rasani demukrat 95قوڵایی ستراتیژی "لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە" 

پوختە
لە بەهاری 2016 وە بزاڤێكی پێشمەرگانە لە خۆرهەڵاتی كوردستان دەستیپێكردووە كە تاڕادەیەك كاریگەری لەسەر هاوكێشەی ستراتیژی كردووە. ئەم بزووتنەوەیە تاڕادەیەكی زۆر لەژێر كاریگەری دینامیكیەتی ناوخۆیی و دینامیكیەتی كوردستانی سەریهەڵداوە كە بە دۆمینۆی كوردیش دەناسرێت. لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە سەر بە قوتابخانەی چوارچرایە. بەرهەڵستیی پێشمەرگانە، سێ تەگەرە رووبەڕووی هێزە ناوخۆییەكان، هێزە كوردستانییەكان و ئێران دەكاتەوە. ئەگەر ئەم جووڵانەوەیە بەردەوامبێ، ئەوە كار لە هاوكێشەی جیۆسیاسی ناوچەكە دەكات. 

پێشەكی

ئەوەی لە خۆرهەڵاتی كوردستان روودەدا، سەرەتای قۆناغێكی نوێ لە كێشمەكێشی جیۆسیاسی كورد و ئێرانە. ئێرانییەكان دەستبەجێ قووڵایی‌و رەهەندەكانی ئەم هەڕەشەیەیان خوێندۆتەوە. بۆیە لەكاتی دەستپێكردنەوەی وەرزێكی نوێ لە بەرهەڵستیی پێشمەرگانە، لەئاستی هەرەبەرزەوە دەنگی هەڕەشە و هێرش بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەرزبۆوە. تاران بەوەشەوە نەوەستاوە، لەگەڵ بۆمبارانەكانی، چەند شاندێكی نهێنی و ئاشكرای رەوانەی هەولێر كردووە. 

خۆرهەڵاتی كوردستان لەدوای پرۆسەیەكی درێژی پاش – شكست و پاشەكشێ، بەرە – بەرە بەرەو هەڵسانەوە دەكشێت. هێشتا دیارنییە قەبارە، بارستایی و رەهەندەكانی ئەم بزووتنەوە پێشمەرگانەیە چەندە و بەرەو كوێ دەڕوا، بەڵام ئەوەی ئێستا رۆشنە بریتییە لەوەی كە تاران ئەم بزووتنەوەیەی بەهەند وەرگرتووە. هەروەها بەهەموو توانایەوە لە هەوڵی ئەوەدایە كۆتایی بەم جووڵەیە بهێنێت. 

ئەگەر ئەم بزووتنەوە پێشمەرگانەیە سەربگرێ، ئەوە گەلێك كارتی محەلی، ناوچەیی‌و سەرووناوچەیی تێكدەئاڵێنێت. لە هەمووشی گرنگتر ئەم بزووتنەوەیە بۆ هەرێمی كوردستان گەلێك دەسكەوت‌و گەلێك زیانیشی دەبێت. واتە هەم هەل دەڕەخسێنێ هەم هەڕەشە. بەبۆچوونی پسپۆڕان سەركەوتن و بەردەوامیی ئەم بزووتنەوەیە لە خۆرهەڵاتی كوردستان، لەرووی ستراتیژییەوە كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت.

هەروەها بەپێی بۆچوونی پسپۆڕانی ستراتیژی، سەركەوتن و بەردەوامیی ئەم بزووتنەوەیە گەلێك كاریگەری لەسەر هاوكێشەی ستراتیژی لە خۆرهەڵاتی ناوو دەبێت. ئەمەیش كارتێكی كوردی تازە دەخاتەسەر كارتەكانی كوردی لە ئێراق، توركیاو سوریا. لەوە واوەتریش سەركەوتن و بەردەوامیی بزوووتنەوەی پێشمەرگانە لە خۆرهەڵاتی كوردستان، لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئێرانیش كاریگەری بەجێدەهێڵێـت: كوردستان مەڵبەندی قەیرانی نەتەوەیی ئێرانە. هەروەها كوردستان مۆدێلی ئامادەی دۆزی نەتەوەكانی تری ئێرانە.

لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا ئەمە جووڵەیەكی كاتییە یاخود بزووتنەوەیەكی پێشمەرگانە و بەرایی وەرزێكی نوێ لە دۆسێی كوردیی لە ئێرانە؟ هەروەها پرسیاری دووەمیش ئەوەیە ئایا ئەم بزووتنەوەیە چی بە هەرێمی كوردستان دەبەخشێ‌و هەلەكان‌و هەڕەشەكانی چیین؟ 

دینامیكیەتی كوردی: سەرەتای قەیرانی نەتەوەیی 

گەلێك كەس و لایەن پرسیار دەكەن گەلۆ ئەم بزووتنەوە پێشمەرگانەیەی لە خۆرهەڵاتی كوردستان سەریهەڵداوە، پشت بە چی هۆكار و دینامیكیەتێك دەبەستێـت؟ هەندێك لەوەڵامدا دەڵێن فاكتەری دەرەكی پاڵنەری ئەم بزووتنەوەیەیە. لەبەرانبەردا كەسانی دیكەش دەڵێن: فاكتەری ناوخۆیی پاڵنەری سەرەكی ئەم بزووتنەوەیەیە. هەندێكیش پێیانوایە ئەم بزووتنەوەیە بەپێی لێكدانی هەردوو فاكتەری ناوخۆیی‌و دەرەكی سەریهەڵداوە. گەلێكیش دەڵێن دیاردەیەكی كاتییە‌و بەردەوام نابێت!

بەڵام ئەگەر لەدیدێكی زانستییەوە بۆی بڕوانین ئەوە دەشێ بەپلەی یەكەم فاكتەر و دینامیكیەتی ناوەكی پاڵنەری سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوە پێشمەرگانەیە بێت. ئەمەیش خۆی دوو رەهەندی هەیە: یەكیان رەهەندی خۆرهەڵاتی كوردستانە كە بەگوێرەی دینامیكیەتەكانی خۆی لە گڕوگاڵی زان و لەدایكبوونێكی تازە دایە. دووەمیشیان رەهەندی كوردستانییە كە بەپێی تێزی دۆمینۆی كوردی پرسی كورد لە باشووری كوردستان سەریهەڵداوە، لەباكوو گەشەیكردووە و لە خۆرئاوایش بۆتە دەزگا‌و دەسەڵات. بۆیە لە خۆرهەڵاتیش  خەریكە چەكەرەدەكات.

گەلێك سیناریۆ بۆ خۆرهەڵاتی كوردستان پێشبینی كراون. گەلێك نموونە هێنراونەوە. بەتایبەت لەدوای ئەزموونی خۆرئاوای كوردستان باس لەوە كراوە كەوا مۆدێلی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتیش دووبارەدەبێتەوە. بەو مانایەی هێزێكی وەكالەتی بە وەسایەتی هێزی پارچەیەكی دیكە، لە رۆژهەڵات بڕیاری ستراتیژی دروسبكات. وەكوو چۆن لە رۆژئاوا هێزێكی باكووری رشتەی بریارەكانی بەدەستەوە گرتووە، لە خۆرهەڵاتیش مۆدێلێكی وا پێشدەكەوێت. باشوور و باكووریش بەربژاری ئەم مۆدێلسازییە بوون. 

بەڵام ئەوەی روودەدا میسداقیەتی ئەو پەندە كوردییە دەردەخا كەوا "گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە". رووداوەكانی بەهاری 2016 لە خۆرهەڵاتی كوردستان، ئەو راستییە دەردەخەن كە ئەو هێزانە بەختی سەركەوتنیان زیاترە كە رەسەنترن، ریشەی قووڵتریان هەیە، مێژوویەكی بەرهەڵستی پێشمەرگانەیان هەیەو بە خاوەنی راستەقینەی دۆزە ستراتیژییەكە لەقەڵەمدەدرێن.  بۆیە لەدیدی هەندێك پسپۆڕی ستراتیژیدا ئەوەی روودەدا دەشێ بە بەرایی قەیرانی نەتەوەیی كوردی لە ئێران بزانرێت! 



