Software Development

 

 

رێژیمی سەرەرۆ فاشیستی كۆماری ئیسلامی لە كاتی هاتنە سەركاریەوە تا هەنووكە بە هیچ جورێك مافی ژیانی بۆ حیزب و گروپە سیاسیەكان لە بەرچاو نەگرتووە

 

بەڵكوو پێشی بە بەشداری و ركەبەركێ و دابەش كردنی دەسەڵات لە نێوان گروپە سیاسیەكاندا گرتووە و هەمیشەش بەرێوەبردنی وڵاتی بە تاقی تەنیا ویستووە كە ئەویشی لە یەك حیزب و تاكێكی سەرەڕۆدا پێناسەكردووە. ئەمەش وای كردووە كە ئەم رێژیمە خاوەنی سیستمێكی داخراو بێت و بەردەوامیش قەیرانی رەوای بێت كە ئەمەش خۆی سەرچاوە لە بەشداری نەكردنی خەڵك لە كاروباری سیاسی وڵاتدایە. جێگای ئاماژەیە كە ئاكامی ئەم هەڵسووكەوتوو سیاسەتە نابخرەدانەی كۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی فراوان بوونی فەقر و جەنایەت و ناكارامەی برۆكراسی و كوشتن و لەناوبردنی رای گشتی و وێران كردنی ژینگە و گەشەكردنی سەرەڕۆی و پەرەگرتنی گریمانە و كەڵێنەكانی نێو كۆمەڵگا.

هەروەها بەنیسبەت كەمایەتیە نەتەوەیەكانی پێكهێنەری ئێران،سیاسەتی توندوتیژی و زەبروزەنگ و كوشتنی گرتە پێشێ و بە پێناسە كردن و ئەمنیەتی سەیركردنی نەتەوەكانی ئێران دەستی كرد بە ئاسمیلەكردنی فەرهەنگی و پێكهاتەی و تواندنەوە و لە ناوبردنی زمان و كولتووری وان لە جیاتی چارەسەركردنی عەقڵانی كێشەی نەتەوەكان.

بۆ نموونە كۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر داخوازیە رەواو ئینسانیەكانی نەتەوەی كورد كە جێگیركردنی دیموكراسی لە وڵات و دابین بوونی مافی نەتەوەی بوو بۆ كوردان كە لە مێژە لە ژێر زەبرووزەنگی حكومەتە ناوەندیە یەك لە دوای یەكەكاندا دەچەوسانەوە،"خومەینی" داهێنەر و خوڵقێنەرورێبەری ئەم رێژیمە نگریسە رایگەیاند كە دیموكراسی شتێكی رۆژئاوایەو هی كافرەكانەو لە ئیسلامیشدا مافی نەتەوەی شتێكی بێ مانایە چوونكە هەموو مرۆڤەكان یەكسانن و هێنانە گۆڕی مژاری نەتەوەیشی رەدكردەوە. هەربۆیە كۆماری ئیسلامی بە ئاور و ئاسن و كوشتن و بڕین وڵامی ئەو نەتەوە ماف ویستەی دایەوە و تائێستاش سیاسەتی "مستی ئاسنین" بەڕێوە دەبا لە كوردستاندا.

جێگای ئاماژەیە كە لە چاوی كۆماری ئیسلامیەوە هەموو كوردێك تاوانبارە بەس كاتی سزادانیان جیاوازە.

ئاكامی ئەم شێوە هەڵسووكەوتەی رێژیم لە بەرانبەر خەڵكی نێوخۆی وڵات وای كردووە كە هەنووكە كۆماری ئیسلامی لە ریزی یەكەمی وڵاتانی پێشێلكەری مافی مرۆڤ بێتە ناساندن،هەرچەند نابێت ئەوەش لە بیر بكەین كە پرسی مافی مرۆڤ لە فەلسەفەی وجودی كۆماری ئیسلامیدا شتێكی نامۆ و بێ مانایە كورد گوتەنی:" قاڵۆنچە بۆنی گوڵ بكا سەری دێشێ " هەروەها جێگای باسە كە توندوتیژی شتێكی نەهادینەكراوە لە جیهان بینی ئەم رێژیمە بۆیە "خومەینی" تێئۆریسیەنی ئەم رێژیمە بەردەوام دەیفەرموو!! كە " لاكن حوكمی دژبەرانی حكومەتی ئیسلامی لە ئیسلامدا مەرگە، بۆیە حیسابی خۆتان بكەن تەنانەت لە مێشكیشتاندا بیر لە دژایەتی و رخنەگرتن لە كۆماری ئیسلامی نەكەنەوە.

هەروەها بە نیسبەت پێوەندی دەرەكیش كۆماری ئیسلامی هەمیشە سیاسەتی دەستێوەردان و شێواندنی باری ئاسای وڵاتانی گرتووەتە پێشێ بە جورێك كە بە دروست كردن و پشتیوانی كردن لە گروپە تیرۆریستیەكان بێ پسانەوە خەرێكی شەڕ و ئاژاوەنانەوە بووە لە وڵاتانی جیران و ناوچەدا.بە جورێك كە لە كاتی هاتنە سەر كاری كۆماری ئیسلامیەوە ئەم ناوچەیە واتا رۆژهەڵاتی ناڤین قەت رۆژێكی ئارام و بێ شەڕوشۆڕی بە خۆیەوە نەبینیوە،چوونكە كۆماری ئیسلامی كارگێڕی سەرەكی تەواوی ئاژاوەكان بووە. بۆ نموونە كۆسپی گەورەی بەردەم پرسی چارەسەر كردنی كێشەی ئیسرائیل و فەلەستین, كۆماری ئیسلامیە.چوونكە زۆر جار ئەو دوولایەنە لە سەر عەرزی واقع لە یەك نێزیك بوونەتەوە و تا ئاستی چارەسەركردنی گشتی كێشەكانیان چوونەتە پێشێ كەچی كۆماری ئیسلامی وەكوو" دایە دلسوزتر از مادر" بە دروست كردن و هاندانی گروپە توندئاژوەكان ئەو هەلە مێژووی و زێڕینانەی كە بۆ فەلەستینەكان رەخساوە لە كیس و بەفیڕەوەی داوە و بە نێوی دڵسۆزیەوە فەلەستینەكانی خستووەتە نێو خولانەوە لە نێو بازنەدا،كە تا كۆماری ئیسلامی مابێ ئەم رەوتە هەر بەردەوام دەبێ.

یان لە وڵاتی لوبنان بە دروست كردنی گروپی تیرۆریستی و میلیشیاو گوێ لە مستی "حیزبوڵا" هەمیشە سەقامگیری ئەو وڵاتە لە مەترسی دەخاو قەت ئیجازە نادا ئارامشێكی درێژخایەن روو لەو وڵاتە بكا بە جورێك كە باژێڕی" بەیرووت" كە سەردەمانێك بە بووكی رۆژهەڵاتی ناڤین ناوبانگی دەركردبوو بە هۆی ئەو كارە تیرۆریستی و سیاسەتە شەڕنگێزانەی رۆڵەكەی كۆماری ئیسلامی واتە حیزبوڵا،بەیروت وەكوو پیرەژنێكی لەرزۆك و بەرەومەرگی لێ هاتووە.

یان لە ئەفغانستان بە پشتیوانی كردن لە تەواوی گروپە شەڕخوازەكان جەوێكی لەو وڵاتەدا دروست كردبوو كە چەك و شەڕو كوشتن ببووو بە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانی ئەو خەڵكە.

یان لە عێراق بە هۆی ئەو دەستێوەردانە بەر بڵاوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كاروباری ئەو وڵاتە دەیكا وای لێ هاتووە كە رۆژ نیە تەقینەوە نەبێتوو خەڵكانێك نەكوژرێن تەنیا لە پێناو تێركردنی غەریزەی "تاناتووسی" دەسەڵاتدارنی كۆماری ئیسلامی چوونكە ئەم دەسەڵاتدارانە پەروەردەی مەكتەبی كەسێكن وەكوو خومەینی كە"شەڕی بە نیعمەتی خودای دەزانی" بۆیە كۆماری ئیسلامی مانەوەی خۆی لە شەڕوئاژاوە دەبینێ و بەردەوام پیلان دا ئەڕێژێ بۆ ناسەقامگیركردن و شەڕوئاژاوە نانەوە لە وڵاتانی ناوچە كە ئەمەش سروشتی كۆماری ئیسلامیە.كورد گوتەنی: رێوی بنوێ خەو بە مریشكەوە دەبینێ".

بەم پێناسە كورتەی كە لە پێكهاتەی كۆماری ئیسلامی كردمان مرۆڤ بەو قەناعەتە دەگەینێ كە رووخان و لە ناوچوونی كۆماری ئیسلامی=  لە گەڵ دابین بوونی دادپەروەری و دیموكراسی بۆ خەڵكی ئێران و هەروەها گەڕانەوەی ئاشتی و هێمنی و سەقامگیری بۆ ناوچە وهەروەها گەشەكردنی مرۆڤ تەوەری و رێزگرتن لە كەسایەتی تاك لە كۆمەڵگادا . چوونكە كۆماری ئیسلامی رێژیمێك نییە كە بە ریفۆرم چاك بێت بەڵكوو زۆر زۆریش لە گەڵ ریفۆرم نامۆیە و وەكوو"سەهۆڵ وئاگر"وان چوونكە ئەم رێژیمە تەنیا دەزانێ بپرسێتەوە ئیدی ئیزن بە پرسیاركردن نادات سەبارەت بە كردەوەكانی.

شۆڕش گوڵكار