photo 2018 12 22 19 37 05

 
سەرەتای وتارەکەم بە وتەیەکی دوکتۆر قاسملووی زانا دەست پێی دەکەم کە ئەفەرمێت: ”گەلێک ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدات، هیچ میللەتێک بە بێ زەحمەت و تێکۆشان، بە بێ بەخت کردنی گیانی ڕۆڵەکانی بە ئازادی نەگەیشتووە“. ئێمەی کورد گرانترین و گەورەترین نرخمان لە پێناو ئازادیدا داوە، بەڵام تا هەنووکە نەتەوەی کورد بەپێی قوربانیی بوونی لە ڕێگایەدا بەهرەی نەدیوە.
 
دوکتۆر قاسملوو رێبەرێک بوو هەڵگری کۆمەڵێک دروشمی شۆڕشگێڕانە کە بە پراکتیک و کردەوە جێبەجێی دەکردن و دەیکردنەوە وانە بۆ سەرمەشقی ژیانی شۆڕشێگڕانەی هەموو پێشمەرگەکانی گۆڕەپانی خەبات، یەک لەو دروشمەکان ئەوە بوو کە دەبێت مرۆڤی شۆڕشگێڕیی سیاسی هەم چەکی پڕ بێت و هەم مێشکی، واتە چەک و پێنووس دەبێت شان بە شانی یەکتر لە دەستی پێشمەرگەی کوردستاندا بۆ بەدەست هێنانی داوا ڕەواکانی گەلەکەی بەکار بهێنرێت.
 
خۆشی کە هەڵگری ئەو دروشمانە بوو چەک و پێنووسەکەی دەخستە گڕ لە پێناو دابین کردنی مافی نەتەوەکەی، چەک و پێنووسەکەی لە تاقچەی خانووە قوڕینەکەیدا دادەنا و هەرکەمەیان لە کاتی پێویستدا هەڵ دەگرت، ئەڵبەت هەندێ جار چەکەکەی بە دەستێکییەوە بوو و پێنووسەکەشی بە دەستەکەی تریەوە، هەردووکیانی هاوکات دەخستە کار بۆ داکۆکی لە نیشتمانە دابەشکراوەکەی، بەڵام کاتێک لە ۲ـی پووشپەڕی ساڵی ۲۷۶۸ـی کوردی (۱۳۶۸ـی هەتاوی) چەکەکەی لە تاقچەی خانووەکەیدا بەجێی هێشت و پێنووسەکەی لەگەڵ خۆی هەڵگرت، نەیارانی نەزان و کۆنەپەرەست لە بەرانبەری پێنووسەکەیدا چەکیان بەکار هێنا و خوێنی سووری پڕ لە ئاشتییان بە سەر مێزی وتووێژدا پژاند و گیانی شیرینی لە پێناو باوەڕەکانی خۆی کە ئاشتی و سوڵح بوو، بەخت کرد و بە دەستی مێشک بۆگەن و تاریک پەرستەکانەوە شەهید کرا.
 
لە ۲ی پووشپەڕی ساڵی ۲۷۶۸ـی کوردی (۱۳۶۸ی هەتاوی) بەرانبەر لەگەڵ ۱۳ـی جوولای ۱۹۸۹ـی زایینی، کە پێنووسەکەی بەکار هێنا و مێزی وتووێژی بۆ چارەسەی پرسی کورد هەڵبژارد و ویستی لە رێگای سوڵح و ئاشتی و وتووێژەوە و بە شێوەی دیپلۆماسیی درێژە  بۆ داواکاریی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەدەست بهێنێت، لە بەرانبەردا ڕێژیمی تیرۆریزمی ئیسلامیی ئێران چەند کەسێکی بەسەر پەرستی جەواد سەحراڕوودی بۆ دانیشتن لەگەڵ شاندەکەی دوکتۆر قاسملوودا هەنارد کە لە ڕاستیدا ئەو شاندەی ڕێژیمی ئیسلامی شاندێکی دیپلۆماتکار و سیاسی نەبوون، بەڵکوو تیمیکی تیرۆریستی بوون کە لە جلی دیپلۆماسیدا بە ئامانج و پلانێکی داڕێژراو هاتبوونە گۆڕەپانی وتووێژ تاکوو د. قاسملوو و شاندەکەی کە گەورەترین ڕێگر لە هەمبەر چالاکییە تیرۆریستییەکانی خۆیان بوو، تیرۆر بکەن. نەک بۆ دانیشن لە سەر کێشە و پرسی کورد لەگەڵ ڕێبەرانی کورد و هەوڵ دان بۆ چارەسەر کردنی کێشە سیاسییەکانی لە چوارچێوەی کوردستان و ئێراندا.
 
ئەگەر چاوێک بە مێژووی ڕەشی زەنجیرە حکوومەتەکانی ئێرانی داگیرکەردا بخشێنین لە سەرەتایی دەسەڵاتی دووهەزاروحەفت سەد ساڵەی پەهلەوییەوە تاکوو دەسەڵاتی چل ساڵەی ڕێژیم ئاخوندیی خومەینی و خامنەیی، هەمووکات هەوڵیان داوە تاکوو بە تیرۆر و شەهید کردنی رێبەرانی نەتەوەکەمان جووڵانەوەکانی کورد سەرکوت بکەن و شۆڕشەکانی کوردستان داپڵۆسێنن، بەداخەوە لە ڕابردوو تا ڕادەیەک لەو پلانە قیزەونانەیان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و بە کۆشتنی رێبەرانی کورد شۆڕشەکانیان کە شۆڕشی نەتەوەی کورد بوون کۆتایی پێی هێناوە، دەتوانین بۆ نموونە ئاماژە بە شۆڕشی سمکۆی ئاغای شکاک بکەین، کە بە شەهید کردنی ڕێبەرەکان توانیان ئەو شۆڕشانە کۆتایی پێی بهێنن.
 
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئەو سیاسەتە قڕێژ و پڕ لە ڕەشەکۆژییەی مێژووی زەنجیرە حکوومەتەکانی ئێرانی بەکار هێنا و ئەم جارەش رێبەرێکی دیکەی نەتەوەکەمانیان شەهید کرد، بەڵام ئەم جارەیان دیپلۆمات تیرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامی نەتەنیا نەیانتوانی لەو سیاسەتە ڕەش و بیرە کۆنەپەرستانە بەجوانی کەڵک وەرگرن و شۆڕش و خەباتی نەتەوەیەک کە بە بیر و هزری پێشەوا قازی مەحەممەد سەری هەڵ داوە و بە زانستی دوکتۆر قاسملوو سیرۆی گرتووە سەرکوت بکات و دایپڵۆسێنێت، بەڵکوو گڕوتینی تۆڵە و ڕەقی پیرۆزیان لە دڵی لاوانی کورددا کڵپە پێدا.
 
 دانەپڵۆساندنی شۆڕشی ئەمجارەی کورد بە شەهید بوونی ڕێبەری شۆڕشەکە، دەگەڕێتەوە سەر بیر و بیرۆکەی دوکتۆر قاسملووی مەزن کە ڕێبەرایەتی بەکۆمەڵی هێنایە ڕیزی شۆڕشی کوردەوە و تاکە بڕیاری بە تاکەپەرەستی زانی و بیرۆکەی تاکە پەرەستیشی قەدەغە کرد، بڕیاردان و کردەوەی بە کۆمەڵ و چەند بیری هاوئاهەنگ لە جێگای تاکە بیری بە یەکڕیزی و سەرکەوتنی دەزانی بۆیە لە ڕیزی خەباتی گەلی کورددا ئەو بیرۆکەیە جێگر کرد و بە زووترین کاتیش ئەو بیرۆکە پیرۆزە پەرەی ستاند.
نەیاران و داگیرکەرانی دڵ پڕ لە کینە، ڕەنگە توانیبێتیان بە جستە دوکتۆر قاسملووی مەزن تیرۆر بکەن
 
