photo 2019 03 01 13 50 08

 
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان 
هاوڕێیانی خۆشەویست
 
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە دەکەین و هیوادارین ساڵی تازە، ساڵی وەدیهاتنی ئاواتەکانمان و سەرکەوتنی گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەماندا بێ.
 
نەورۆز وەرزی نوێبوونەوە و ژیانەوە و سەرهەڵدان و دەسپێکی ژیانێکی نوێیە. نەورۆزی ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵان لە کاتێکدا ساڵ نوێ دەکەینەوە کە ئاڵوگۆڕی گرینگ لە ناوچەکەماندا ڕوو دەدەن. لە سەرووی هەمووشیانەوە لە ناوخۆی ئێران کە بەهۆی سەرەڕۆیی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئێراندا، لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکاوە کۆمەڵێک ئابڵۆقەی قورسی بۆ دیاری کراوە و دۆخی ڕێژیمی زاڵ بە سەر ئێران و کوردستان لە ٤٠ ساڵەی دەسەڵاتدارێتیدا ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕووخان نزیک دەبێتەوە.
 
گەلانی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ لە دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە زیاتر وەزاڵە دێن و داوای مافەکانیان دەکەن. لە کوردستان ئەمە ئاشکراتر بەرچاو دەکەوێ. زەبرو زەنگی ڕێژیمی تاران بۆ سەر ژنان و لاوان و خوێندکاران و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، ئاستەنگی بۆ سەر ژیانی خەڵک ساز کردووە. گرانی و قۆرغکردنی ئابووریی وڵاتیش گرفت و کێشەی زۆری بۆ کۆمەڵگا دروست کردووە، بە جۆرێک کە هەر بە پێی ئامارەکانی ڕێژیم ڕێژەی هەژاری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و بژێوی ژیانی خەڵک لە دۆخێکی یەکجار خراپدایە و ژیانی هاووڵاتیانی قورس کردووە.
 
بەڵام هەر وەک باسمان کرد، دۆخی ئێستای ئێران هەلومەرجێکی وای ڕەخساندووە کە هیوا بە داهاتوو یەکجار زۆرە و ڕێژیمیش ڕۆژ بەڕۆژ لە ناوچەدا دەستی کورت دەکرێتەوە. هەر بۆیە لێرەوە داوا لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین بە تایبەت لاوان و ژنان و خوێندکاران کە لە بەرامبەر زەبر و زەنگی ڕێژیمدا بێدەنگ نەبن، هەروەها ڕیزەکانیان لە نێو ڕیزی پڕ سەروەریی تێکۆشەرانی ڕێگای خەباتدا بە هەر شێوەیەکی مومکین تۆکمە بکەن.
 
لە کۆتاییدا جارێکی تر پیرۆزبایی سەری ساڵی تازەتان لێ دەکەین و هیوادارین لە ساڵی تازەدا موژدەی ئازادی میوانی ماڵەکانتان بێت
 
یەکیەتییەکانی ژنان، خوێندکاران و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
 
 
نەورۆزی ٢٧١٩ی کوردی