IMG 20181210 182342 164

 
 
 
 
تێکۆشەرانیی مافخوازی کوردستان
 
لایەنگرانی ئازادی و دادپەروەری
 
لاوانی  مافویستی کوردستان و ئێران
 
هەر وەکوو هەموو لایەکمان ئاگادارین رۆژی ١٠ی دێسامبر لە لایەن رێکخراوی یونسکۆ سەر بە شۆرای نەتەوە یەکگرتووەکان، وەکوو رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دیاری کراوە و لە ٧٠هەمین سالیادی پەسەند کردنی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، لە ژێر دروشمی “وەرن بۆ یەکسانی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ خەبات بکەین” یادی دەکرێتەوە. 
 
بە سەرنجدان بەوەی کە ئەم جاڕنامەیە لە ساڵی ١٩٤٨ی زایینیدا و لە دوای شەڕی گەورەی دووهەمی جیهانی بۆ پێشگرتن لە هەڵگرسانی شەڕ و ئاژاوە و توندوتیژی بنەماکانی پەسەند کران، بەڵام تاکوو ئێستاش لە وڵاتگەلێکی دواکەوتوو و دیکتاتۆردا سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بە دڕندانەترین شێوە پێشێل دەکرێن، لە لووتکەی ئەم وڵاتانەشدا وڵاتی ئێران و حکوومەتی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران دەبینرێت،  ئێران سەرەڕای ئەوەی کە ئەم جاڕنامەیەی واژۆ کردووە و لە ڕواڵەتدا خۆی بە لایەنگر و پارێزەری ئەم مافانە و پێبەند بەو جاڕنامەیە دەزانێت، بەڵام لە کردەوەدا یەکێک لەو حکوومەتە دیکتاتۆرانەیە کە بە هەموو شێوەیەکی نامرۆڤانە هەڵسوکەوت لەگەڵ تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا دەکات و شتێک بە نێوی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بوونی نییە و ساڵانە لە لایەن رێکخراوە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤەوە بە  دەیان جار ئاگادار دەکرێتەوە کە بنەماکانی ئەم جاڕنامەیە بپارێزێت بەڵام ڕێژیم هیچ بایەخێک بەو ئاگادارییانە نادات، زۆر جار ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ داوای سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا بەڵام ڕێژیم بە هیچ شێوەیەک ڕێگای هاتن و چاوەدێری پێیان نەداوە.
 
لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە کە هەموو مرۆڤێک بە ئازادی لە دایک بووە و دەبێت بە ئازادی بژیت، نابێت هیچ ئازادییەکی لێ زەوت یان پێشێل بکرێت و دەبێت بە هەموو شێوەیەک خاوەنی ئازادییەکانی بیرکردنەوە، ئایین، ڕادەربرین، سیاسی، هەڵبژاردن و ...هتد بێت و دەبێت بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا ئازادی بەیان دەستەبەر بکرێت و هەموو تاکێک مافی دەستپێراگەیشتنی ئازاد و یەکسانی بۆ پەروەردەی گشتی لەو بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەبێت، ئەمانە چەند بنەمایەک بوون کە لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژەیان پێ کراوە و ڕێژیمی ئاخوندی لە وڵاتی ئێران هیچکام لەم بنەمایانە پەیڕەوی ناکات و تەنانەت ڕۆژانەش بە دڕانەترین شێوە پێشێلیان دەکات، ئەگەر بمانهەوێت نموونەیەک لەو پێشێلکارییانە باس بکەین دەتوانین ئاماژە بە سەدان و هەزاران کەس لە چالاکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ بکەین کە هەنووکە بەو هۆکارەوە لە سیاچاڵەکانی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرەدا ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن.
 
لە هەر کات و جێگایەکدا کە بەهاکانی مرۆڤایەتی پشت گوێ بخرێن، سەرجەم مرۆڤایەتی دەکەوێتە بەر مەترسی زیاتر و ئەو شوێنە دەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر کەرامەتی مرۆڤایەتی، ئەوەی کە ئێستا لە وڵاتی ئێرانیش دەکەوێتە پێشچاو  نیشاندەری ئەو راستییەیە کە وڵاتی ئێران نە تەنیا  لەگەڵ هاوولاتییانی ئەو وڵاتە هەلسوکەوتێکی دژەمرۆڤانەی هەیە، بەڵکوو بە هەڕەشە کردن لە وڵاتانی تری جیهان بەتایبەتی بە دەست تێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێنانە ئارای ئاژاوە و ئاڵۆزی و هەروەها هەڵگیرساندنی شەڕ و پەرەپێدانی لەو ناوچەیە و کوشتنی ڕۆژانە هەزاران کەس لە لایەن هێزە تیرۆریستییەکانی سوپای قۆدس و لق و ڕێکخراوەکانی لەو وڵاتانی ناوچەکە، بووەتە هەڕەشەیەک مەزنی جیهانیی بۆ سەر کەرامەتی مرۆڤایەتی. 
 
هەر وەکوو لە دروشمی ٧٠هەمین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا باسکراوە، ئێمە دەبێت داکۆکی و بەرگری لە مافەکانی خۆمان و کەسانی تریش بکەین، بەم بۆنەیەوە رێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو ڕێکخراوێکی پارێزەری مافی مرۆڤ و پێبەند بە سەرجەم خاڵەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، داوا لە هەموو لاوانی مافویست و خەڵکی مافخوازی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، بەتایبەت لاوانی تێکۆشەری داکۆکی لە مافە پێشێل کراوەکانی نەتەوەی کورد دەکات کە بۆ سەرکەوتنی ئەم دروشمە جیهانییە، کە بۆ یادکردنەوەی ۱۰ی دێسامبری ئەوساڵ دیاری کراوە، پەیوەست بن بە ڕیزی ئەو خەباتانەی کە بەدیهێنەری ئامانجەکانیانن و لە بەرانبەر پێشێل کردنی هەموو مافە سێنفی و نەتەوەییەکانیان بەرەنگاری بکەن و دەژ بە دەسەڵاتی دڕندە و پێشێلکاری کەرامەتی مرۆڤایەتیی ڕێژیمی ئێران کە سامناک ترین هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو تاکێکی نەتەوەکانی ئێران و مرۆڤایەتی جیهانیش، بینە گۆڕەپانی خەباتی دەستبەر کردنی مافەکانمان و پێکەوە تا سەرکەوتنی خەباتمان کۆڵ نەدەین.
 
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
 
۱۰ی دێسامبری ۲۰۱۸ی زایینی