48387916 2241590765852714 7502641398856810496 n

 
 
 
بەرز و پیرۆز بێ رۆژی فیداکارترین و قارەمانترین رۆڵەکانی گەل، سەنگەرنشینانی شار و شاخ.
 
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان
 
  پێشمەرگە ئەو رۆڵە خۆنەویستەی هەڵقوڵاو لە کۆمەڵگای کوردستانەو بۆ ناسینی ئەوەندە بەسە کە ئاورێک لە مێژووی پڕشانازیی گەلەکەمان بدەینەوە و شایەتی هەزاران حەماسەی قارەمانانە و ئازایەتیی رۆڵەکانی نیشتمان بین کە لە بست بە بستی خاکی پیرۆزی کوردستان دژ بە داگیرکەران و هێزە تیرۆریستە نێودەوڵەتییەکان راوەستاون و شەڕی ئازادیی نیشتمان و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤیان کردووە بە دژی تاریکپەرەستان. 
 
ناوی پێشمەرگە و ئازایەتیی پێشمەرگە لە ئەمڕۆکەدا تەنیا لە چوارچێوەی سنورەکانی کوردستانی دابەشکراو و تاکە پشتیوانەکەی واتە چیاکانی نیشتماندا خۆی نابینێتەوە، بەڵکوو لە ناوەندە جیهانییەکان و کۆمەڵگا نێونەتەوەییەکاندا وەکوو هێزێکی لەبڕاننەهاتووی دژ بە تیرۆریزمە و وەکوو ناوێکی پیرۆز کە هێمای ئاشتی و ئازادییە بۆ نیشتمانەکەی خۆی و کۆمەڵگای جیهانی سەیری دەکرێت. 
 
ئێمە لە کاتێکدا یادی ٧٣هەمین ساڵڕۆژی پێشمەرگە و هەڵکردنی ئاڵای هەمیشە شەکاوەی کوردستان جەژن دەگرین کە کۆمەڵگای کوردستان زیاتر لە هەمیشە پشتیوانی پێشمەرگە و قۆناغی نوێی خەباتە و پێشمەرگەش خۆ بە بەرپرسیارترین مرۆڤ لە بەرانبەر دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد دەزانێت. لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا ئەم پاڵپشتی و یەک هەڵوێستییە لەگەڵ پێشمەرگە بەرانبەر بە داگیرکەرانی نیشتمان و بکوژانی رۆڵە ئازادیخوازەکانی ئەم گەلە، رۆژی پڕ شکۆی ٢١ خەرمانان بە کردەوە خۆی نیشان دا کە پێشمەرگە و خەڵکی رۆژهەڵات دوانەیەکی لێک دانەبڕاون و بەردەوام پاڵپشتی یەکترن تا گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی نەتەوەکەمان.
 
 پێشمەرگە، مێژوویەکی پڕ لە شانازیی هەیە بۆ نەتەوەکەمان و هەموو هەوڵیشی گەیاندنی نەتەوە ستەملێکراوەکەمان بە مافە زەوتکراوەکانی و ڕزگاربوون لە ژێر دەستی داگیرکەرانە. ئەم تاکە خاوەن هەڵوێستەی کۆمەڵگا بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانی گەلەکەی خۆبەخشانە گیان و هەست فیدا دەکا و چاوەڕوانی بێگانەکان ناکات تا ڕزگاریدەری بن، پێشمەرگە خۆی دەبێتە هەلخولقێن و مێژوو تۆمار دەکات، هەر ئەم گیانفیداییەی حەماسە خولقێنەکانی کۆسالان و قەرەسەقەل و کێلەشین بوو کە بە دۆست و دوژمن سەلماندییەوە خەبات و شۆڕشی ئەم نەتەوە بندەستە تەنیا لە تاکێک و نەوەیەکدا خۆی نابینێتەوە و ئەگەر شۆڕش دەیان ساڵی دیکەش بەردەوام بێت، نەوەکانی داهاتوو سەنگەری سوورخەڵاتانی شەهیدمان دەگرنەوە و تا گەیشتن بە ئامانجە لەمێژینە و ڕەواکانمان شۆڕش درێژەی دەبێت.
 
 پێشمەرگە ناسنامەی گەلێکە کە دوژمنانی سەدان ساڵە نەیانتوانیوە ناسنامەکەی بسڕنەوە و لە ژێر ناو و شوناسی جیاجیادا بیتوێننەوە، تۆڵە ئەستێنی ئازار و هاواری کپکراوی قوربانیانی ژینۆساید و تراژیدیا و کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی خوێناویی کورد و کوردستانی داگیرکراوە.
 
 پێشمەرگە درێژەدەری ڕێگای پڕ سەروەریی شەهیدان و سزادەری ئەو خائین و نیشتمانفرۆشانەیە کە دەستیان بە خوێنی شۆڕشگێرانی نەتەوەکەمان سوور بووە.
 
 پێشمەرگە بوون گەورەترین شانازی بۆ هەر تاکێکی نەتەوەی کورد و پێناسیەکی نوێ لە ژیانە کە سنوورەکانی نێوان ژن و پیاو، لاو و پیر، خوێندەوار و نەخوێندەوار لە ناو دەبات و دەستیان لە ناو دەستی یەکتر گرێ دەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆرداری و گەیشتن بە ئازادی و مافەکانیان. لەم پێناوەدا ئێمەش وەکوو رێکخراوەکانی یەکیەتیی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە باوەڕ بە ڕەوایی مافی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرەو وەدیهێنانی ئاواتی شەهیدانی نەتەوەکەمان هەنگاوی بێ برانەوە دەنێین.
 
لە کۆتاییدا دووبارە پیرۆزبایی ٢٦ی سەرماوەز لە خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و حیزبی دێموکرات و ئێوەی خۆشەویست دەکەین و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە ترۆپکی ڕزگاری خۆمان بە پێشمەرگەی گیانفیدای ئەو ڕێبازە پیرۆزە بزانین.
 
 سەرکەوێ خەباتی نەتەوەیی دێمۆکراتیکی کوردستان 
 
یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
 
٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی