IMG 20200224 102158 183

پەیامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان بە بۆنەی ٧٤هەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی 

کوردستانی ئێران 
    
     
لاوانی چوارپارچەی کوردستان! 
   
  ٧٤ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەنداندا ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کۆماری کوردستان، دیارترین هێمای دەسەڵاتدارێتیی نەتەوەکەمان و لە سەر دەستی پێشەوای کوردان لە شاری مەهاباد، پایتەختی کۆمار، دادەمەزرێ. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆکە یەکیەتیی لاوان مێژوویەکی پڕ هەوراز و نشێوی تۆمار کردووە و قۆناغی جیا جیای پڕ سەروەریی تێپەڕاندووە، لە هەر قۆناغێکدا نەوەیەکی تازەپێگەیشتووی ئەم خاک و ئاوەی تێکەڵ بە بیری نەتەوەیی و نیشتمان دۆستی کردووە و هەوڵی داوە نەوەی نوێی ئەم زێدە بە ڕێباز و بیری دێموکرات ئاشنا بکات تاکوو ڕێبازی ڕاستەقینەی ڕزگاری بگرێتە بەر. 
  
یەکیەتیی لاوان لە سەرەتای دامەزرانیەوە بە پێی زەمەن و قۆناغەکان، سیاسەتی دروست و کردەوەی پێویستی لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕێکخراو و نەتەوەکەمان گرتووەتە بەر و لە ڕابردووەوە تا ئەمڕۆکە چەند قۆناغی جیاوازی تێکۆشانی ڕێکخراوەیی تێپەڕاندووە. 
   
لە قۆناغی یەکەمیدا هەر لە ڕۆژی دامەزرانیەوە تا شۆڕشی گەلانی ئێران، لاوە تێکۆشەرەکانی ڕێکخراو لە پێناو یارمەتیدان بە کۆماری کوردستان و بڵاوکردنەوەی بنەماکانی بیر و باوەڕی دێموکرات و دێموکراسی لە ناو توێژی خوێنگەرمی خۆیاندا دەستیان کرد بە ڕوونکردنەوە و ئاشناکردنی لاوان بەو بنەمایانە لە ڕێگە جۆراوجۆرەکانی بەردەست ، وەکوو بڵاوکرنەوەی گۆڤاوی هاواری نیشتمان، فێرکردنی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی و سازکردنی بەستێن بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی کرراوە و ڕاپەڕاندنی دەیان ئەرکی دیکە لە پێناو خزمەتی زیاتر بە کورد و کوردستان. لە دوای هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان و زاڵبوونی کەشێکی پۆلیسیی توند بە سەر کوردستاندا خەباتی یەکیەتیی لاوان دەکەوێتە شێوازێکی نهێنی بەڵام لە چالاکی کردن ناوەستێ و بەردەوام دەبێت لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەی ڕێگا و دامەزرانی کۆمیتەی لاوان لە شاری ورمێ لە لایەن دوکتور قاسملووی نەمر دەست بە کار دەکات و یەکەم ناڕەزایەتی دوای شەهید بوونی حەسەن ڕەمەزانی لە شاری مەهاباد لە لایەن ئەندامانی یەکیەتیی لاوان و ئەندامانی نهێنیی حیزبی دێموکرات ڕێکدەخرێت و بەردەوام سەبارەت بە دۆخی کوردستان تا دەگاتە شۆڕشی گەلانی ئێران بە هەڵوێست بوون. 
    ڕێکخراەکەمان لە قۆناغی دووهەمی خەباتی خۆیدا هەر لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران تا گرتنی کۆنفرانسەکانی یەکەمین کۆنگرەی خۆی بە پێی ئاڵوگۆڕەکانی ئەو سەردەمە و شێوازەکانی خەباتی ئەو دەورانە خۆی نوێ دەکاتەوە و کۆمەڵێک ئەرکی ڕێکخراوەیی پێوەندیدار بە خەباتی ڕێکخراوەیی ڕادەپەڕێنێ و لەو جوگرافیا ئازادەی کە لە سایەی حوزووری پێشمەرگە بەرهەم دێت، ڕێژەی ئەندامان دەگاتە هەزاران کەس و چالاکییەکانی زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگرێتەوە و لە ڕێکارە جۆراوجۆرەکان بۆ خەباتکردن بە تایبەتی خەباتی هونەری کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی خزمەت بە لاوان و ئازادی بکات، بەڵام لە دوای ئەوەیکە فەرمانی شەڕ لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی ناوەندییەوە دژی ئازادیی کوردستان دەدرێت بۆ دووهەمجار دەیانهەوێت جوغرافیا و ئازادیی کوردستان وەک کۆماری کوردستان داگیر بکەنەوە ئەندامانی یەکیەتیی لاوان، شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەکان، چەک لە شان دەکەن و بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان دەکەن و ژمارەیەک لە ئەندامانی لاوان لە سەنگەرەکانی ئازادیدا شەهید دەبن. 
    لە ساڵی ١٣٧٨ و دوای گرتنی یەکەم کۆنگرەی ڕێکخراو و داڕشتنی بەرنامە و پێڕەوێکی سەردەمیانە و دیاریکردنی ئامانجەکانی خەباتی ڕێکخراو، قۆناغی سێهەمی کار و تێکۆشانی یەکیەتیی لاوان دەست پێدەکات. لەم قۆناغەدا یەکیەتیی لاوان لە بواری پێوەندی لەگەڵ لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە لاوانی جیهان، پێوەندییەکی پتەو دادەمەزرێنێ و دەبێتە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی بنیاتنەری یەکگرتوویی و یەکبوونی لاوانی کوردستان و بڵیندگۆیەک بۆ گەیاندنی دەنگی لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە گوێی لاوانی جیهان. لەو قۆناغەدا کە ڕێکخراو بە خۆڕێکخستن لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دنیای تێکنۆلۆژی و کەڵکوەرگرتن لەم ڕێکارە نوێیە بۆ خەبات زۆرێک لە پیلانە سیستماتیکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ لەناوبردنی لاوانی ئەم نەتەوە ئازادیخوازە، ئاشکرا و پووچەڵ دەکاتەوە.
لە ساڵی ١٣٩٥ و دوای دەست پێکردنی قۆناغێکی نوێ لە خەباتکردن و پێکهێنانی بەستێنێکی بەربڵاوتر لە ڕابردوو، بە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ شێوازی خەباتکردن، قۆناغی چوارەمی خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراوەیی یەکیەتیی لاوان دەست پێدەکات. لەم قۆناغەدا کە شار تێیدا چەقی خەباتە و شاخ بزوێنەر و پشتیوانیەتی، رێکخراو هەوڵی داوە کە ببێتە بەشێک لە خەباتی شار و ئەرکی خۆی بەرامبەر بە توێژی کاریگەری کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات، کە لاوانن بە جێ بگەیەنێ. لەم قۆناغەدا ڕێکخراو بە سەرنجدان بە دۆخی ناوخۆی ڕۆژهەڵات و دەسەڵاتی داگیرکەری ناوەندی، بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونەکانی قۆناغەکانی پێشوو وەکوو ڕێنیشاندەرێک بۆ ئامانجی کۆتایی و تێکهەڵکێشکردنی لەگەڵ ڕێکارە نوێیەکانی خەباتکردن بۆ گێڕانی ڕۆڵی کاریگەرتری بەهێزترین توێژی کۆمەڵ، هەوڵی داوە بۆ ئەوەی ئەو پارچەیەی پازێلی شۆڕش، لە شوێنی خۆی جێگیر ببێت. 
    قۆناغی چوارەمی تێکۆشانی ڕێکخراوەکەمان هاوکاتە لەگەڵ دۆخی لەرزۆکی دەسەڵاتی ئێران، کە لە هەر زەمەنێک زیاتر ئەو حکوومەتە لە ڕووخانی خۆی نزیک بووەتەوە. پێکهاتنی ئەم دۆخەی هەنووکەش دەرەنجامی شۆڕشێکی ژێرپێستی لە ماوەی ٤٠ساڵی ڕابردوو لە ئێراندایە کە لە ئێستادا گەیشتووەتە قۆناغی تەقینەوە و هەردەم هەر بابەتێک دەتوانێ ببێتە هەلێک بۆ ئەوەی ئەو شۆڕشە ژێرپێستییە خۆی دەربخات و دەسەڵاتی دژەخەڵکیی کۆماری ئیسلامی وەکوو دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پاشایەتی تێک بڕووخێنێت. ڕێکخراوەکەمان لە ماوەی ئەم ٤٠ساڵەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێک بووە لە خەباتی ڕاستەو خۆ و ناڕاستەوخۆ لە دژی ئەم دەسەڵاتە و هاندەری لاوانی کوردستان بووە بۆ ئەوەی بۆیان ڕوون بکاتەوە کە تاکە ڕێگای دەربازبوون لە ژێر ئەم ستەمە شۆڕش کردن و گەیشتن بە دەسەڵاتێکی سیاسیی کوردییە کە وەک تاکە ڕێگا لە پێشمانە و هیچ لایەنێک لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، جگە لە ڕەواییدان بە دەسەڵاتی داگیرکەری ناوەندی و هەڵخەڵەتاندنی نەتەوەی کورد بۆ چاوەڕوانبوون هەر وەک ٢٠ساڵی ڕابردوو، هیچی تریان لە چنگ نایە، بۆیە لەم قۆناغەددا ڕێکخراو کارکردن بۆ گەیشتن بە قۆناغی شۆڕشی لە نێو لاوانی کورددا کردووە بە ئامانج و هەوڵ دەدات کە لاوەکان شۆڕش بە پێویستیی و پێشمەرجێک بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودە و ئازاد دابنێن کە لە ڕاستیشدا هەر بەو شێوەیەیە. 
    
لاوانی کوردستان لە ئێستادا لە ژێر دەستی دەسەڵاتێکدا دەژین، کە بە پێچەوانەی وڵاتە ئازادەکانی دنیا، هانیان دەدا بۆ ئەوەی ببنە کەرەستەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئیدئۆلۆژییەکی ئەفسانەیی و بیری جیهادی، و لەناوبردنی وڵاتان دەکاتە کەرەستەیەک بۆ مانەوەی خۆی لە سەر حوکم و تەواوی کەموکۆڕییەکانی دەخاتە پاڵ دوژمنێکی دەرەکی، بەڵام بە پێچەوانەوە سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتەکان هەر بەڕێوەبەرانی داگیرکەری وڵاتی ئێرانن کە بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکاری بۆ بەرەوپێشچوون و خۆنوێکردنەوە لەگەڵ پێوەرەکانی مرڤایەتی لەم سەردەمەدا قبووڵ ناکەن و قازانجەکانیان لە دواکەوتوویی و چەقبەستوویی کۆمەڵگا لە سەردەمی کۆندا دەبیننەوە. 
    لاوانی وڵاتانی ئازادی جیهان بەرددەوام ئامادەی گۆڕان و پێکهێنەری گۆڕانکارییەکانن و خۆیان بە باشترین شێوە بۆ ئەم دۆخە ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی نەوەی نوێی جیهان بتوانێ هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهانی تێکنۆلۆژی و کار و پەروەردە و ئابووری، خۆی بگونجێنێ بەڵام دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیه بە عەکسی جیهان و تێنەگەیشتن لە گرینگیی گرێدراوبوونی جیهان بە یەکتری پێش بە هاتن و خۆگونجاندنی لاوانی وڵات لەگەڵ سەردەمی نوێی جیهانی دەگرێت و دەیهەوێت بە مۆنتاژکردنی تێکنۆلۆژیی کۆنترۆڵکراو خۆی بە بنیاتنەر دابنێت. 
ئەوەیکە دەبینین وڵاتی ئێران لە چاو وڵاتانی تری جیهان لە ئاستێکی نزم و دواکەوتوویی دایە دەرەنجامی پێش پێگرتنی دەسەڵاتە لە پێشکەوتن و بەجیهانیبوون، ئەمەش گرینگترین بابەتە کە شۆڕشکردن دەکاتە کردەیەکی گشتگیری پێویست بۆ ئێستای خەڵک و بە تایبەتی لاوان کە دواکەوتوویی ئەم توێژە نەوەیەکی دیکەش لە پێشکەوتنی هاوئاست لەگەڵ لاوانی جیهان دەخات.
لە سەردەمێکدا کە شێوازی سیاسەتکردن و پابەندی بە پێوەرە ئینسانی و جیهانییەکان ڕەوشی وڵات دەخاتە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆوە، دەسەڵاتی حاکم لە ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی بیر و باوەڕی دواکەوتووانەی خۆی سیاسەتێکی هەڵەی لە ئاستی خەڵکی وڵات و خەڵکانی ناوچە و جیهانیش گرتووەتە بەر و بە پەرەپێدانی و دەستێوەردانەکانی لە ڕێگەی هێزە تێرۆریستەکان بووەتە بەرهەمهێنەری دۆخێک کە خەڵک لە ناوخۆی ئێران لە خرابترین دۆخی مومکیندان و خەڵکانی ناوچە و جیهانیش لە دژی ئەم ڕەفتار و کردارەی وڵاتی ئێراندا توندترین هەڵویستیان گرتووە بۆ مەحکوومکردنی دەسەڵاتێک کە مانەوەی لە نێو ئێراندا بە هۆی سەرکوت و زیندان و کوشتنی ئازادیخوازان و لە دەرەوەی ئێراندا لە ڕێگای هێزە تێرۆریستییەکانەوەیە.
ئەوەیکە وەکوو ڕاستییەک لە کۆتایی بەدواداچوونی کێشەکان و ڕێگاچارەکاندا دەردەکەوێت، گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی ئێستایە بە پشت بەستن بە خەڵکی وڵات و هێزە خەڵکییەکانی ئەم وڵاتە بۆ ڕێکخستنی شۆڕشێکی خاوەن پلان بۆ دەسپێک و دوای سەرکەوتنی شۆڕش. 
لە کۆتاییدا سپاسی ئەندامان و پشتیوانە دڵسۆزەکانی ڕێکخراوەکەمان دەکەین کە لە سەرجەم دۆخەکانددا هاوکار و پشتیوانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و لە ٧٤ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستاکە ڕێکخراویان کردووەتە خاوەنی مێژوویەک و خەباتێکی بێ پسانەوە و بەردەوام لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات. هەروەها سپاسێکی دووبارەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین کە بەردەوام یارمەتیدەر و پشتیوانی یادگارییەکەی کۆماری کوردستان بووە بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکەمان گەشەی زیاتر بکات.
  بە هیوای سەرکەوتنی خەڵکی ئادیخوازی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لاوانی نیشتمان لە قۆناغی چوارەمی خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراودا. 
   
سەرکەوتن بۆ کورد و کوردستان
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی 
دێموکراتی کوردستانی ئێران
٣٠ ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی