IMG 20191221 183351 608

پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی شەوی یەڵدا و ساڵرۆژی لە دایک بوونی دکتور قاسملوو
یەڵدا لە ئوستوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، وەکوو شەوی لە دایک بوونی هەتاو یان زاڵ بوونی رووناکی و رۆژ بە سەر تاریکی و شەودا پێناسە کراوە.یەڵدا وشەیەکی سریانییە کە لە رووی سروشتییەوە ،بۆ پێناسەکردنی دۆخی گۆڕانکاریی تەمەنی رۆژ لە قۆناغی داکشانەوە بۆ قۆناغی هەڵکشان بە کار دێت.ئەم ئاڵوگۆرە سرووشتییە لە کلتووری ئەو گەلانەدا کە رۆژ و رووناکیان بە پیرۆزی و بایەخەوە چاو لێکردووە، وەکوو شۆڕشێک لە سروشتدا بیندراوە کە کاریگەری لە سەر ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگاکان دادەنێت.
یەڵدا لە نێو کوردیشدا بە ناو شێوازی جیاوازەوە ناسراوە وە پێناسەی تایبەتی خۆی بۆ کراوە کە یەک لەوانە شەوچلەیە.لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا بە هێندێک جیاوازییەوە رێورەسمی تایبەت بەو شەوە بەڕێوەچووە.
بەڵام لە سەردەمی هاوچەرخدا ئەوەیکە تایبەتمەندی و بایەخ و قورسایی بە شەوی یەڵدا یان شەوچلەی ئێمەی کورد داوە زیاتر لە هەمیشە کردوویەتە جێگای سەرنج و ڕێزلێنان، لە دایک بوونی هەتاوی شۆرشی رزگاریخوازی کورد و چرای ڕێنوێنی ڕێگای پڕ هەڵدێری خەباتی نەتەوەکەمان لە یەک سەدەی رابردوودا واتە شەهیدی نەمر دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو بوو.
قاسملوو لە رۆژانێکی تاریک و پڕ لە سەغڵەتی و کوێرەوەریدا چاوی بە رووی وڵاتە داگیرکراوەکەیدا هەڵێنا کە فاشیزم و نەتەوەپەرەستی زاڵخوازانەی فارس بە غەدر و خیانەتی هەڵمژینی خوێنی ئازاترین رۆڵەکانی نەتەوەکەمان وەک سمکۆی شۆڕەسوار پاکتاوی ئازادیخوازانی نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران، وەک وەیشوومەیەک باڵی بە سەر وڵاتدا کێشابوو،دابەشکردنی کوردستان بە سەر چوار وڵاتدا ڕێگای بۆ توانەوە و فەوتانی یەکجاری کورد و سڕینەوەی لە سەر نەخشەی جوگرافیا و حەزفی یەکجاریی لە هاوکێشەکانی ناوچەدا خۆش کردبوو.ئیدئۆلۆژی یەک وڵات- یەک نەتەوە لە ئێران و تورکیەی نوێ لە دوو وڵاتی دەستکردی کۆڵۆنیالیزم واتە عێراق و سووریەدا ببووە بناغەی دارشتنی سیستم و یاساکان و ڕەنگڕێژکردنی سنوورەکان رۆژهەڵاتی ناوەراست وەکوو بەهەشتی فاشیزم و داگیرکاری و قەفەس و گۆڕستانی گەلانی ماف پێشێلکراو.
لە وەها دۆخێکدا کە تیرۆری سمکۆ و لاوازی و نسکۆی شۆڕشەکانی دیکە ،ئەژنۆی کوردی شکاندبوو و بێهیوایی باڵی بەسەر وڵات دا کێشابوو ،لەماڵێکی خەمداگرتووی دۆڵی قاسملوودا کۆرپەیەک چاوی بە دونیا هەڵهێنا کە چەند دەیە دواتر ناو و یاد و وانەکانی بوون بە ڕەمزی هەرمان و زیندوویەتی نەتەوەکەی و خەونی لە چاوی ناحەزانی نیشتمان زڕاند .
قاسملوو وەک تیرێکی ئاگرین، شەقاری خستە ناو تاریکی ڕێگای پڕ هەڵدێڕی سەدەی بیستەم بۆ نەتەوە ستەملێکراوەکەی و پرێستیژو شکۆیەکی نوێی بە خەباتی نوێی گەلەکەماندا.
ڕاستە کە قاسملوو لەدایکبووی شەوی یەڵدایە ،بەڵام ئەوە ناوی قاسملوویە کە شکۆو مانا بە شەوی یەلدا دەدات،نەک بە پێچەوانەوە .ئەو ڕێبەرێک بوو کە ڕێڕەوی مێژووی گۆڕی و کوردی وەکو نەتەوەیەک لە قۆناغی ئوستوورەوە هێنایە نێو قۆناغی مێژوو تاوەکوو شانبەشانی گەلانی دیکە ،بە هەستی سەرفرازی و شایی بەخۆبوونەوە بچێتە نێو کایەی سیاسی و دیپلۆماسی و شۆڕشی هاوچەرخ.
ئێمە ڕۆڵەکانی قاسملووی جوامێر و تاقانە و ڕێبوارانی ڕێبازە پیرۆزەکەی،بۆنەی شەوی یەڵدا بەدەرفەت دەزانین بۆ ئەوەی کە جارێکی دیکە لەگەڵ قوتابخانە مۆدێڕنەکەی ئەو ڕێبەرە بلیمەتە پەیمان نوێبکەینەوە و وانەکانی بکەینە هەوێنی خەبات و ژیانی شۆرشگێڕانەی ئێستا و داهاتوومان و یادی دەکەینە چرای تێکۆشانمان تا گەیشتن بە لووتکەی ڕزگاری و بەختەوەری یەکجاری کورد و کوردستان و پێشکەوتن لە ڕێڕەوی سەرفرازیدا.
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەڵدای ١٣٩٨