IMG 20200221 190339 069

پەیامی یەکیەتیی لاوان بۆ ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی زگماکی

کوردستانیانی ئازیز!
لاوانی شۆڕشگێڕ و نەتەوەخوازی نیشتمان!
٢١ فێورییە بەرابەر بە ٢ی ڕەشەمە لە ڕۆژمێری "یونیسکۆ" بۆ یاد و بۆنە نێونەتەوەییەکان، وەک ڕۆژی زمانی زگماکی یاخود زمانی دایکی دیاریکراوە و لەو ڕۆژەدا لە سەرتاسەری جیهان و بە تایبەتی لە وڵاتانی دێموکرات و ئازاد ئەم یادە بەرز ڕادەگیرێت، دیاریکرانی ئەم ڕۆژە لەلایەن "یونسکۆ" وەک ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی زگماکی بۆ ڕێزگرتنە لە شوناس و ناسنامەی نەتەوەکانی جیهان بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە زمان کۆڵەکەیەکی سەرەکی شوناسی هەر نەتەوەیەک پێکدەهێنێت و زمان زامنی مانەوە و بەردەوامی هەر نەتەوەیەکە.
هاوکات لێکۆڵینەوە زانستییەکان لە بواری زمانەوانییدا دەریانخستووە کە پەروەردەبوونی تاکەکان بە زمانی زگماکی خۆیان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بردنەسەری توانای تاکەکان و ناسینی خۆیاندا هەیە هەربۆیە "یونسکۆ" وەک ڕێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە بواری کولتوور و پەروەردە چالاکە گرینگیەکی تایبەتی بە بواری زمانی نەتەوە جۆراوجۆرەکان دەدات و هاوکات بە گوێرەی هەموو پێوەرە ئینسانی و دێموکراتیکەکان هەر ئینسانێک مافی سروشتی خۆیەتی کە بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت و پەروەردە بێت تاوەکو بتوانێت شوناسی خۆی بپارێزێت و پەرە بە کەسایەتی خۆی بدات.
بێگومان زمان گرینگیەکی زۆری بۆ هەر نەتەوەیەک هەیە و هەروەها بۆ نەتەوەیەک کە نیشتمانەکەی داگیرکرابێت و بەردەوام لەژێر هەڕەشەی ئاسمیلاسیۆنی فیزیکی و کولتووریدا بێت و زمانەکەی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی چاوی لێبکرێت ئەم گرینگیە چەند هێند دەبێت، بۆیە زمانی زگماکی بەردەوام ئامانجێکی گرینگ بووە لە مێژووی جوڵانەوەی ئازادیخوازی کورددا و هەر کاتێک بوار بۆ نەتەوەی کورد ڕەخسابێت کە بە لایەنی کەمی مافەکانی خۆی بگات هەوڵیداوە پەرە بە زمانەکەی خۆی بدات و تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و پەروەردەبن باشترین نموونەش خزمەتەکانی "کۆماری کوردستان" ە کە لە ماوەی کەمتر لە یازدە مانگدا توانی بوارێکی لەبار بۆ پەروەردەبوونی منداڵانی کورد بە زمانی زگماکی بڕەخسێنێت و هاوکات هەوڵیش بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤاری جۆراوجۆر بە زمانی کوردی بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بدات.
لاوانی خۆشەویستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵیداوە لە زمان و کولتووری ئێمە بدات و لەم بوارەدا بە پیلان و بەرنامەی دزێو کاری بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوەییمان کردووە بۆیە لاوان وەکو توێژێکی زیندوو و بوێری کۆمەڵگە ئەرکێکی مێژووی و هەستیاریان لەسەرشانە تاوەکو بە هەوڵ و تێکۆشانی ئاگایانە بتوانن بەرپەرچی ئەم سیاسەتە دزێوەی داگیرکەر بدەنەوە و هەوڵ بۆ پاراستنی کۆڵەکە سەرەکییەکانی شوناسی نەتەوەییمان کە زمان یەکێکە لەو کۆڵەکە سەرەکییانە بدەن.
لەم ڕۆژەدا ئێمە لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە ئەو شانازییەمان هەیە یادگاری کۆمارێکی نەتەوەیی و دێموکرات بین ڕێز و ئەمەکی خۆمان بۆ هەموو ئەو مامۆستا و تاکە وشیار و نەتەوەییانە دەنێرین کە هەوڵیان بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی کورد بە زمانی زگماکی داوە تا لەو ڕێگەوە شوناسی نەتەوەییمان بپارێزن و سیاسەتی پاکتاوی کولتووری داگیرکەر بکەن بە بڵقی سەرئاو و هاوکات داوا لە لاوانی دەروەست و شۆڕشگێڕی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ پاراستنی زمانی دایکی و کولتووری نەتەوەییان بدەن.
سەرکەوێ خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەی کورد
سڵاو لە لاوانی شۆڕشگێڕ و نەتەوەیی و پێشکەوتنخواز!
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران