەش پێشی پێشکەوتنی خێرای گرتووە و پێویستی بە کردەوەیی کردنی درووشمی گۆڕینی پەروەردە چەند قات زیاد دەکات.
 
لە وڵاتانی ئازاد و پێشکەوتوو بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو و بە گشتی مرۆڤ لە دواڕۆژدا بە ئاسوودەیی بژی بەردەوام هەوڵ بۆ باشترکردنی ڕەوشی ژیان و بە تایبەتی پەروەردە دەدرێت بەڵام بەداخەوە لە وڵاتی ئێران دەسەڵاتی دواکەوتوو خوازیی زاڵ بە سەر ئەو وڵاتەدا نەتەنیا پلانێکی بۆ نەوەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکوو بەردەوام وەکوو کەرەستەیەک بۆ پەرەپێدانی سیاسەتە دژە گەلییەکانی خۆی بە کاریدێنێت و بە پەروەردەیەکی تۆخی مەزهەبی دەیانکاتە مەکینەیەکی تێرۆر و کوشتن.
 
لاوان لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە بەردەوام پێش لە بەرەوپێشچوون و گەشەیان گیراوە و دەسەڵاتی ویلایەتی موتڵەقی فەقی بەردەوام هەوڵی داخراوەتر کردنی وڵاتی ئێران و دواکەوتوو هێشتنەوەی لاوانی داوە تاکوو نەبنە مەترسییەک بۆ سەر دەسەڵاتی داگیرکەرانەیان.
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران نە تەنیا مەجال و مەیدانی بۆ پەروەردەکردنی باشتری لاوان نەداوە بەڵکوو بنەما سەرەکییەکانی پەروەردەکردنیشی نەپاراستووە، خوێندن و فێربوون بە زمانی دایکی کە هۆکارێکە بۆ ئەوەی منداڵان و لاوان بە شێوەیەکی باشتر و خێراتر پەروەردە بکرێن پێشی پێ گیراوە و ڕێژەیەکی زۆر لە منداڵان و لاوان بە ناچاری دەبێ بە زمانێکی نامۆ و داگیرکەر پەروەردە بکرێن ئەمەش خۆی هۆکارێکە بۆ باش پەروەردە نەبوون و فێر نەبوون. 
 
پەروەردەکردن لە وڵاتی ئێراندا لە ماوەی ٤٠ساڵی ڕابردوو نەیتوانیوە گەشە بکات و دۆخی پەروەردە هەر دێت و خراپتر دەبێت، هۆکارگەلێکی وەکوو دابین نەکردنی بوودجەی پێویست بۆ بەشی پەروەردە، هەژاری، تێستی بەسەندەگیی زمانی داگیرکەر و زۆر بابەتی تر، کە بوونەتە هۆی دەستکێشانەوەی هەزاران منداڵ و لاو لە خوێندن و پەیوەست بوونیان بە دەریای منداڵانی کار لەو وڵاتە و هەزاران لێکەوتەی تر لە نەبوونی پەروەردەیەکی دروست لە کۆمەڵگای لێ دەکەوێتەوە.
 
دەستکەوتی کۆماری ئیسلامی بۆ لاوان و منداڵان و شێوازی پەروەردەکردنی ئەم دەسەڵاتە دەرەنجامەکەی بووەتە هەڵاتنی هەڵکەوتەکان لەو وڵاتە و بێ ئومێدی زاڵ بووە بە سەر لاوانی وڵاتدا و ڕۆژ نییە گوێبیستی هەواڵی خۆکوشتنی لاوان و دەیان حاڵەتی دڵتەزێنی لە خۆکوشتن غەمناکتر نەبین، حکوومەتێکی داگیرکەر بە پەروەردەیەکی سەقەت ئەگەر پێشی پێ نەگیرێ کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو بەرهەم دێنێ بۆیە پێویستە لاوان وەکوو ئاڵاهەڵگرانی خەباتی ڕزگاری بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی دواکەوتووخوازی ئێران هەنگاوێکی بە کردەوەیی هەڵبگرن و وەکوو هەمیشە ببنە پێشەنگی مەیدانی خەبات و پێشکەوتن لە سەرجەم بوارەکاندا ئەمە پێویستییەکە و پێشنیازێکە کە تا جێبەجێ نەکرێت ئاڵوگۆڕی پەروەردەیی بە دی نایەت و، نەوە بە دوای نەوەدا دۆخیان خەراپتر دەبێت، لەو کاتەدایە کە شۆڕش دەبێتە پێویستییەک بۆ ڕزگاری و لاوان دەبنە داینامۆی شۆڕش.
 
 
ڕۆژی جیهانیی لاوان لە سەرجەم لاوانی جیهان و بە تایبەتی لاوانی کوردستان پیرۆز بێت
 
بەهیوای سەرکەوتنی لاوان و ئازادیی نیشتمان
 
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
 
۲۰ی گەلاوێژی ۱۳۹٨ی هەتاوی
۱۱ی ئاگۆستی ۲۰۱۹ی زایینی
 photo 2019 07 13 12 42 43
کوردستانیانی ئازیز
 ڕێبوارانی ڕێگای ئاشتی و ئازادی
 
سی ساڵ بەسەر تیرۆر کردنی ڕێبەری بلیمەت و مافخوازی گەلەکەماندا تێدەپەرێ، ڕێبەرێک کە هەموو ژیانی خۆی لە کوردستان و هەندەران تەرخان کرد بۆ یەک مەبەست، گەیاندنی نەتەوەکەی بە داخوازییە لەمێژینەکانی واتا ئازادی و یەکسانی.
 
قاسملوو ئەو مامۆستا مەزنە بوو کە قوتابخانەکەی بە هەزاران قووتابی دەروەستی نیشتمان، شوێنکەوتو و پێگەێشتووی  مەکتەبەکەین و تا هەنووکەش بەردەوام فێرخوازی ئەم قوتابخانەیە هەر دێتوو ڕێژەیان زیاتر دەبێ.
 
کە هزری دێموکرات دەبێتە بیری قاسملوو، بیری قاسملوو دەبێتە هزری زۆرینەی نەتەوەیەک لە نیشتمانێکی داگیرکراو، بیر و هزرێک کە قاسملوو  لە پێناویدا بوێرانە خەباتی کردوو بوو بە ڕەمزێک کە  دوای سی ساڵ لە شەهید بوونی دەبینین هەر دێتوو باڵا دەکات و دەبێتە  مەکتەبێک بۆ ئازادیخوازان.
 
قاسملووی ڕێبەر فێری کردین و سەلماندی کە خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی قەتیس نابێتەوە لە جۆگرافیایەکی دیاریکراودا و خەبات سنوورەکان دەبەزێنێ. مامۆستامان بۆ گەیاندنی دەنگی مافخوازی نەتەوەکەمان لە کوردستان و هەندەران ساتێک وچانی نەدا و لە هەموو دەرگایەکیدا بۆ ئەوەی جیهان ئاگادار بکاتەوە کە نەتەوەیەکی حەقخواز زووڵمی لێدەکرێ و دەچەوسێتەوە، قاسملوو ببوو بە  خەمخۆری نەتەوەیەکی بێ دەرەتان  لە ناو  کایەی سیاسی زڵهێزانی جیهاندا، ئەو زڵهێزانەی ئامادە بوون  لە پێناو بەرژەوەندی پەردەپۆشی هەموو تاوانێک بکەن.
 
بەڵام ڕێبوارانی ڕێبازی قاسملوو وانەی خەباتی بێ سنوور و بەردەوامیان لە مامۆستا فێر بوون و دیتمان کە  دەرگای ئەو شارانەی مامۆستای خەمخۆرمان  دەیکووتان، قوتابیانی ئێستا شەقامەکانی دەهەژێنن و بانگی دادپەروەری و عەداڵەت بە گوێیاندا دەدەن.
 
ئەو کاتەی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی لەسەر مێزی وتووێژ جەستەی قاسملوویان شەهیدکرد، پێیان وابوو کە خەبات کۆستی دەکەوێ و دادەمرکێ نەیانزانی کە زیندوویەتی لە پەیامدایە نەک  جەستە.
 
 
لە ئێستاش دا دەبینن دوای تێپەڕبوونی سێ دەیە لە لەدەستدانی ڕێبەرمان خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانج هەر دێتوو بەربڵاوترو گەرم تر دەبێ، و کۆمەڵگای ئەمرۆی کوردستان و تاکەکانی بەرەو ئەو ئامادەبوونە هەنگاو دەنێن کە فەرهەنگی خەباتکردن ببێتە بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەیان.
 
خەبات و لەخۆبردوویی قاسملووی ڕێبەر و سەرجەم شەهیدان، ئەو وانەیان فێری نەسلەکانی دوای خۆیان کرد کە سەربەخۆیی بێ فیداکاری ئەبەد سەرناگرێ، ئەوەیە کە ئەمڕۆ شاهیدی پەیوەست بوونی پۆل پۆل  کچان و کوڕانی هەڵوەدای ئازدین بە ڕیزەکانی خەبات، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییە کە قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە.
 
بە هێوای  ڕۆژێک کە بکەرانی ئەم کردەوە ناجوامێرانەیە بە سزای کردەوەکەیان بگەن و نەتەوەکەمان بە ئامانجی پڕ سەروەری شەهیدانمان  بگات.
 
ڕێباز و بیری قاسملوو بەردەوام
سەرکەوێ خەباتی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستانی ئێران
پووشپەری١٣٩٨