IMAGE 2018 08 31 155148

 


لاوان میدیا: سەرەڕای ئەوەی کە ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە لە بوواری سەرچاوە سروشتییەکانەوە و دووهەمین ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپێکە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەژاری، بێکاری و کێشەی ئابووری لە نێو خەڵکی ئەو وڵاتەدا پەرە دەستێنێت و لە بوواری پیشەییەوە بە کێک لە دواکەوتووترین وڵاتانی جیهان هەژمار دەکرێت.

 

محەمەد ڕەزا بادامچی، بەرپرسی فراکسیۆنی کار لە پارلمانی ئێران بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاند، ڕێژەی بێکاری لە نێو لاوانی ئێران گەیشتووەتە ۲۰ میلیۆن کەس کە لە نێوان تەمەنی ۱۵ تاکوو ۲۹ ساڵن، پیاوان ۲۱٪ و ژنانیش ٤۰٪ی ئەو ڕێژەیە پێک دهێنن.

 

بەپێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، "٤۲٪ی ئەو لاوە خوێندکارانەی کە زانکۆ تەواو دەکەن، بێکارن"، ئەم هۆکارەش وای کردووە کە زۆربەی لاوانی نەتەوەکانی ئێران ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن و ڕوو بکە هەندەران.

 

بەپێی ئەو ڕێژەیەی "ناوەندی ئاماری ڕێژیم" بڵاوی کردووەتەوە، پێنج پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، کرماشان، سیستان و بەلووچستان، خوزستان و لوڕستان، زۆرترین ڕێژەی بێکاریان لە ئاستی ئێراندا هەیە.

 

وڵاتی ئێران لە ڕیزبەندی وڵاتی جیهاندا، لە بوورای بێکارییەوە لە پلەی ۹هەمە و لە ئاست ساڵی ڕابردوو یەک پلەی دیکە ڕویشتووەتە سەر، ساڵی ڕابردوو لە پلەی ۱۰هەمدا بوو.

 

وادە و بەڵێنەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بەتایبەت بەربژێرانی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە لە کاتی شانۆوەکانی هەڵبژاردندا بۆ چارەسەر کردنی ڕیشەی بێکاری لە نێو لاواندا بێ ئاکام ماونەتەوە و خەڵک بەگشتی و لاوان بەتایبەتی لە سەرانسەری ئێراندا هیوایان بەو ڕێژیمە نەماوە.

 

سەرکی ترین هۆکاری پەرەسەندنی هەژار و بێکاری لە ئێراندا، بە فیڕۆدانی سەرمایەی هەرێمەکانی ئێرانە لە لایەن حکوومەت ویلایەتی فەقیهەوە بە مەبەستی گەیاندنی یارمەتی بە میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیم لە ناوچەکە وەکوو، حیزبوڵڵای لۆبنان، چەکدارە حوسییەکان، حەشدی شەعبی و مانەوەی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە.