photo 2018 08 19 15 01 14

 
 
 
لاوانی خۆشەویستی کوردستان
 
داهاتووەکانی زێڕینی نیشتمان
 
 
دیسان مانگی ڕەزبەر، مانگی چوونە سەنگەری خۆتەیار کردن بە چەکی زانست و فێر بوون هاتەوە، کاتی پێچانەوەی کۆلەپشتی پڕ لە کتێب و لە دەست گرتنەوەی چەکی نووک تیژ و قەڵافەت باریکی پێنووسە.
 
 
لاوانی وریا و بە هەستی نیشتمان
 
 
 هەر وەک ئاگادارن لە دوای ئەم سیاسەتە هەڵە و کارە قێزەونانەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ناوخۆی ئێران و کۆمەڵگای جیهانی گرتوویەتە بەر، بووەتە هۆی ئەوەی کە لە لایەن زۆربەی وڵاتانەوە بخرێتە پەراوێزەوە و زلهێزەکانی وەکوو ئامریکا کە ٤٥٪ ئابووری جیهانی بە دەستەوەیە، گەمارۆی بخاتە سەر و بارودۆخی وڵاتی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپتر بوون بڕوات و چینی کەم داهاتی کۆمەڵگا رۆژ بە رۆژ برسی‌تر و کەم داهات‌ تر بێت، هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە بنەماڵەکان نەتوانن منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە چونکە پارەی کڕینی کەلوپەلی خوێندنی منداڵەکانیان بۆ دابین ناکرێت، ڕێژیم بۆتە هۆکاری دەست هەڵگرتنی هەزاران لاوی تامەزرۆی زانست لە خوێندن و بۆتە هۆکارێک کە لاوانی وڵات نەخوێندەوار بن و کۆمەڵگا بەرەو نەخوێندەواری بچێت. لاوان بە جێگای ئەوەی کە لە پۆلەکانی قوتابخانە بن، ناچارن بۆ بژێوی ژیانی خۆیان ڕوو بکەنە بازاڕەکانی کار و ئەو تەمەنەی کە دەبوو تەرخان بکرێ بۆ خۆپێگەیاندن بە مەبەستی خزمەتێکی باشتر بە کۆمەڵگا، دەبێتە تەمەنێکی پڕ ماندووبوون و پڕ لە ئازار.
 
 
سەرەڕای ئەم هەموو زڵم و ستەمەی کە چەندقات زیاترە بەرانبەر بە نەتەوەی کورد لە وڵاتی ئێران و مافی مرۆڤ کە سەرجەم وڵاتانی جیهان ڕێزی لێ دەگرن، بەڵام لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لە ئێران پێشێل دەکرێت، و لە لایەن ڕێژیمەوە نەتەوەکانی وڵاتی ئێران بە قەوم ناو دەبرێت و بەردەوام دەسەڵات هەوڵی تواندنەوەی ئەو نەتەوانە دەدات و ناسنامەی نەتەوەیی بوونیان لێ بستێندرێتەوە، یەکێک لە مافە ڕەواکانی هەر نەتەوەیەک خوێندن بە زمانی دایکییە کە لە یاسای بنەڕەتی وڵاتی ئێراندا باسی لێکراوە و ڕێپێدراوە کە هەر نەتەوەیە بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت، بەڵام تاریک پەرەستان جێبەجێی ناکەن و وەکوو مەترسییەک بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیانی دەزانن.
 
 
خوێندن بە زمانی کوردی کە حکوومەت قەدەغەی کردووە و ئەم مافە سەرەکییە بە نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەتی نەتەوەی کورد ڕەوا نابینێت، زەربەیەکی زۆری لە بوواری فێربوون و پێگەیشتن لە منداڵان و لاوان داوە، منداڵێک کە تا دەگاتە تەمەنی شەش ساڵ فێری ئەوە دەبێت بڵێ دایە، بابە، نان دەخۆم و دەخەوم، لە قوتابخانە دەبێت فێری زمانێکی نامۆ و نەناسراو بێت کە وەکوو ڕاچەنینێک وایە بۆ ئەم منداڵە و ئەمجارە دەبێت فێری بابا، مادر، غذا میخورم، میخوابم و ...هتد بێت، بەم هۆیەشەوە منداڵەکان تووشی دوو شۆناسی دەبن. بەڵام بە دڵخۆشییەوە نەتەوەکەی ئێمە بەهۆی ئەوەی کە کەسانێکی زانا و ئەدیب و تێگەیشتووی زۆری لە سەرجەم بوارە زانستییەکاندا هەبووە و ئیستاش هەیەتی، دوژمنانی نەتەوەکەمان نەیانتوانیوە بە ئامانجەکانیان بگەن و ناسنامەی کوردبوونمان لێ بستێننەوە.
 
 
لاوانی چاوکراوەی کوردستان، دایک و باوکانی بەڕێز، یەکێک لە ناسنامەکانی هەر نەتەوەیەک زمانی ئەو نەتەوەیە کە نیشاندەری زیندووبوون و مانەوەیەتی، بۆ ئەوەی بتوانین هەرچی زۆرتر خزمەت بە نەتەوەکەمان بکەین، دەبێ بە ئەرکی سەرشانی خۆمان بزانین کە سەرەڕای ئەم هەموو کۆسپ و لەمپەرانە کە لە سەر رێگای فێربوون و خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی هەیە لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەردا، هەوڵی ئەوە بدەین لاوان و منداڵان خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی فێر بن و لەگەڵ ئەلفـ و بێی  کوردی ئاشنا بن و بتوانن زمان و کولتووری کوردی پەرە پێ بدەن.
 
 
پیرۆز بێت ١ی ڕەزبەر بەرامبەر ۲۳ی سێپتامبر، رۆژی کرانەوەی قوتابخانە و خوێندنگاکان.
هیوای سەرکەوتن بۆ سەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی کورد لە هەموو پلەکانی خوێندن و ژیان، دەخوازین.
 
 
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
 
 
٣١ی خەرمانانی ۲۷۱۸ی کوردی
۲۲ی سێپتامبری ۲۰۱۸ی زایینی