photo 2018 11 30 17 10 58

 
پاش دەستپێکی ڕاسان و دەستپێکردنەوەی خەباتێکی هەمەڕەهەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر جار لە لایەن کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتەوە دەستپێکردنەوەی ئەو خەباتە بە بیانووی جۆراوجۆر دەخەنە بەر شەپۆلی ڕەخنەکانیان، هەرچەند ڕاسانیش دوور لە ڕەخنە نییە، بەڵام ڕەخنەکان دەبێت بە شێوەیەکی گونجاوە و لۆژیکیی بخرێنە بەرباس نەک نالۆژیکی و ناواقیعبینی، یەکێک لەو ڕەخنانە کە ئاراستەی ڕاسان و دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری وەکوو یەکێک لە ڕەهەندەکانی ئەو خەباتە دەکرێت، پێیان وایە پێگەی خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، لێرەدا کورتەیەک لە سەر ئەو ڕەخنەیە و خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات لە ژێر ناوی "ڕاسان"دا دەخەینە بەر باس.
 
لە نەورۆزی ساڵی ۲۷۱٥ی کوردی بەرانبەر ۱۳۹٥ی هەتاوی، لە سەر بڕیارێکی مێژوویی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە پێشتر لە ناوەندی ڕێبەراتیی ئەو حیزبە تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی بۆ کرابوو، سکرتێری گشتی ئەوکاتی ئەو حیزبە لەو ڕۆژە دیاریکراوەدا قوناغێکی نوێی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ژێر ناوی "ڕاسان" بە دروشمی گرێدانی خەباتی شار و شاخ ڕاگەیاند و لە پەیامەکەیاندا داوای لە هەموو لاوانی ڕۆژهەڵات کرد کە بەپیری ئەو خەباتە نوێیەوە بێن و پەیوەست بن بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، هەروەها داوای لە سەرجەم چین و توێژەکانی ڕۆژهەڵات کرد کە بە پێی توانا و پێگەی ئاستی خۆیان بەشداری لەو خەباتە نوێیەدا بکەن، ئەم دەستپێکە نوێیە بۆ هەموو ناوچەکە بەتایبەتی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تەلەنگۆرێک بوو یان باشترە بڵێین جێگای سەرسوڕمان بوو.
 
خەباتی نوێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان باشترە بڵێین ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە لایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە بەتایبەتی لاوانی خوێن گەرم و ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێ کرا و بە هاتنە ئارای راسان بارودۆخی سیاسی و شۆڕشی ڕۆژهەڵات پێی نایە قوناغێکی نوێیەوە و بەرەو پێشکەوتن هەنگاوی هەڵگرت.
 
ڕاسانی رۆژهەڵات، لە سەرەتای دەستپێکردنەیەوە هەندێک لایەنی سیاسی لەسەر ئەو قوناغە نوێی خەبات ڕەخنەیان ڕاستەوخۆ ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد کە بۆچی بێ هاوئاهەنگی لایەنەکانی تر ئەو بڕیارەی ڕاگەیاند، کە لە لایەن ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتەوە ڕەخنەکان بە هەستێکی بەرپرسیارانە و دێموکراتیکەوە وەریان گرت و پاشان حدکا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد کە خۆیان بە خاوەنی ئەو خەباتە نوێیەی ڕۆژهەڵات بزانن و هەر هێز و لایەنێکی سیاسی کە هەڵقوڵاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بەپێی ئاست و هێز و توانایی خۆیان بەشداری لە ڕاساندا بکەن و ڕاسان بە قوناغێکی نوێی لە خەباتی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بزانن.
 
کە باس لە ڕاسان دەکرێت و دروشمی گرێدانی خەباتی شار و شاخی هەڵگرتووە، هەر وەکوو لە دروشمەکەیدا دیارە و لە لایەن بەڕێز سکرتێری گشتی ئەودەمی حیزبی دێموکراتەوە شی کرایەوە، بە پێچەوانەی ئەو ڕوانگانەی کە ڕاسان تەنیا بە خەباتی چەکداری دەبینن، تەنیا لە خەباتی چەکداریدا قەتیس و بەرتەسک نەکراوەتەوە بەڵکوو هەموو ڕەهندێکی خەبات لە خۆی دەگرێتەوە، کە دەگوترێت گرێدانی شاخ و شار واتە خەباتێک خەباتی جەماوری و خەڵک لەگەڵ خەباتی چەکداری پێشمەرگەدا گرێ دەدات، جیا لەم دوو ڕەهەندەش، شێوازەکانی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕاگەیاندن و ... هتد تێدا گونجاوە.
 
هەر وەکوو پێشتر باسمان کرد، بڕێک لە کەسایەتی و لایەنی سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ناوی خەباتی چەکداریدا ڕەخنە لە ڕاسان دەگرن و پێیان وایە پێگەی خەباتی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە، لێرەدا دوو بابەت لەمبارەیەوە دێتە ئاراوە: 
یەکەم: ئەوەیە کە پێشتر وتمان ڕاسان هەموو ڕەهەندێکی خەبات بە خەباتی مەدەنیی جەماوەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەو خۆی دەگرێتەوە بە پاڵپشتی هێزەی پێشمەرگەی کوردستانەوە.
 
