IMG 20200119 094451 485

ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژھەڵات سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئێران.

لاوانی شۆڕشگێڕ و نیشتمان پەروەری کوردستان!
کۆمەڵانی ئازادیخوازی كوردستان!
وەك ئاشكرایە دەسەڵاتی خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی بڕیاری بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی لە ۲ی ڕەشەممەی ۱۳۹٨ی هەتاوی داوە، بەمەبەستی ڕەواییدان وبەردەوامی لە سەرکووت و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و جێبەجێ کردنی مەرامە دژە ئینسانییەکانی بەرامبەر بە خەڵکی ستەملێکراوی ئێران و کوردستان.
دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامی بە بەستنی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە وەها کاتێکدا زۆر بێ شەرمانە بێڕێزی بە خوێنی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵی کوردستان و ئێران دەکەن، کە بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە سەر شەقامەکان و لە ژوورە تاکە کەسیەکان لە ژێر ئەشكەنجەی جەلادەكانی ئەم ڕێژیمە گیانیان لەدەست داوە و پاش چەندین ڕۆژ تەرمەکانیان لە ڕووبار و بەنداوەکاندا دۆزرانەوە.
بێگومان دەسەڵاتداران لە ئێران، بۆ شاردنەوەی کردەوە قێزەونەکانیان، لەبەر چاوی ڕای گشتی جیهانی و بۆ مانەوەی حوكمی لەرزۆكیان ڕێکاری زۆر هەڵخڵەتێنەر و گوشاری جۆراوجۆر بە کار دەهێنن تا شانۆی هەڵبژاردن بەڕێوە 
ببەن.
لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان!
هەروەک ئاگادارن ڕێژیم لە دۆخێکدا ئەم شانۆگەرییە بەڕێوە دەبات کە هەوڵیدا هەلی کوژرانی گەورە تیرۆریستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست قاسم سولەیمانی و هێڕشی کوێری مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا لە عێراق بۆ گەرم ڕاگرتنی کورەی هەڵبژاردنەکان بەکار بێنێت، بەڵام فۆبیای پەرچەکرداری هێزەکانی ئامریکا و ترسی هیستریکی سپای پاسداران بوو بە هۆکاری هێرشی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەیەکی مەدەنی لە لایەن سپا کە ئەویش قوربانیبوونی ۱۷٦ کەسی بێتاوانی لێکەوتەوە.
لاوانی تێکۆشەر و خوێندکارانی دەروەست!
هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستای ئێران و کوردستان لە سایەی کۆماری ئیسلامی و ماجەراجوویەکانی سپای پاسداران ئەستەمترین قۆناغی بۆ ژنان و لاوان پێکهێناوە، ژنان لە ئازادییە سەرەتاییەکانی خۆیان بێ بەشن و لاوان و خوێندکارانیش بە هۆی ئەو دۆخە سەختەوە یان پەڕییوەی دەرەوەی وڵات بوون یان ڕوویان لە دیاردە سەخت و تاقەت پڕووکێنی وەکوو کۆڵبەری کردووە کە لەوێش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم شەهید دەبن. بەو بەرچاو ڕوونییانەی کە هەموومان هەمانە هەنووکە ڕێژیم دەیهەوێ بە كەڵك وەرگرتن لە دەست و پەیوەندییەکانی خۆیان لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیكە، مەبەستیانە وا نیشان بدەن كە هەڵبژاردنەکانیان مەشروعن و بە بەشداری و دەنگی هاوڵاتیانی کوردستان و ئێران بەرێوە چووە، هەر لەبەر سەر نەگرتنی ئەو پیلانەی دەسەڵات، پێویستە لاوانی كوردستان بە تایبەت و خەڵکی کوردستان بە گشتی، پیلان و پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە قاو بدەن و ڕێگە نەدەن بە بەکارھێنانی ئەو کەسانە بازاڕگەرمی بۆ شانۆی هەڵبژاردن بكەن و تەمەنی دیکتاتۆری لە ئێران درێژتر بێتەوە.
گرینگە كە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ،جەماوەر زیاتر لە مەترسییەکانی بەشداری کردن لە شانۆی هەڵبژاردنەکان ئاگادار بكەنەوە و هەوڵی جیددی و كاریگەر بدەن کە لە هەڵبژاردندا بەشداری نەکەن و نەبنە کەرەستەیەک بۆ ڕەواییدان بە سەرکوت و ئەشکەنجە و ئێعدام و هیوادارین کە خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە، هۆشیارانە بەرهەڵستی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بن لە هەموو قۆناغێکدا و ئێمەش وەکوو لاوانی ڕۆژهەڵات لە ناو شۆڕشدا بایکۆتی ئەم سیناریۆیەی دەسەڵاتدارانی تاران دەکەین و بە دوور لە بنەماکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتی دەزانین.
۲٦ی بەفرانباری ۱۳۹٨ی هەتاوی
۱٦ی ژانویەی ۲۰۱۹ی زایینی 
لیژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات