Philosophy cloud

 
فەلسەفە واتە وردبوونەوە و لێکۆڵینەوە لەو شتانەی کە هەن و سەرەتایەکیان هەیە و مێژوو و دەستپێکیان ناڕوون و نادیارە و بە دوای لانی کەمی زانیاری سەبارەت بە لە دایک بوونیان دەگەرین. بێ گومان هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە فەلسەفە چوارچێوەیەکی زانستی بە خۆیەوە دەگرێ و بە سەر چەند لقی وەکوو: فەلسەفەی زمان، فەلسەفەی ئایینی، فەلسەفەی ژیان و....هتد، دابەش دەبێ.
ویلیام جەیمز دەڵێت: فەلسەفە شتێک نییە جگە لە گەیشتن بە بنەچە و بنەوانی راستی شتەکان و نوقمبوون لە مانا قولەکانیان و لە درێژەی شتە واقعیەکان، پەیدا کردنی ناوەرۆکی خودی یان بە گوتەی"ئەسپینیوزا" خودی کرۆکیانە، بەم رێگەیە زۆربەی شتە راستیەکان لەگەڵ یەکتردا یەکدەگرن و بە گشتی سەرو گشتەکان دەگەن. راستی فەلسەفە دۆزینەوەی چییەتی هەبوو و بەرەو بوونییەتی و ئەم راستییە لەم رووەوە کە مێژووییە لە هەر قۆناغێک دا بە شێوەیەک دەست پێ دەکات.
 
مێژووی فەلسەفە دەربڕینی تێڕوانینی فەلسەفی، سیستەمی نوسراوە فەلسەفییەکان کە وردبوونەوە لە ژیانی فەیلەسوفان و گەران و پەراوێزی پێوەندییەکانی دوو لایەنەی نوسراوەکان سیستمەکانی فەلسەفی و هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتنی رێچکەی پێشکەوت و پاشکەوتی ئەو لە جێگەی مێژوویە کە بە هاوکاری چۆنییەتی بەرفراوانبوونی ئەزموونی هزری، بۆ بە دوا دا چونی فەلسەفە ئامادە دەکات.
 
مێژووی فەلسەفە، لە یەکگرتنی دوو سەرەداوی جیاوازی فەلسەفە و مێژوو پێک هاتووە کە هەر کامیان بۆ ئەوەی دیکە سنوورێک دادەنێ. مێژووی فەلسەفە، لێکۆلینەوەیەکە لە مێژووی هزرەکان و بۆ گەیشتن بەو ئاکامە پێویست دەکات کە بۆچونی تایبەت بە دەورانێکی تایبەت کە زانیاری تەواوی لەو بابەتەدا هەبێ کە فەیلەسوفەکان بە چ شێوەیەک وڵامی پرسیارەکانییان دەدایەوە، بۆ گەیشتن بە بابەتەکان و تیئورییەکان چ چوارچێوەیەکیان هەبووە؟ یان خاڵی لاواز و خاڵی بە هێزییان چی بوون؟
دەتوانین لە روویەکەوە دوومانا بۆ فەلسەفە لە بەرچاو بگرین، لە مانای یەکمدا مەبەست لە فەلسەفە بریتییە لە تێڕامان و لێکۆلینەوەی عەقلانی و پێشین لە بارەی بابەتی تایبەتەوە. بابەتگەلی وەک خودا، ناسینی بوون، ئەخلاق، مرۆڤ، بیر کۆمەڵگا و .....هتد.ئەم مانایە لە فەلسەفە بە ناونیشانی زانستێک بە بابەتێکی تایبەت کە سەرووتر لەوە ناڕوات.
بۆ ئەوەی مرۆڤ وڵامی هەموو پرسیارەکان بداتەوە، بۆ ئەوەی لە دنیای ترس، خۆف وەهم و خەیال رزگاری بێت، بۆ ئەوەی بە سەر سروشت دا زاڵ بێت، بۆ ئەوەی سامانێکی سیاسی کۆمەڵایەتی تەبا و سازگار بخۆلقێنێ و وزە و توانای ماددی و مەعنەوی خۆی بپشکوێنێ، چرای عەقلی هەڵکردووە و زانست و فەلسەفەی داهێناوە و زۆر گەشەی پێداون. ئەگەر چی بەهۆی گەشەی زانستی سروشتی(فیزیک، ماتماتیک، کیمیا، بایولۆجی و ......) توانیویە سروشت ڕام بکات و دەسەڵاتی تەواوی خۆی بسەپێنێت، بەڵام هێشتا بە زانست مرۆڤی(فەلسەفە،کۆمەڵناسی،دەروونناسی و .....) نەیتوانیووە سیستمێکی سیاسی کۆمەڵایەتی ڕێک و پێک بخۆلقێنێ کە پێویستیەکانی کۆمەڵی مرۆڤ دابین بکات.
 
ئەگەر ئەم چەمکانە لە مەڕ دۆخی ئێستای گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی بندەست بە کار بێنن، دەبینین لە زۆر شوێنی کوردستان، کورد توانیووە ئاستی وشیاری درۆینە تێپەرێنێ و بەرەو وشیاری شیاو هەنگاو باوێژێت، بەتایبەتی لە شارەگەورەکان. هەڵبەت دەبێ بزانین کە گەشە کردنی وشیاری نەتەوەیەک لەگەڵ پڕۆسەی دێموکراسی و مۆدێڕنیزاسیۆن و بە تایبەتی لەگەڵ پێکهاتنی چینی ناوەڕاست و پەرەسەندنی سەنعەتی چاپ و بڵاوکردنەوە، بەزمانی خۆماڵی و دروست بوونی هاوبەشی پێوەندی قولی هەیە. بەوتەی"ئیندێکت ئەندرسۆن"کاتێک چین و توێژەکانی وڵاتێک، هەواڵێک بانگەوازێک یان لێکدانەوەیەک بە زمانێکی تاقانە لە ڕۆژنامە یان لە میدیایەک دا دەبیسن یان دەبینن، ئەم کارە بنەمای پێکهاتنی ئینتما و ئامانجێکی گشتی نەتەوایەتی دڕەخسێنێ. 
 
لەم نێوەدا گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی بندەست و چەوساوە، زیاتر لە هەموو گەلانی دنیا پێویستی بە تیئوری و ئەندیشە و چەمک و مێتودەکانی فەلسەفە و نەریتی دەوڵەمەندی بزاڤی ڕۆشەنگەری هەیە. بێ گۆمان ئەرکی تاکی کوردە لە بواری ئەندیشەدا بە رۆشەنگەری بگات، ئەو جار ئاستی وشیاری نەتەوایەتی گەلی کورد بە لووتکەی خۆی دەگات، نەتەوەیەکیش کە خاوەنی وشیاری شیاو بێت ،وزە و تواناکانی خۆی دەناسێت و وەک قەڵایەکی تۆکمە و لەشکان نەهاتوو لە ئاست بەربەستەکانی دەرەکی و نێوخۆیدا سەردەکەوێ و بە مافەکانی خۆی دەگات.
 
 
ئامادەکار: ئەفشار گێچەیی
 
 
ئەم بابەتە هیچ پێوەندی بەم ماڵپەڕەوە نییە و تەنها بیروڕای نووسەر خۆیەتی