photo 2019 04 03 15 35 38

 
کوردستانیانی ئازیز
لاوانی خاوەن هەڵوێستی کوردستان
 
 
نەتەوەی ئێمە بە درێژایی مێژوو لە کاتی لێقەومان و یارمەتیدان باوەشی بۆ لێقەوماوان کردووەتەوە و بە هانای خۆشک و براکانیانەوە چوون و بەردەوام بۆ هاوکاریکردن و یارمەتیدان لە ڕێزەکانی پێشەوە بوون و لە کات و ساتە خەمهێنەرەکاندا وەکوو سەبوورییەک بوون، هەر وەک لە بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان لەخۆبردووانە و بە خێرایی لە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان یارمەتییان بۆ خۆشک و برا بوومەلەرزەلێدراوەکانیان ڕەوانەکرد و وەکوو هێزی مرۆیی بۆ هاوکاری لە گۆڕەپاندا بوون.
 
هەر وەک ئاگادارن لە چەند رۆژی ڕابردوودا بە هۆی باران بارینی زۆرەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆربەی پارێزگاکان لافاو هەستاوە و زەرەر و زیانێکی زۆری بە هاونیشتمانیان گەیاندووە، بەتایبەتی دانیشتوانی پارێزگای لۆڕستان کە ماڵ و حالیان ژێر ئاو کەوتووە ، لە حالێکدا کە لە لایەن حکوومەتەوە کەمترین هاوکاری و خزمەتیان تا ئێستا پێگەیشتووە.
 
لەم دۆخەدا پێویستە بۆ جارێکیتر و بۆ سەلماندنەوەی یەکڕیزی نەتەوەییمان، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی لاوانی بەهەڵوێست لە هەر ڕێگایەک کە بۆیان دەکرێت یارمەتی خۆشک و براکانیان لە پارێزگا لافاولێدراوەکان بدەن و بە تایبەتی بە هانای پارێزگای لۆڕستانەوە بچن و قۆڵی هیمەت هەڵماڵن و بە پاڵپشتییەکانتان یەکڕیزیی نەتەوەییمان پتەوتر و بەرچاوتر بکەن.
ئێمە وەکو یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لاوانی رۆژهەڵات داواکارین کە لەم بارودۆخەدا دووبارە یارمەتیدەری خەڵکی لافاولێدراو بن و دووبارە حەماسەیەکی دوژمن کوێرکەر وەکوو ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار بکەن.
 
 
هەئیەتی ئیجرایی
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
 
 
۱٤ی خاکەلێوەی ۲۷۱۹ی کوردی بەرامبەر بە ۱۳۹٨ هەتاوی
۳ی ئاپریلی ۲۰۱۹ی زایینی