15240دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکرات و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی‌دا، بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد چووە نێو قۆناغێکی نوێی خەباتی مافخوازانەی خۆی کە تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەو قۆناغە، سیستماتیک بوون و چوارچێوەدار بوونی داواکاری و ئارمانجەکانی ئەم خەڵکە لە لایەک و هاوئاهەنگ بوون لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی دونیای مۆدێڕن لە لایەکی دیکەوەوە بوو.

کوردەکان کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ڕەزاخان‌دا، ژینۆسایدی بەربڵاوی لوڕەکان و بوردمانی خوڕەم‌ئاوا و سەرکوتی بەربڵاوی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان لە ناوچەکانی دیکە بینیبوو، لە نەبوونی هاوئاهەنگی نێوان بزووتنەوەکان و جووڵانەوە جیاجیاکان ناڕازی بوون و بەدەستیەوە و دەیانناڵاند، کارێک کە ڕۆشنبیران و چالاکانی سیاسیی کورد بە ڕوونی دەیانبینی و هەوڵی چارەسەرکردنیان بۆ دەدا، هەتا ئەوەی کە لە ساڵەکانی کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی و لە بۆشایی حکوومەتی ناوەندی لە کوردستان کەڵکیان وەرگرت و لە چوارچێوەی حیزبێکی مودێڕنی دێموکراتیکدا، ئەم ئاواتە لەمێژینەیەی کوردەکان هاتەدی.

حیزبی دێموکرات وەکوو دامەزرێنەری کۆماری کوردستان لە ماوەی ١١ مانگدا، ئەزموونی دەسەڵاتداریی خۆی لە هەموو ئامرازە پێشکەوتوو و بەردەستەکان بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگی نەتەوەیی _ دێموکراتیک و بردنەسەرەوەی ئاستی زانیاریی نەتەوەیی کەڵکی وەرگرت کە بەو هۆیەوە بینیمان جووڵانەوە شوناسخوازانە و مافخوازانەکانی کورد لە بەشەکانی دیکەی زاگرۆس گەشەی سەند، بەڵام تەمەنی کورتی کۆماری کوردستان ئەو دەرەتانەی نەڕەخساند کە چالاکانی سیاسیی کورد بتوانن بە گشتی هەموو ئیمکاناتەکانی حکوومەت بخەنە خزمەت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان.

ئەزموونی کوردستان و چەندین ساڵ بەربەرەکانێ و خەبات، تیۆریسیەنە پراگماتیستەکانی کوردی هێنایە سەر ئەو بڕوایە کە کەڵک وەرگرتن لە هێزی هونەر، ئەویش لە نێو خەڵکانێک کە فەرهەنگ و هونەریان لە ماوەی چەند سەدەی ڕابردوودا، یەکێک لە سەرەکیترین چەکەکانیان بۆ بەرەنگاری بووە، دەتوانێ بۆ هاندانی خەڵک بۆ خەبات و هاوئاهەنگیی نێوخۆیی کاریگەری هەبێت. هەر لەو پەیوەندییەدا بوو کە دوکتور قاسملوو دامەزرێنەری سەرەکیی بزووتنەوەی مۆدێڕن و ئاڤانگاردی کوردستان، بەردەوام پێداگری لەسەر هەبوون و بەرهەمهێنانی هونەری بەڵێندەر بە کۆمەڵگا و خەباتی مرۆیی، دەکردەوە.

زاگرۆس ، تاڵ و ساڵەکانی سەرکوت

بەپێی بەڵگە مێژووییەکان کە لە کاتی داگیرکردنی کوردستان بە دەستی ئاشوورییەکان دەست کەوتووە، بە کۆیلە گیرانی ژنان و پیاوانی زاگرۆس و کۆچی زۆرەملی ئەو خەڵکە بۆ نیشتمانی ئاشوورییەکان بە مەبەستی خزمەت بە ئیمپراتۆریی ترس و دڵەڕاوکێ، موسیقا و ئاواز تەنیا چەک و ئامرازی خەبات و ڕێگای پاراستنی شوناس و فەرهەنگ و هەروەها گرینگترین چەک لە بەرانبەر بێ‌هیوایی‌دا بووە. لەوکاتەوە هەتا ئێستا موسیقا و ئاواز لە نێو کوردەکان‌دا وەکوو چەکێکی بەرنگاری بەکار هاتووە و ئێستاش وەک خۆی ماوەتەوە. ڕاستییەک کە ئەوڕۆکە دەتوانین لە نێو چووکەترین کۆبوونەوەی کوردەکانی دوور لە نیشتمان بە ڕوونی بیبینین. 

موسیقای کوردەکانی خۆراسان، کوردانی قەزوێن، کوردەکانی باشووری ئێران و ناوچەی بەندەری، لە وێنە بەرچاوەکانی ئەم ڕەوتە بە ئەژمار دێن. 

ڕەوتێکی "ناخودئاگاه" و سەرکێش کە شوێن‌پێی بۆماوەیی(ژێنێتیکی) دەتوانین لە قووڵایی مێژووی ئەم نەتەوەیەدا بەشوێنیدا بگەڕێین.
سەرکوتی کوردەکان لە دەستپێکی ئەم سەدەیەدا بەتایبەت لەلوڕستان، بووە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێکی موسیقای خەباتگێڕانە و شۆڕشگێڕانە لە نێوان ئەو خەڵکەدا، کە بەهۆی بەربڵاویی ژینۆساید و دواتر بیچم گرتنی خولی نوێی ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی، نەیتوانی بەئەنجام بگات و تەنیا وەکوو فولکلۆر درێژەی بە ژیانی خۆی دا، هەتا ڕەزا سەقایی وەکوو مەسیحی زاگرۆس پێی نایە نێو هونەری زاگرۆس و بە دەنگی خۆی گیانێکی نوێی بەخشییە ئەم نەتەوەیە. ئەو نەک هەر چالاکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو لەهەرچەشنە بیرۆکەیەکی سیاسیش بەدوور بوو، بەڵام پاکیی و پاراوی موسیقاکەی کە لە قۆناغێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و ترسدا سەری هەڵدابوو، بەشێوەیەکی سیستماتیک چووە بازنەی سیاسی _ کۆمەلایەتی و ئەرکی سەرەکیشی بردنەسەرەوەی ئاستی زانیاریی خەڵکەکەیەتی بە نیسبەت ئەوەی کە لەدەستیان دابوو، واتە زانیاری بە نیسبەت هەبوون و شوناسی خۆیان. ڕەزا سەقایی لەو ڕێگایەدا بە باشترین شێوە جووڵایەوە و بەردی بناغەی بزووتنەوەی شوناسخوازانەی خەڵکەکەی دانا.

شارام نازری یەکێکی دیکە لە خەباتکارانی ئەم ڕێگایەیە، بێ‌گومان ناوبراو سەرەتا بۆ ئەم مەبەستە نەهاتە نێو موسیقاوە، بەڵام لەو ڕوانگەوە کە هەر بەرزە مرۆڤێک "پیاوی قۆناغی خۆیەتی"، لە ڕەوتی گەشەی موسیقا و زەینی خۆیدا دەستی دایە گرێدانی موسیقا و ئەوەی کە مرۆڤایەتی لە زاگرۆسدا دەیهەویست. ئەو لەم ڕێگایەدا بە بڵاوکردنەوەی "شانامەی کوردی" یان هەمان " ئاوازی مامۆستاکان"، ئەوپەڕی پێبەند بوونی هونەری خۆی کێشا بە ڕوخساری ناوەندە هزری _ فاشیستییەکان‌دا و لە دەیەی ٧٠دا شەپۆلێکی نوێی بزووتنەوەی شوناسخوازانە لە نێوان کوردانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان‌دا دەست پێ‌کرد. نازری بۆ شۆڕشگێڕانەتر کردنی هونەری خۆی، زیاتر لە موسیقای یارسان کەڵکی وەردەگرت و لەو ڕووەوە کە خۆی لەگەڵ ئەو موسیقایە گەورە ببوو، بەڕاستی زۆر بەجێ و شیاو کەڵکی لەو موسیقایە وەرگرت.

لە لایەکی دیکەوە، موسیقای یارسان هەر لە سەدەکانی ڕابڕدووەوە بەرەنگاری داگیرکەرانی کوردستان بووەتەوە و بە ئۆرگانیزە کردنی "مەقامە" خۆجێییەکانی کوردستان، هەنگاوی ناوەتە نێو ڕەوتێکی شۆڕشگێڕانە و لە هەر سەدەیکدا بەرزە مرۆڤێکی هێناوەتە نێو ئەو گۆڕەپانەوە. عەلی ئەکبەر مورادی کە بە خستنەڕووی مۆسیقای کۆنی یارسان و دەرخستنی زاتی مرۆیی و شۆڕشگێڕانەی ئەو مۆسیقایە و ناساندنی بە جیلی ئەمڕۆ، تەواو کردنی بەشێک لە نهێنیی هونەری زاگرۆسی بە ئەستۆ گرتووە.

لەو نێوانەدا، کەیهان کەلهۆڕ و کەمانچەکەی نوێنەرایەتیی جیلێک دەکەن کە تەکاموڵی شعووری نەتەوەیی و بەکارهێنانی ئاکادمیکی موسیقای لێکداوە و لەنێوبردنی هیواکانی نەتەوەکەی لە بەرهەمێکی بێ‌وێنە و پێبەند بەناوی "شاری خامۆش" دەکاتە ئاواز. بەرهەمێک کە ووەکوو شەقەزللە، ڕووخساری مرۆڤی خەوتووی جیهانی ئێمەی کردووەتە ئامانج و بۆنی "خەردەل" و مردن، کەشێکی وەهمیی تێدا دەخولقێنێ.

ئەو کە خۆی قوربانیی شەڕە و بنەماڵەکەی بە هۆی ئەو بەڵا ماڵ وێرانکەرەوە لەدەست داوە، ئاوازی غەمهێنەری کەمانچەکەی دەکاتە گەرووی بێ‌دەنگی هەڵەبجەوە، هەتا ئەمجارەیان دەنگی حەقخوازانەی کوردستان لە ڕێگای گەرووی برینداری هونەری کرماشانەوە بە گوێی خەڵکی جیهان بگەیەنن. لە ڕاستی‌دا دەتوانین شاری خامۆش وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان لە موسیقای ئەم بەشە لە زاگرۆس چاو لێ‌بکەین کە هەواڵی ڕاسانی جیلێکی پێیە کە دەتوانێت لە هەموو ئامرازەکان بۆ گەیشتن بە ئازادی و هەبوونی ژیانێکی ئینسانی کەڵک وەر بگرێت.

بەڵام، کاری هاوبەشی ئیرەج فەرەج‌پوور و شاهۆ عەندەلیبی لە چوارچێوەی گرووپی "تاڵ" دەرخەری ئەو ڕاستیانەیە لە کۆمەڵگای زاگرۆسدا و هەروەها داواکاریی جیلێکی نوێی کوردەکانە کە لە ڕێگای شوناسخوازیی و ماف ویستی‌دا، هەنگاویان هەڵێناوەتەوە. ئەوان لە بزووتنەوە بەردەوام و بەرفراوانەکانی نەتەوەکەیان لە سەدەی ڕابردوودا تێگەیشتوون و بە کۆڵەبارێکی ئەزموون و ناسیاری، ئیدی نایانهەوێ وەکوو باو و باپیرانیان، وەکوو نەتەوەیەکی جیا هەستنەوە و شۆڕش هەڵگیرسێنن. ئەگەر هونەر بە کاردانەوەی دونیای دەورووبەری خۆمان بزانین، بێ‌گومان کارە هاوبەشەکانی گرووپی "تاڵ"(لوڕی_جافی) دەنگی جیلێکە کە دەیهەوێ بزووتنەوەی ئازادیخوازیی و مافویستانەی کوردستان لە هەموو شوێنەکانی ئەم نیشتمانە بە بێ لەبەرچاو گرتنی ئایین، هۆز و تایفە و لە چوارچێوەیەکی یەکانگیر وئامانجدار، بە هەموو هیزی خۆیەوە بەرەو پێش بڕوات هەتا بتوانێ هیوا و ویستی نەتەوەیەک کە چەندین سەدەیە دەچەوسێتەوە وەدی بێنن و بە ئازادی بگەن.

فەرەج‌پوور و عەندەلیبی لە کۆی کارەکانی خۆیاندا ئاوازگەلێکیان هەڵبژاردووە و خوێندوویانە کە لە زۆربەی ناوچەکانی زاگرۆس هاوبەشە و ئاشنایە بە گوێی بەردەنگ و لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا، لە "ناخی" ئەم خەڵکەدا بیچمی گرتووە . دژکردەوەیەکی هونەری، بەڵام بە تەواوەتی پێبەند و ورووژێنەر کە بەردەنگی خۆی کردووەتە ئامانجی ڕاستەوخۆ و سکاڵای لە دۆخی هەنووکەیی و جیایی ئەوان لە خەبات و تێکۆشان هەیە.

 

 

ن: شارام میرزایی

و: ئەرسەلان یارئەحمەدی