دووهەم: لێرەدا کە پێیان وایە خەباتی چەکداری پێگەی خەباتی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە، باس لە کام خەباتی مەدەنی دەکرێت و لە چواچێوەی کام وڵاتدا؟ نیشتمانی داگیرکراوی ئێمە لە ژێر چەپۆکی وڵاتێکی وەکوو سوویس، سوئید، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان نییە کە ناوەندی دێموکراسی جیهان بن و بتوانین بە خەباتی مەدەنی و پارلەمانی و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین داوای مافەکانی خۆمان بکەین، ئێمە لەگەڵ گەورەترین و دڕەندەرترین دیکتاتۆری جیهاندا ڕووبەڕووین کە لە ژێر ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بە حکوومەتێکی تێئۆکراسییەوە مافی چەندین نەتەوەی پێشێل کردووە و هەموو ڕۆژێک خەریکی قڕکردن، کوشتوکوشتاری بە کۆمەڵ، سێدارە و هەموو شێوازەکانی ئەو تاوانانەیە کە لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ ناتەبان.
 
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا لە چوارچێوەی حکوومەتێکی تێئۆکراسیی کە تەنانەت دە لە سەدی (۱۰٪) ئایینی پیرۆزی ئیسلامیشی قەبووڵە (
 
شیعەی حەسنولعەشەریی پەیڕەوەی ویلایەتی فەقیی، لەو ڕەوتە زیاتر ڕەوتەکانی ئایینی ئیسلامیشی قەبووڵ نییە) وەکوو ڕێژیمی فاشیستی ئێران، دەکرێت بە خەباتێکی مەدەنیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین یان خەباتی پارلمانی داوای سەرەتاییترین مافەکانمان بکەین؟ نەک تەنیا نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی تری ئەو چوارچێوە جوگرافیا دەستکردە (ئێرانی ئێستا)، بەڵکوو هەموو کۆمەڵگای نێونەتەوەییش دەزانن کە بەو شێوازە خەباتە کە ئەو لایەنانە بە خەباتێکی گونجاوی دەزانن بۆ دابین کردنی مافە پێشێل کراوە نەتەوەییەکانمان، بەبێ پاڵپشتی خەباتی چەکداری سەرناکەوێت.
 
 
سەرەڕای ئەوەی کە ڕاسان دەبێت تێئۆریزە بکرێت و هەموو ڕەهەندەکانی ئەو خەباتە شیکاری و شرڤە بکرێت، بەڵام فەلسەفەی ڕاسان لە گرێدانی خەباتی شار و شاخدا کورتکراوەتەوە، وەکوو پێشتر ئاماژەم پێداوە خەباتی شاخ واتە خەباتی پێشمەرگانە و خەباتی شاریش واتە خەباتی جەماوەریی مەدەنی، کە ئەم دوو شێوازە خەباتە لە یەکتر گرێ دەدات و بەهێزتریانی دەکات و دەبێتە خەباتێکی یەکڕەنگ و هەمەلایەنە.
 
 
واتە لێرەدا بە تەنیا خەباتی مەدەنی لە ئێراندا و لە چوارچێوەی حکوومەتی دیکتاتۆریی جەماراندا جێگای نابێتەوە، هەرچەند لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا سەپێندراوە و جێگربووە بەڵام کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە تەنانەت پەیڕەویی یاسا بنەڕەتییەکانی خۆشیان ناکەن و بەپێچەوانەی ئەو یاسایانە دەجووڵێنەوە، تەنانەت مافی زمانی دایکی کە لە یاسای بنەڕەتیدا جێگربووە و بە مافی هەر تاکێکی دانیشتووی ئێرانی دەزانن و دەبێت منداڵانی هەموو گەلانی ئەو جوگرافیایە لە پاڵ زمانی فارسی بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و بنووسن لە خوێندنگەکان، ڕێگەپێدراوە نییە و ئەو زمانانەش بە شێوەزارێک لە زمانی فارسی ناو دەبن. کەواتە چ چاوەڕوانییەکمان بێت بە شێوەی خەباتی مەدەنی مافە سیاسییە نەتەوەییەکانمان بەدەست بهێنین.
 
 
ئەگەر ئاوڕێک تەنیا لە یەک دوو مانگی ڕابردوو بدەینەوە دەبینین کە مامۆستایانی قوتابخانەکان، شۆفێرانی تاکسی و ترۆمۆبیلە بارهەڵگرەکانی ئێران بە هۆکاری ئەوەی کە لە چەندین خۆپیشانداندا داوای مافە سەرەتاییە سیفنییەکانی خۆیان کردووە، دەستبەسەر و ڕەونەی بەندیخانەکان دەکرێن و ڕۆژبەڕۆژ بەردەوامتر دەبێت، جیا لە پرسی کۆڵبەران کە بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی ڕۆژانە، جیا لە پرسی گیراوانی سیاسی لە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیم، جیا لە پرسی مافی ژنان کە باس کردنیان بە هەموو شێوەیەک بڤەیە، جیا لە پرسی کرێکاران و خوێندکاران و تەنانەت مافێکی سەرەتایی لاوانی خوێندەوار بە بڕوانەمە باڵاکانیانەوە و...هتد، خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی وەها حکوومەت و دەسەڵاتێکە.
 
 
ئەو پرسیارە بۆ خوێنەرانی بەڕێز بەجێ دەهێڵم، ئایا لە چوارچێوەی حکوومەتێکی فاشیست و فارسیزمی بەرچاوتەنگی وەکوو ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو تەوەرانەی کە ئاماژەمیان پێی کراوە، دەکرێت بە تەنیا لە شێوازی خەباتی جەماوەریی مەدەنی مافە ڕەوا پێشێل کراوەکانی نەتەوە بندەستەکەمان بەدەست بهێنین؟
 
لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرین بۆ سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و شەهیدانی دەستپێکی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ناوی ڕاسان و کڕنۆشی ڕێز و نەوازشیان بۆ دەبەم.
 
 
 
نووسین: کاروان مێراوی 
 
ئەم بابەتە هیچ پەیوەندیێکی بە ماڵپەڕەوە نییە و بیروڕای نووسەر خۆیەتیی