pakistan geostratige

omer ezadxa1

عمر ایزدخواە
لیسانس لە زانستە رامیارییەکان

   

گرنگی ئەو بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگە ستراتیژیەی کە پاکستان هەیەتی بە تایبەتی لەلایەنی سەربازی و هەروەها وەکو ناوچەیەکی جیۆستراتیژی گرنگ بە نیسبەتی ململانێ نێودەوڵەتیەکانەوە ، هەروەها پەیوەندیە ستراتیژیەکانی ئەو وڵاتە و رۆڵی لە واقعی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا ، بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی توانا و جیۆپۆلیتیک و ستراتیژی ئەو دەوڵەتە راستی ئەو پێگە ستراتیژیەمان بۆ دەردەکەوێت ، هەرچەند پاکستان خاوەنی کۆمەڵێک تەحەدای ناوخۆیی و دەرەکیە کە رۆڵ و پێگەی ئەو وڵاتەیان بەردەوام بەرەو لاوازی بردووە ، لەهەمان کاتیشدا بەرووشاخانی وەک مەترسی هیندستان و بوونی جۆرێک لە گەمە و کێبڕکێی تواناداری ، ئەوا دەرەنجام بووەتە مایەی پێشکەوتن و فراوانبوونی توانا و ئامانجەکانی ئەو وڵاتە .

پاکستان دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای ئاسیا ، کە پایتەختەکەی ئیسلام ئابادە ، بەپێی دوایین سەرژمێری ژمارەی دانیشتوانی ١٩٣ ملیۆن کەسە و شەشەمین دەوڵەتە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوان و یەکێکە لەو ناوچانەی کە چڕی دانیشتوان زۆر بەرزە ، کە خاکی ئەو وڵاتە  لە باشوور کەناراوەکانی دەریای عەرەبی و کەنداوی عەمان و لە رۆژهەڵاتەوە هاوسنورە لەگەڵ هیندستان  و لە رۆژئاوا لەگەڵ ئەفغانستان و وە لە باکوری رۆژئاوا لەگەڵ ئێران هاوسنورە و هەروەها لەگەڵ وڵاتی چین لە ئەوپەڕی باکوری رۆژهەڵات ، وە هاوبەشی سنوری دەریایی لەگەڵ عەمان هەیە ، زمانی ( اردو ) زمانی پاکستانی و هاوبەشی ئەو دەوڵەتەیە ، بەڵام ئینگلیزی زمانی فەرمیە بەپێی دەستور وە زمانی بازرگانی و لەگەڵ ئەوەشدا پێگەیەکی تایبەت و تەواوکەری هەیە و لە لایەنی زانستی و ئەکادیمی و ناوەندەکانی زانکۆدا زیاتر بەکاردێت .

مێژووی پاکستان دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥٠٠ ساڵ بەرلە زاین کە فارس و ئەسکەندەری مەکدۆنی لەو ناوچەیە حوکمیان کردووە و دواتر لەلایەن موسڵمانانەوە فەتحکراوە و دینی ئیسلامی تێدا بڵاوکراوەتەوە ، پاکستان لە ١٤ی ٨ی ١٩٤٧ سەربەخۆیی بەدەستهێنا لەژیرە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی بەریتانی ، کە محمد عەلی جوناح بە دامەزرینەری دەوڵەتەکە دەناسرێ .

سیستەمی سیاسی :

دەستوری پاکستان کە لە ساڵی ١٩٧٣ ەوە دانراوە کە لەسەردەمی حومی ( زولفەقار عەلی بۆتۆ ) دا نوسرایەوە و چەندین هەمواری کراوە و یەکەم هەموار ساڵی ١٩٧٤ و پاشان بۆ دواین جارلە ساڵی ١٩٩٩ دا هەموار کراوە ، بەپێی ئەو دەستورەش سیستەمی سیاسی پاکستان بریتیە لە دێموکراسی نوێنەرایەتی - کۆماری –فیدڕاڵی – پەرلەمانی و بەپێی سیستەمی فیدڕاڵی پاکستانی ، ئەو وڵاتە پیکدێت لە چوار یەکەی کارگێڕی کە ئەوانیش بریتین لە ( پەنجاب ، سەند ، خەبیبر بختونخو ، بەلوچستان )  ، سەرجەم هەرێمەکان خاوەنی حکومەتی و دەسەڵاتی سیاسی خۆیانن و سەرجەمیشیان حکومەتی فیدڕاڵی پێکدێنن لە ئیسلام ئاباد  ، کە ئیسلام ئاباد پایتەختی پەنجاب و کەراتشی پایتەختی سەنەدە و هەروەها پیشاوەریش پایتەختی خەبیر بختونخوایە و پایتەختی بەلوچستانیش کویتە یە .

لایەنی سەربازی :

هێزی سەربازی پاکستان پێکدێت لە ( سوپای وشکانی ، سوپای ئاسمانی ، سوپای دەریایی ، هێزە شێوە سەربازیەکان، پاسەوانی نیشتیمانی ) ، تاکە وڵاتی ئیسلامیە کە خاوەنی وزەی ناوکیە و وە بەپێی ریزبەندی ساڵانەی سوپای وڵاتان بۆ ساڵی ٢٠١٦ ، پاکستان بە ١٣ هەمین وڵات دیاریکراوە کە خەرجی سەربازی لە بودجەدا بریتیە لە ٢.٤٣٥ ملیار دۆلار و بودجەی سەربازی لە کۆی گشتی داهاتی نیشتیمانی بریتیە لە %٢.٥.

لەم خشتەیەدا توانا سەربازیەکانی دەخرێنە روو :

ژمارە یەکە بڕ
  سەربازی کارا 620,000 سەرباز
  سەربازی یەدەگ 515,000سەرباز
  ژمارەی سەربازی سوپای وشکایی 550,000 سەرباز
  ژمارەی سەربازی سوپای دەریایی 22,000سەرباز
  ژمارەی سەربازی سوپای ئاسمانی 40,000سەرباز
  ژمارەی تانک 2,924 دانە
  تۆپی راکێشراو 3,278 دانە
  تۆپی خۆجوڵە 465 دانە
  مودەرەعەی گوێزەرەوەی سەرباز 2,828 دانە
  سیستەمی هەڵدانی فرە موشەکی 134 دانە
  ژمارەی ژێر دەریایی 10 دانە

* - کۆی ژمارەی فڕۆکەی سەربازی ٩٢٣ فڕۆکە کە تیایدا ٣٠٤ فڕۆکەی شەڕ کەر هەیە و هەروەها ٢٦١ فڕۆکەی گویزەرەوە و ٣٠٤ فڕۆکەی هێرشبەری دامەزراو و ١٧٠ فڕۆکەی راهێنان ، هەروەها ٣٠٦ هێلیکۆپتەر و ٥٢ هێلیکۆپتەری هێرشبەر .

*- وە بەپێی هەڵسەنگاندێک بۆ بەهێزترین دەزگا ئیستخباراتی و زانیارییەکان لە ئاستی جیهاندا کە لە پێگەی ( روسییا ئەمڕۆ ) بڵاوکراوەتەوە ، دەرکەوتووە کە ( بەڕێوەبرایەتی ئیستخباراتی ناوخۆی ISI - پاکستان  لە پلەی یەکەمی ئەو ریزبەندیە دایە   ) .

*- بەپێی راپۆرتێیکی ئەمریکی ناوەندی توێژینەوەی سیاسی ( تینک تانگ ) ، پاکستان خاوەنی سێهەم هێزی ئەتۆمییە لە جیهان ، کە پاکستان ٢٠ کڵاوەی ئەتۆمی بەرهەم هێناوە تا ئێستا کە ٢٠١٦یە ، ئەوەش بە واتای ئەوەدێت کە بەهێزترینە دوای ئەمریکا و روسیا ، راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە پاکستان خاوەنی ١٢٠ کڵاوەی ئەتۆمی جەنگیە و لە هەوڵدایە بۆ زیادکردنی زیاتری گەنجینەکانی لە ( بلۆتۆنیۆم ) کە ئەو ماددەیە زیاتر لە پیشەسازی ئەتۆمیدا بەکاردێت و بۆ ئەو مەبەستەش خاوەنی چوار گۆڕەڕی ئەتۆمی تایبەت بە بلۆتۆنیۆمە .

پەیوەندیە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانی پاکستان :

بەردەوام هیندستان تەحەدایەکی گەورەی بەردەم پاکستان بووە لە ستراتیژی نیشتیمانی ئەو وڵاتەدا بۆیە سەڕەڕای گرژی پەیوەندیەکانیان بە شێوەیەکی گشتی ، ئەوا لەگەڵ ئەوەشدا بنەمایەکی گرنگ بووە بۆ یەکلاکردنەوە و ئاستی پەیوەندیەکانی پاکستان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری ، هەروەها  ئەو پەیوەندیە توند وتۆڵەی کە پاکستان هەیەتی لەگەڵ سعودیە و لەهەمان کاتتدا ئەو ململانێ درێژخایەن و توندەی کە لە نێوان وڵاتانی سعودیە و ئێراندا هەیە بە خوێندنەوەی ئەو پێگە جیۆسیاسی و ستراتیجییەی کە پاکستان هەیەتی ئەو فاکتەرانەی کە کار دەکەنە سەر سروشتی ئەو پەیوەندیە لەگەڵ هەردوو وڵات لەیەک کاتتدا  ( پاکستان – سعودیە ، پاکستان – ئێران ) ، بە تایبەتیش هەڵوێستی ئەو وڵاتە لە کیشە و قەیرانە ناوچەیەکاندا دەردەکەوێت ، وە لە لایەکی ترەوە بوونی پەیوەندییەکی مێژووی نێوان پاکستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، هەروەها بوونی پەیوەندیەکی باشتر لەگەڵ وڵاتی چین لەسەر بنەمای دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە و لەو دەروازەوە پەرەدان بە پەیوەندیەکان و دواجار بوونی پەیوەندییەکی ستراتیژی بە بەدەستهێنانی هاوکاری پێویست و ستراتیژی لە حکومەتی چینی .

پەیوەندی لەگەڵ هیندستان ( پاکستان – هیند ) :

هیندستان وەک وڵاتێکی هاوسنوری پاکستان کە سنورێکی درێژی لەگەڵ پاکستاندا هەیە هەر لەگەڵ دروستبوونیانەوە لە ساڵی ١٩٤٧ و سەربەخۆییان لە ژێر فەرمانڕەوایی بەریتانی و دابەشبوونی نیمچە دوورگەی هیندستانی پێشوو بەسەر وڵاتانی هیندستان و پاکستان و.. کێشەی سنور و ململانێی یەکلاکردنەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکانی وەک هەرێمی کشمیر کە دوای حوکمی بەریتانی وەکو ناوچەیەکی سەربەخۆ دیاریکرابوو ، ئەوا بوو بە سەرچاوەی ناکۆکیەکی زیاتر لە نیو سەدەی نێوان دوو وڵاتی پاکستان و هیندستان و تیایدا چەندین جەنگی ماڵوێرانکەری بەدوای خۆیدا هێنا کە لەساڵی ١٩٦٥ جەنگی نێوان هندستان و پاکستان هەڵدەگیرسا و لە ساڵی ١٩٦٦ رێکەوتنی ئاشتی لە نێوان هند و پاکستان مۆرکرا کە ناسراوە بە ریکەوتننامەی ( تەشفەند ) ، بۆیە کێشەی کشمیر و هەروەها لەلایەکی تریشەوە گەمەی خۆ پڕ چەکردنی هەردوو وڵات و گۆڕینەوەی هەڕەشەی بەردەوام و درێژخایەن وای کردووە کە بە تایبەت لەلایەنی پاکستانیەوە خەونێکی گەورە بریتی بووبێ لە سەرکەوتنیان بەسەر تواناکانی هیندستاندا ، هەروەها جیابوونەوەی پاکستانی خۆرهەڵات لە پاکستانی خۆرئاوا دیسان کەیسێکی ترە کە ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتەی خراپتر کرد ، کە ئەویش تۆمەتبارکردنی هیند بوو بە هاوکاری بەنگالە جوداخوازەکان ، بوونی کەمینەیەکی ئیسلامی لە هیند دیسان کەیسێکی ترە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندیەکانیان هەیە ، پەیوەندی پاکستانی هیندی بە گروژی توندا تێپەڕیوە و تا ئێستاش پەیوەندیەکی ئاسایی و سەقامگیر لە نێوانیان بەدی ناکرێ و تا ئیستاش کشمیر سەرچاوەیەکی گەورەی ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە بە پلەی یەک .

پەیوەندی لەگەڵ ئەفغانستان ( پاکستان – ئەفغان ) :

ئەفغانستان کە لە دوای هیند درێژترین سنوری لەگەڵ پاکستان هەیە و سەرباری ئەوەش پێکهاتەی دینی هاوڵاتیانی هەردوو وڵات زۆر لە یەک نزیکە کە زۆرینەی دانیشتوانی هەردوو وڵات ئاینیان ئیسلامی سونە مەزهەبن ، لەماوەی رابردوو بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارە ناوخۆیییەی کە ئەغفان تیایدا ژیاوە لەشەڕی ناوخۆیی نێوان دەیان گروپی هزر رادیکاڵی جیاواز و هەروەها داگیرکاری و رووبەڕووبوونەوە دەرەکیەکان ، بۆیە بەگشتی بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی ناوخۆی ئەفغان کە وایکردووە نەتوانێ رۆڵێکی نێودەوڵەتی ئەوتۆ بگێڕێت و لەناوخۆی خۆشیدا لەسەر پێی خۆی رابووەستێ ، بەهۆی ئەو لاوازیەی ئەفغان لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە بەهۆی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و هەڵکەوتە جوگرافیەی کە لەنێوان پاکستان و ئەفغان هەیە ، دەستوەردانێکی توندی حکومەت و هێزە سیاسی و هۆزە پاکستانیەکانی لە دۆخە جیاوازەکانی ناوخۆی ئەفغاندا بێتە ئاراوە ، کە بوونەتە مایەی ویرانبوونی ئەفغان وەک ئەو دۆخەی کە ئێستا لە دەرەنجامی هەموو ئەوانەدا بەدیهاتووە لە شەڕی ناوخۆیی بەردەوام ئەفغانستان ، دوای داگیرکردنی ئەفغان لەلایەن سۆڤیەتەوە لە ساڵی ١٩٧٩ و راگەیاندنی حکومی کۆمۆنیستی لە ئەفغان کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام بوو تا بە فەرمی لە ١٥ی فێبریوەری ١٩٨٩ سۆڤیەت بەیەکجاری ئەفغان جێدێڵێت ، بێگومان ئەو هەڵوێستەی سۆڤیەت نارەزایی توندی وڵاتانی پاکستان و واشنتۆنی بەدوای خۆیدا هێنا ، حکومەتی پاکستانی بە پاڵپشتی توندی طالیبان و دواتر دروستبوونی ئەلقاعیدە دادەنرێن کە لە دوای شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی لە دوای داگیرکاری سۆڤیتەوە ئەفغانی تێکەوت تاکو ساڵی ١٩٩٦ کاتێک بزاوتی ئیسلامی سونە مەزهەبی ناسراو بە ( طالیبان ) کە لە ساڵی ١٩٩٤ دامەزرا ، دوای شەڕێکی زۆر توانی کۆنتڕۆڵی زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەفغان بکات و دواجار ٢٧ی سێپتەمبەری ١٩٩٦ کابوڵیشی گرت ، کە لەو ساڵەدا ( میرنشینی ئیسلامی لە ئەفغانستان )یان راگەیاند و ( القاعیدە )ش وەکو رێکخراوێکی جیهادی رادیکالی سونی مەزهەب دوای راوەدوونانی ئوسامە بنلادن لە سعودیە و سودان و ولاتانی عەرەبی رووی لە ئەفغان کردوو و هەر زوو نفوزێکی گەورەی لەوێ دروستکرد لەژێر سایەی حوکمی طاڵیبان و بەجۆرێ ئەو دوو رێکخراوە بە توندی تێکەڵاوی یەکتری بوون ، هێرشی قاعیدە لە ١١ی سێپتەمبەر بۆ واشنتۆن وای کرد ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١ جەنگی ئەفغان رابگەیەنێ و کۆتایی بە حوکمی ئیسلامی رادیکاڵ بێنێت ، جێگای ئاماژەیە لە دوای هێرشەکەی قاعیدە بۆ ئەمریکا هەریەکە لە سعودیە و وڵاتانی عەرەبی دانان بە حوکمی میرنشینی ئیسلامی ئەفغانی کشاندەوە لەگەڵ ئەوەشدا پاکستان تاکە وڵات بوو کە دانپێنانی نەکشاندەوە ، لە ئێستاشدا و دوای هاتنی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەرچەند لەسەرەتادا سکستی گەورە بەرەوڕووی طاڵیبان بووەوە و تا لە دواجاردا و لە ساڵی ٢٠١١دا ئوسامە بن لادن لەسەردەستی هێرشێکی کۆماندۆیی ئەمریکایی کوژرا ، بەڵام لە ئێستادا و دوای بڕیاردانی کشانەوەی هێزە ئەمریکیەکان لەو وڵاتە و کەمکردنەوەی نفوزی سەربازی ئەمریکی لێی ئەوا هاوکێشەکە گۆرانی تری بەدوای خۆیدا هێناوە و لەلایەک گروپی تیرۆر و رادیکاڵەکان زۆر بە توندی بەرۆکی ولاتی پاکستانیان گرتووە و تا لە ساڵی ٢٠٠٧یش طاڵیبانی پاکستانیش راگەیەندرا ، لەلایەکی تریشەوە بەهۆی لاوازی حکومەتی ئەفغانی طاڵیبان لەو ماوەیەدا توانیویەتی سەرکەوتنی زۆر بەدیبێنێت لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەیەکی زۆری ئەفغان ، ئەوەی ئێستا زۆر بە توندی پەیوەندی نێوان حکومەتی ئەفغان و پاکستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە بریتیە لە کەیسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ، کە بە توندی بەرۆکی هەردوو وڵاتیان گرتووە .

پەیوەندی لەگەڵ چین ( پاکستان – چین ) :

پەیوەندی پاکستان و چین بە پەیوەندیەکی ئاسایی دادەنرێت هەر لەسەرەتای دروستبوونی پاکستانەوە ، هەرچەند لە سەرەتادا بە شک و گومان و لێک دڵنیانەوەبوونەوە پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەست پێ دەکات ، بەڵام پاکستان پێشەنگی ئەو وڵاتانەبوو کە دانی نا بە ( کۆماری چینی گەلی ) و کۆتایی هێنا بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ( کۆماری چینی تایوان ) لە ساڵی ١٩٥٠ کە ئەوەش وەک سەرەتای پەیوەندیەکی ئەرێنی بۆ هەردوو لا دادەنرێت  ، جگەلەوەش لەگەڵ دروستبوونی ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان هیند و پاکستان هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی پەیوەندیەکی هاوکاریانەی نێوان چین و پاکستان بە تایبەت لە هاوکاری سەربازیانەی چین بۆ  پاکستان ، لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ دواوە ئەوا ئەو قۆناغە بە گەرموگوڕترین پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە ناسراوە ، کە ئەوەش بە هۆکاری یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێشخەری لایەنی چینی کە کاتێک سەرۆک ( دینگ شیا و بنگ ) دێتە سەر حوکم ئەوا جاڕی سیاسەتێکی پراگماتی دەکات بە ئامانجی گەشەپیدانی لایەنی سەربازی و ئەمنی و سەقامگیری و گەشەکردنی ناوخۆیی و هەروەها لەهەمان کاتتدا هێنانەدی ئاشتی لە سیاسەتی دەرەوەدا ، بە گشتی لەماوەی رابردوودا دەکرێ بووترێ پەیوەندی پاکستانی –چینی دەستکەوتێکی ستراتیژی بووە لە پێگەی پاکستان لە ناوچەکەدا ، بە تایبەت لەرووی ئابووریەوە ئێستا چین بە پاڵپشتیەکی گەورەی چین دادەنرێت لە بواری پەرەپیدانی ژێرخانی ئابووری لە پرۆژە گەورەکان ، لەوانەش بڕیاری خەرج کردنی بڕی ٤٦ ملیارد دۆلار لەلایەن چینەوە لە ڕێگەی بانکی سەرمایەگوزاری بونیادی ئاسیایی ، بەمەبەستی دروستکردنی ڕێگاو بان و هێڵێکی شەمەندە فەر کەوا باشوری چین بە باشوری پاکستان دەبەستێتەوە و تا سەر ئاوەکانی ئۆقیانوسی هیندشۆڕدەبێتەوە.

پەیوەندیەکانی لەگەڵ سعودیە ( پاکستان - سعودیە ) :

پێویستە بووترێت کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ دا زنجیرەیەک لە دانیشتن و کۆبونەوە لە ئاستی باڵای نێوان سەرکردایەتی سیاسی و ئەمنی سعودی و هاوپەیمانەکەی پاکستان هاتنە ئاراوە ، لایەنی پاکستانی لەو کۆبونەوانەدا جەختی کردۆتەوە لەسەر پاراستنی خاکەکانیان و پەیوەست بوون بە پارێزگاری لە ئاسایش و سەروەری مەملەکەتی عەرەبی سعودیە ، وە جەختیان لەسەر ئەوە کردوە کە پەیوەندیەکی میژوویی لەنێوانیاندا هەیە ، وە لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکی تر لە باسە سەرەکیەکان بریتی بوون لە گۆرانکاریە نوێکانی ناوچە کە ئاستەنگ و بەروشاخانی نوێن لەبەردەم سیاسەتی هەردوو دەوڵەت بە ئاراستەی باشترکردنی پەیوەندیە ستراتیژیەکانی نێوانیان .

لە بارەی گرنگی پەیوەندی مێژووی نێوان پاکستان و سعودیە ، توێژەری ستراتیژی ( د. یوئال جوزنسکی ) لە ناوەندی توێژینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلی ، کە مێژووی پەیوەندی نێوان ئەو دوو  وڵاتە و بەپێی ئەو رێکەوتنانەی کە لە نێوانیاندا هەیە نیشاندەری ئەوەیە کە پاکستان ویستی پێشکەشکردنی هاوکاری مەملەکەتی سعودی عەرەبی هەیە و تواناشی هەیە ، هەر بۆیە ئەو پەیوەندیە زۆر بەرز دەنرخێنێت .

سەبارەت بە گرنگی ئەو پەیوەندیەش دەتوانین ئاماژە بە هاوکاریە سەربازیەکانی پاکستان بکەین لە پێشوتردا ، لەوانەش هاوکاری سعودیە لە رووداوی ساڵی ١٩٧٩ کاتێک دەسەڵاتی ئەو وڵاتە کەوتە مەترسیەوە ، کە لەو کاتەدا پاکستان سوپای وڵاتەکەی بۆ سعودیە نارد لە میانەی جەنگی ئێران - عێراقدا .

لەگەڵ ئەوەشدا بەشداری سوپای هەردوو وڵات بۆ هاوکاری شەڕکەڕە ئەغفانیەکان لە دژی داگیرکاری سۆڤیەتی ، سوپای سعودی راهێنانیان پێ دەکرا لەلایەن بەرپرسە سەربازیەکانی پاکستان  و لەبەرامبەر ئەوەشدا مەملەکەتی سعودی پاڵپشتی دارایی راستەوخۆ و هەروەها بە ناراستەوخۆشی دەکرد لە پێدانی نەوت بە بەرامبەر و یانیش بە نرخی زۆر کەم ، هەر بۆیە دەتوانرێت بووترێت ئەو پەیوەندیە تایبەتیەی کە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە بریتیە لە پەیوەندیەکی پتەوی باڵای سیاسی و ئەمنی زۆر بەهێز .

پرسی ئەتۆمی رۆڵێکی دیاری لە باشترکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات هەیە زیاتر و زیاتر ، سعودیە پاڵپشتی ماددی پاکستان دەکات لە پێناو پیشەسازی " بۆمبی ئەتۆمی ئیسلامی " ، لەبەرامبەر ئەوەشدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمەڵێک سزای بەسەر پاکستاندا سەپاند لە دەرەنجامی ئەو مامەڵەیەدا ، لەبەر ئەوە ریاض هەنگاوی نا بۆ هاوکاری ماددی پێویست بە پاکستان بۆ کەمردنەوەی کاریگەری سزاکان ، لەبەر ئەوە هەوڵی زۆر هەیە لەلایەن سعودیەوە بۆ بەدەستهێنانی وزەی ناوکی کە پێویستی زۆری پێی هەیە .

وە لە ڕووی ئابووریەوە ، پێکەوە بەسترانێکی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات هەیە بەشێوەیەکی پایەدارانەیە ، بەرزبوونەوەی قەبارەی بازرگانی نێوانیان لەو ساڵانەی دواییدا بە بەهای ناوەندی رۆژانە بە ٥ ملیار دۆلار ، هەروەها ژمارەی کرێکاری پاکستانی لە سعودیە لە بەرزبوونەوەدایە رۆژ بە رۆژ و بەشێوەیەکی بەردەوام ، بەپێی خەمڵاندنەکان رۆژی واهەیە  یەک ملیۆن و نیو پاکستانی داهات بۆ خێزانەکانیان دەنێرنەوە کە نزیکەی ٣ ملیار دۆلاری کردووە .

پێگەی ستراتیژی پاکستان خاڵێکی تری گرنگی پاکستانە بۆ سعودیە کە چونکە سنوری هاوبەشی لەگەڵ ئێراندا هەیە بە درێژایی ٩٠٩ کم ، بەوە کە هەڵکەوتەیەکی گرنگە بۆ رێگری کردن لە ئێران و سنوردانان بۆ هەیمەنەی ئێران لە ناوچەکە ، لەگەڵ ئەوەشدا کە پاکستان خاوەنی گەورەترین سوپای موسڵمانانی جیهانە ، هەروەها تاکە وڵاتی ئیسلامیە کە خاوەنی هێزی ناوکیە ، ئەوەش وا دەکات کە سعودیە هەمیشە وەک سەنتەری هێز بڕوانێتە پاکستان لە قەیرانەکاندا .

ئایین یەکێکی ترە لە فاکتەرە بنچینە و گرنگەکانی پەیوەندی نێوان پاکستان و سعودیە و پاکستان بە دووەم گەورەترین کۆمەڵگای ئیسلامی دێت لە دوای ئیندونیزیا و زۆرینەی ئەو وڵاتە سونە مەزهەبن و پشتگیری تەواوی دینی لە نێوانیاندا هەیە  .

پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران (پاکستان - ئێران ) :

سەبارەت بەپەیوەندیەکانیشی لەگەڵ ئێران راستەوخۆ دێینە سەر رووداوەکانی ئەو دواییە کە سروشتی ئەو پەیوەندیەکانیان بە تەواوی روون دەکاتەوە ، لەوانەش کێشە و ململانێکانی یەمەن ، کە بەشدارنەبوونی کارای پاکستان لە هاوپەیمانی ئەلحەزم بە سەرۆکایەتی سعودیە دژی حوسیەکان و بزاوتی بەرهەڵستکاری یەمەنی ، کە بە نارستەوخۆ جەنگ بوو لەگەڵ ئێران ، دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار لەوانەش :

 ١-  بوونی ترس لە سەرهەڵدانی بارگرژی تائیفی ناوخۆیی .

٢- هەروەها هۆکارێکی تر بریتیە لە بوونی رێژەی بەرزی شیعە لەو وڵاتە کە ڕیژەیان زۆرە و نزیکەی %٢٠ لە کۆی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدێنن و کاریگەرن بە بە ئێران .

٣- هۆکارێکی تری گرنگ بریتیە لە پەیوەندیە ئابووریەکانی پاکستان لەگەڵ ئێران بە تایبەت کەیسی قورسی پەیوەندیدار بە قەیرانی کارەبا لە پاکستان ، جگە لەوەش پاکستان بەبڕێک پشت دەبەستێت بە غازی سروشتی ئێرانی .

٤- لەلایەکی ترەوە سوپای پاکستانی سەرقاڵی پارێزگاری و سەرپرشتی سنورەکانیەتی لەگەڵ هندستان و ئەفغانستان و نەبوونی خواستی ئەو وڵاتە بۆ کردنەوەی هەر جەبهەیەکی دیاریکراوی دیکە .

٥- خاڵێکی دیکەی کاریگەر کە پاکستان بە ئێران دەبەستێتەوە بریتیە لە بزاوتی رزگاریخوازی بەلوچەکان و چالاکیەکانیان لە هەردوو وڵاتی پاکستان و ئێران .

هەرچەند سعودیە هێڵی سورە سەبارە پاکستان کاتێ بکەوێتە ژێر هەر مەترسیەکەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پاکستان لە سیاسەتی دەرەوەیدا وەک ئەوەی کە دۆخی یەمەن ئەوەی زیاتر دەرخستن ئەوا تا راددەیەک هەوڵ دەدات دژایەتی ئێران نەکات بەهۆی بوونی ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە باسکران ، بە تایبەت بوونی پرسی بەلوچ ، کە پرسێکی لەمێژینەی ئەو ناوچەیە و بەلوچەکان نەتەوەیەکن کە ئازادی و مافە نەتەوایەتیەکانیان بن پێ کراوە بە تایبەت ئەو بەلوچانەی کە دەکەونە ناو خاکی ئیرانەوە ، کە زۆر بە توندی لەلایەن رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئازادی و مافە نەتەوایەتیەکانیان پێشل دەکرێ و رۆژانە بە تۆمەتی جیای کۆمەڵایەتی بەڵام لە راستیدا بەهۆی خواستە مافخوازانەکانیانەوە ژمارەیەکی زۆریان لێ زیندان و دەستبەسەر و ئەشکەنجە و لە سێدارە دەرێت ، هەرچەند بەلوچەکانی پاکستان خاوەنی حکومەتی هەرێمی خۆیانن لە چوارچێوەی سیستەمی فیدڕاڵی پاکستانیدا ، بەڵام لەو حاڵەشدا لەو ساڵانەی دواییدا کێشە و پێکدادان هەبوو لەنێوان بزاوتەکانی بەلوچ و حکومەتی فیدڕاڵی پاکستانی " به‌لوچه‌کانی پاکستان له‌ ساڵی ١٩٧٣-١٩٧٧ بزاوتێکیان به‌رپاکرد که‌ زیاتر له‌ نۆ هه‌زار که‌سی تێدا کوژرا و یەکێکی دیکە لەو سەرهەڵدانە دیارانەی ئەو دوایانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ کاتێک بەلوچستانی پاکستان، ده‌ستیان به‌ سه‌رهه‌ڵدانێکی نه‌ته‌وه‌یی کردوو و به‌ به‌رد و دار، رووبه‌ڕووی سوپای پاکستانی بوونەوەوە و ئه‌گه‌رچی خه‌ڵکی به‌لوچستان یه‌کمجاریان نەبووە‌ بۆ مافه‌کانی خۆیان ڕاده‌په‌ڕن، به‌ڵام ڕاپه‌ڕینی ئەوکاتە دوای کوشتنی سه‌کردەی چەکدارەکانی به‌لوچستان، ( نه‌واب ئه‌کبه‌رخانی بوگتی ) ته‌مه‌ن حەفتاو نۆ ساڵه‌یه ‌‌، که‌ ڕۆژی شه‌مه‌ ٢٩/٨/ ٢٠٠٦ له‌ هێرشێکی سوپای پاکستاندا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ چەکدارەکان گیانیان له‌ده‌ست دا ،  ئه‌کبه‌رخانی ، که‌سێکی خوێنده‌وار و ده‌رچووی زانستگای ئۆکسفۆرد بوو له‌ به‌ریتانیا و له‌ په‌نجاکانه‌وه‌ وه‌کو چالاکڤانێکی سیاسی بۆ مافه‌کانی گه‌لی به‌لوچ تێکۆشاوه ‌، ماوه‌یه‌ک وه‌زیر و سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌ش بووه‌ ، به‌ڵام له‌ کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦  سه‌رکردایه‌تی ده‌سته‌یه‌ک چەکداری به‌لوچی به‌ ناوی ( سوپای رزگاریخوازی به‌لوچ ) گرته‌ ده‌ست ، یەکێک لە هۆکاری سەرهەڵدانەکان و بنپێنانی مافی بەلوچەکان بریتیە لە دابەشنەکردنی دادپەروەرانەی داهاتی سەرچاوە سروشتیەکان بەسەر هاوڵاتیانی بەلوچ کە لە کاتێکدا لە ٤٥% گازی سروشتی پاکستان له‌ به‌لوچستان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت " ، هەر بۆیە حکومەتی هەردوو وڵات هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی کە نەتەوەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە ، بۆ ئەوەش دەتوانین ئاماژە بۆ پەیوەندی نێوان وڵاتانی تورکیا و عێڕاق و سوریا و ئیران بکەین ، کە هەرچەند زۆر هۆکاری بنەرەتی و ستراتیژی دژایەتی نێوانیان پێک دەهێنێت بەڵام پرسی کورد یەکێک بووە لەو پرسانەی کە بەیەکەوە بەستەوەیەکی دروست کردووە بە درێژایی مێژوو ، بوونی ڕێژەیەکی بەرزی شیعەش هۆکارێکی زۆر گرنگە و شیعەکان لەبەر بوونی ژمارە زۆرەکەیان کە نزیکەی ١/٥ی ئەو وڵاتە پێکدێنن لە هەر کاتێکدا بێت دەتوانن رووبەڕووی دەسەڵاتی پاکستانی ببنەوە و ببنە کۆسپی گەورە لەبەردەمیدا ، هەر لەبەر ئەوە پاکستان هەوڵ دەدات جۆرێک لە هاوسەنگی دروست بکات لە ململانێی نێوان ئێران و سعودیە ، سەرباری ئەوانەش دوای پچڕانی پەیوەندی نێوان سعودیە و ئێران دوای رووداوەکانی حەج و لە سێدارەدانی ( نەمر ) و بانگێشتکردنەوەی باڵویزەکانیان ، پاکستان هەوڵی نێوەندگیریکاری کرد لەنێوان ئێران و سعودیە ، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوسەنگیەی کە باسی لێوەکرا کە پاکستان هەوڵی بۆ دەدات .

هەروەها پێویستە ببوترێت کە ( مەحەمەد جەواد زەریف ) وەزیری دەرەوەی ئێران لە ٢٠ی حوزەیرانی ئەم ساڵ لە پێشوازی باڵوێزی پاکستان ( نور محمد جادمانی ) لە وڵاتەکەی ، ڕای گەیاند کە ئێران و پاکستان پەیوەندییەکی ستراتیژی و متمانەپێکراویان هەیە ، جێی باسە کە دوای سەردانی ئەو دوایانەی رۆحانی بۆ ئیسلام ئابادا کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەو پەیوەندیانە هەبوو.

سەرباری هەموو ئەوانە پێویستە سەرنج بدەینە ئەو رێکەوتن و پرۆسە هاوبەشانەی کە لە نێوان هەردوو وڵاتە بەڕێوە دەچێت و تێیدا هاوکاری یەکتری دەکەن ، لەوانەش رێکەوتن و لیژنە هاوبەشەکانی نێوان پاکستان و ئێران :

  1. لیژنەی وەزاری بۆ ئەمنی بۆ رووبەرووبوونەوەی مەوادی موخەدیر و چالاکی سزایی لەرێگەی سنورەکان و رووبەرووبوونەوەی کۆچی نا یاسایی .
  2. لیژنەی هاوبەش بۆ خەبت و رەبتی ئەمنی سنورەکان لە ئاستێکی بەرزی وەزاری .
  3. لیژنەی هاوبەشی باشترکردنی هاوکاری دوولایەنەی بەرگری .
  4. لیژنەی وەزاری هاوبەشی باشترکردنی پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکان .
  5. رێکەوتنی بازرگانی تایبەتی .
  6. کۆمپانیای پاکستانی – ئێرانی هاوبەش بۆ بەرهەمهێنان .
  7. رێکەوتنی رۆشنبیری لە نێوان پاکستان و ئێران .
  8. رێکەوتنی هێڵی گواستنەوەی غاز .

پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا ( پاکستان – ئەمریکا ) :

هەر چی سەبارەت بە پەیوەندیەکان لەگەڵ ئەمریکاشە پێویستە بووترێت کە ، پاکستان بە درێژایی میژووی ناوچەیەکی گرنگی جیۆستراتیژی ئەمریکا بووە و وەک یەکێک لە هاوپەیمانانی ناسراوە و بۆ تێگەیشتن لەو پەیوەندیانەش مێژووی ئەو پەیوەندیانە دەخەینەڕوو، کە پەیوەندیەکانیان دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٩ لە سەردەمی ئیدارەی ( ئەیزنهاوەر ) ، کە هەر لە سەرەتاوە پەیوەندیەکی پەرەگرتوو دروستبوو ، کە ئەویش دەگەڕێتەوە بوونی ئەو بەرژەوەندیە زۆرەی کە لەو پەیوەندیەدا هەبوو بۆ هەردوو لا ، لەوانەش بەکاهێنانی پاکستان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ بەرژەوەندیەکانی و لەبەرامبەردا بەدەستهێنانی هاوکاری دارایی لەلایەن پاکستانەوە ، رێکەوتننامەکانی ئەمریکا بوونەتە مایەی هاوکاری زۆری پاکستان لە لایەنی ئابووری و سەربازی و بەشداری پاکستان لە هاوپەیمانی بەغداد و سنتۆ CENTOو سیاتۆ SEATO .

پێویستە بووترێت کە هەمیشە ئەمریکا پاڵپشتیەکی بەهێز نەبووە بۆ پاکستان و تەنانەت لەهەندێ قۆناغدا پچڕانی پەیوەندیەکانیان لێ کەوتۆتەوە ، لەوانەش کاتێک جەنگی نێوان هیندستان و پاکستان هەڵگیرسا لە ساڵی ١٩٦٥ ، ئەوا ئەمریکا هاوکاریە سەربازیەکانی بۆ هەردوو دەوڵەتی هیندستان و پاکستان راگرت کە بەهەمان شێوە هیندستانیش هاوپەیمانی هیندستان بوو ، ئەوەش کاریگەریەکی نەرێنی گەورەی کردە سەر پاکستان ، بەپێی کات بەرە بەرە پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و پاکستان بەرەو باش بوونەوە رۆیشت لە دوای ئەو قۆناغە ، بەڵام دوای ئەوە لە ساڵی ١٩٧٩ ئەمریکا هاوکاریە ئابوورییەکانی خۆی بۆ پاکستان دەوەستێنێت و بەوەش زیان بەر پاکستان دەکەوێت .

داگیرکردنی ئەغفانستان لە ساڵی ١٩٧٩وای کرد پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و پاکستان لە ئاستێکی بەرزدا خۆی ببینێتەوە ئەویش لە بەشداریان لە پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری باکوری ئاسیا ، وە لە ساڵی ١٩٨١ هەردوو وڵات رێکەوتنێکیان بۆ هاوکاری سەربازی و ئابووری بە بڕی ٣.٢ بلیۆن دۆلار بە ئامانجی یارمەتیدانی پاکستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسیە زیادبووەکان لەسەر ئاسایشی هەرێمی ناوچەکە و هەروەها بە ئامانجی خواستەکانی پاکستان بۆ گەشەپیدانی ئابووری مۆر کرد ، کە یەکێک لە گەورەترین پرۆسە نهێنی لە مێژوودا بە دوای خۆیدا هێنا ئەویش بریتی بوو کۆمەگی چەکدارە یاخیبووەکانی ئەغفانستان بوو لەلایەن پاکستان دژی سۆڤیەت .

لە مارسی ١٩٨٦ هەردوو دەوڵەت رێکەوتن لەسەر دووەم بەرنامەی هاوکاری درێژخایەن ( ١٩٨٨-١٩٩٣ ) بە بڕی ٤ بلیۆن دۆلار بۆ گەشەپیدانی ئابووری و هاوکار سەربازی ، بەڵام لە ١ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٠ ئەمریکا سەرجەمی هاوکاریە سەربازی و ئابووریەکانی راگرت و مەرجی دانا بەوەی کە پشکنینی ساڵانە هەبێت بۆ سەلماندنی نەبوونی چەکی ناوکی .

ساڵی ٢٠٠١ رووداوی ١١ی سێپتەمبەر كە بە كردەوە جیهانی بە سەر دوو جەمسەری تیرۆریزم و دژە تیرۆریزمدا دابەش كرد ، پاكستان بە سەركردایەتی موشەرەف بە كردەوە لەگەڵ لایەنی دژی تیرۆریزم كەوت و دوای بڕیاردانی ئەمریکا بۆ لیدانی ئەغفانستانیش پاکستان لە ئاستێکی بەرزدا هاوکاری ئەمریکای کرد هەرچەند لە ناوخۆی پاکستان بەو هەڵوێستەی بارگرژی توند هاتە ئاراوە .

پێویستە بووترێت کە ، کشمیر کە خاڵی سەرەکی ناکۆکیەکانی نێوان هیندستان و پاکستان پێک دەهێنێت ، ئەمریکا لە ئەجێندای پەیوەندیەکانی لەگەڵ پاکستاندا ، هاوسەنگی راگرتنی پەیوەندیەکانی ئەمریکا لە نێوان هندستان و پاکستان و رێگەگرتن لە دروستبونی جەنگ لە نیوان ئەو دوو وڵاتەدا ستراتیژێکی سەرەکی ئەمریکایە .

هەروەها سەبارەت بە گرنگترین هۆکارەکانی پتەوی پەیوەندیەکان لە ئێستادا سەرباری پەیوەندیە مێژوویەکانیان ، دەتوانین ئاماژە بەو هۆکارانە بدەین :

١- جەنگی ناسراو بە جەنگی تیرۆر ، کە پاکستان رۆڵێکی میحوەری وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکا دەگێڕێ .

٢- بەرنامەی ئەتۆمی پاکستانی ، کە ئەمریکا ویستوویەتی کۆنتڕۆڵێک دروست بکات لەسەر گەشەی بەردەوامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە .

٣- ویلایەتەیەگرتووەکانی ئەمریکا یەکێکە لە گەورەترین هاوردەکاری بەرهەمی پاکستانی ، کە نزیکەی ١/٤ی بەرهەمی پاکستانی لە بازاڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساغ دەکرێتەوە .

٤- هاوکاری ئابووری لەلایەن ئەمریکاوە بۆ حکومەتی پاکستان بە تایبەت لە کاتی خراپ بوونی بارودۆخی ئابووری .

٥- بوونی رەوەندێکی پاکستانی گەورە لە ئەمریکا و کە لەنێویاندا بە هەزاران لەو ڕێژەیە خوێندکارانن.

٦- سود وەرگرتن لە چەک و کەرەستەی جەنگی ئەمریکی بۆ هێزە پاکستانیەکان و بینینی راهێنانی سەربازی سەربازانی پاکستانی لە ئەمریکا .

٧- گواستنەوەی تەکنیکاتی هاوچەرخ بۆ پاکستان بەو تایبەتمەندیەی کە هاوپەیمانێکی سەرەکیە لە دەرەوەی هاوپەیمانی ئەتڵەسی .

سەبارەت بە جەنگی دژ بە تیرۆریش ، پێویستە بووترێت کە لە ساڵی ٢٠١٠ ئه‌مه‌ریکا دابینکردنی زیا له‌ ٥٠٠ ملیۆن دۆلار کۆ‌مه‌کی بۆ پاکستان ڕاگه‌یاند له‌و ده‌مه‌ی ئه‌مه‌ریکا کار ده‌کات بۆ به‌ده‌ستهێنانی پیشتیوانی گشتی له‌ شه‌ڕی دژ توندڕه‌وان له‌ وڵاتی ئه‌فغانستانی دراوسێـیاندا ، کە ئەو پرۆژەیە بەشێک بوو له‌ 7.5 ملیار دۆلار له‌ هه‌وڵه‌کان به‌ مه‌به‌ستی قه‌ناعه‌ت پـێکردنی پاکستانیـیه‌کان که‌وا ئه‌مه‌ریکا نه‌ک به‌ ته‌نها جه‌خت ده‌کاته‌ سه‌ر پشتیوانکردنی شه‌ڕی ئه‌فغانستان دژی تاڵیبان و میلیشیاکانی ئه‌لقاعیده‌ ، به‌ڵکو هەوڵدان بۆ هاوکاری پاکستان بۆ باشکردنی گوزەران و ئابووری ئەو وڵاتە ، کە بەدوای ئەوەشدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاکستان له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند په‌ره‌پێدانی‌ ئاستی هاوکاریکردنی ئه‌مه‌ریکا له‌ بواری جیاوازدا گرنگه‌ بۆ گۆڕینی بۆچوونی گشتی سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی ئه‌مه‌ریکا له‌ پاکستاندا.

سەرچاوەکان :

  1. )Pakistan Military Strength  (http://www.globalfirepower.com/country-military-strength-detail.asp?country_id=pakistan
  2. http://www.aljazeera.net/specialcoverage/coverage2002/2004/10/3/ميزان-القوة-العسكرية-بين-باكستان-والهند
  3. https://arabic.rt.com/photolines/831043-إنفوجرافيك-اقوى-أجهزة-الإستخبارات-في-العالم/
  4. http://mawdoo3.com/ما_هو_عدد_سكان_الباكستان
  5. )The Constitution of the Islamic Republic of Pakistan(
  6. http://www.pakistani.org/pakistan/constitution/
  7. http://www.aljazeera.net/programs/infocus/2005/1/10/بلوشستان
  8. http://alkhaleejonline.net/articles/1455792312926232900/التحالف-مع-باكستان-النووية-سلاح-السعودية-لمواجهة-الأخطار/
  9. http://www.dw.com/ar/ما-هي-دوافع-باكستان-في-الوساطة-بين-السعودية-وإيران/a-18993682
  10. http://welat.blogspot.com/2006/09/blog-post.html?m=1
  11. http://www.kurdistanmedia.com/sorani/dreje/6187
  12. http://ar.mehrnews.com/news/1863387/ظريف-إيران-وباكستان-تحكمهما-علاقات-إستراتيجية
  13. http://www.marefa.org/index.php/العلاقات_الأمريكية_الپاكستانية
  14. http://anbaaonline.com/?p=358328
  15. http://www.albayan.co.uk/rsc/print.aspx?id=3392
  16. http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=291515
  17. http://www.al-vefagh.com/News/90454.html
  18. http://www.state.gov/r/pa/ei/bgn/3453.htm
  19. http://www.mc-doualiya.com/articles/20120604-باكستان-الولايات-المتحدة-الأمريكية-علاقات-متدهورة-قصف-أمريكي-مناطق-قبلية-توقع-ضحايا
  20. http://www.surens.com/Direje.aspx?Cor=3&Jimare=5051&Besh=Hewal
  21. https://javedhafiz.net/2012/08/25/علاقات-باكستانية-أمريكية/
  22. https://javedhafiz.net/2012/08/25/
  23. http://www.dcss-center.org:8080/iran_report/arc.php?rw=525
  24. http://www.aljazeera.net/encyclopedia/movementsandparties/2014/2/10/حركة-طالبان-باكستان
  25. http://countrymeters.info/en/Pakistan