IMAGE 2018 09 10 193933

لاوێکی‌تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن تاریک پەرستانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە درا

لاوان میدیا: ڕێژیمی تاریک پەرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژانە بە بیانووی جۆراوجۆرەوە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکاتە قوربانی سیاسەتە کۆنەپەرستەکانی خۆی.

بەپێی هەواڵی سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ۱۹ی خەرمانانی ۲۷۱۸ی کوردی بەرانبەر لەگەڵ ۱۰ی سێپتامبری ۲۰۱۸ی زایینی، لاوێکی کورد بە نێوی"کەماڵ ئەحمەدنژاد" کوڕی ڕەحیم، خەڵکی گوندی "گامێشگولی" سەر بە شاری میاندواو، بەتۆمەتی ئەندام بوونی یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوشتنی ئەندامێکی سوپای تیرۆریستی پاسداران، لە بەندیخانەی شاری میاندواو لە سێدارە دراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، "کەماڵ ئەحمەدنژاد"، بەندکراوی سیاسی کورد، لە پاییزی ۲۷۱٤ی کوردی لەگەڵ پێنج کەسی دیکە بە ناوەکانی "میلاد عەبدی، سەعید سیاهیی، سلێمان کری، مستەفا تاهیرزادە و هەڵمەت عەبدوڵاهی" بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای تیرۆریستی پاسداران بە نێوی "هاشم زەینالی" دەستبەسەر کراون.

لە هاوینی ساڵی ۲۷۱۵ی کوردی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حوکمی سێدارە بە سەر "کەماڵ ئەحمەدنژاد"دا دەسەپێنێت و پێنج کەسەکەی دیکە هەرکام بە ۱۵ ساڵ بەند کردن حوکم دەدرێن.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لە کاتێکدا ناوبراو لە سێدارە دراوە کە دۆسیەکەی هێشتا تەواو نەبووە و بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی تۆمەتەکەی کە لەلایەن سوپای تیرۆریستی پاسدارانەوە دراوەتە پاڵی، لە بەردەستدا نەبووە و تەنانەت هێندێک لەو کەسانەی کە ناویان لێبراوە لەو ڕۆژەدا لە شوێنی کارەساتەکە نەبوون.