IMAGE 2018 09 04 192920


لاوان میدیا: لە ڕۆژانی ڕابردوودا جارێکی تر لە دارستانەکانی دەوربەری شاری مەیوان ئاگرکەوتنەوە ڕوودەدات و بەو هۆیەوە ۱۰ هیکتار لە لێڕەوار و دارستانەکانی ئەو شارە دەسووتێن.

 

سەرەڕای هەوڵ و تێکۆشانێکی ماندوو نەناسانەی چالاکان و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی شاری مەریوان، بە هۆی نەبوونی کەرەستەی پێویستی ئاگر کوژێنەوە و نەهاتنە هانای دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت لەو شارە، نەیانتووانیوە ئاگرەکە بکوژێننەوە و دوای چەند ڕۆژ هێشتا بەردەوامە، بە گوێڕەی هەواڵەکان تاکوو ئێستا ۱۰ هیکتار لەو دارستان و لێڕەوارانە سووتاون کە خەسارێکی گەورەیە لە سروشتی کوردستان.

 

وەکوو چۆن لە ڕاگەیاندراوی هاوبەشەی پێشووی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکاران دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی شەهیدانی پاراستنی ژینگەی کوردستان، ئاماژەمان بەوە کرد ئەو ئاگرکەوتنەوانە پیلانی ڕێژیمە، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران جارێکی تر جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی شاری مەریوان و هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان پیلانی خۆدی ڕێژیمە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرانبەر ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە بە بەرپرسیار دەزانێت.

 

دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی حکوومەت لە کوردستان لە جێبەجێ کردنی پیلانەکانی ڕێژیم بە مەبەستی لە نێو بردنی سروشتی کوردستان تەنیا بە سووتاندنی لێڕەوار و دارستانەکان واز ناهێنن، زۆر جاریش بە بیانووی هەبوونی هێزی پێشمەرگە باغ و مەزرای خەڵکی زەخمەتکێشی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەسووتێنن.