logoi duhem konfransi lawani rojhelat 96

لاوانی  خۆڕاگری نیشتمان !

ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی رێکخراوه‌کانی تایبه‌ت به‌ لاوان !

خه‌ڵکی نیشتمان‌په‌روه‌ری کوردستانی خۆرهەڵات‌ !

 

  هه‌روه‌ک له‌ راگه‌یه‌ندراوی ژماره‌ (1)ی لێژنه‌ی ئاماده‌کاری دووهەم  کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهه‌ڵات له‌ ژێر دروشمی "یه‌کڕیزی لاوان، به‌ره‌و داهاتوویه‌کی گه‌ش"  له‌ رێکه‌وتی ٥ی گەلاوێژی ٢٧١٧ کوردی ، به‌ ئاگاداری ئێوه‌ لاوانی ئازیز گه‌یشت، سه‌باره‌ت به‌ کۆنفڕانس‌و ئاگادارکردنه‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌چوون‌و‌ داواکردن له‌و که‌سانه‌ی خوازیاری به‌شداری کردنن، "سی ڤی"  خۆیان بۆ لێژنه‌ی ئاماده‌کار بنێرن.

به‌م پێیه‌ پاش چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌و دانیشتنی لێژنه‌ی ئاماده‌کار سه‌باره‌ت به‌ میکانیزم‌و ئاماده‌کارییه‌کانی به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفڕانسه‌که‌ بۆ ئاگاداری ئێوه‌ی ئازیز، راده‌گه‌یه‌نین که‌ کومیته‌ی ئاماده‌کار له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ ساغ بوونه‌ته‌وه‌و به‌رنامه‌ی کاری کۆنفڕانس، به‌م شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت‌: 

یه‌که‌م‌: دووهەم کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەڵات لە رۆژی جیهانی لاوان، ٢١ی گەلاوێژی ٢٧١٧ی کوردی لە شاری هەولێر بەڕیوە دەچێت.

دووهه‌م:   سەرجەم رێکخراوەکانی لاوان و چالاکانی رۆژهەلات بە پێی رێژەیەکی دیاریکراو کە لە لایەن لیژنەی ئامادەکارەوە دیاریکراوە ، دەتوانن بەشدار بن .

سێهه‌م: ته‌وه‌ره‌کانی کۆنفڕانس ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌خۆ ده‌گرێ:

 

- هەلومەرجی ئیستای رۆژهەڵات و پرسی خەبات لەو پارچەیە  

- رۆڵی زانست و پەروەردە لە پێگەیاندنی لاوان لە کوردستانی خۆر‌هەڵات   

- سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە توێژی لاو و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی  

- دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و ئەرکی حیزب و رێکخراوەکانی خۆڕهەڵات لەو پێوەندییەدا  

- وەزعیەتی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە کوردستانی رۆژهەلات

- وەزعیەتی لاوان لە کوردستانی خۆرهەڵات ( خواست ، هەلومەرج ، بەربەست و لەمپەرەکان، پێویستیەکان)

-   چۆنیه‌تی ئاماده‌کاریی بۆ چوارەم کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی لاوانی چوارپارچه‌ی کوردستان!

چواره‌م: بۆ‌ رێژه‌ی به‌شداربووانی کۆنفڕانس، بە رێژەی ١/٣ بۆ ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر (نێرو مێ)، دیاری کراوه‌.

پێنجەم: کۆنفڕانس له‌‌ ماوه‌ی یه‌ک رۆژدا به‌ به‌شداری 180  نوێنه‌ر، کاره‌کانی به‌ڕێوه ‌ده‌بات.

له‌ کۆتایی‌دا، له‌ سه‌رجه‌م راگه‌یاندن، ئه‌حزاب، که‌سایه‌تی، رێکخراوه‌کان‌و لاوانی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان داواکارین، تا رێکه‌وتی ١٥ی گەلاوێژ له‌ رێگه‌ی ئیمه‌یلی کۆنفڕانس " ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. " و نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م رێکخراوه‌کانی لاوانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، په‌یام‌و سه‌رنج‌و پێشنیاره‌کانی خۆتان، بنێرن.

لاوانی هێژا‌و چالاکوانانی سیاسی‌و مه‌ده‌نیی  کوردستانی خۆرهەڵات ، جارێکی دیکه‌ راده‌گه‌یه‌نین ئه‌و که‌سانه‌ی خوازیاری به‌شداری کردن له‌ کۆنفڕانس ‌دان‌و ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 16 بۆ 35 ساڵه،‌ ده‌توانن (C.V) خۆیان بە مەبەستی بەشداری كردن لەم كۆنفرانسه، بۆ نوێنەرایەتی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات و لێژنه‌ی ئاماده‌کاری دووهەم کۆنفڕانس بنێرن.

 

سه‌ربه‌رزی‌و سه‌رکه‌وتن بۆ دووهەم کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهه‌ڵات

 

لێژنه‌ی ئاماده‌کاری کۆنفڕانس

9ی گەلاوێژی 2717 ی کوردی

31 july 2017