 
و بیبەنە ڕیزی شەهیدانی نەمرەوە و ببێتە سەرقافڵەی کاروانی شەهیدانی گەلەکەمان، بەڵام قەد نەیانتوانیوە بیر و هزری قاسملوویزم لە نێو گەلی کورددا تیرۆر بکەن و لە بیر و هەستی لاوانی گەلدا بیسڕنەوە و ڕێبازە پیرۆزەکەی داپڵۆسێنن، بۆیە دوکتۆر قاسملوو ڕێبەرێکی بە کردەوە شۆڕشگێڕ بوو کە هەردەم لە رێبازیدا زیندووە و بیرۆکەکەی لە نێو شۆڕشی کورددا بەتایبەتی لە سەر بەرەو پێشچوونی خەباتی نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەجوانی خۆی دەنێونێت و بووەتە هۆکاری ڕاگرتن و تەنانەت مۆدێڕنیتە بوونی خەباتی نەتەوەیی، ئەوە بیرۆکەکەی دوکتور قاسملوووە ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر لاوان (کوڕان و کچان)ـی نیشتمانەکەمانی بۆ خۆپێگەیاندن و بەرەو سەنگەرەکانی بەرگری لە کەرامەت و شۆناسی نەتەوەکەمان لە شار و شاخ ڕادەکێشێت.
 
بەڵام شتێک کە جێگای داخە ئەوە بوو کە وڵاتێک وەکوو وڵاتی نەمسا (ئۆتریش) کە لە نێو جەرگەی ئورووپادا و بە ناو له کانگای دێموکراسی و پاراستنی کەرامەت و مافی مرۆڤەدا هەڵکەوتووە، لە پێناو بەرژەوەندی خۆی و دۆستایەتی لەگەڵ ڕێژیمی تیرۆریستپەروەری ئیسلامیی ئێراندا، تیرۆر کردنی دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی سەرپۆش کرد و بە سانایی بکوژان و تیرۆریستەکانی ئەو تاوانە گەورەیە بەرەو تاران ئیسکۆرتی کردەوە.
 
دوکتۆر بێرنارد کۆشنێر، کەسایەتی فەرانسی و دۆست و هاوڕێی نزیکی کاک دوکتۆر قاسملوو، پاش شەهید بوونی دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی دەفەرمێت، ”ئەوان لە سوڵح و ئاشتی ترسان بۆیە پێغەمبەری ئاشتییان شەهید کرد."
 
بەڕاستی لە سوڵح و ئاشتی ترسان و نەیانویست هێلانەی پەروەردە کردنی گرووپە تیرۆریستییەکانی ژێر چەتری خۆیان کە لە سەرانسەر جیهاندا بوونیان هەیە، بشێوێت، چۆنکە وەکوو پێشتر ئاماژەی پێدراوە دوکتۆر قاسملوو گەورەترین بەربەست بوو لە بەروپێشچوونی چالاکییە ترۆریستانەکانی ئەوان.
 
باش دەیانزانی بیرۆکەی دوکتۆر قاسملوو ئاڵوگۆڕ بەسەر باردۆخی ئێران و بەتایبەتی کوردستاندا دەهێنێت و هێلانە و بنکەی پەروەردەیی تیرۆریستییەکان دەشێوێنێت و جێگایان نامێنێت، بۆیە پلانی شەهید کردنیان بۆ داڕشت و ویستیان ئەو بیرۆکەیە لە نێو ببەن، بەڵام با لەو دڵنیا ببنەوە تاکوو کوردێک بمێنێت هزر و بیری دوکتۆر قاسملوو هەر زیندووە و ڕۆژ لە دوایی ڕۆژ زێدەتر پەرە دەستێنێت.
 
لە کۆتاییدا جارێکی تر لەگەڵ ئامانج و ڕێبازی پیرۆز و پڕ لە سەروەری ڕێبەری مەزن، دوکتوری قاسملووی نەمر، پەیمانی وەفاداری نوێ دەکەینەوە کە تا سەرکەوتن دەست لە وەدی هاتنی ئاوات و داوا ڕەواکانمان هەڵناگرین.
 
مەرگ و نەمان بۆ تیرۆریستان لەجیهاندا بەسەرپەرستی ڕێژیمی تیرۆریست پەروەری ئیسلامیی ئێران.
 
 
کاروان مێراوی
 
ئەم بابەتە پەیوەندی بە ماڵپەڕەوە نییە، بیر و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی