IMAGE 2018 08 26 104042


خەڵکی به شەرەفی کوردستان.

لاوان، ژنان و خوێندکارانی کوردستان.

هەر وەکوو هەموومان ئاگادارین ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۳ی خەرمانانی ۲۷۱۸ی کوردی بەرانبەر لەگەڵ ۲۵ی ئاگۆستی ۲۰۱۸ی زایینی، بە هۆی ئاگرکەوتنەوەی دارستانی ناوچەکانی دەوربەری شاری مەریوان، چوار چالاکی خەباتی شار و ژینگەپارێزی ئەو شارە بە ناوەکانی شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی(حوسەین زادە)، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەمەد پەژۆهشی، لە پێناو پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان گیانیان بەخشی و ژمارەیەک کەسیش بریندار بوون.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، چوار خەباتکاری شار و ژینگەپارێزی خۆبەخشی ئەو شارە، کاتێک کە لە هەوڵێکی دڵسۆزانە و نیشتمانپەروەرانەدا هەوڵی کوژاندنەوە ئاگری دارستانەکانی شاری مەریوان دەدەن، بەداخەوە بە هۆی تەقینەوەی مینە چێنراوەکانی ڕێژیمەوە شەهید دەبن و پۆلێکیشیان بریندار دەبن.

ئاشکرا و ڕوونە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاش هاتنە سەرکاری تا هەنووکە، بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە خەباتی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە خەباتی شار و شاخ دەستی پێکردووە، لە هیچ هێرشێکی نامرۆڤانە بۆ سەر کوردستان خۆی نەبوێراوە و بە هەموو شێوەیەکی ناڕەوا و نابەرانبەر هەوڵی لە نێو بردنی ژینگە و سروشت و دارستانەکانی کوردستانی داوە و زۆر جاریش بە بیانووی هەبوونی هێزی پێشمەرگە باغ و مەزرای خەڵکی بێ تاوانی کوردستانی سووتاندووە.

ئێمە وەکوو یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی شاری مەریوان بە پیلانی خۆدی ڕێژیم دەزانین و حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە گیان لە دەستدان و بریندار بوونی ئەو پۆلە خەباتکارەی شار و ژینگەپارێزەی کوردستان بە بەرپرسیار دەزانین.

یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی شەهید بوونی ئەو چوار خەباتکارەی شار و ژینگەپاریزە دڵسۆزە، کە گیانی خۆیان بەختی پاراستنی ژینگە و سروشت و دارستانەکانی کوردستان کرد، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە سەربەرزکانیان، چالاکانی ژینگەپارێزی کوردستان، ئەنجۆمەنی چیای سەوزی مەریوان و خەڵکی مەریوان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین. هەروەها هیوای چاکبوونەوە و گەڕانەوەی تەندروستی بۆ بریندارەکان دەخوازین.

یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

۳ی خەرمانانی ۲۷۱۸ی کوردی
۲۵ی ئاگۆستی ۲۰۱۸ی زایینی.