photo 2019 03 01 13 50 08

 
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی
 
 
٢١ی فیورییەی هەموو ساڵێک لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دیاری کراوە. بەڕێوەچوونی چالاکی و ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە حاڵێکدایە کە وڵاتی ئێمە گیرۆدەی ستەم و هەڵاواردنێکی سیستماتیکی لەمێژینەیە کە باڵی بە سەر هەموو لایەنەکانی ژیانی نەتەوەی کورد و یەک لەوانەش زمانی کوردی و کولتوور و شوناسی نەتەوەی کورددا کێشاوە. زیاتر لە یەک سەدەیە کە شۆڤینیزمی دەسەڵاتداری خۆسەپێن لە ئێراندا، بە مەبەستی پتەوکردنی کۆڵەکەی دەسەڵاتی خۆی، لە هیچ هەوڵ و هەنگاو و سیاسەتێک بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد و زمانی کوردی خۆی نەبواردووە و ئاسیمیلاسیۆن و ئاپارتایدی زمانی، یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەو ژینگە نالەبارەیە کە بە هۆی کولتوور و سیستمی سیاسیی ئێران، باڵی بە سەر کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا کێشاوە.
 
یاسا نێونەتەوەییەکان و کۆنڤانسیۆنە جیهانییەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ، ئەو مافەیان بە ئاخێوەرانی هەر زمانێک داوە کە بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و کولتوور و زمانی خۆیان بپارێزن و بۆ گەشە و پەرەپێدانی هەوڵ بدەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە هەموو پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە زمانی دایکیی واژۆ کردووە، هێچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێکردنیان هەڵنەگرتووە. 
 
بەپێی ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم، زمانی فارسی وەکوو تاقە زمانی فەرمیی وڵات دەناسرێت و سیستەمی پەروەردە و هەموو دامودەزگاکان دەبێ بخرێنە خزمەت سەپاندنی زۆرەملیی ئەو زمانە بە سەر ئاخێوەرانی زمانەکانی دیکەی نێو جوغرافیای سیاسیی ئێراندا. لە ئێراندا پرسی خوێندن بە زمانی دایکیی نەتەوە بندەستەکان، نەک وەکوو مافێکی سەرەتایی مرۆڤ، بەڵکوو وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر سەقامگیری و یەکپارچەیی وڵات دەبینرێت و ڕێژیم و تەنانەت زۆربەی کاراکتەرە سیاسی و کولتوورییە ناسراوەکانی نەتەوەی باڵادەست ئامادە نین دان بە مافە زمانییەکانی ئەو نەتەوانە بە تایبەتی نەتەوەی کورد لە ئێران و ناوچەکانی کوردستانی ئێراندا بنێن. چالاکانی فەرهەنگیی کورد کە خۆبەخشانە هەوڵ دەدەن فێرخوازانی تامەزرۆ، فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیی خۆیان بکەن، لەگەڵ بەربەستی جۆراوجۆر لە لایەن دام و دەزگا حکوومەتییەکانەوە بەرەوڕوو دەبن و حکوومەت مۆرکی تاوانی ئەمنیەتی لە چالاکییەکانیان دەدات.
ئەمساڵ و لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیدا، حیزب و ڕێکخراوەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا کە بۆ وەدیهێنانی مافە سیاسی و مرۆییەکانی نەتەوەی ستەملێکراوی کورد لە کوردستانی ئێراندا خەبات دەکەن، بە ڕاگەیاندنی کەمپەینێکی بەربڵاو، کۆمەڵێک چالاکییان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەو بۆنەیەوە بەڕێوە بردووە.
 
ئێمە ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ئەندامی کۆمیتەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێرانین، پاڵپشتیی خۆمان بۆ ئەو هەوڵ و چالاکییانە و هەنگاوە نەتەوەییەکانی هەموو دڵسۆزان و شارەزایانی زمانی کوردی دەردەبڕین و داوا لە هەموو تاکەکانی نەتەوەکەمان دەکەین بە هزر و کردەوە، خاوندارێتیی خۆیان بۆ پرسی زمانی دایکی بسەلمێنن. 
 
کۆمیتەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران