IMAGE 2018 09 02 002805

 

لاوان میدیا: سەرەڕای ئەوەی کە لاوان و وەرزشوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەرەستەی پێویستی وەرزشییان بۆ دابین ناکرێت و گرینگییان پێ نادرێت، وەرزشوانانی کورد لە سەرکەوتن و بەدەست هێنانی پلە نێونەتەوەییەکان بەردەوامن.

لە دڕێژەی سەرکەوتنی وەرزشوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، "هادی شەرەف‌بەیانی"، خەڵکی شارۆچکەی سرێش ئاوا، سەر شاری قوروە لە پارێزگای "سنە"ـی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کێبڕکێیە نێونەتەوەییەکانی زۆرانبازیی ئازاد، لە کێشی ۷۱ کیلۆ گرەمدا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا و خەڵاتی زێڕی ئەۆ کێبڕکێیانەی بە نێوی خۆیەوە تۆمار کرد.

کێبڕکێی نێونەتەوەیی زۆرانبازیی ئازاد، ڕۆژەکانی پێنجشمە ۸ی خەرمانان بەرانبەر لەگەڵ ۳۰ی ئاگۆست و هەینی ۹ی خەرمانانی ۲۷۱۸ی کوردی بەرانبەر لەگەڵ ۳۱ی ئاگۆستی ۲۰۱۸ی زایینی، لە پارێزگای "ئەراک"ـی وڵاتی ئێران بە بەشداری وڵاتانی ڕووسیە، ئازەربایجان، ئەرمەنستان، گۆرجستان و عێراق بەڕێوە چوو.

هادی شەرەف‌بەیانی، کە بە ناوی تیمی ئێرانەوە لەو کێبڕکێیانە بەشدار بوو، توانی بە بەدەستهێنانی ۶ خاڵ لە بەرانبەر ٤ خاڵدا بە سەر ڕەقیبە ڕووسییەکەی سەرکەوێت و ببێت بە براوەی ئەو کێبڕکێیانە.