y4256e05

vfrvjki8ijh

عمر ایزدخواە

خوێندکار زانستە رامیارییەکان

چەمکی ناناوەندیەتی :

     لامەرکەزیەت ( Decentralization ) ، لە زمانی کوردیدا " نا ناوەندیەتی " یان نا مەڵبەندیەتی ، نابنکەیی ، نا سەنتەری .. بەکاردێت ، ئەم چەمکە ڕۆژانە زیاتر وەک چەمکێکی نێو ئەدەبیاتی سیاسی بەشێوەیەکی بەربڵاو گوێمان لێ دەبێ و لە مێژووی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا بەردەوام وەک ڕێگا چارەیەک بۆ کێشەی جۆرایەتی ئیتنی و نەتەوەیی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی و بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە ، باس لەوانە کراون لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسیدا .. ، نا ناوەندیەتی واتە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەپێی سێ کوچکەی هێز ، لە سەرەوە بۆ خوارەوە ، بە جۆرێک کە سەرجەمی بڕیارەکان لەسەر ئەوە نەوەستا بن کە دەسەڵاتی لوتکە هەر خۆی ڕەزامەندیان یان  بڕیاردەریان بێت ، لەوە وردتریش ئەگەر سروشتی  هێزی لوتکە بەشێوەیەک بێت ، کە کۆبوبێتەوە لە دەستی چەند شەخسێک یان کەسێک ، بەڵکو پێویستە سروشتی توانای ناوەند و بوونی ڕەخساویەتی کات و شارەزایی و پسپۆڕی و پێ ڕاگەیشتنی بە سنورێکی جوگرافی بەرفراوان و .. لەبەرچاو بگیرێن ، زۆرترین کات ، بەجۆرێکە کە ناوەند ناتوانێ خۆی بەهەموو کارەکانی ئەو چوارچێوە ڕێکخراوەیەک هەڵسێت ، کەکاری بۆ دەکات ، ناوەند هەڵسوڕینەری یەکەمی هەر هەیکەلێکی ڕێکخراوە ، جا ئەو هەیکەلە زۆر شت دەگرێتەوە ، دەکرێ بڵین خێزان ، کۆمپانیا ، گروپێکی بەرژەوندی ، پارتی ڕامیاری ، یان چوارچێوەیەکی کارگێڕی و سیاسی لە چوارچێوەی حکومەت یان دەوڵەتدا ، جا ئەگەر ناوەند " بەرپرسیاریەتیکی قانونی باڵا " نەیتوانی بە سەرپرشتی و ئەنجامدانی هەموو کارێک هەڵبستێت یان خەرجی و خەسارەتێکی زۆر بگەڕێتەوە بەهۆ لابردنی ئەم سیستەمە یان سروشتی چوارچێوەکە وادەخوازێت ، بەجۆرێک لە پێکهاتەی جیاواز پێکهاتبێ ، لەناویدا پێکهاتە جیاوازەکان مافی خۆیان بێت لە گۆڕینی ئەم سیستەمە ، ئەوا چارەسەر بۆ ئەوە بریتیە لە " ناناوەندیەتی " ، ئەو چەمکەش بۆ سێ جۆری سەرەکی و باو پۆلێن دەکرێن :-

١-  ناناوەندیەتی سیاسی ( Federalism  ) فیدڕاڵی ، پێش ئەوەی باسی فیدڕاڵی بکەین ، پێویستە بزانین کە گرنگترین شێوەکانی دەوڵەت کە تائێستا باون ، دابەش دەبن بۆ چەند شێوەیەک ، یەکەم دەوڵەتی سادە و یەکگرتوو ، ئەو شێوەیان واتە دەوڵەت لەڕووی سیستەمی سیاسیەوە یەک پارچەیە ، دووەم ، کاتێک دوو دەوڵەت بەهاوبەشی یەک سەرۆک یان پاشایان هەبێت ، ئەوە نمونەیەکی کۆن و کەمە و ناچێتە خانەی ناناوەندیەتی سیاسیەوە ، چونکو هەردووک دەوڵەتی دیاریکراو لەهەموو ڕوویەکەوە لێک جیاوازن و خاوەن سەروەری تەواون ، شێوەی سێهەم بریتیە لەوەی کە دوو دەوڵەت یان زیاتر یەکیەتیەکی تایبەت بە بوارێک یان زیاتری دیاریکراو پێک بێنن ، کە پێی دەوترێت " کۆنفیدڕاڵی " ، بەهەمان شێوە ئەو جۆرەشیان ناچێتە چوارچێوەی ناناوەندیەتی سیاسیەوە ، چونکو دەوڵەتانی دیاریکراو خاوەنی سیستەمی سیاسی یەکانەیی جیاوازن ، شێوەی چوارەم و مەبەست بریتیە لە فیدڕاڵی ، ئەو وڵاتانەی کە ئەو سیستەمە بەکاردێت ، دەوڵەت ، حکومەتیکی ناوەندی " المرکزیە " لەخۆدەگرێ ، لەگەڵ حکومەتی لۆکاڵی ، خۆجێی ، هەرێمی ، کانتۆنی ، تایبەت بەناوچەی دیاریکراو لە چوارچێوەی دەوڵەتدا ، دوو جۆر سیستەمی سیاسی جیاواز لەوڵاتدا هەیە ، کە لەدەستوری فیدڕاڵیدا شێوە و تایبەتمەندی و دەسەڵاتەکانی هەرێمەکان دیاریکراون ، ڕێکخستنێکە لە ئاستی دەستوری وڵات ، هەرێمەکان دەسەڵاتی ( یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ) ی جیایان هەیە ، لە ناناوەندیەتی سیاسیدا ، هەرێمەکان هەندێ تایبەتمەندی و دەسەڵاتیان هەیە ، بەشێوەیەکی سەربەخۆ پیادەی دەکەن ، بێ ئەوەی بکەونە ژێر چاودێری و بڕیار و یاساکانی تایبەت بەو دەسەڵاتانە  ، لە سنوری حکومەتی ناوەندیدا ، بەبەراورد بە ناناوەندیەتی کارگێڕی ، کە ئەنجومەنە خۆجێیەکان " ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی شار و شارۆچکەکان " ، هەمیشە لەژێر چاودێری ناوەند دان ، سەرچاوەی یاسایی نا ناوەندیەتی سیاسی ، بریتیە لە دەستوری فیدڕاڵی و هەر هەرێمێکیش دەستوری تایبەت بەخۆی هەیە ، بەبەراورد بە ناناوەندیەتی کارگێڕی ، کە سەرچاوە یاساییەکەی بریتیە لە یاسای ئاسایی ، کە لە پارلەمانەوە دەردەچێت ، پێویستە ئەوەشمان لەیاد نەچێ کە لەهەردووجۆری ناوەندی و ناناوەندی سیاسی و سەرجەمی شێوەکانی دیکەی دەوڵەت دەتوانرێت ناناوەندی کارگێڕی پیادەبکرێت..

٢- ناناوەندیەتی ئۆتۆنۆمی (autonmy  ) خودموختاری :

ئۆتۆنۆمی وەک زاراوە بە واتای سەربەخۆیی دێت لە دەسەڵات ، بەڵام بە واتایەکی گشتگیر لە ئەدەبیاتی سیاسیدا شێوەیەکی تایبەتی وەرگرتووە ، بەجۆرێک زیاتر بە ئەزمونیک دەوترێت کە لەسەدەی نۆزدە و بیستەمی زاینیدا پیادەکرا لەلایەن وڵاتانی فرە نەتەوە ، بەتایبەتی وڵاتانی داگیرکار و ئیمپڕاتۆرەکان و ئەو وڵاتانەش کە پێکهاتبوون لە نەتەوەی جیاواز و لە بنەڕەتدا دروستکراوی وڵاتە زلهێزەکانبوون ، بەو هۆیەی کە ڕەنگە ئەو نەتەوە ژێر دەستە لە سەرەتادا نەتوانێ ڕاستەوخۆ بچێتە قۆناغی دەوڵەتداریەوە ، بۆیە ئەوە لە بنچینەدا وەک قۆناغێکی بوون بەدەوڵەت دانرا ، هەرچەندە لە واقیعدا دەکرێت مەبەستی دیکەشی لەپشتەوە بێت و هۆی سەرەکی بشێوێنرێ ، کە بەخشینی مافی بڕیاردان لە چارەنوسی گەل خۆیەتی ، چونکو ئەوە پەیوەندی بە سروشتی ئەو سیستەمەوە هەیە لەگەڵ دروستبوونی لەلایەن نەتەوەی سەردەستە ، کە خاوەنی کیانی دەوڵەتەکەیە ، بەبەروارد بە فیدڕاڵی ، لەسەردەمی نوێدا ئەرکی سەرپرشتیکردنی ناوچە ئۆتۆنۆمیەکان بۆ قۆناغی سەربەخۆیی زیاتر ڕێکخراوی نێودەڵەتی کۆمەڵەی گەلان و دواتر کە نەتەوە یەکگرتووەکان جێگیا گرتەوە ، بەم کارە هەستاوە ، ئەو جۆرە لە ناناوەندیەتیەش  ڕاوبۆچوونی جیاوازی لەسەرە ، لەوەی کە ئایا دەکەوێتە چوارچێوەی ناناوەندیەتی سیاسی یان کارگێڕیەوە ، زۆرێک لە زانایان پێیان وایە ئۆتۆنۆمی سیستەمی سێیەمە و شوێنێکی ناوەڕاست لەنێوان ناناوەندی کارگێڕی و فیدڕاڵی " سیاسی " وەردەگرێ ،  بۆچوونی دروست ئەوەیە کە سیستەمێکی پێشکەوتووە لە ناناوەندیەتی کارگێڕی  بەرفراوان ، جیاوازی سەرەکی خودموختاری لەگەڵ سیستەمێکی فیدڕاڵیدا لەوەدایە ، کە حکومەتی ناوەندی مافی گۆڕین یان تێکدانی دەسەڵات و تایبەتمەندیە پێدراوەکانی هەیە و بەپێی یاسای ئاسایی لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانەوە دەردەکرێت ، هەر وەک چۆن بەهەمان شێوەش لە جۆری ناناوەندی کارگێڕیدا دەتوانێت ، بەڵام وەها مافێک بۆ دەسەڵاتی ناوەندی لە سیستەمی فیدڕاڵیدا لە ئارادا نیە ، دەسەڵاتی خودموختاری لە دەوڵەتێکدا نابێتە خاوەنی دەسەڵاتداریەتی دوولایەنە و بەشداری بەرانبەری ئەو لە بەڕێوەبردنی حکومەتی ناوەند .

 ٣- ناناوەندیەتی کارگێڕی ( ئیداری ) :

