photo 2019 03 14 22 02 14

 
 
لاوانی نیشتمانپەروەری کوردستان
خوێندکاران و قوتابییانی بەتوانا و بلیمەتی کورد
 
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەپێی نەریتی ساڵانە، فستیڤاڵی خاڕەزمی بۆ قوتابییانی سەرانسەری ئێران بەڕێوەچوو، کە لەو فستیڤالەدا دەرفەتێک بۆ هەموو لاوانی قوتابی ڕەخسا تاکوو تواناییەکانی خۆیان نیشان بدەن، بەخۆشحاڵییەوە لاوانی قوتابی کورد بەباشی خۆیان نواند، ئێمە وەکوو یەکیەتییەکانی لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاگاداری سەرجەم هەوڵ و ماندووبوونی لاوانی قوتابین کە بە داهێنان و خوڵقاندنی بەرهەم و ئامێرە ئێلکترۆنی و ئامێرەکانی تر، توانیوتانە لەم فستیڤاڵەدا لە ئاستێکی بەرزدا پلە بە دەستبێنن، ئێوە لاوانی قوتابی هیوای دواڕۆژی نەتەوەکەمانن کە بە هیمەت و تێکۆشانی ماندوونەناسانەتان لە فیستیڤالی خاڕەزمیدا کە لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ۲۷۱٨ی کوردی کە بەرامبەرە با ۱۳۹۷ی هەتاوی، لە سەرانسەری ئێراندا بەرێوەچوو، بەشدارییتان کرد.
 
لەو فستیڤاڵەدا پۆلەکانی ناوەندیی قوتابییان لە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانیان بەرهەم و ئامێری پێشکەوتوو بخولقێنن و، بە ورەیەکی هیوابەخشەوە لەو فستیڤاڵەدا بەشداریی بکەن و زۆر پلەی باش تۆمار بکەن، یەکیەتیی لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی لە لاوان و قوتابییان و مامۆستایانی بەڕێز بۆ بەڕێوەبردنی ئەو فستیڤاڵە، بەم بۆنەوە جارێکیتر دووپاتی دەکەینەوە کە پشتگیری و پێزانیی خۆمان ئاراستەی لاوان و قوتابیان و خوێندکارانی ئازیز و مامۆستایانی ماندوونەناس دەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین.
 
یەکیەتییەکانی لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
 
 
۲۲ی ڕەشەممەی ۲۷۱۸ی کوردی