رەهەندی ئایدیۆلۆژی: قوتابخانە كوردستانییەكان mamend roje

لە كوردستان ئەمڕۆ دوو قوتابخانەی فیكری – سیاسی بەریەك دەكەون. ئەم بەریەك كەوتنە لەرووی بەهاكان، سیمبۆلەكان‌و مۆدێلی خەباتی سیاسی و سەربازییەوە هەموو كون و قوژبنەكانی كوردستانی گرتۆتەوە. ئەم دوو قوتابخانەیە یەكیان قوتابخانەی چوارچرایە كە لە مەهاباد و لە كۆماری كوردستانەوە بە چوارلای كوردستاندا تەشەننەی كردووە كە دەتوانرێ بە مۆدێلی پەدەكەش ناوزەدبكرێت. دووەمیشیان قوتابخانەی "فیس"ە كە لە كۆتایی هەفتاكانی سەدەی پێشووەوە بە تەوژمی چەپی نوێ لە باكووری كوردستانەوە بەرەو رۆژئاوا، باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستانیش كشاوە و ئەمڕۆ لە رۆژئاوا خەریكە دەبێتە مۆدێلێكی حوكمڕەوایی كوردی كە دەتوانرێ بە مۆدێلی پەكەكەش وەسفبكرێت. 


خۆرهەڵاتی كوردستان سەنگی مەححەك لەنێوان بەریەك كەوتنی ئەم دوو مۆدێلە سیاسیەیە. هەندێك پێیانوابووە ئەوەی لە رۆژئاوا سەریگرتووە سەركەوتنی مۆدێلی "شەرڤان" یاخود مۆدێلی قوتابخانەی "فیس"ە كە سەرەنجام لە رۆژهەڵاتیش رەنگدەداتەوە و دەبێتە مۆدێلی یەكلاكەرەوە. پێدەچێ رووداوەكانی بەهاری 2016 ئەوە دەربخا كە شانسی قوتابخانەی چوارچرا لە خۆرهەڵاتی كوردستان لەپێشتر بێت! یەك لە هۆكارەكانیشی ئەوەیە كە خۆرهەڵات خۆی ماكی قوتابخانەی چوارچرایە. 

ئەگەر بێتوو مۆدێلی قوتابخانەی چوارچرا لە خۆرهەڵاتی كوردستان سەربگرێ، ئەوە كاریگەری یەكلاكەرەوەی لەسەر ئایندەی سیاسی قوتابخانە فیكری – سیاسییەكانی كوردستان بەجێدەهێڵێت. بەمشێوەیە دەشێ ئەم هاوكێشەیە بێتەكایەوە: لە باكوور و رۆژئاوا قوتابخانەی فیس كاریگەری یەكلاكەرەوەی هەیە و لە باشوور و رۆژهەڵاتیش قوتابخانەی چوارچرا رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕێت. واتە رۆژئاوا دەبێتە قووڵایی بۆ قوتابخانەی فیس لە باكوور و خۆرهەڵاتیش دەبێـتە قووڵایی بۆ قوتابخانەی چوارچرا لە باشوور. 

بەرهەڵستیی پێشمەرگانە: سێ تەگەرەی سیاسی 

ئەو بەرهەڵستییە پێشمەرگانەیەی كە لە بەهاری 2016 وە بە كۆدی "راسان" دەسیپێكردووە، لە ناوەرۆكی خۆیدا سێ كاركردی جێبەجێكردووە. هەروەها لەرێی ئەم سێ كاركردەوە تەگەرەی (تەحەدا) خستۆتە بەردەم سێ لایەن. ئەم سێ رەهەندەش ناوخۆیی، كوردستانی و ئێرانین. لەبەر ئەوە بەرهەڵستیی پێشمەرگانەی بەهاری 2016 كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەم سێ رەهەندە بەجێهێشتووە و لەئەنجامدا سێ ئەرك یاخود كاركردی كامڵكردووە: 

یەكەم، تەگەرە لەبەردەم نەیاری ستراتیژی:

ئێران چی لە سەردەمی شا و چی لە سەردەمی كۆماری ئیسلامی، رۆڵێكی گرنگی لەسەر ئاراستەكردنی جیۆپۆلیتیكی زیهنی ناوچەكە هەبووە. بەتایبەت لەمەڕ دۆسێی كورد هەمیشە ئەو تێزەی دەرخستووە كە دۆزی ستراتیژی كورد تەنها لە ئێراق، توركیا و تەنانەت لە سوریا هەیە و كورد لە ئێران خاوەن دۆزی ستراتیژی نییە. كەوابوو كاتێك دۆزی ستراتیژی نەبێ ئەوە نەیاری ستراتیژیشی نییە!  لەبەر ئەمە هەمیشە خۆی وەكوو دۆستی یەكەمی كوردەكان لەقەڵەمداوە. بەڵام تەنگژەی سەربازی كە لە بەهاری 2016 وە بەرۆكی ئێرانی گرتووە، تارادەیەكی زۆر ئەم پرۆژەیە تێكدەدا‌و ئەو راستییە یەكلادەكاتەوە كەوا: كورد لە ئێران خاوەن دۆزی ستراتیژییە‌و نەیاری ستراتیژیشی هەیە. بەمجۆرە یەكەم كاركردی بەرهەڵستیی پێشمەرگانەی بەهاری 2016 ئەوەیە كە لەبەردەم تاران تەگەرەیەكی ئاسایشی و سیاسی گەورەی دروستكردووە!

دووەم، تەگەرە لەبەردەم سیاسەتی وەسایەت:

لە كوردستان قوتابخانەیەكی سیاسی لە گشت كوردستان خۆی وەكوو جێگرەوەی گشت هێزە سیاسییەكان وەسفدەكات. بۆیە لەرێی هێزی وەكالەتییەوە سیاسەتی وەسایەت پیادەدەكاو سەركەوتووش بووە. ئەم هێزە لە باكوور، باشوور و رۆژئاوا تارادەیەكی زۆر ئەم سیاسەتەی سەرخستووە. لە رۆژهەڵاتیش كاری بۆ كردووە‌و بەدیلە سیاسیەكەی تا ئاستێكی زۆر پێشكەوتووە.

ئەمە ئەوەندە رۆیشتووە كە گەلێك هێز پێیانوابووە ئەو لایەنە نوێنەرێتی دۆزی ستراتیژی كوردی لە خۆرهەڵاتیش دەكات. بەڵام یەكێك لە كاركردەكانی بەرهەڵستیی پێشمەرگانەی بەهاری 2016 ئەوە بووە كە نیشانەی پرسیاری لەبەردەم سیاسەتی وەسایەت داناوە و تەگەرەی بۆ ناوەتەوە. 

سێیەم، تەگەرە لەبەردەم وەهمی دانوستانخوازی: 

تاران لە سیاسەتی پەرتكە و زاڵبەدا دەستێكی باڵای هەیە. هەروەها هەمیشە توانیویەتی نەیارەكانی لە بازنەكانی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیدا قەتیسكاو قەبارەی هەڕەشەكانیان بڕەونێتێـتەوە. لەوە واوەتریش گروپە پارچەبووەكانی بە باڵی هەڵۆ و باڵی كۆتر بەشكردووە. بۆیە هەمیشە بە دوو شێوەی بەربەپەرچدانەوە و لەخۆگرتن رووبەروویان بۆتەوە. لێرە ئەگەر باڵێك سەرهەڵبدا كە جەخت لە سیاسەتی نەرووخاندنی رژێم بكاتەوە، كاتێك گوندێكیشی پێ رزگارنەكرێ، وەهمی دانوستانخوازی باڵ بەسەر ستراتیژییە قەبەكانیدا دەكێشێت. یەك لە كاركردەكانی بەرهەڵستیی پێشمەرگانەی بەهاری 2016، ئەوە بووە كە وەهمی  سیاسەتی دانوستانخوازی رووبەرووی تەگەرە كردۆتەوە. 

هەرێمی كوردستان: قۆستنەوەی كارتی كوردی

هەرێمی كوردستان بەحوكمی پێگە جوگرافییەكەی، ناوەندی چوار پارچەی كوردستانە. بەتایبەت كەرتی سەرووی هەرێمی كوردستان باكوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا پێكەوە دەبەستێت. شارێگەكانی كوردستان بەسەر كەرتی سەرووی هەرێمی كوردستاندا بەیەك دەگەن. هەولێر ئەگەر بیەوێ لە ناوچەكە رۆڵ و كاركردی هێزێكی ژێرناوچەیی یاخود نیوەناوچەیی بگێڕێ، ئەوە پێویستە كارتی كوردی لە توركیا، ئێران و سوریای بەدەستەوە بێت. لەرێی ئەم كارتانەوە رێساكانی یاری بۆ هەولێر وەكوو یاریكەرێكی ناوچەیی لەباردەبێت. 

