photo 2018 11 26 19 14 25

 
لاوان میدیا: لە درێژەی سەرکەوتنی لاوانی کورد و بەدەست هێنانی خەڵاتە نێونەتەوەییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، وەرزشوانێکی کورد خەڵاتێکی نێونەتەوەیی بەدەست هێنا.
 
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وەرزشوانێکی مێرمنداڵی کورد، بە نێوی "محەمەد موبین عەزیمی" و دانیشتووی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بیست‌ویەکەمین دەورەی کێبڕکێی نێونەتەوەیی زۆرانبازیی مێرمنداڵان کە لە ژێر ناوی "جامی هێز" لە شاری تاران بەڕێوە چوو، لە کێشی ۸۵ کیلۆگرامدا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا و مێدالیای زێڕی ئەو کێبڕکێیانەی وەرگرت.
 
کێبڕکێی زۆرانبازیی "جامی هێز"، لە دوو بەشی زۆرانبازیی فەرهەنگی و ئازاد، بە بەشەداری چەندین وڵات بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵ لە کێشی ۳۸ کیلۆگرام تاکوو کێشی ۸۵ کیلۆگرام بەڕێوە چوو، محەمەد موبین عەزیمی وەکوو تاکە زۆرانبازی پارێزگای سنە لەو کێبڕکێیانە بەشداری کرد کە لە کۆتاییدا توانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.
 
سێ تیپی جیاواز بە نوێنەرایەتی وڵاتی ئێران لە ژێر نێوەکانی "ئێران ئەلف"، "ئێران ب" و "ئێران ج" کە لە وەرزشوانانی زۆرانبازیی مێرمێنداڵانی سەرانسەری ئێران پێک هاتبوون لەو کێبڕکێیانە بەشدارییان کرد، ئەو وەرزشوانە کوردە کە لە تیپی "ئێران ج"دا بەشداربوو، بە سەرکەوتن بە سەر هەموو ڕەقیبەکانی خۆی و تیپەکەیدا توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و مێداڵیای زێڕی ئەو کێبڕکێیانە بە نێوی خۆیەوە تۆمار بکات.
 
بیست‌ویەکەمین دەورەی کێبڕکێی نێونەتەوەیی زۆرانبازیی مێرمنداڵان، ڕۆژی چوارشەممه ۳۰ی خەزەڵوەر ۱۳۹۷ی هەتاوی، بە بەشداری وڵاتانی ئەرمەنستان، گۆرجستان، ئازربایجان و ئێران، لە شاری تاران پایتەختی ئێران دەستی پێکرد و ڕۆژی پێنجشەممە ۱ی سەرماوەز، کۆتایی پێهات.
 
شایانی باسە کە محەمەد موبین عەزیمی، چەندین ساڵە بەردەوام لە کێبڕکێیە نێوخۆییەکانی ئێران، ئاسیایی و نێونەتەوەییەکان بەشداری دەکات و سەرکەوتنی زۆربەی ئەو کێبڕکێیانە بە دەست دەهێنێت، جیا لە خەڵاتە نێوخۆییەکانی ئێران تاکوو ئێستا چەندین مێدالیلی ئاسایی و نێونەتەوەیشی بەدەست هێناوە.