کۆمه‌ڵایه‌تی

58380704 2433263793352076 6461301001411362816 n

لە هۆڵی گشتیی مەولەویی زانکۆی کوردستان لە سنە، ڕێوڕەسمی بەرز ڕاگرتنی یادی "‌خاڵۆ حسەین کۆکەن"، بەڕێوەچوو.

 

ڕێکەوتی ٤ی بانەمەڕ، کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ، ئەم ڕێوڕەسمە بە بەڕێوەبەریی ئەنجومەنە خوێندکارییەکانی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو، چەند ڕۆژ پێش لە ڕێوڕەسمەکەش، پێشانگایەک لە وێنەکانی خاڵۆ حسەین کۆکەن کرایەوە و کۆمەڵێک وێنەی ناوازەی خاڵۆ حسەین و میراتە بەجێماوەکەی لە دڵی شاخدا، خرایە بەر دیدی بەشدارانەوە.

 

حسەین عوسمانی، ناسراو بە خاڵۆ حسەین کۆکەن، کەسایەتییەکی کوردە کە بەھۆی ھەڵکۆڵینی یازدە ژوور لەنێو کێوی قاوگیرە بە قاچێک و قوڵینگێکەوە بۆ ماوەی نزیکەی ٢١ ساڵ، نازناوی فەرھادی دووەمی پێدراوە

 

پێشتر و لە کورتە ڤیدیۆیەکدا کە لە خاڵۆ حسەین بڵاو ببوویەوە، ناوبراو ئاڵایەکی کوردستانی لەدەست بووە و باس لە خۆشەویستیی خۆی بۆ حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو دەکات.

 

خاڵۆ حسەین کۆکەن، ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٥، لە شاری پاوە، پاش ٨٦ ساڵ ژیانی پڕ لە ڕەنج کۆچی دوایی کرد؛ ناوبراو لە لای کوردستانیان بە ئۆستوورەیەکی وەک فەرهاد شوبهێندراوە کە یاد و ناوی بۆ هەمیشە لە دڵی خەڵکدا دەمێنێتەوە.

 

سەرچاوە: کوردستان میدیا

 

 

26228

 

لاوان میدیا: چایفرۆشێکی مەریوانی، لە جیاتی بەکار‌هێنانی خەڵووز بۆ سەماوەرەکەی، گاز بە کار دێنێت و سەماوەرەکەی دەکاتە گوڵدان بۆ گەشەکردنی دار بەڕوویەک.
 
"پەدرام هیجرانی"، چایفرۆشێکی مەریوانییە کە لە زرێباری مەریواندا چای دەفرۆشێت. ناوبراو لە کاردانەوەی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی ئەم دواییانەی دارستانەکانی ناوچەی مەریوان و کوردستان و ڕاکێشانی بیروڕای گشتی بۆ پاراستنی دارستان، سەماوەرەکانی خۆی کرد بە گوڵدان بۆ نەمامی بەڕوو و چیدیکە لە خەڵووزی دارەکان کەڵک وەرناگرێت.
 
ئەم چالاکه ژینگه پارێزە لە لایەن ئەندامانی "ئەنجومەنی سەوزی چیا"ی مەریوانەوە،  پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا و لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا ڕێزی لێ گیرا.
 
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا " کامران قادری" کە ساڵی ڕابردوو هەر دوو لاقی خۆی لەدەست دابوو، لە سەر ویلچر، بە تاجە گوڵینەیەکەوە لە سەر مەزاری شەهیدانی ژینگە، " شەهید شەریف باجوەر و شەهید ئومید حسین زادە"، پەیامی ژینگەدۆستی ئەوانی  به" پدرام هجرانی" گەیاند.
 
"ناجی کانی سانانی" وەک بەرپرسی ئەنجومەنی چیا، لەو رێوڕەسمەدا ئاماژەی به دارستانەکانی زاگرۆس و پێویستی پاراستنیان کرد.
 
ماوەیەکە کەسانێکی دژ بە ژینگە بۆ بەرژەوەندی و قازانجی خۆیان و هەروەها به مەبەستی بازەرگانی کەوتوونەتە گیانی دارستانەکانی زاگرۆس کە دۆخێکی زۆر مەترسیداریان خولقاندوە.
 
بەداخەوە ماوەی چەند ساڵه چایی خەڵووز لە شاری مەریوان بووەتە نەریتێکی بەربڵاو و تەنانەت کەبابیەکانیش لە جیاتی گاز لە خەڵووز کەڵک وەردەگرن ، کە ئەمەش بووەتە هۆی گەرمتر بوونی بازاڕی کاولکاری دارستانەکان لە کوردستاندا.
 
 

photo 2018 12 24 21 26 53 

 
لاوان میدیا: ماوەیەکە بڕینی دار و لە ناو بردنی بێشەڵانی زاگرۆس بۆتە هۆی نیگەرانیی ژینگە پارێزانی کوردستان.
 
خەمساردی بەرپرسان و خۆلێ‌ بێساحیب کردنی ناوەندە پەیوەندی‌ دارەکان، ئەو گومانەی زیاد کردووە، کە بە شێوەی بەرنامەداڕێژراو دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم هەوڵی لە ناو بردنی ژینگەی زاگرۆس و تاڵان کردنی سرەوەت و سامانی کوردستان دەدەن.
 
لە چەند حەوتووی ڕابردوو دا کۆمەڵێک وێنە و گرتە ڤیدیۆ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بڵاو کراونەتەوە، کە باس لە کاولکاریی دارستان و لەناوبردنی ژینگەی کوردستان دەکا.
 
بەپێی ڕاپۆڕتی چالاکان و ئەنجوومەنە ژینگە پارێزییەکانی کوردستان دیاردەی "مافیای دارستان" لە کوردستان مەترسی‌ دارە و هەر بۆیە لە سەرجەم خەڵکی کوردستان داوایان کردووە کە ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببنەوە.
 
ڕێکخراوی “ڤەژین” لە ڕاگەیاندرواێکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە بڕینەوەی دارستانەکانی کوردستان بە مەبەستی بازرگانی‌ پێوەکردن، دەڵێ: ماوەیەکە باندێکی مافیای دار بە تەماحی بازرگانی کەوتوونە گیانی دارستانەکانی مەریوان و بێ‌ئەوەی هیچ ئۆرگانێکی پێوەندیداری دەوڵەتی لێپرسینەوە و بە دواداچوونی بۆ بکات، خەریکی بڕینەوەی داری ئەم دارستانەن، “ڤەژین” بە نیگەرانییەوە باس لە ئاکامی بەردەوامبوونی مافیای دار لەسەر بڕینەوەی داری دارستانەکانی مەریوان دەکات،
هەروەها ئەنجوومەنی “رۆجیار” لە ڕاگەیاندراوێک‌ دا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە بڕینەوەی داری داستانەکان بە مەبەستی بازرگانیی مافیاکانی دار لە کوردستان، داوای کردووە کە ڕێکخراوەکان و خەڵک بە گشتی کەمپەینی نارەزایەتی دەرببڕن و لە بەرامبەر کەسانی هەل پەرەست و نەفسنزم کە بەم کارانەیان ڕاستەوخۆ خزمەت بە دوژمنانی وڵاتەکەی خۆیان دەکەن و، کارەکەیان زیان و زەرەرێکی قورس بە سروشت و ژینگەی کوردستان دەگەیەنن، بوەستنەوە.
 
بەپێی قسەی "قادر ڕەحمان‌زادە" کار ناسی ژینگەپارێزی، زیادبوونی دیاردەی بازرگانی کردن بە ژینگەی کوردستان قەیرانێکی ژینگەیی لە ئێستا و لە داهاتوودا دەخوڵقێنێ.
 
ناوبراو بە ئاماژەدان بە قەیرانی بڕین و لەناوبردنی دارستان و بێشەڵانەکانی کوردستان باس لە دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیم دەکا کە بە هاوکاری کەسانی نەفسنزم و بەرژوەندیخواز خەریکی زیان وخەسار گەیاندن بە ژینگەی کوردستانن.
 

IMG 20181214 011906 983

 
لاوان میدیا : لە وڵاتی ئێران ئەو قوتابییانەی کە مارە دەکرێن یان هاوسەرگیری دەکەن لە قوتابخانەکان دوور دەخرێنەوە.
 
جگە لە خوێندکارانی سیاسی کە بە هۆکار گەلێکی وەکوو رەخنە گرتن و دژایەتی کردنی حکومەت لە خوێندن دوور دەخرێنەوە، بابەتێکی گرینگی دیکەش کە بەرچاو دەکەوێ ئەوەیە کە ئەو قووتابییە کچانەی مارە دەکرێن یان هاوسەرگیری دەکەن پێی یاسایەکی نەنوسراو دەبێ واز لەخوێندن بهێنن، تەنیا پاساوێکیش کە بەرپرسانی قوتابخانەکان بۆ ئەم کارە هەیانە ئەوەیە کە ئەم قوتابیانە دەبنە هاندەر بۆ ئەوەی هاوپۆلییەکانی دیکەیان بیر لە ژیانی هاوبەش بکەنەوە.
 
پرسیارێک کە دێتە مەیدان ئەوەیە کە ئەم دوورخستنەوەیە درووستە ئەگەر درووستە بۆ شەرع رێگەی پێدەدا کە ژیانی هاوبەش پێکبێنێ، ئەگەریش شەرع رێگەی پێدەدا بۆ دووردەخرێتەوە لە خوێندن ؟!
 
لە زۆربەی وڵاتان هاوسەرگیری لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بە گونجاوی نازانن و رێگەی پێ نادرێت کە هاوسەرگیری بکەن، چونکە بەناوی دەستڕێژی سپی ناوی دەبەن، بەڵام لە وڵاتی ئێران بنەماڵەکان بەهۆی ئەوەی کە توانای دابین کردنی تێچووی خوێندنی باڵایان نییە و شەرعیش ڕێگە خۆشکەرە و پێشی بە هاوسەرگیری خوار تەمەن ١٨ ساڵ نەگرتووە، بنەماڵەکان رێگری ناکەن لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی منداڵەکانیان کە تەمەنیان لە خواری ئەم تەمەنە دیاریکراوەیە.
 
بەم هۆیەشەوە دەبینین لە کۆمەڵگایەکی وەکوو ئێران، چەندین کێشە و گرفت دێنە ئاراوە کە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کێشانەش هاوسەرگیری منداڵانی کام تەمەن و وازهێنانە لە خویندن.
 

photo 2018 11 26 19 19 43

 
لاوان میدیا: بوومەلەرزەیەکی بەهێز چەند شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەوانە ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێیە هەژاند، کە خەساری گیانی و ماددی بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەکە لێکەوتۆتەوە.
 
ئەمشەو یەکشەممە ٤ی سەرماوەز ۱۳۹۷ی هەتاوی، بوومەلەرزەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویداوە، بە پێی ئەو هەواڵەی کە ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاوی کردووەتەوە باس لەوە دەکات بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەکە خەسارێکی بەرچاوی گیانی و ماددی بە خەڵکی گەیشتووە، ئەم بوومەلەرزەیە بەهۆی بەهێزیەکەیەوە لە چەند شاری باشووری و باکووری کوردستانیش هەستی پێکراوە
 
ناوەندی بوومەلەرزەناسی جیهانی کە ناوەندی هانی بوومەلەرزەکە لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاندووە، کە گوڕەکی ٦.٤ پلەی ڕیشتەر و لە قوڵای ۷ کیلۆمیتری ڕووی داوە.
 
ئەم بوومەلەرزەیە لە نزیک شارەکانی " سەرپێل زەهاو، قەسری شیرین، گێلانغەرب ڕوویداوە. 
 
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن سەرجەم خزمەتگوزاریە سەرەتایەکان نەماوە. هەروەها زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لە قەسرشیرین هاووڵاتییان به هۆی هاتنی بوومەلەرزە بریندار بوونە.
 
بەپێی ڕاپۆرتەکان هەتا ئێستا ٤٠ کەس کە بریندار بوونە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی قەسرشیرین کراون و ٣٠ کەسی دیکەش بۆ نەخۆشخانەی سەرپێڵ ڕەوانە کراون.
 
ساڵی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک بە پلەی ٧ ڕیشتەر لە ئەزگەلەی کرماشان لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزڵوەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕووی دا، کە زیاتر لە ١٠هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.