IMG 20191014 WA0002

ڕاگەیەندراوی لیژنەی هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات 

لاوانی مافخواز و بە هەڵوێستی کوردستان 
لایەنگرانی ئازادی و دادپەروەری
دوابەدوای ڕاگەیاندنی گرانبوونی نرخی بێنزین بە ڕێژەی ٣٠٠% لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران، ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی خەڵکی سەرانسەری ئێران و زیاتر لە ١٤ شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە. 
شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە کە لە وڵاتێکی دیکتاتۆری لێدراو و لە سێبەری ڕێژیمێکی گەندەڵی وەک کۆماری ئیسلامیدا نرخی پێداویستی خەڵکی هەڵکشانێکی خەیاڵی بەخۆیەوە ببینێت و لە ڕابردووشدا هەرکاتێک نرخی بێنزین لەلایەن حکومەتەوە زیادیکردبێت بەدوای ئەودا نرخی سەرجەم خۆراک و پێداویستییەکانی ژیان هەڵکشاوە هەربۆیەش نرخی بێنزین بۆتە بناغەیەک بۆ گرانی لە ئێراندا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەوشی ژیانی خەڵک لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە و زیاتر لە ٦٠% خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەردەبەن و گرانتربوونی نرخی بێنزین ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی دەخاتە ژێر هێڵی هەژارییەوە و بێ توانایان دەکات لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان. 
لەو خۆپێشاندانانەدا بەداخەوە چەندین خۆپێشاندەر لە شارەکان بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان خۆپێشاندەری دیکە لە شارەکانی مەریوان،کرماشان و سنە و شارەکانی تر برینداربوون، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە وەڵامی خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتووی بە گولە و باتووم و تووندوتیژی دایەوە. 
ئێمە وەکوو ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات، پشتگیری خۆمان لە خۆپێشاندانی ڕەوا و بەرهەقی خەڵکی مافخوراوی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕادەگەیێنین و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەمبەر نادادپەروەری بە مافی خەڵک دەزانین و هەروەها داواکارین لە لاوانی ڕۆژهەڵات وەکوو فاکتەرێکی کاریگەر و سەرەکی لە بزوتنەوەی یەکسانیخوازیی گەلەکەمان لەسەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە شارەکانی تر خاوەن هەڵوێست بن و لە بەرامبەر کوشتن و بریندارکردنی خۆپێشاندەران ناڕەزاییەتی دەرببڕن و بە پێێ هەڵسووکەوتی هێزە داگیرکەرەکانی ئێران بەرگری لە خۆیان بکەن تا گەیشتن بە خواستەکانیان و شکست هێنان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری دژەخەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بن. 
ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات :
- ڕێکخراوی لاوانی پێشڕەو 
- ڕێکخراوی کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات
-رێکخراوی لاوانی ئازادیی کوردستان_RAK
- ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران 
- یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 
 -یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران