nbvghjnbvfgh

10177314 1576306235982585 4780184843189692715 n

هاوکار ڕەفیق ڕەحمان
بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکاندا

بوعدى کۆمەڵایەتى کوردیى لە ناخیدا هەڵگرى چەندین ئاریشەى پڕکێشەیە، کە لە ڕابردووە وە هەتا ئێستا بە شێوەى پلە بەندى پەیدایووە، دەکرێت لە سەرڕێگاى ئەم درێژبوونەوەیەشدا چەندین خەسڵەتى نامۆ بلکێندرێت بەم زنجیرى پلە بەندیەوە، کە هێواش هێواش لە خەسڵەتێکى نامۆوە دەبێت بە خەسڵەتێکى ئاسایى و جێگاى خۆى دەگریت لە کۆمەڵگادا، کە لە دوایدا هەموو ئەم خەسڵە نەشیاوانە دەبنە تەوقێکى کۆمەڵایەتى بەسەر کۆمەڵگا و کلتورى کوردیەوە کە دەرباز بوون لێى نەک وزەیەکى زۆرى دەوێت، بەڵکوچارەسەرکردنیشى کارێکى قورس دەبێت، ئەوەى من لە تێڕامانى خۆمدا بە زەقى درکم پێکردووە خەسڵەتێکى زێدە نەشیاوە کە بووە بە بەشێکى لکاو بە ڕەفتار و سروشتى مرۆڤى کۆمەڵگاى کوردیەوە، کە ئەویش لە (خۆبایى بوون)ە. گەر لە دەربڕینێکى سادەدا لە خۆبایى بوون پێناسە بکەین بریتیە لە (لوتبەرزى و خۆبەزلزانى کەسانێک کە خاوەنى سیفەتێک یان بەهرەیەک یان هەرشتێکى ترن، کە واهەست دەکەن کەسانى دیکە و بەرامبەرەکانیان نیانە) . هەر بۆیە لە خۆبایى بوونى زۆرینەى تاکەکانى کۆمەڵگاى کوردى بە هۆى خاوەندارێتیانەوەیە بۆ ئەو سەروەت و سامانەى هەیانە، بەم شێوەیە گیرفانى پڕییان دەکەنە هۆکارێک بۆ لوتبەرزبوونبان بەسەر ئەو چینانەى گیرفان خاڵى و بێ سامانن، هەر بۆیە زەمینەیەک دەڕەخسێت بۆ ئەو جۆرە لە مرۆڤانە کە خۆیان بە مرۆڤى پلە یەک و بێ هاوتا بناسێنن و فیز بکەن بەسەر ئەو چینە بێدەرەتانەى کە سامانەکەیان بە زەحمەت بەشى بژێوى ژیانیان دەکات، هەر بۆیە لە کۆمەڵگاى کوردیدا زۆر لە مێژەوە سامان بووەتە ئەو بەهرە گرنگەى کە ئاستى کەسایەتى ئینسانەکانى پێ دیارى دەکرێت و لە پێشەوە دانانى کەسێکى بێمەعریفەى پارە زۆر هەمیشە لە پێش کەسێکى بێ پارەى مەعریفە زۆرەوە بووە، ئەوەى باسم کرد خاوەن سەرمایەکان بوون کە سامانەکەیان واى لێکردبوون لوتیان لە باڵایان بەرز تر بێت و ڕەنگدانەوەیەکى زێدە خراپ و نەگریس بەسەر کۆمەڵگاوە بەجێدەهێڵن، کە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکارى کوشتنى داهێنان و مەعریفە ، چونکە گوشمەو هەوڵى بەدەستهێنانى (سەرمایە) گەر لەسەر حسابى کەسانى تریش بێت زۆر ویستراوترە لە گوشمەو هەوڵدانى تاکەکان بۆ داهێنان و مەعریفە و زانست، ئەمەش کوشتنى رۆحى داهینانە لە چوارچێوەى کۆمەڵگایەکى شوێنکەوتەى سەروەت و سامان، ئەوەى باسم کرد تەنیا دیوێکى کێشەکەیە گرفت ئەوەیە (زانست) خۆى بێتە هۆکارى لە خۆ بایى بوونى ئەو کەسانەى کە وا هەست دەکەن ڕۆشنبیر و خودان مەعریفەن، (سامان) وەک هۆکارێکى لە خۆى بایى بوون ڕەگێکى لە مێژینەى هەیە لە زۆربەى کۆمەڵگاکاندا، بەڵام( زانست) وەک هۆکارى لە خۆ بایى بوون دەکرێت لە تایبەتمەندى کۆمەڵگا هەرە دواکەوتووەکان بێت لە پێش هەمووشیانەوە کۆمەڵگاى کوردى، لە ناو گۆڕەپانى کوردیدا ئەو کەسانەى دانپیانراون و هەڵگرى مۆرى ڕۆشنبیرین و خودان مەعریفەن لە ڕیزى پێشەوەى لە خۆبایى و لوت بەرزەکانى کۆمەڵگادان، لە پزیشکەوە تا دەگاتە مامۆستاو خاوەن بڕوا نامەى ماستەر و دکتۆرا و نوسەر و پێشکەشکار و ...هتد.هەموان لاى خۆیانەوەى ئەو زانستەى هەیانە وەک بەهرەیەک سەیرى دەکەن و خۆیان جیاوازتر پیشان دەدەن ئەم جیاوازى و لوتبەرزیە لەگەڵ یەک هەڵوێستى بچوکیاندا دەردەکەوێـت بە سڵاوێک یان قسەکردنێک بە ڕاستەو خۆ بێـت یان بە میکانیزمە جیاوازەکانى پەیوەندى کردن بێت وەک تەلەفۆن و ئیمێڵ و ئەکاونتى تایبەتیان لە قسەکردن و هاتنە وەڵامیاندا ئەم لە خۆبایى بوونە بە زەقى هەستى پێدەکریتیان زۆر جار هەر وەڵامیش نادەنەوە، بە بڕواى من ئەمە نیشانەى نامەعریفى و ناڕۆشنبیرى خۆشیان دەسەلمێت نەک بە پێچەوانەوە، تەنانەت زۆرێک لەو خۆبایبوونانە لە ناو گروپە هاوپیشەو تاواوکاریدا ڕەنگدەداتەوە بۆنمونە لە خۆبایى بوونى پزیشک بەسەر نەخۆشەوە ، لە خۆبایى بوونى مامۆستا بەسەر خوێندکارەوە لە خۆبایى بوونى پێشکەشکار بەسەر بینەرەوە لە خۆ بایى بوونى نوسەر بەسەر خوێنەرەوە، کە ئەمەش چەندین دەر هاویشتەى خراپى دەبێـت بەسەر بازنەى کلتور و بوعدى کۆمەڵایەتى کۆمەڵگاى کوردیەوە، هەروەک چۆن لە خۆبایى بوون بە (سامان)ەوە هۆکارێک بوو بۆ کوشتنى ڕۆحى داهێنان بە هۆى زیاتر شوینکەوتە و خۆشەویست بوونى سامانەوە نەک بە پێچەوانەوە، دیسانەوە لە خۆبایى بوون بە (زانست)ەوە، دەبێە هۆکارێک بۆ کەمى ئاستى داهێنان و هەڵقوڵانى داهێنان و مەعریفە، چونکە پیشاندان و نمایشکردنى زانست و مەعریفە و نوێنەرایەتى کردنى خراپى لەم شێوەیە لە کۆمەڵگادا، دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونى (ڕق) ڕق لە مەعریفە ، کاتێک خودان مەعریفەکان بەم ڕوخسارە لە خۆ باییەوە دەردەکەون بۆیە تاکەکانى دیکەش خۆیان بەهەڵە دەزانن کە هەوڵى گەیشتن بە مەعریفە و زانست بدەن و بەمشێوە نامۆیە لە چاوى تاکەکانى کۆمەڵگاوە وێنەیان بگیرێت و ، بۆیە سادە بوون و بێ سامانى و بێ مەعریفەى خۆیان زۆر لا گەورەترە لەو خەسڵەتە لە خۆبایى بوونەى کە کەسانێک هەڵیانگرتووە.(پێچەوانەى ئەم نوسینەى خۆم بڕوام بە حاڵەتى دەگمەن هەیە بەڵام ئەوەى خۆم هەستم پێکردووە وێنە گشتگیرەکەیە).
هاوکار ڕفیق ڕەحمان
بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان