heme jaffهەموو نەتەوەیەك جەنگاوەری تایبەت بەخۆی بەرهەم دەهێنێ. بەرهەمهێنانی جەنگاوەری هەر وڵاتێك پێویستییەكی بنەرەتیی بەرگریكردن و مانەوە و سەلماندنی شوناسی خۆی وەكوو بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت سایكۆلۆجییە.
ئەمڕۆ نموونەیەك لە جەنگاوەرانی ڕاستەقینەی نەتەوەكەمان بە ناوی "پێشمەرگە" دەبینین كە هەموو میللەتانی ناوچەكە تەنانەت جیهانیش چاودێری بەسەر چۆنیەتیی هەڵمەتی پڵنگ ئاسایان دەكەن و ڕۆژ نیە ڕاپۆرت و لێكدانەوە و هەواڵ لە سەریان بڵاو نەبێتەوە، وەكوو ڕوبەڕووبوونەوەی شەڕی تیرۆر لەم ساڵانەی دواییدا كە لە باشووری كوردستان بینیمان. جەنگاوەرانی كورد لە هەر بەشێكی كوردستان بەهۆی حیزب و وردە ڕێكخراوەوە هەر یەكە و بە نازناوێكی جیاوازەوە ناو دەبرێن (پێشمەرگە ــ گەریلا ــ شەرڤان ــ پارتیزان ــ خەباتگێڕ و هتد) ناوی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد.
ئەم ناوە پیرۆزە بەهۆی دیاریكردنی لە لایەن حیزبی دێموكراتەوە لە ساڵی1363 بۆ بەرز نرخاندنی ئەوكاتەی كە ئاخرین پێگەی سەركوتی حكومەتی ناوەندی لە كوردستان، لە 26ی سەرماوەز شارەبانیی مهاباد دەگیردرێ و چەك دەكرێ و هەروەها لەبەر پەیوەندیی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان بە شێوەیەكی خێرا لە نێو كۆمەڵانێ خەڵكی كوردستان و تەنانەت دنیای دەرەوەشدا بووە ناوی ئەو خەباتكار و چالاكە سیاسی و چەكدارییەی كە دەجەنگا و چەكی هەڵدەگرت لە پێناو خاك و ئایدۆلۆجیایەكی نەتەوەیی یان بەرگری لە كولتوور و بوونی خۆی. 


ناوەكانی گریلا و شەرڤان دوو ناوی دیكە بۆ خەباتگێڕانی پ.ك.ك و یەپەگەن كە یەكەمیان لە هەشتاكانەوە بۆ چالاكیی كوردانی باكوور دیاری كراوە و دووەمیشیان ناوێكی نوێیە لەم ساڵانەی دواییدا لەگەڵ بەرگریی چەكدارانەی كوردی ڕۆژئاوا، لەگەڵ دروستبوونی كانتۆنەكانەوە بە كار دێت.

بەڵام لە ڕاستیدا ناوی پێشمەرگە بووەتە ناوێك بۆ جەنگاوەرانی كورد لە ناوخۆدا و تەنانەت هەموو جیهانیش بەو ناوە دەیناسن و تەنانەت لە باشووری كوردستان حكوومەتی عێراقی فیدراڵ وەكوو ناوێكێ رەسمی دانی پێدا ناوە.


بەڵام وڵاتانی دەرەوە پێش هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان پێشمەرگەیان وەكوو "چەكداری كورد یان میلیشیای كورد" دەناسی تا كاتێك كە پێشمەرگە ڕووبەڕووی داعش بووەوە و چیتر ناوی"peshmarga" لە میدیای جیهانی و نێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش شێوەی فەرمیبوونێكی وەرگرت، واتە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە لەگەڵ داعش وای كرد كە وشەی پێشمەرگە ئاستی ناوخۆیی ببڕێ و بەرەو بەجیهانیبوون بڕوات و سەرنجی ناوەندە میدیایی و سیاسییەكانی جیهانی بۆ خۆی ڕابكێشێت.
بەم پێیە، دەتوانین بڵێین پێشمەرگە بەرهەمی نەتەوەی كورد و ئەو جەنگاوەرەیە كە كورد بە درێژایی زیاتر لە نیو سەدە بەرهەمی هێناوە، ئەو مرۆڤە شۆڕشگێڕ و خۆنەویستەیە كە بەرژەوەندیی تاكەكەسیی خۆی فیدای خاك و نەتەوە دەكات و ئامادەیە بۆ پاراستن و بەرگری لە خاك و شەرەف و كەرامەتی نەتەوەكەی گرینگترین سەرمایەی ژیانی كە گیانیەتی بەبێ بەرامبەر و بێ چاوەڕوانیی هەر چەشنە پاداشێك فیدا بكا و لە هەموو حەز و ئاواتەكانی چاوپۆشی بكات بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندیی نەتەوەیی.
مێژووی كورد بەپێی هێندێك بەڵگەنامە و لێكوڵەران و مێژووناسانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ چەند هەزارساڵ لەمەوبەر، هەر لە سەرەتای ناودێركردنی جوگرافیای كوردستانەوە كە پێش ئەوەی سوڵتان سەنجەری سەلجووقی ناوی بنێ "كوردستان" (كارداك)ی ناو بووە و هەر بە شێوەی عەشیرەت و خێڵ ژیانی كردووە و هیچكات خوازیاری داگیركردنی وڵاتانی دەوروبەر نەبووە و هەركات و هەرسات لە لایەن هەر وڵاتێكی داگیركەرەوە ئەگەر هێرش كراوەتە سەری، بە هەموو شێوازێك بەرپەرچی دراوەتەوە و سینگی خۆی كردۆتە قەڵغانی بەرگری و بە هەزاران ڕۆڵەی قارەمانی لە سەر خاك و ئەو جوگرافیایەی كە لێی نیشتەجێ بووە، شەهید داوە و هیچكات نەیویستووە ژێردەست و ملكەچی بێگانە بێ و هەموو كاتێك بەرگریی لە شووناس و بوونی خۆی كردووە، یانی دەتوانین بڵێین هەمیشە كەسانێك لە رەگەزی مێینە و نێرینە لە نێو نەتەوەی كورددا هەڵكەوتوون كە خۆیان وە پێش مەرگ بخەن و فەلسەفەی فكریان بەو جۆرە بێت كە لە پێناو ژیانێكی ئاسوودە بۆ نەوەكانی پاش خۆیان گیانیان فیدا بكەن. 
هەروەها لە مەڕ ئەخلاقی پێشمەرگەوە دەتوانین بڵێین هەر لەگەڵ هەڵسوكەوتی بەرامبەر بە خەڵكی سڤیل و ئەو داگیركەرانەی ڕوویان لە كوردستان كردووە بۆ داگیركردنی تەنانەت وەكوو دیلێك هەڵسوكەوتی هەبووە و وەكوو تاوانبارێك چاوی لە داگیركەرانیش نەكردووە.


لە بەرامبەر ئەو دیلانەش بە كار نەهێنانی توندوتیژیی لەڕادەبەدەر، نەشێواندنی جەستەی دوژمنان و شاردنەوەیان، ڕێگە دان بە میدیا و ڕێكخراوە نێونەتەوەییەكان تاكوو چاوەدێریی ئەو جەنگانە بكەن، هەروەها جیاوازی دانەنان بەپێی ئایین و مەزهەب و نەتەوە بەگشتی و ئەنجام نەدانی تاوانی جەنگ و جینۆساید. ئەمانە لە خەسڵەتی پێشمەرگەدا بە جوانترین شێوە سیمای خۆی وەرگرتووە.
دوژمنانی گەلی كورد دەبێ هەردەم ئەوەیان لە بیر بێ كە گۆڕەپانی شۆڕشی كورد هەرگیز بێ پێشمەرگەیی بەخۆوە نابینێ و سەركەوتن هەردەم بۆ نەتەوەی كورد و ڕۆڵە حەماسەخولقێنەكانی ئەم نەتەوەیە دەبێت.


بەرز و پیرۆز بێ (26ی سەرماوەز) ڕۆژی پڵینگە چاو بزووتەكانی كوردستان

محەممەد پاڵانی جاف