photo 2018 12 24 21 26 53 

 
لاوان میدیا: ماوەیەکە بڕینی دار و لە ناو بردنی بێشەڵانی زاگرۆس بۆتە هۆی نیگەرانیی ژینگە پارێزانی کوردستان.
 
خەمساردی بەرپرسان و خۆلێ‌ بێساحیب کردنی ناوەندە پەیوەندی‌ دارەکان، ئەو گومانەی زیاد کردووە، کە بە شێوەی بەرنامەداڕێژراو دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم هەوڵی لە ناو بردنی ژینگەی زاگرۆس و تاڵان کردنی سرەوەت و سامانی کوردستان دەدەن.
 
لە چەند حەوتووی ڕابردوو دا کۆمەڵێک وێنە و گرتە ڤیدیۆ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بڵاو کراونەتەوە، کە باس لە کاولکاریی دارستان و لەناوبردنی ژینگەی کوردستان دەکا.
 
بەپێی ڕاپۆڕتی چالاکان و ئەنجوومەنە ژینگە پارێزییەکانی کوردستان دیاردەی "مافیای دارستان" لە کوردستان مەترسی‌ دارە و هەر بۆیە لە سەرجەم خەڵکی کوردستان داوایان کردووە کە ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببنەوە.
 
ڕێکخراوی “ڤەژین” لە ڕاگەیاندرواێکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە بڕینەوەی دارستانەکانی کوردستان بە مەبەستی بازرگانی‌ پێوەکردن، دەڵێ: ماوەیەکە باندێکی مافیای دار بە تەماحی بازرگانی کەوتوونە گیانی دارستانەکانی مەریوان و بێ‌ئەوەی هیچ ئۆرگانێکی پێوەندیداری دەوڵەتی لێپرسینەوە و بە دواداچوونی بۆ بکات، خەریکی بڕینەوەی داری ئەم دارستانەن، “ڤەژین” بە نیگەرانییەوە باس لە ئاکامی بەردەوامبوونی مافیای دار لەسەر بڕینەوەی داری دارستانەکانی مەریوان دەکات،
هەروەها ئەنجوومەنی “رۆجیار” لە ڕاگەیاندراوێک‌ دا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە بڕینەوەی داری داستانەکان بە مەبەستی بازرگانیی مافیاکانی دار لە کوردستان، داوای کردووە کە ڕێکخراوەکان و خەڵک بە گشتی کەمپەینی نارەزایەتی دەرببڕن و لە بەرامبەر کەسانی هەل پەرەست و نەفسنزم کە بەم کارانەیان ڕاستەوخۆ خزمەت بە دوژمنانی وڵاتەکەی خۆیان دەکەن و، کارەکەیان زیان و زەرەرێکی قورس بە سروشت و ژینگەی کوردستان دەگەیەنن، بوەستنەوە.
 
بەپێی قسەی "قادر ڕەحمان‌زادە" کار ناسی ژینگەپارێزی، زیادبوونی دیاردەی بازرگانی کردن بە ژینگەی کوردستان قەیرانێکی ژینگەیی لە ئێستا و لە داهاتوودا دەخوڵقێنێ.
 
ناوبراو بە ئاماژەدان بە قەیرانی بڕین و لەناوبردنی دارستان و بێشەڵانەکانی کوردستان باس لە دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیم دەکا کە بە هاوکاری کەسانی نەفسنزم و بەرژوەندیخواز خەریکی زیان وخەسار گەیاندن بە ژینگەی کوردستانن.