سەرەتا پێویستە چەمکی " کارگێڕی " جیا بکەینەوە لە " کارگێڕی گشتی " ، ئەوەی یەکەم ، ئەوە نییە کە مەبەستی باسەکەمانە ، چونکو کارگێڕی واتایەکی زۆر فراوانی هەیە و زانستێکە بۆخۆی ، دەکۆڵیتەوە لە هەر شوێنیک کە بنەمای کارگێڕی لەسەر جێبەجێببێت و بەو شێوەیەش پیناسەی دەکرێ : بریتیە لە فەراهەمکردنی جۆرێک لە هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەوڵە مرۆییە جیاوازەکان لەپیناوی بەدیهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو .. ، بەڵام ئەوەی دووەمیان " کارگێڕی گشتی " کە هەرچەندە ، نەشمان ووتووە " ناناوەندیەتی کارگێڕی گشتی " بەڵکوو لە ئەدەبیاتی گشتیدا وا هاتووە ، کە ووتومانە " نا ناوەندیەتی کارگێڕی " ، ئەوا لەجێگەی دووەمیان بەکارهاتووە ، بەم شێوەیە :                                 ناناوەندیەتی + کارگێڕی گشتی = ناناوەندیەتی کارگێڕی ، زۆرێکیش لە زانایانی زانستی کارگێڕی پێناسەی کارگێڕی گشتیان کردووە ، بەوەی کە ، کۆمەڵێک پرۆسە و ڕێو شوێنی بەدوای یەکداهاتوون ، بە ئامانجی جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی حکومەت یان فراونتر " دەوڵەت " ، کەواتە کارگێڕی گشتی سەرجەمی کار و پرۆسە و پرۆژەکانی حکومەت دەگرێتەوە لەو چوارچێوە یاساییەی کە بۆی دانراوە ، بە سەرجەم بەرپرس و فەرمانبەریەکانیەوە لەسەرەوە بۆ خوارەوە ، جگەلە لە کار و ڕێوشوێنەکانی یاسادانان و دادوەری و پلانی سیاسەتی گشتی و دیبلۆماسی .. ، کەواتە زیاتر دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەگرێتەوە ، کەئەویش پێکدێت لە ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتی پارێزگاکان و ئۆرگانەکانی خواریەوە ، ناناوەندیەتی کارگێڕی ، ئەوەیە کە ئەرک و تایبەتمەندی و پسپۆڕیە کارگێڕیەکان دابەش دەکرێن لەنێوان ئەنجومەنی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردن " ئەنجومەنی وەزیران " ، لەگەڵ ئەنجومەن و دەستە و هەرێمە خۆجێیە کارگێڕیەکان ، بەشێوەیەکی ڕێژەیی ، لەسەرووی هەمووشیانەوە کارگێڕی پارێزگا ، بە گشتی جیبەجێکردنی ناناوەندیەتی کارگێڕی چەندان سوودی هەیە ، کە دەکرێت لەم چەند خاڵەدا کورتیان بکەینەوە :

١- پیادەکردنی ناناوەندیەتی کارگێڕی بە پێویستیەکی سەردەمیانە دەزانرێت ، چونکو باوی دێموکراسی و بەشداری و ئازادی ڕادەڕبڕین و وەرگرتنی زانیاری و.. هاوڵاتیە ، لە بەڕێوەبردنی کارە کارگێڕیەکان ، لەلایەن ئەو کەسانەی کە خۆیان لە هەڵبژاردنیکدا دیاری دەکەن ، کە لەلایەن دەسەڵاتی گشتی تایبەتمەندەوە ئەنجام دەدەرێت ، سەرنجام بەرپرسە کارگێڕیە خۆجێیەکان نوێنەرایەتی زۆرینەی ئەو هاوڵاتیانە دەکەن ، کە لێی بەرپرسن .

٢- ناناوەندیەتی کارگێڕی ، دەبێتە هۆ کەم کردنەوەی پەستانێکی زۆر کە دروست دەبێت بە هۆی ناوەندیەتی کارگێڕی ، لەسەر ئەنجومەنی وەزیران ، وا دەکات ئەرک و کارە زۆرەکان ، دابەشبکرێن لە نێوان حکومەت و پارێزگاکاندا .

٣- بەڕێوەبردنی پرۆژە و خزمەتگوزاریە گشتیەکانی ناوچە جیاوازەکان ، لەلایەن ئەنجومەنە ناوچەیەکانەوە ، ئەرێنیە ، چونکو ئەندامەکانی ئەو ئەنجومەنانە خەڵکی ناوچەکە خۆین وە باشتر شارەزان و داواکاری خەڵکی دەوروبەریان زیاتر دەزانن .

٤- ناناوەندیەتی کارگێڕی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕۆتین و خەرجیەکی زۆر ، وە لەهەمان کاتددا کارەکان بەکاتێکی کەمتر بەڕێوەدەچن . ، وە چەندانی دیکەش ..

نوسینی عــمـر ایزدخواە

ئەو سەرچاوانە سودیان لێ وەرگیراوە :

گۆران ئازاد حەمە گەمحان ، دەسەڵاتی دادوەری لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا .

د.خامۆش عمر عبداللە ،  تیۆری گشتی یاسای دەستوری و سیستەمی دەستوری عێڕاق  .

فەرهەنگی ڕامیاری ، گەیلان عباس

فەرهەنگی نیگا ، ئازاد وەلەدبەگی