هەرێمی كوردستان چەندسەد كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ خۆرهەڵاتی كوردستان هەیە. خۆرهەڵاتی كوردستان هەمیشە وەكوو پارچەی دایك كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان هەبووە‌و پێشی كاریگەر بووە. بۆ نموونە كاتێك كۆمەڵەی هیوا لە باشوور دامەزراوە، دوابەدوای ئەوە لە خۆرهەڵاتیش كۆمەڵەی ژێكاف دامەزراوە. یاخود كاتێك حیزبی دیموكراتی كوردستان لە خۆرهەڵات دامەزراوە، لە باشوریش پارتی دیموكراتی كوردستان بۆتە تەواوكەری پرۆژەكەی. ئەمە لەنێوان كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانیشدا بەراورددەكرێـت. 

خۆرهەڵاتی كوردستان لە چەند روویەكەوە بە قووڵایی ستراتیژی هەرێمی كوردستان ئەژماردەكرێت: 
1. قووڵایی ستراتیژی هەرێمی كوردستانەو بزووتنەوەی كورد لە پاشەكشێ گەورەكاندا بۆ ئەوێ كشاوەتەوە.
2. هەرێمی كوردستان  750 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ خۆرهەڵاتی كوردستان هەیە.
3. خۆرهەڵات لەرووی جیۆكولتوورەوە بە سامانی فەرهەنگی هەرێمی كوردستان ئەژماردەكرێت.
4. هەرێمی كوردستان سەررێژی نفوسی خۆرهەڵات هەڵدەمژێ و سەرچاوەیەكی سەرەكی سامانی مرۆییەتی.

هەرێمی كوردستان لە سەرەتای نەوەتەكانی سەدەی پێشوو، لەرووی جیۆسیاسییەوە كارتی كوردی خۆرهەڵاتی قۆستەوە. بۆ نمونە بۆ چەسپاندنی فیدراڵیەت، لەكاتێكدا ئێران تارادەیەك نەیاری بوو، توانی بە كارتی بززوتنەوەی پێشمەرگانەی خۆرهەڵات، پایەكانی ئاسایشی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان سەقامگیر بكات. بە قۆستنەوەی ئەم كارتە، ئێران لەبەرانبەر بێدەنگ كردنی جووڵانەوەی پێشمەرگانە، چەند هەنگاوێك تا ئاستی قبوڵكردنی دیفاكتۆكەی هاتەپێشەوە.

هەرێمی كوردستان دەتوانێ سەرمایەگوزاری لەسەر بزووتنەوەی پێشمەرگانەی خۆرهەڵاتی كوردستان بكات. ئەمە پێگەی جیۆسیاسی هەولێر زۆر تۆكمە دەكا‌و لە هاوكێشەی ناوچەییش برەو بە قەڵەمڕەوی هێز و ناوچەكانی نفوزی سیاسی دەبەخشێت. بۆیە هەولێر ئەگەر بتوانێ لە یارییە ناوچەییەكاندا كەڵك لە بزاڤی پێشمەرگانەی خۆرهەڵات وەربگرێ، لە پرۆسەی سەروەری سیاسی و  سەربەخۆییدا دەتوانێ لەئاست تاران بیقۆزێتەوە. 

هەڵبەت قۆستنەوەی ئەم كارتە زیانیشی بەدواوەیە. بۆ نموونە تاران دەتوانێ لە چەند رێگەیەكەوە هەولێر بپەستێوێت: سەرمایەگوزاری لەسەر ناوچەی سلێمانی بكا و بەكردەوە هەرێمی كوردستان پارچەبكات، لەرێی حەشدی شەعبییەوە جەنگێكی ناخواستە رووبەرووی هەرێمی كوردستان بكاتەوە، ناوچە سنوورییەكان تۆپباران بكات، گەمارۆی ئابووری بخاتە سەر هەرێم و لە ئەگەری لاوازیشدا لەرێی ئاسمانی و زەمینییەوە هێرش بكاتەسەر هەرێمی كوردستان. 

ئەنجام
هەرێمی كوردستان ناوەندی جیۆپۆلیتیكی كوردستانە. هەر سێ پارچەكەی دیتر پێكەوەدەبەستێت. هەروەها لەماوەی شەست ساڵی رابردووشدا چواررییانەی هێزە كوردستانییە بەرهەڵستەكانیش بووە. ئەمڕۆ بەحوكمی پێگە جیۆسیاسییەكەی، بەحوكمی رۆڵە مێژووییەكەی، بەحوكمی هەڵكەوتە ستراتیژییەكەی، كاریگەری لەسەر گشت پارچەكانی كوردستان هەیە. هەروەها ئەمڕۆ هیچ گۆڕانكارییەك بێ باشوور سەرناگرێ، لە رۆژئاوا هیچ پێشكەوتنێك بێ رەچاوكردنی پێگەی باشوور بەدینایەت، لە رۆژهەڵاتیش هیچ قەڵەمبازێك بێ باشوور ئاكامی پێویست بەدەستەوەنادات. 

هەولێر لەمەڕ دۆسێی كوردی خۆرهەڵات پێویستە خوێندنەوەی زیاتر بكات. پێویستە لەتوێی بەرژەوەندییە جیۆسیاسییەكانیدا سەیری پێگەی بەرهەڵستی پێشمەرگانە بكات. پێویستە سێ رەهەندی ئەم بزووتنەوەیە بقۆزێتەوە: یەكەم، پێگەی هەرێمی كوردستانی پێ تۆكمەبكات، دووەم، پشتیوانی لە خواستی هاوڵاتیانی كوردی خۆرهەڵات بكا، سێیەم، ئەم كارتە لە گەمەكانی لەگەڵ ئێران بەكاربهێنێـت. 

هەرێمی كوردستان دەتوانێ لەپێناو ئەم ئامانجە ستراتیژیانەدا پێگەی بزووتنەوەی پێشمەرگانە لە خۆرهەڵات بقۆزێتەوە: 
 بە دروستكردنی كەناری ئاسایشی لە خۆرهەڵاتی كوردستان، پێگەی جیۆسیاسی هەرێم تۆكمەدەبێت.
 دەتوانێ بەكردەوە قووڵایی ستراتیژی خۆی لەپێناو ئامانجە سیاسی و سەربازییەكانی بقۆزێتەوە
 كارتی كوردی خۆرهەڵات لە گەمەكانی لەگەڵ تاران، پێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهێزدەكات.
 لە پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، كارتی كوردی خۆرهەڵات كۆی گەمەكە لەگەڵ تاران بەلادادەخات.

ئەمڕۆ كاتی ئەوە هاتووە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەكردەوە قووڵایی ستراتیژی و كوردستانی خۆی لە گەمە ناوچەییەكاندا بقۆزێتەوە. كاتی ئەوە هاتووە وەكوو هێزێكی ژێرناوچەیی، نفوزی ستراتیژی خۆی لە توركیا، ئێران، سوریا‌و ئێراقی عەرەبیدا پێشبخات. 

یەكێك لە رێگاكانی پێشخستنی نفوزی ستراتیژی، قۆستنەوەی بزووتنەوەی پێَشمەرگانە لە خۆرهەڵاتی كوردستانە. ئەمە بزووتنەوەیەكە كە ریشەی قووڵی مێژوویی هەیە. بەقسەی پسپۆڕێك قووڵایی ستراتیژی  یەكەمی هەرێمی كوردستانە‌و لەرووی ناسنامەشەوە سەربە هەمان قوتابخانەی ئایدیۆلۆژییە كە لە هەرێمی كوردستان سەركەوتنی بنیاتناوە. بەقسەی هەمان پسپۆڕ، بزووتنەوەیەكی رەسەنە كە لەسەر بنجی خۆی رواوەتەوە! 

 

ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو / مامەند رۆژە    

 

ئەم بابەتە لەسەر ماڵپەڕی "رووداو" وەرگیراوە