Adobe Post 20190811 194852
لاوانی کوردستان 
 
ڕۆژی ١٢ ئاگۆستی ١٩٩٩ زایینی بۆ یەکەمین جار لەلایەن سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ڕۆژی جیهانی لاوان دیاری کراوە و ساڵانە لەلایەن لاوان یادی دەکرێتەوە و، هەموو ساڵێک درووشمێک بۆ ئەم ڕۆژە دیاری دەکەن بۆ ئەوەی لە ژێر ئەم درووشمە لاوانی جیهان چالاکی بکەن و ئاڵوگۆڕ پێکبێنن و کێشەکانی لاوان بە گوێی جیهانیان بگەیێنن.
 
درووشمی ئەمساڵ گۆڕینی پەروەردەیە کە یەکێک لە خاڵەکانی پڕۆژەی ٢٠٣٠ سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو توانای پێشکەوتنێکی خێراتری هەبێت.
 
بنەمای درووشمی ئەمساڵ لەوەوە سەرچاوە دەگرێت لە ئێستادا ۱.٨ میلیارد گەنجی نێوان ١٠ بۆ ٢٤ ساڵ لە جیهاندا هەن و ئەمەش بەرزترین ئاستی ڕێژەی لاوانە لە جیهاندا بەڵام ڕێژەی پێشکەوتن لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نییە و بە پێی لێکۆڵینەوەکان سەرچاوەی کێشەکان دەگاتەوە پەروەردە و فێرکردنی منداڵان و مێرمنداڵان لە تەمەنی ٦ بۆ ١٤ ساڵ کە سەرەڕای چوونە قوتابخانە بەڵام خوێندن بە گشتی و بیرکارییان بە تایبەتی زۆر باش نیە و ئەم کێشە جیهانییەش پێشی پێشکەوتنی خێرای گرتووە و پێویستی بە کردەوەیی کردنی درووشمی گۆڕینی پەروەردە چەند قات زیاد دەکات.
 
لە وڵاتانی ئازاد و پێشکەوتوو بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو و بە گشتی مرۆڤ لە دواڕۆژدا بە ئاسوودەیی بژی بەردەوام هەوڵ بۆ باشترکردنی ڕەوشی ژیان و بە تایبەتی پەروەردە دەدرێت بەڵام بەداخەوە لە وڵاتی ئێران دەسەڵاتی دواکەوتوو خوازیی زاڵ بە سەر ئەو وڵاتەدا نەتەنیا پلانێکی بۆ نەوەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکوو بەردەوام وەکوو کەرەستەیەک بۆ پەرەپێدانی سیاسەتە دژە گەلییەکانی خۆی بە کاریدێنێت و بە پەروەردەیەکی تۆخی مەزهەبی دەیانکاتە مەکینەیەکی تێرۆر و کوشتن.
 
لاوان لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە بەردەوام پێش لە بەرەوپێشچوون و گەشەیان گیراوە و دەسەڵاتی ویلایەتی موتڵەقی فەقی بەردەوام هەوڵی داخراوەتر کردنی وڵاتی ئێران و دواکەوتوو هێشتنەوەی لاوانی داوە تاکوو نەبنە مەترسییەک بۆ سەر دەسەڵاتی داگیرکەرانەیان.
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران نە تەنیا مەجال و مەیدانی بۆ پەروەردەکردنی باشتری لاوان نەداوە بەڵکوو بنەما سەرەکییەکانی پەروەردەکردنیشی نەپاراستووە، خوێندن و فێربوون بە زمانی دایکی کە هۆکارێکە بۆ ئەوەی منداڵان و لاوان بە شێوەیەکی باشتر و خێراتر پەروەردە بکرێن پێشی پێ گیراوە و ڕێژەیەکی زۆر لە منداڵان و لاوان بە ناچاری دەبێ بە زمانێکی نامۆ و داگیرکەر پەروەردە بکرێن ئەمەش خۆی هۆکارێکە بۆ باش پەروەردە نەبوون و فێر نەبوون. 
 
پەروەردەکردن لە وڵاتی ئێراندا لە ماوەی ٤٠ساڵی ڕابردوو نەیتوانیوە گەشە بکات و دۆخی پەروەردە هەر دێت و خراپتر دەبێت، هۆکارگەلێکی وەکوو دابین نەکردنی بوودجەی پێویست بۆ بەشی پەروەردە، هەژاری، تێستی بەسەندەگیی زمانی داگیرکەر و زۆر بابەتی تر، کە بوونەتە هۆی دەستکێشانەوەی هەزاران منداڵ و لاو لە خوێندن و پەیوەست بوونیان بە دەریای منداڵانی کار لەو وڵاتە و هەزاران لێکەوتەی تر لە نەبوونی پەروەردەیەکی دروست لە کۆمەڵگای لێ دەکەوێتەوە.
 
دەستکەوتی کۆماری ئیسلامی بۆ لاوان و منداڵان و شێوازی پەروەردەکردنی ئەم دەسەڵاتە دەرەنجامەکەی بووەتە هەڵاتنی هەڵکەوتەکان لەو وڵاتە و بێ ئومێدی زاڵ بووە بە سەر لاوانی وڵاتدا و ڕۆژ نییە گوێبیستی هەواڵی خۆکوشتنی لاوان و دەیان حاڵەتی دڵتەزێنی لە خۆکوشتن غەمناکتر نەبین، حکوومەتێکی داگیرکەر بە پەروەردەیەکی سەقەت ئەگەر پێشی پێ نەگیرێ کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو بەرهەم دێنێ بۆیە پێویستە لاوان وەکوو ئاڵاهەڵگرانی خەباتی ڕزگاری بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی دواکەوتووخوازی ئێران هەنگاوێکی بە کردەوەیی هەڵبگرن و وەکوو هەمیشە ببنە پێشەنگی مەیدانی خەبات و پێشکەوتن لە سەرجەم بوارەکاندا ئەمە پێویستییەکە و پێشنیازێکە کە تا جێبەجێ نەکرێت ئاڵوگۆڕی پەروەردەیی بە دی نایەت و، نەوە بە دوای نەوەدا دۆخیان خەراپتر دەبێت، لەو کاتەدایە کە شۆڕش دەبێتە پێویستییەک بۆ ڕزگاری و لاوان دەبنە داینامۆی شۆڕش.
 
 
ڕۆژی جیهانیی لاوان لە سەرجەم لاوانی جیهان و بە تایبەتی لاوانی کوردستان پیرۆز بێت
 
بەهیوای سەرکەوتنی لاوان و ئازادیی نیشتمان
 
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
 
۲۰ی گەلاوێژی ۱۳۹٨ی هەتاوی
۱۱ی ئاگۆستی ۲۰۱۹ی زایینی